Monthly Archives: نیسان 2013

شۆڕشی كۆمەڵایەتی ڕەتكردنەوەی سیستەم ڕامیاریی و و نوێنەرایەتی رامیاركانە!

خوێنەری ھێژا، بمبەخشە، ھیوادارم  بایی ئەو كاتەی، كە بۆ خوێندنەوەی ڕستەكانی من تەرخانیدەكەیت، توانیبێتم شتێك بخەمەسەر خەرێنەی زانیارییەكانت. بمبەخشن ناچاركراومم بچمە پای مشتومڕی ئاوا توندوتیژ، ھیوادارم پێش خوێندنەوەی وەڵامەكەی من، خودی وەڵامەكەی بەڕێز (ئەكرەم نادر) بۆ سەرنجەكەی من، لەم بەستەرەدا:

https://www.facebook.com/akram.nadir/posts/10151528763952480?comment_id=25786561&offset=0&total_comments=14

بخوێننەوە.

*******

سڵاو بەڕێز ئەكرەم نادر

بەرلەوەی وەڵامی ناڕامیاریی بە وەڵامە ڕامیارییەكەت بدەمەوە، دەمەوێت بڵێم، بەداخەوە ئاگام لە وەڵامدانەوەكەت نەبووە و دوێنی بە ڕێكەوت، لە پەیامی ھاوڕێیەكدا بەستەری مشتومڕەكەی (تۆ و ھاوڕێ كەیفی)م كلیككرد ودیتم كە وەڵامی سەرنجەكەی منت داوەتەوە، ھەروەھا دەمەوێت ئەوەت لێبپرسم، كە ئەو چەواشەكارییانەی سەرەوە، تووڕەبوون و ھەڵچوونە دەروێشانەكەتی لێدەركەی، كە ڕیزتكردوون، بە ویژدانت چەندیان بەرھەمی بیركردنەوە و  مێشكی خۆتن ؟ تكات لێدەكەم  بیسەلمێنە كە ٠١%ی وەڵامەكەت، ھی خۆتە و ئەو قەوانانە نین، كە چەند سەدەیە لێدەدرێنەوە !

كاكی برا، تكایە وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەرەوە، كە دەكاتە سەلماندنی پاگەندەكانت :

من لە كوێێ سەرنجەكەمدا پرنسپڵی مرۆیمم ژێرپێخستووە، یا ئەوەتا تۆ ھێشتا چانسی ئەوەت نەبووە، كە بە پڕنسیپڵی مرۆیی ئاشنابیت ؟

كوا من خۆم سەپاندووە، تكایە خۆسەپاندن پێناسە بكە، با جارێكی دیكە منی ناڕامیار، تووشی ئەو ھەڵەیە نەبمەوە ؟!

مەزھەبیبوون چییە، بیركردنەوە و دەربڕین و كردار و تێڕوانینی مەزھەبیبوون چۆنە و نموونەیەك لە سەرنجەكەی مندا دیاری بكە؟

ئینجا براڵە گیان، پەندێكی كوردی ھەیە دەبێژێت “ڕێوی نەدەچوو بە كوندا ھەژگێكیشی بە كلكییەوە دەبەست”، تۆ كوردی فێربە، ئینجا بكەوەرە وێرانكردنی زمانی عەرەبیش … وەك پەندە فارسییە دەبێژێت ” ھۆنەر (شاعیر)ی تێكشكاو دەبێتە بازرگان و بازرگانی تێكشكاو دەبێتە ھۆنەر”. تۆ ھەوڵەكانت بۆ ڕابەربوون لە سلێمانیدا مایەپووچبوون، ھەنووكە دەخوازیت بەو عەرەبییە شەقوشڕەت ببیتە ڕابەری زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن عەرەب ؟

بیكە بە خاتری ئەو خوا و پێخەمبەرانەی كە دەیانپەرستی ئەم چوار نیوە ڕستیەم بە كوردییەكی دروست بۆ بنووسەرەوە، با پرۆلیتێرە پاشڕەوەكانت ئەی ڕابەری ھەشبەسەرەكان ” دوای ئەوە ئەگەر بیروڕای هەرکەست قبوڵ نیە بۆ سوکایەتی ئەکەی بەناوی گفتوگۆوە ئەمەی تۆ موداخەلەی مەزهەبیە یان بیرکردنەوەی ئێمە؟ ” لێیان تێبگەن!

بەڕێزم، من دەمێكە بەئاشكرا و بەبێ پەردە وتوومە و دەیڵێمەوە، ڕامیارییبوون شەرمەزارییە و ئەگەر كەسێك پاگەندەی سۆشیالیستووون (كۆمونیستبوون / ئەناركیستبوون) بكات و خۆشی بە ڕامیاریی بزانێت و قسەی ڕامیارانە بكات، یا ئەوەتا ڕامیارە یا ئەوەتا سۆشیالیستخوازێكی گەمژەیە، چونكە سۆشیالیستبوون دژی ڕامیارییبوونە و ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریی تەنیا بۆ لەنێوبردنی ھەموو توخمێكی سۆشیالیستی لە بوونی مرۆڤی چەوساوە و لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا ھاتوونەتە بوون و ئەوەشیان ئەنجامداوە و ئەوەش ئەنجامدەدەن، ھەروەك تۆ و ھاوڕێ ڕامیارەكانت ئەنجامیدەدەن. ھەڵبەتە من زۆر لەوە توندتر دژی ڕامیارییبوون و ڕامیارەكانم، بەڵام لەبەرئەوەی شتەكە بەرامبەر تۆ كەسیی نەكەمەوە، ناچار لێرەدا پێناسەی خۆم بۆ ڕامیارییبوون و ڕامیاری و ڕامیاركاران نانووسمەوە.

