Monthly Archives: ئایار 2016

کارکردی سۆشیال دێمۆكراسی و سۆشیالیز م و یەكی ئایار

٢٣*ی ئایاری ٢٠١٦

بەرایی

ئەم ڕۆژ ٢٣ی ئایار، ساڵیادی سەد و پەنجا و سێ (١٥٣) ساڵەی دروستکردنی یەکەمین پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی جهانە،  بەو بۆنەوە، سەرنجدانی مێژووی کارکردەکانی ئەو پارتییە و ئیدئۆلۆگەکانی و سەرکردەکانی و ڕێچکەیەك کە بە ئەم ڕۆژەی گەیاندووە، دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ گەڕانەوە سەر مشتومڕەکانی  نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم، بەتایبەت مشتومڕەکانی نێو (ئەنجومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان)، کە دواتر مارکسیستەکان بە “نێونەتەوەیی یەکەم” ناساندیان و ئەو ئاوەی کە ئەوان ڕشتیان، دواتر سۆشیال دێمۆکراتەکان پێی خۆیان تێخست و ئێستاش ھەر بە لێڵیی ماوەتەوە.

سەرەکیترین تایبەتمەندی سۆشیال دێمۆکراسی، کە دەتوانین بە ئەلف و بای دژەخونی سۆشیال دێمۆکراتەکان لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کرێکاری و بزووتنەوە ڕگاریخوازەکانییەکانی جیهانی ئەو سەردەمە و تاکو ئێستاش ناوبەرین، بۆ سەردەمی سەرهەڵدانی ئەو ئاراستە دەسەڵاتخوازە دەگەڕێتەوە، کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم پارتایەتی و دەوڵەتخوازیی کردە پردی پەڕینەی پرۆلیتاریا لە سەرمایەدارییەوە بۆ سۆشیالیزم؛ ئەوەی کە دواتر سۆشیال دێمۆکراتەکان بە پشتیوانیکردنی دەوڵەتان [وڵاتانی خۆیان] پێی خۆیان خستە نێو لیتەکەی و خەستربووەوە.

تایبەتمەندیی سەرەکی سۆشیال دێمۆکراسی بریتییە لە پێشمەرجکردنی گۆڕانی ڕامیاریی بۆ ڕودانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی *، کە خۆبەخۆ بۆچوونی مامۆستابوونی سۆشیال دێمۆکراتەکان – شاگردبوونی کرێکاران و دەستەبژێرگەری [ئیلیتگەری]، ڕێکخستنی قووچکەیی [پارتیی و سەندیکا قووچکەییەکان] و سەرەنجام پێداویستکردن و پیرۆزکردنی دەوڵەت و پابەندکردنی هاتنەدی سۆشیالیزم بە هەبوونی دەوڵەتی پارلەمانی، کەمێك جیاوازتر لە دەوڵەتی تاکپارتیی کۆمونیستەکانی [سۆشیال دێمۆکراتە چەپەکانی] دواتر، سەپاند و کردە نەریت.

سۆشیال دێمۆکراتەکانی خۆراوای ئەوروپا  ئەو بۆچوونە دیتێرمینیستیانەی کارل مارکس و ئەنجلس  پەیڕەودەکەن، کە پیشەسازیبوونەوە ** و خۆبەخۆیی قەیرانە ئابوورییە ناوبەناوەکانی سەرمایەداریی وەك خنکێنەر و گۆڕهەڵکەنی دەسەڵاتی بۆرجوازی وێنادەکەن، کە (ڤیلھێلم   لییبکنێشت  Wilhelm Martin Philipp Christian Ludwig Liebknecht ) وەك ئیدئۆلۆگی ئەو باڵە بە لوتکەی گەیاندن. هەر ئەو تێڕوانین و پێگەییشتنە تیئۆریی و کردەییانە بوون، کە ڕەوتی سۆشیال دێمۆکراسییان بەرەو  تێکۆشانی  پارلەمانی و پشتیوانی بەرەکانی جەنگ و “یەکێتی نەتەوە/ سەروەری بۆرجوازی” برد. لە بەرانبەردا باڵی چەپی سۆشیال دێمۆکراسی کە (لێنین) ئیدئۆلۆگی بوو و دواتر بە پارتییە کۆمونیستەکان ناسران، بۆ خۆجیاکردنەوە لە باڵی ڕاستی سۆشیال دێمۆکراسی، بۆ ئەو بۆچووانەی کارل مارکس و ئەنجلس هانایانبرد، کە لەنێو پەرەگرافەکانی (مانیفێستی کۆمونیست)  بردنی ھوشیاری شۆڕشگێڕانە بۆ نێو پڕۆلیتاریا/کرێکاران بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت و بڕیاری شۆڕش بە ئەوان دەسپێرێت و ئەرکی دروستکردنی پارتیی و دەوڵەتی سۆشیالیستی و گەیاندنی کۆمەڵ بە کۆمونیزم بە کۆمونیستەکان دەسپێرێت، ھەروەھا توانەوەی پەشمەکئاسای دەوڵەتی دیکتاتۆر ھەر لەسەر بنەمای نیازپاکی ئەوان.