بەڕاستی چەندە ھەوڵتداوە سووكایەتیم پێبكەی و لە ڕێگەی منیشەوە كیندۆزی بەرامبەر ئەناركییەكان بكەیت، بەڵام من ھێشتا زۆر سوپاسگوزاری تۆم، كە بە كەسێكی ڕامیار ناوتنەبردووم، چونكە لەلای من خراپترین و شەرمئاوەرترین جنێوە بەرامبەر مرۆڤ، ھەر لەبەرئەوە، لە ناخەوە و بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە سوپاستدەكەم، كە بە ڕامیارییبوون شەرمەزارتنەكردووم. ھیوادارم ھاوڕێیان و ھاوەڵان و دۆست و تەنانەت كەسانێك كە ناكۆكی بۆچوونمان ھەیە، دوو چاكە ھەیە، ھەردەم لەتەكمدا بیكەن؛ یەكەم، وەك تۆ ڕێزم بۆ دابنێن و بە ناڕامیارم بناسێنن؛ دووەم، ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان ئاوەزی خۆمم لەدەست دا و ڕامیارانە بیرمكردەوە و ڕامیارانە نووسیم و پاگەندەم كرد، بێبەزەییانە ڕەخنەم لێبگرن و تەنانەت كەسایەتیشم وردوخاش بكەن، چونكە ئەو كات ئیدی مرۆڤایەتیم تێدانەماوە و شایانی ڕێزی ئازادیخوازەكان نیم و نابم!

بەڕێزم، من بەوەی كە لە تۆ و ھاوڕێ كەیفی داوامكردووە، كە بە كوردی درێژە بە مشتومڕەكە بدەن، وەك پێشتر نووسیومە، ھۆكارەكەی بۆ بەھرەمەندبوونی خوێنەری كوردە و ئاسانكارییە بۆ ئەوی ئوانیش بتوانن بەشداریبكەن، بەتایبەت كوردانی ئێران، كە عەرەبی نازانن. پاشان ھەرئاوا تۆ زۆر باشدەناسم و ڕابوردووە ڕامیارییەكەت دەزانم، ئاواش دەزانم، كە ھاوڕێ كەیفی كوردە، چونكە لە فەیسبووكدا ھاوەڵمە و لەتەك ھاوڕێیانی خودی خۆشتدا بە كوردی مشتومڕیكردووە، تۆش ئەوە باشدەزانیت، بەڵام تەنیا ویستووتە وشە ڕیزبكەیت و ئەوەشمان لێبكەیتە زانست و ڕامیاریی، ئەمەش ئاساییە، چونكە ڕامیاری ھەر ئەوەیە كە تۆ خەریكی ئەنجامیدەدەیت!

كاكی برا، من لە مشتومڕی دیكەدا وەڵامی ڕابەران و ھاوڕێكانی بەرێزتم داوەتەوە، ئەوانەی كە خەڵك لەسەر بیروڕا تیرۆردەكەن، دەزانن (ھەژێن / خەمی نان و خەونی ئازادی) كییە. ھەروەھا بەخۆشت وەڵامی خۆت داوەتەوە و لێرەدا پێویستنییە، من كاتی خوێنەر بەوەوە بكوژم، چونكە گرنگ نییە ئێمە چ ناوێكمان ھەیە و بە چ زمانێك قسەدەكەین و چی دەپۆشین و پلەی ئەكادێمی و پلەی پارتایەتی و كوڕ و كچی كێین و لە كوێ دەژین، پێشتر چ دژەشۆڕشێك یا شۆڕشگێرێك بووین، ئەوەی كە گرنگە ئەوەیە، چەندە لەمەڕ پرسەكانی ڕۆگاری خۆمان ھوشیارین و چەندە سەربەخۆ بیردەكەینەوە و چەند توانیومانە خۆمان لە ژیان لە ڕابوردوو و شەڕەدەندووكی مردووەكان ڕزگاركردووە، چەندە ڕۆڵەی سەردەمی خۆمانین و لە كام لای بەرەی ململانێ و جەنگی چینایەتیدا وەستاوین!