وەك مێژوو سەلماندنی هەر دوو باڵی سۆشیال دێمۆکراسی [پارلەمانیی و تاکپارتیی] وەك دوو دەست چەپڵەی مانەوەی سەروەریی چینایەتییان لێدا و تاکو ئێستاش سۆشیال دێمۆکراسی لە هەموو فۆرمەکانیدا هۆکار و یارمەتیدەی مانەوە و تەمەندرێژیی سیستەمی چینایەتییە و لە دەنگدانێکەوە بۆ دەنگدانێکی دیکە، خۆشباوەڕیی پرۆلیتێرەکان قوڵتەر و بۆگەنتر دەکات.

کورتەیەك لە مێژووی کارنامەی سۆشیال دێمۆکراسی لە ئاڵمانیا؛ منداڵدانی پەروەراندن و دایەنگەی یەکەمین پارتی سۆشیال دیمۆکرات

لەبەرئەوەی ئامانجی ئەم نووسینە شرۆڤەکردنی ھزر و بیرۆکەکانی سۆشیال دێمۆکراسی نییە لە سەد و پەنجا و سێ (١٥٣) ساڵی ڕابوردوو و ھەر ئاوا بەپێویستیشی نازانم بەنێو مێژووی ھۆکاری سەرھەڵدانی باڵی ڕاست و چەپ “لادەر و شۆڕشگێڕی” سۆشیال دێمۆکراسی ڕۆبچم و خۆم بە جیاوازییە ڕواڵەتییەکانەوە خەریکبکەم، چونکە ئامانجی من لەم نووسینە، فرەتر کۆکردنەوەی کۆمەڵێك بڕگەی مێژوویی ڕەوتی سۆشیال دێمۆکراسی و پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا و نیشاندانی ڕەھەندەکانی کارایی ھەڵوێست و ھەنگاوەکانی پارتیی سۆشیال دێمۆکرات و ئاراستەی سۆشیال دێمۆکراسییە لە ڕەوتی ڕووداوەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیست، کە بریتین لە :

–  ساڵی ١٨٩٠ پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا دژی بانگەوازی مانگرتنی گشتی بوو  …***

– ساڵی ١٩١٤ پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا وەك پارتییە دەستە خوشكەكانی دیكەی نێو نێونەتەوەیی دووەم، بە پشتیوانیکردنی جەنگ و دەوڵەكانیان دەنگیدا ….. ***

– پاش جەنگی دۆڕاوی یەکەمی جیهانی پروسەكان (١٩١٤- ١٩١٨) و ڕاپەڕینی نۆڤەمبەری کرێکاران و شوراکانی سەربازان (١٩١٨/١٩١٩ باواریای ئاڵمانیا) پارتیی سۆشیال دێمۆکراتی ئاڵمانیا و یەکێتییەکانی سەر بەو ڕەوتە وەك دەستەبژێری دەسەڵاتخواز و سەروەر خۆیان سەپاند  …. ***

– لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان ئەنجومەنی نێوەندیی کار (ZAG) لەتەك خاوەنانی/داراكانی پیشەسازیدا سەرلەنوێ ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢٤ گیانی سازشکارانەی تەبایی چینایەتی لەنێو یەکێتییە پاشكۆکانی پارتیی سۆشیال دێمۆكراتی ئاڵمانیا خۆی دەردەخاتەوە  … ***

– ساڵی ١٩١٩ لەتەك سەرکەوتنی پارتیی سۆشیال دێمۆکرات لەنێو کۆماری ڤایمەر Weimarer، ئیدی ڕۆژی ١ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی “ …. ***