ئازیزم، ئایا دەزانیت جوینەوەی بنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی ئەم و ئەو چەندە ناخۆشە ؟ دەزانیت خەڵك بە مێگەلزانین  وخۆ بە ڕابەڕزانین چەندە ناسۆشیالیستانەیە؟ ئایا دەزانیت لەخۆگۆڕان نەخۆشییەكی ڕامیارانەیە؟

بڕاڵە گیان، من ھەر ئاوا، كە لە سەرنجەكەمدا دژی مردووپەرستی و مەزھەبگەرایی ھاوڕێ ماركسیستەكانم، ھەرئاواش خاترجەمتدەكەمەوە، كە من نە پێخەمبەرێكم ھەیە ناوی پڕۆدۆن بێت و نە ساخكردنەوەی مشتومڕی پرۆدۆن و ماركس كاری منە، چونكە من لە سەدەی بیست و یەكدا، لە ھەزارەی سێیەمدا دەژیم! یادی ھاوڕێیان ماركس و پڕۆدۆن پڕخۆشی و ئاسوودیی بێت، بەڵام ئەگەر تۆ لەمەڕ مێژووی ناكۆكییەكان و مێژووی بزووتنەوەی سۆشیالیستی بە ھەموو باڵەكانییەوە، خوێندەوەت ھەبووایە، ئەوا دەتزانی كە ماركس قەرزاری پڕۆدۆنە و پرۆدۆن مامۆستای ئەوە! تكات لێدەكەم، بڕۆ وەڵامەكەی پڕۆدۆن بۆ نامەكەی ماركس بخوێنەوە، ئینجا كەمێك دوور لە تەڵقینە پارتییەكان، وردبەرەوە و ببینە مەزھەب چییە و ئینجا بەراوردی (فەلسەفەی ھەژاری)ی پڕۆدۆن و (ھەژاری فەلسەفە)ی ماركس بكە و ئەوسا وەرە لە بارەی مێژووەوە قسەمان بۆ بكە! چونكە، مێژوو قسەی ئەم و ئەو نییە، تاكو دەرخیبكەیت، دەكرێت مێژوو بۆ ماوەیەك بشێوێنرێت، پەردەپۆشبكرێت، بەلام تاسەر شێواندنی تەنیا لە خەونی ڕامیاراندا توانای كەتوارییكردنەوەی ھەیە !

كاكی برا، من ڕەخنەگرم، من دەرباری پارت و سەرۆك نیم، ئەگەر بڕیاریش بێت، ئایینێك پەسەند بكەم، بەدڵناییەوە ئایینی ڕامیاریی و پارت پەسەندناكەم و ئەوەم پێخۆسترە لەتەك خەڵكە سادە و ناڕامیارەكاندا بم، تاوەكو لە كۆڕی خۆبەڕابەرزاناندا!

بەڕاستی، بۆ من سەخترین شت، دۆزینەوەی ھونەری چۆنیەتی قسەكردن لەتەك كەسی مەزھەبی و ڕامیاردایە، چونكە لەلای ئەو دوو جۆرە كەسە، لۆجیك بوونینییە، ئاوەز لەئارادانییە … بەڵام ئەوە دەزانم و لەوە دڵنیام، ئەگەر ڕۆژگارێك قەزاوقەدەرەكانی سیستەمی سەرمایەداری بوارتبدەن و چانسی بەئاگاھاتنت لەو مەزھەبگەراییە ھەبێت، بەدڵنیاییەوە شەرم لەم ڕستانەت دەكەیت. چونكە نە ڕێزت لە خۆت گرتووە، نە ڕێزت لە بەرامبەرەكەت گرتووە، نە ڕێزت بۆ خەبات و گیانبەخشی سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان داناوە، سەرباری ئەوانەش، خەریكی جوینەوەی بنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی ئەم و ئەویت!

كاكی خۆم، ئەگەر ماركسیزم زانستی ژیانە، ئەدی بۆ ھەركەس ڕەخنەیەكی لێبگرێت یا بیەوێت لاوازی و خەوشێكی وەلابنێت، یەكسەر لەلایەن خەلیفە و مەلاكانتانەوە بە لادەر و دوژمن بەدناودەكرێت ؟ ئایا دەزانیت ژیان لە ھیچ ساتێكدا ناوەستێت و بەردەوام لە گەشە و پەرەسەندندایە! كاتێك ژیان لە گەشە نەوەستێت، ئیدی چۆن زانستەكەی دەوەستێت و ھەر ڕەخنە و پێداچوونەوەیەكی دەچێتە خانەی لادان و دژایەتی؟ بەپێچەوانەوە، ماركسیزمەكەی ئێوە [نەك وتە و بیركردنەوەكانی ماركس]، كە كاریكاتێرە لە وتەكانی ماركس، قورئانێكە و ھیچی دیكە، چونكە تەنیا لە پەرتووكە ئایینیی و مەزھەبییەكاندا كەسە ئەندێشمەندەكان بە لادەر و تاوانبار و دوژمن وێنادەكرێن و سزادەدرێن!

من تێناگەم تۆ لەتەك مندا قسەدەكەیت یا لەتەك كۆمەڵە كەسێكی دیكەدا؟ پاشان من ھەر بەو ناوەوە دەنووسم و ھەم فەیسبووك و ھەم بلاگەكەم بەناو ناوەوەن، بەڵام ئەوە كەسانی دیكەن، كە بەناوی خوازراوەوە پەڕگەی درۆینە بۆ من دەنێرن، تاوەكو لە بواری تیرۆری ئینتەرنێتیدا سەركەوتنێكی ڕامیارانە تۆماربكەن!

ھەرچەندە وەڵامەكەت لە ڕووی داڕشتن و ڕێزمانەوە لە ڕشانەوەی ڕامیارە سەرخۆشەكان دەچێت، كاتێكی زۆری پێدەوێت، تاوەكو بزانم لە كامە ڕستەدا لەتەك مندا قسە دەكەیت و لە كامە ڕستەدا لەتەك كەسێكی سیێەمی ھەندێك جار تاك و ھەندێك جار (كۆ)دا قسە دەكەیت؟ ھەرچەندە مەگەر خۆت بزانیت كە دەتەوێت چی بڵێت و مەگەر تەنیا خۆت بتوانیت لەنێو پارادۆكسەكانتدا دوو ڕستەی ئاوەزپەسەند و واتادار پەیدابكەیت! بەڵام ئەم ڕستەیەت ھەرچەندە لە ڕووی ڕێزمانییەوە پەڕپووتە، بەڵام لە ڕووی واتاوە زۆر ڕاستە “ئەوەی مێژوو نەخوێنێتەوە ناتوانێت لێکدانەوەی دروستی هەبێت بۆ گەشەکردنی هزرو هۆشیاری مرۆڤایەتی ئێستا بۆ هستریا گرتوتی ” ! ھەر لەبەرئەوە تكات لێدەكەم، لیستێك لەو سەرچاوە مێژووییانەی كە بەڕێزتان لە خوێندنەوەیان بوونەتەوە، بۆ منیش بنێرە، تاوەكو لەو زانیارییانە بەھرەمەندبم، كە بەڕێزتان لێیانبەھرەمەندبوون! خۆ ئەگەر پەرتووكەكانم لۆ بنێریت، ئەوا زۆر سوپاسگوزارتدەبم، چونكە ھەم لە ڕووی داراییەوە كۆمەكێكی گەورەیە بۆ من و ھەم بازرگانیشەوە لێدانێكە لە كڕین و فرۆشتن و سووڕی بازار!

برای بەڕێزم، ” دەتەوێ بەزۆر بەکێشمان بکەی بۆ گفتوگۆیەک کە خۆت ئەتەوێت ” جارێكی دیكە ئەم ڕستەیە بخوێنەرەوە، بە ویژدانت تا ئێستا من پەیامێكی كەسییم بۆ تۆ ناردووە، كە تێیدا بۆ مشتومڕكردن بانگھێشتمكردبیت؟ مەگەر ھەموو جارێك بەھۆی خۆشەویستی منەوە بۆ چەند ھاوڕێ و ھاوەڵێكی ئازیزی وەك كەیفی ئەمین و سیروان عەلی و باكۆ جەلال و (ئەناركیستان)ەوە نەبووە، كە من ھاتوومەتە نێو مشتومڕەكانتان؟ من دەزانم چی تۆ و ھاوریكانتی ھەراسانكردووە، ئەوەیە كە كەسانێكی وەك من، جار جارە بەمەبەستی بەئاگاھێنانەوەی چەند ئەندامێكی خوارەوەتان، بەردێك فردەدەینە گۆمە لیخنەكەی پارتایەتی و ڕامیارییەكەتان، ئێمە دەمانەوێت ئەندامە خۆشباوەڕەكانی خوارەوەتان لە زیكر و تەلیلەی خانەقاكەتاندا داچڵەكێنین !

كاكە ئەكرەم، من نازانم قسەی كامە ماركسیستی كورد و عیراقی و ئێرانی بەھەند وەربگرم؛ تۆ دەلێت ” ئەوەندەی مەیلی ئەنارکیستی زاڵبووە بەسەر ڕاپەڕینە جەماوەریەکان کەمترین دەرفەت بۆ مەیلی ڕێکخراوی کۆمۆنیستەکان فەراهەم بووە “، ھاوڕێبازەكانی دیكەت دەڵێن “ئەناركییەكان كەمینەیەكی پۆخڵەواتن … بەكرێگیراوی بۆرجوازین .. وردەبۆرجوازین .. دژەشۆرشن .. یەكێك دەڵێت ماركس و ئەنگلس پۆرتی ئەناركیستەكانیان شكاند و تائێستاش پشتیان بۆ ڕاستنەكراوەتەوە …” ئەمانە و زۆر پاگەندەی تەنگەتاوانەی ڕامیارییی دیكە … ئیستا تۆ ڕاستدەكەیت یا ئەو ھاوڕێ و ھاوڕێبازانەت، كە پێچەوانەی تۆ ئەناركییەكان بە كەمینەیەك وێنادەكەن؟

ئایا دەزانیت بەدبەختی كەسانی وەك تۆ لەوەدایە، ئەوە نابینیت، كە ئاڵا سوور و ڕەشەكان بە پێچەوانەی بازرگانی پارتە ڕامیارەكانەوە لە زۆربەی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییەكانی ھەزارەی سێیەمدا، پێكەوە ھەر لە (جاكاتا)ەوە تا یوھانسبێرگ، ھەر لە (قاھیرە)وە تا وۆلستریت، شانبەشانی یەك دژی دوژمنی چینایەتیمان دەجەنگن؟ من لەوە تێدەگەم، كە ئێوە دەروێشانی تەكیەی حیكمەتی، ھەر ھاوڕێیەكی ماركسیست كە ڕەخنەی لە مەزھەبگەراییەكەی ئێوە ھەبێت، چاوتان ئاڵا سوورەكەی دەستی نابینێت و وەك ئەناركییەكان بە دوژمنی پرۆلیتاریای دادەنێن!