– یەکەمین ساڵیادی ١ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی ١٩١٩ کۆماری شۆڕشگێڕی باواریا/ میونیخ (Münich) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران. هەزاران زیندانیکران و بە کوشتن یا زیندانی هەمیشەیی سزادران. سۆشیال دێمۆکراتەكان لەترسی ئەوەی کە ساڵانی داهاتووش ئەو ڕۆژە دووبارەببێتەوە و ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەك کرێکاران، لەبەرئەوە دەستبەجێ ئەو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“یە هەڵوەشێنرایەوە  ….. ***

– ئەپڕیڵی 1920 فەرمانداریی سۆشیال دێمۆکراتەكان ڕێگەیدا، تاوەكو بە کۆمەکی ‌هێزی پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕبکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد، واتە ئەو ‌هێزە سەربازییەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان” ڕاپەڕینی نۆڤەمبەری 1918 سەرکوتکرد، ھەر ئاوا سەرلەنوێ بە چاوپۆشی فەرمانداریی سۆشیال دێمۆکراتەكان، بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانی لەنێو خوێن گەوزاند. ***

– ساڵی 1924بەدواوە خۆنیشاندانەکانی 1ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە) قەدەخەكرابوون، لەبەرئەوە ئەو ساڵانە هیچ شتێکی ئاوا ڕووینەدابوو. ساڵی 1929 لە بارێکی ئاوادا سەرۆکی پۆلیسی سۆشیال دێمۆكراتی بێرلین Zörgiebel بۆ بەرگرتن بە مانگرتنی ڕۆژی 2ی ئایار، کە پارتیی کۆمونیستی ئاڵمانیا (KPD) ڕایگەیاندبوو، خۆنیشاندانی 1ی ئایاری سەرکوتکرد. لە (بەرلین) پایتەختی پروس، لەوێ کە 1ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی “دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمانیا”) ئەو ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی 8 هەزار کرێکار لە گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆنیشاندانی 1ی ئایار بەرپادەكەن. هەرچەندە کە پارتیی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمانیا تەنیا خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی نێو هۆڵەکان بوو، بەڵام سۆشیال دێمۆکراتێك کوژرا، تەنیا لەبەرئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرە ماڵەکەی دابخات. Zörgiebel سەرۆك-پۆلیسی سۆشیال دێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو ڕۆژی دواتردا هەموو خۆنیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتن بە چەکی قورسی وەك دۆشکە سەرکوتکرد. لەو كوشتوبڕەدا (30) کەس لە نزیکەی (25) هەزاری خۆنیشاندەری بێچەك کوژران و سەدان کەسیش بریندارکران. ***

– شالیاری کاری ئەو کاتی دەوڵەتی ئاڵمانیا تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری “دێمۆکراتی ئابووریی “ بۆرجوازی) کە ساڵی 1921بەدواوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو، خۆنیشاندان نییە!” لایپارت هەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرهەڵستی دژە فاشیستانەی کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت. ***

– ساڵی ١٩٣٣پاش سپاردنی دەسەڵات بە سەرۆکشالیارانی “دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمانیا” ئادۆلف هیتلەر Adolf Hitler ، لایپارت هەوڵیدا تاوەکو یەکێتییەکانی ئاڵمانیا بداتە پاڵ “فەرمانداریی یاسایی” نازییەکان، بەڵام هەوڵەکەی ناکام مایەوە. ***

– 19ی ئەپڕیڵی 1933 وەك بەرەنجامی سازشکاریی سۆشیال دێمۆکراتەکان، کۆنفیدراسیۆنی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا ADGB ڕایگەیاند “ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لەنێو جەژنیی دەوڵەتیی ڕۆژی ئایار بەشداریبکەن”. کۆنفیدراسیۆنی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا لە دەوڵەت داوایکرد، کە “هێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێك لە دەوڵەت”ی پارتیی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (نازی). ڕۆژی 1ی ئایاری 1933 بەکردەوە بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەك نازییەکان ڕێپێوانیانکرد. وەك بەرەنجامی سازشکارییەکانی سۆشیال دێمۆکرات لە بێرلین لەبەردەم یەك ملیۆن ئاڵمانی-زمان هیتلەر ڕایگەیاند “سیمبولی تێکۆشانی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی نەتەوە”. ***