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەت بدەمەوە ” بەڵام پێم ناڵێی بۆ زۆربەیان سەرکەوتو نەبوون “. با ناوی ڕاپەڕینە ئەناركییەكان بھێنین، كۆمیتەی كارخانەكانی ١٩١٧ تا ١٩١٨ی ڕوسیە، ڕاپەڕینی ئۆكرانیا ١٩١٧ تا ١٩٢١، ڕاپەڕینی كرۆنشتات ، ڕاپەڕینی ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ی ئیسپانیا و كۆمیتەی كارخانەكانی ئیتالیا، ئەمانە بەرچاوترینیان بوون، كە تێشكاون، لەبەرئەوەی بەڕێزتان وەك خۆتان پاگەندەی دەكەن و كەسانی دیكە بە نائاگا لە مێژوو دەزانن و خوێنەوەی چڕوپڕتان لەو مێژووە ھەیە، حەزدەكەم تۆ ھۆكاری تێكشكانەكان و چۆنیەتی تێكشكانەكان و  دوژمنە تێشكێڼەرەكانیان دیاریبكەیت، چونكە من لە ئاستی مێژووناسێكی وەك بەرێزتاندا بوێری ئەوەم تێدانییە، قسە لە مێژوو بكەم! ڕاپەڕین و ھەوڵەكانی ١٩٩٠ بەم لاوە، وەك بەڕێزتان دەبینن و خۆت لێیان نائاگادەكەیت، ھەر لە داگیركردنی كارخانەكانی ئەرژەنتین و فیرگەكانی بریتانیا و ئەمەریكا و كارخانە و فێرگەكانی یۆنان و ئیتالیا و ئیسپانیا تا دەگایە داگیركردنی پارەلەمانی وڵایەتیی و وۆڵستریت و مەیدانەكانی دیكە، ھێشتا نەبوونەتە ڕابوردوو، ئاوا مێژووناسێكی وەك بەڕێزتان بكەونە نووسینەوەی مێژوو بەئاوەژوویی. ئەگەر لە سەردەمی دەسەڵاتی قەرەقووشی بۆلشەڤیكەكاندا، كە نە كەرەستەكانی میدیا لەبەردەستتدابوون و نە جیھان وەك ئەمڕۆ دیگیتالیزەبوو، نەتوانرابێت ڕاستییەكان بەتەواوی ئاوەژووبكرێنەوە و ئەمڕۆ چەندەین گرتەی ڤیدیۆی و وێنە و دۆكومێنت و ڕۆژنانەی سەردەمی كوشتوبڕەكانی ئۆكرانیا و كرۆنشتات لەبەردەستتدان. ئەوا زۆر ئەستەمە كەسێكی وەك تۆ، كە نەتوانێت یەك ڕستەی كوردی بەدروستی بنووسێت و بێجگە لە دەرخكردنی وتە دەرخكراوەكانی ڕابەرەكانی ھیچی دیكە نازانێت، بتوانیت مێژووی ئەم ڕۆژانەی كە ئاڵا ڕەشەكان بەچاوی ئێوەی ڕامیار و پارتییدا دەچن، ھەر ئاوا بە ئاسانی بشێوێنیت و بنووسیتەوە!

ئازیزم، بڕۆ مێژوو بخوێنەرەوە، بەڵام تكات لێدەكەم مێژووی لەدایكبوونی ماركس و ئەنگلس و لێنین و ژمارەی ڕۆژەكانی ژیان مەنسووری حیكمەت نا [مەبەستم بێرێزی نییە بەو كەسانە]، مەبەستم مێژووی شارستانی و مێژووی كۆمەڵگەكانی پێش چەند ھەزار ساڵ لەمەوپێش، مێژووی ڕاپەڕینەكان و كۆمەڵگە بێدەوڵەتەكان بخوێنەرەوە، ببینە كە بە ھەزاران ساڵ پێش ماركس، مرۆڤەكان ھەم سۆشیالیستانە ھزراندوویانە و ھەم سۆشیالستانە ژیاون و ھەم ئەو ڕامیارییەی كە تۆ شانازی پێوەدەكەیت، نەیتوانیوە ھێندەی دەسڕی توالێت بۆ مرۆڤایەتی كەڵكی ھەبێت!

كاك ئەكرەمی بەڕێز، تكا لە خۆت و ھەموو ھاوبۆچوونەكانت دەكەم، یەك ھەڵوێستی بۆرجوازییانەی ئەناركیستەكان بە دەق و بەڵگە بنووسە، با خوێنەری ھێژا بۆ خوێندنەوەی بگەرێتەوە سەر سەچاوەكەی تۆ. برای من، قسەفرێدان زۆر ئاسانە، گۆبڵز لەو بوارەدا زۆر بەتوانابوو، بەڵام نەیتوانی مێژوو ئاوەژوو بكاتەوە و نەیتوانی بڕوا بە پاسەوانە نازییەكانی دەوروبەری خۆیشی بھێنێت، كە ڕاستدەكات !

كاكی برا، دەزانیت گرفتی تۆ و ھاوبۆچوونەكانت چییە، ئەوەیە كە بە چاویلكەی پارتایەتی و ئایدیۆلۆجیا و ڕابەرەكانتان، مێژوو و كەتوار دەخوێننەوە، ئەمە ئەوپەڕی بەدببەختییە، چونكە كاتێك كە چاویلكەیەكی زەرد، سوور، ڕەش، شین، سەوز، ..تد لە چاوبكەین، ئەوا دونیا تەنیا بە ڕەنگی ئەو چاویلكەیە دەبینین. بەڵام ئەوی خاوەنی خۆھوشیاریی و بیركردنەوەی سەربەخۆ و شێوازی ئاوەزپەسەندی لە لێكدانەودا بێت، بەدڵنیاییەوە كەتوار و ڕووداوەكان وەك خۆیان دەبینێت، نەك بەو جۆرەی كە خۆی دەخوازێت! تۆ خەریكی وڕێنەی ڕابەرەكانت لە كۆبوونەوە پارتییەكاندا لێبووەتە كەتوار! ھیچ ماركسیستێكی ئازادیخواز نییە، كە بتوانێت نكۆڵی لە ڕۆڵی ئەناركیستەكان لەم سەر تا ئەو سەری دونیا لە خەباتی ڕۆژانە و لە ڕێكخستنە كۆمەڵایەتییەكاندا، بكات.

بەڕاستی بەدبەختییە، تاكی ھەزاری سێیەم قسە لە پێویستی پارت و ڕابەر بۆخۆی بكات! تكادەكەم یەك خاڵی گەش لە یەك ساتی مێژووییدا لەمەڕ ڕۆڵی پارت بخەرە بەرچاوی ئێمەی نەزان؟ ئەگەر بەخۆت شەیدای وابەستەیی و گوێڕایەلی و ملكەچیت، تكادەكەم واتای ئازادیخوازیی مەشێوێنە! ئازادیخواز كەسێكە كە لە سەرووی خۆیەوە بروای بە سەروەریی كەسانی دیكە نییە، نە خۆی بە گەمژە و نە كەس بە ڕابەری خۆی دەزانیت و نە كەس بە گەمژە و نە خۆی بە ڕابەری كەسانی دیكە دەزانێت! كەسی ئازادیخواز دژی ھەموو پێكھاتەیەكی قوچكەیی (ھەرمی)، ھەموو بەرتەرییەك، ھەموو دەستەبژێرییەك، ھەموو سەروخوارێك، ھەموو ئایدیالیزمێكە، ئیدی ئاسمانی بێت یا عەلمانی!

بەڕێزم، بڕۆ چاویلكە پارتییەكەت فڕێبدە و لە دەمی خودی (ماركس)ەوە ماركسیزم بخوێنەرەوە، نەك ئەو كاریكاتێرەی كە حیكمەتیزم لە ھۆشی ئێوەدا بۆ ھزر و بۆچوونەكانی ماركس كێشاویەتی و وەك مەلاكانتان لێھاتووە، تەنیا ئەو وتانە دەرخدەكەن، كە خزمەت بە ناوبانگدەركردن و پارتایەتی و دەسەڵاتخوازیی و ھەڵپەی پلەوپایەی پارتیی دەیخوازێت، ھەروەك چۆن مەلایەك ئەو ئایەت و حەدیسانە بۆ خەڵك ناگێڕێتەوە، كە زیان بە ھێنانی مریشكە ڕەشە و مووچە و بەخشیشەكانی دەگەیێنێت، ئاوا ئێوەش ئەو بۆچوونانەی ماركس كە زیان بە دەسەڵاتخوازیی و ڕامیارییكردن و سازشكارییەكانتان لەتەك دەسەلاتدارانی ھەرێم و دەوڵەتە بۆرجوازییەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترانیا و كەنەدا دەگەیێنێت، ناخوێننەوە و دووبارەناكەنەوە و بۆشتان بلوێت، دەیانسووتێنن!

بەڕاستی سەیروسەمەرەی ھەزارەی سێیەمە، كە ڕامیاركاران و دەسەڵاتخوازان و پلەوپایە و ناوبانگخوازان، قسە لە شۆڕشی كۆمەڵایەتی بكەن! ئایا دەزانیت شۆرشی كۆمەڵایەتی واتە ڕەتكردنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و پارتی ڕامیاریی و بازرگانیی و سەرمایەگوزاری ڕامیاریی؟

ئەزیزم، دژایەتی سیستەمی چینایەتی بە دژایەتی پێكھاتەی چینایەتی و ڕێكخستن و بیركردنەوە و ئاراستەی چینایەتی و بە كاریكرێگرتە و خاوەندارتی چینایەتی دەكرێت! دەتوانی لێكدانەوەیەك لەمەڕ پێكھاتە و ڕێكخستنی پارتەكەت بكەیت؟ دەتوانیت لێكدانەوەیەك بۆ بیركردنەوە و ئاراستە و تاكتیك و ستراتیژی پارتەكەت و پارتە دەستەخۆشكەكانی بكەیت؟ دەتوانیت پێناسەیەك بۆ پەیوەندی ئەندامناوەندی و نووسینگەی ڕامیاری پارتەكەت و پارتە دەستە خوشكەكانی لەتەك ئەندامانی پارت و كرێكارەكانیان [وەك خۆت دەزانیت زۆرێكیان لە ئەوروپا سەرمایەدار و خاوەنكارن] بكەیت و ئینجا ئەوسا بگەڕێتەوە سەر وێناكردنی خەبات و شۆڕشی كۆمەڵایەتی !