– ڕۆژی ٢ی ئایاری ١٩٣٣ نازییەکان بەهۆی “ کۆمیتەکانی چالاکی بۆ پاراستی هێزی کاری ئاڵمانی– Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeit” کۆمەڵە کرێکارییەکان و بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستبەسەرکران و خودی سەرانی سازشکاری یەکێتییەکان (وەك تیئۆدۆر لایپارت) لە “ زیندانی چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجەدران و هەندێکیان کوژران. ***

– پاش ڕوخانی دەسەڵاتداریی نازییەکان لەلایەن ھێزی لەشکریی ھاوپەیمانان، پارتیی سۆشیال دێمۆکرات وەك پێشینەی ١٩١٤-١٩٣٢ کەوتەوە پارەلەمانبازیی و خۆشباوەڕکردنی پرۆلیتێرەکان بە گەییشتنی ئاشتییانە بە سۆشیالیزم و دواجار  لادانی دێوجامەی ناچاریی و زیاتر داکۆکیکردن لە پارلەمانتاریزم و سیستەمی چینایەتی زیاتر لە پارتییە ڕاستڕەوەکان و لەم ڕۆژگارەدا ئیدی مەگەر وردبینی تایبەت و خۆشباوەڕانە بتوانێت لەنێوان پارتیی سۆشیال دێمۆکرات و پارتییە ڕاستڕەوەکان، جیاوازی بدۆزێتەوە. ***

– ساڵی 19٩1بەدواوە لە هەندێك شاری ئۆروپی ڕێپێوانی “ڕۆژی ئایاری ئۆروپا– EuroMayday ” وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانیا DGB بەرپادەرکرێن. ***

سۆشیال دێمۆكراتەكانی ھەرێمی كوردستان

– سۆشیال دێمۆكراتەكانی ھەرێمی كوردستان بە پشتبەستن بە پێشینەی پارتایەتی و ڕەوتی سازشكارانەی سۆشیال دێمۆكراتەكان ١٩١٤-٢٠١٢ كەوتنە ھەوڵدان بۆ كاڵكردنەوە و دابڕاندنی مێژووی ڕۆژی یەكی ئایار لە خەڵكی ھەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی كە ڕۆژگارێك بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كۆمونیستی لەوێ بەھێز و كۆمەڵایەتیی بووە؛ یەكێك لەو ناوچانە ناوچەی ھۆرامانە، كە لەجیاتی ئاوەدانكردنەوەی وەك وێرانەی ڕاگواستنی گوندەكان و وێرانەی جەنگی عیراق-ئێران و وێرانەی جەنگی نێوخۆیی نێوان پارتییە دەسەڵاتدارەكان (پدك) و (ینك) و دواتر دەسەڵاتدارانی ھەرێم و ھێزە ئیسلامییەكان، كە بەرھەمی جەنگی نێوخۆ و ھەر ئاوا بەرھەمی ڕامیارییەكانی دەسەڵاتداران بوون، بۆ دواخستن و وێرانكردنی ناوچەیەكی ئاوا کە ڕۆگارێك نشینگەی سۆشیالیست و كۆمونیستەكان بوو، پاش ئارامبوونەوەی بار و دۆخەكە، دەسەڵاتدارانی سۆشیال دێمۆكراتی ناوچەی دەسەڵاتداریی سەوز كەوتنە ھەوڵی سیناریۆسازیی بۆ كاڵكردنەوەی ڕۆژی یەكی ئایار و بەرپاكردنی فیستیڤاڵێكی پارتیییانە[ینک’یانە] ھەموو ساڵێك بەناوی ” فیستیڤاڵی ھۆرامان” لە سەروبەندی ڕۆژی یەکی ئایار، کە ئامانجیان گرنگیدان بەو ناوچە و کولتوور و ھونەر و ئەدەب و مێژووی نەبوو، بەڵکو تەنیا پەیداکردنی ئامرازێك بوو بۆ کاڵکردنەوە و لەبیربردنی ڕۆژی یەکی ئایار وەك سیمبولی تێکۆشانی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان، کە لە ساڵی ١٩٥٧ لەوێندەرێ پێشینەی ھەبووە.