بەڕاستی و بەبێ لاقرتێ، من وەك خوێنەرێك نازانم لەم دەستەواژانەدا

“بۆ زانینت ئەوەی هەتا ئێستا بەسەر ئەو کەسانەی خۆیان بە مارکسی ئەزانن ئەوەیە کە بەم ملدانە شەرمنۆکانەیەی ئەنارکیزم بەکردار لە بیرکردنەوەی زانستیانەی مارکس دورکەوتونەتەوە گە لێکدانەوەی زانستیانە کە لەبەرامبەر ئەنارکیستەکاندا چی ناکۆکیەکیان هەبوە لە ڕووی ناوەڕۆکی چینایەتیەوە بۆ شۆڕش و نەمانی کۆمەڵگەی بێچین و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسانی لە جێگای” بەتەمایت چ جادوویەك لە خوێنەر بكەیت و دەتەوێت چ پەڕجوویەكمان بۆ بگێڕیتەوە؟ تەنیا ئەوە تێدەگەم، كە واژەی زاستتان كردووە بە گۆچانەكەی موسا و دەتەوێت بەنێو لیتاوی پارتایەتی و دەسەڵاتخوازیدا تونێلێك لێبدەیت و خۆت لە بێسەرەوبەرەیی قسەكانت و ناكۆكی بۆچوون و پاگەندەكانتان ڕزگاربكەیت!

لە بەرامبەر درێژەی دێرەكانی كۆتاییتدا، ئەگەر بە لاقرتێش وەریبگریت، ئیدی بەلامەوە گرنگ نییە، چونكە تۆ بەخۆت خوازیاری ئەوەیت و كۆمەڵێك قسەی بێبەڵگەت ڕیزكردوون و وەك دوكاندار یا پاگەندەچی سەر سندووقەكانی دەنگدان، قسەی بێباج ھەڕاجدەكیت. تەنیا ئەوەندە دەڵێم، ئەزموونی ١٩١٧ تا ١٩٨٩ی ڕوسیە، نادروستی بۆچوونەكەی مامە (ئەنگلس)یان سەلماند، پێویست ناكات لەو بارەوە قسەبكەم، بەڵكو ئەوە تۆیت كە پێویستە دەستبەرداری قسەی بێباج ببیت و واز لە ھەراجكردنی وڕێنەی ئەم و ئەو بھێنیت و چەند بەڵگە نا، تەنیا یەك بەڵگە بۆ پاگەندەكانت بخەیتەڕوو و خوێنەر بە گەمژە نەزانیت!

بە بۆچوونی من زیندووبوونەوەی مرۆڤ لە جیھانێكی دیكەدا فرەتر ئاوەزگیرترە تاوەكو پووكانەوەی خۆبەخۆی دەوڵەتی ماركسیستەكان [كۆمونیستەكان نا، چونكە كەم نین ئەو كۆمونیستانەی كە وەك ئەناركییەكان دژایەتی دەوڵەت دەكەن] !!!!!

نەوتراو نەمێنێتەوە، وێناكردنی كاریكاتێریانەی ماركس و ئەنگلس بۆ كۆمەڵگەی كۆمونیستی، لە وێنای كریستیانەی دەوروبەرەكەیان بۆ جیھانی پاش مردنەوە سەرچاوەی گرتووە! من دەتوانم ئەمە لە شێوەی ھاوكێشەی ماتماتیكی بسەلمێنم، بەڵام ئایا تۆ و ھاومەزھەبەكانت بە بەڵگەی مێژووی و پاڵپشتی ئاوەزگیر و لۆجیكپەسەند، توانای سەلماندنی پاگەندەی دژەشۆڕشی ئەناركیستەكانتان ھەیە؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟؟

دوا وشە، ئەگەر بەڕێزتان خۆتان لەوە بانتر دەبینن، وەڵام پرسیارەكانی من بدەنەوە یا توانای دەربڕین و نووسینتان بە عەرەبی لە كوردینووسین و دەربڕین، باشتر و زیاترە، تكایە وەڵامی پرسیارەكانی ھاوڕێ كەیفی ئەمین بدەرەوە!