– ئەم ساڵ سۆشیال دێمۆكراتە كرێكاركوژەكانی كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە،  وێرای ئەوەی كە لەلایەن فەرمانداریی ھەرێمی كوردستان ڕۆژی یەكی ئایار پشووی فەرمییە و ئەو فەرمیبوونەش بارەتەقای سۆشیال دێمۆكراتەكان و فەرمانداریی بۆرجوازی ھەرێمی كوردستان نییە و بۆ سەردەمی بەرەی (حشع) و (عەبدولكەریم قاسم) و دواتر بەرەی ھاوبەشی (حشع) لەتەك (بەعسییەكان) وەك پاشكۆییەكی بلۆكی ڤارشۆ دەگەرێتەوە.  ئەم ساڵ دەسەڵاتدارانی سۆشیال دێمۆكرات و نەوشیروانییەكان بە پاساوی قەرەبووكردنی خوێندن كەوتنە دنەدانی زانكۆكان بۆ پشوونەكردنی ڕۆژی یەكی ئایار و ساڵ بە ساڵ دەیانەوێت ئەو ڕۆژە لە کڕۆکە چینایەتیی خاڵیبکەن و دواجار وەك ڕۆژێکی  ناکارا بیکەنەوە بە ڕۆژێکی ئاسایی کاردن، ھەر ئاوا کە لە ئەمەریکای سەرتۆپی پارلەمانبازیدا ئەو ڕۆژە پشوو نییە.

—————————————————

سەرچاوە:

* بەرنامەی سۆشیال دێمۆکراسی پەسەندکراوی کۆنگره‌ی ڕۆژانی  ٧-٩ی ئۆگوستی ١٨٦٩ ئایزناخ  Eisenach

** کۆمونیستەکان بەتایبەتی بایەخ ئەدەنە ئەڵمانیا چونکە وا لەپێش قاپیی شۆڕشیێکی بۆرژوادا لە شەرایەتیێکدا ئەم شۆڕشە بەرپادەکات کە شارستانیی ئەوروپایی تیێدا زۆر پیێشکەوتووترو مەزنترە، پرۆلیتاریاش زیاتر لە پرۆلیتاریای چەرخی حەڤدەھەمی ئینگلتەراو لە پرۆلیتاریای چەرخی ھەژدەیەمی فەرنسا لە پیێشترو پیێشکەوتوترە…دواجار شۆڕشی بۆرژوای ئەڵمانیا دەبیێتە سەرەتاو پیێشەکی راستەوخۆی شۆڕشیێکی پرۆلیتاریا  [مانیفێستی کۆمونیست لاپەڕە ٨٣-٨٤] چاپی سێیەم، وەرگێرانی جەلال دەباغ

** لەئەڵمانیا پارتی کۆمونیست بەھاوکاری لەگەل بۆرژوا دا خەباتدەکات چونکە ئەم بۆرژوایە لەدژی رژێمی پاشایەتی زۆردار لە دژی موڵکایەتی دەرەبەگیی عقاری و لەدژی وردەبۆرژوازی کۆنەپەرست چۆتە کۆڕی خەباتی شۆڕشگیێڕییەوە [مانیفێستی کۆمونیست لاپەڕە ٨٣] چاپی سێیەم، وەرگێرانی جەلال دەباغ

*** ئەو بەشانە لە کورتە مێژووی ڕۆژی یەکەی ئایار  نووسین و ئامادەکردنی http://anarchosyndikalismus.org وەرگیراون.

Advertisements

ئێتیكی نووسین و میدیاكاری و خۆھوشیاریی تاكەكەسیی*

ئێتیكی نووسین و میدیاكاری و خۆھوشیاریی تاكەكەسیی*

ھەژێن

٤ی ئایاری ٢٠١٦

لە ڕووی زمان و چەمك و فیلۆسۆفییەوە “فاشیستە توركەكان” و “توركە فاشیستەكان” دوو چەمكی دژبەیەك و جیاوازن، بەكاربەری دووەمیان دوو دەستەن:

یەكەم كەسانێك كە خۆھوشیاریی زمانی و ھزرییان نییە و لە واتای فیلۆسۆفی چەمكەكان تێناگەن، ئەم دەستەیە ھەمان دەستەن، كە لەنێوان [ كۆمونیزم، سێكیولاریزم، ئەناركیزم، پاسیفیزم، نێھیلیزم، ئیسلامیزم ] و [ كۆمونیست، سێكیولاریست، ئەناركیست، پاسیڤیست، نێھیلیست، ئیسلامیست] جیاوازی ناكەن و نابینن، كە یەكەمیان چەمكی ھزرییە و دووەمیان ھەڵگری ھزرەكەیە. نموونە (بزووتنەوەی سۆشیالیستی)، كە ناتوانرێت بگوترێت “بزووتنەوەی سۆشیالیزم”، چونكە سۆشیالیزم چەمكی ھزرییە و نابێتە كەس یا كۆمەڵێك.

كاتێك بێژین “فاشیستە توركەكان” واتە توركزمانانێك ھەن، كە فاشیست نین،ھەر ئاوا ئاماژەیە بەو شتەش، كە فاشیزم ڕەوتێكی جیھانین و فاشیستەكان یەك ئامانجیان ھەیە و ھاوكات فاشیستی كورد و عەرەب و فارس و تورك و ئینگلیز و ئاڵمان و چیك و ڕوس و ئەرمەن و ….تد ھەن و ھیچ جیاوازییەكیان نییە.

بەڵام ئەوانەی كە دەبێژن “توركە فاشیستەكان” دەستەیەكن، كە ئامانجدارانە دەخوازن كۆمەڵ بەدوای ئاوا بیركردنەوەیەكدا ئاراستەبكەن و ھەمووان لە چەشمەكی ئەوانەوە شتەكان ببین. ئەوە ئەو ھۆكارەیە، كە زۆرینە بە ھەڵە دەدوێن و بە ھەڵە یەكدی دەبینن و بە ھەڵە لە یەكدی تێدەگەن و لەو كۆمەڵانەدا گەورەترین گرفت لەبەردەم دروستبوونی پردی لە یەكدیگەیشتن و پەیوەندی [كۆمیونیكەیشتن] دروستببێت. ئەوەش شتێكە كە ڕەوتە ئایدیلۆجییەكان ئامانجدارانە دەیخوازن و زەمینەسازی بۆ ئەو شتە دەكەن، چونكە ھەر چەندێك پەیوەندی و لەیەكدیتێگەییشتن نەمێنێت، ڕاوكردنی تاكی ناھوشیار وەك ئەندامی پارتیی و گروپە ڕامیارەكان ئاسانترە و ھەژماری گەلە-مەڕی پێش و پاش شوانە ڕامیارەكان فرەتر دەبێت.

بەداخەوە، كە زۆرینەیەك لە نووسەران و وێژەرانی میدیاكان ھەمان توانای جیاكردنەوەی چەمكی ھزری و ھەڵگرانی ئەو ھزرەیان نییە و ھەر ئاوا ناتوانن جیاوازی نێوان”فاشیستە كوردەكان” و “كوردە فاشیستەكان” بزانن و ھەوڵی تێگەییشتن لە ھۆكاری بوونی دوو دەستەواژە و دوو چەمكی جیاواز نادەن و ھۆشی خۆیان خەریكناكەن.

ھەرچەندە لە ساڵی (٢٠٠٠) تا ئێستا چەندین جار ئەم پرسەم وروژاندووە، بەڵام بەداخەوە بەردەوام دەبیستم و دەخوێنمەوە، كە نووسەران و تەنانەت كەڵەگایانی ڕۆشنبیری كوردیش لەسەر ئەو نەزانی و ھەستەوەرنەبوونە بەردەوامن. ھیوادارم میدیاكاران و نووسەرانێك ھەبن، كە لەمەودا ھەستەوەرانە و خۆھوشیارانە لەنێوان چەمكەكان و دەستەواژەكان جیاوازبكەن و ڕیزی خۆیان لە ڕیزی پاشڕەوی میدیا و نووسەرانی فاشیست-بیر جیابكەنەوە، كە ئامانجدارانە دەخوازن ھەموو كوردەكان، عەرەبەكان، فارسەكان، توركەكان، ئاڵمانەكان، ئینگلیزەكان، …تد وەك یەك نیشانبدەن.

——————————————————————————–

* لە ھەرێمی كوردستان تەنیا گەندەڵیی ڕامیاریی و ئابووریی نییە، كە وەك مۆرانە جەستەی كۆمەڵی خواردووە، بەڵكو لە ئەوان كاراتر و پێشڕەوتر و زەمینەسازكەری ئەوانی دیكە،  نەزانی و نەبوونی خۆھوشیاریی یا ئامانجدارانە كوێكردن و دەبەنگكردن و ئاراستەكردنی خوێنەر و بیسەر و بینەری ناھوشیارە بەرەو فاشیستبوون و فاشیستییانە بیركردنەوە و فاشیستییانە بینین؛ كاراكتەرە دیارەكانی ئەو ئاراستەكردنە نووسەران و میدیاكارانن نەك ڕاستەوخۆ خودی دەسەڵاتداران و ئیدئۆلۆگەكان.