Advertisements

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی شەشەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی شەشەم

هەژێن :

لەبەرئەوەی كە ناتوانم لێرەدا بەتێروتەسەلی وەڵام بە پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیربدەمەوە، بۆیە زۆر بە كورتی لە چەند سەردێرێكدا وەڵام بە شۆرش لەیەك وڵات و دەوڵەتدا دەدەمەوە :

سەرەتا وەك وتم، من تەنانەت بە پێچەوانەی ھەندێك لە ئەناركییەكانەوە، شۆڕش بە ڕووداوێكی ماوە و كات دیاریكراو نازانم؛ شۆڕش خۆبەخۆ پرۆسێسێكی مێژوویی جیھانییە، تا ئێستا لە ھیچ جێیەك بەیەكجاری بەسەر سیستەم و سەروەری چینایەتییدا سەرنەكەوتووە و بەھیچ شێوەیەكیش تێكشكانەكان، تێكشكانی شۆڕش نەبوون و نین، بەڵكو تەنیا تێكشكانی تاكتیكێك یا ستراتیجی ڕەوتێكی دیاڕێكراوی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستیی بوون، باشترین نموونەش پاش تێكشكانی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە لە بلۆكی خۆرھەڵاتییدا، كە دەستبەجێ لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوودا، ھاوكاتی ھەڵوەشاندنەوە و ناوگۆڕینی دەیان پارتی كۆمونیست، بینەری چەندین مانگرتن و ناڕەزایەتی پڕۆلیتێری بووین، لەوانە خۆپیشاندانەكانی شیكاگۆ، مانگرتنی كەناسانی توركیە، مانگرتنی كرێكارانی كانەكانی ئاڵمان ناسراو بە مەشخەڵبەدەستان، مانگرفتنی كرێكارانی ئیسرائیل، مانگرتنی گشتی لوبنان و گۆڕینی حكومەت، مانگرتنی گشتی بەنگلادیش، مانگرتنی كرێكارانی پۆستە و گەیاندنی ئەمەریكا پاش چەند دەھە بێدەنگی و ھەروەھا لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا بینەری خۆپیشاندانە جیھانییەكانی دژی جەنگ و دژی كۆبوونەوەكانی لوتكەی (G8) و داگیركردنی كارخانە و ھۆتیل و چێشتخانە و چاپخانە و شەقامەكان لە ئەرجەنتین و پار و پیرار و لەم ڕۆژانەشدا ڕاپەڕینەوەی جەماوەر لە تونس و میسر  و مانگرتنە بەردەوام و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی یۆنان و پۆرتوگال و ئیسپانیا … تد . ئەمانە ھەموویان ھەم نیشانەی بەردەوامی شۆڕش و پشتڕاستكردنەوەی بزووتنەوەی كرێكاریی و جەماوەریی بوون لەژێر قورسایی كەلاكی بلۆكی ڕوسی و چینی و كوباییدا و ھەم ناپێشڕەوبوونی پارت و دەوڵەتی بەناوی كرێكارییان سەلماند. لەم بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل Cajo Brendel كە یەكێكە لەو ماركسیستانەی ڕەخنەی پەیگیرانە لە بۆلشەڤیزم و لێنین دەگرێت، بەنێوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە” ڕادەكێشم، كە چەند دەھە پێش كڕمۆڵبوون و پووكانەوەی بلۆكی ڕوسی، بابەتەكانی نووسیوەن.

بەبۆچوونی من، ئەوەی بە شۆڕش ناسێنراوە و دەناسرێنێت، تەنیا ڕووداوی ھەڵچوونی نێو ڕەوتی بەردەوامی شۆڕشن و تەنیا دەكرێت ناوی ڕاپەڕینیان لێبنرێت و بەداخەوە ھەندێكیان لەلایەن ڕەوتە بەناو سۆشیالیستیەكانەوە سەركوتكراون؛ لەوانە ھەرەوەزییە كشتكارییەكانی ئۆكرانیا و سۆڤیەتە سەربەخۆكانی دەریاوانی كرۆنشات، كە دەكرا لەو كاتەدا وەك نموونە و ھەوڵێكی سۆشیالستی بواری تاقیكردنەوەیان بدرایە و بماندیایە، كە كام شێواز سەركەوتووە، ھەرچەندە ھەر ئەوكات ھەم لە ڕووی ڕێكخستن و ھەم لە ڕووی خودكەفایی بەرھەمھێنان و ھەم لە ڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر دوژمنانی دەرەكی و نێوخۆیی بەھێزتر و سەركەوتووتر بوون. بەشەكەی دیكەیان ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئەسپانیای ١٩٣٦-١٩٣٩ و كۆمیتەكانی كارخانە [ئۆتۆنۆمییە كرێكارییەكان]ی ئیتالیا ١٩٦٢- ١٩٧٧ كە ئەمانیش وەك ئۆكرانیا و كرۆنشتات بەپێچەوانەی ئەزموونی بۆلشەڤیكی لەنێوخۆیانەوە كرمۆڵ نەبوون و جەماوەر تێكینەشكاندن و لە ڕووی ئابووری و پەروەردەیی پرۆلیتێرییەوە سەركەوتووبوون و تەنانەت كاتێك كە پاش سەركەوتنی سەربازیی فرانكۆ و گەڕانەوەی خاوەنكیڵگە و كارخانەكان، بەداخەوە دونیایەكی ئاوەدان و پڕبەرھەمیان بۆبەجێما. من ئەم نموونانە وەك ئەزموونی ئەناركی گەشاوە دەخەمە بەرچاوی ئێوە و دەتوانن لە ھەموو ڕوویەكەوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكەن و لەتەك ڕوسیای زلھێزی جیھانی ١٩١٨ – ١٩٨٩ بەراوریان بكەن، چونكە لەو ڕێگەیەوە دەتوانین ئاسۆیەكی ڕۆشن بۆ ڕاپەڕینەوە و ئەوەی ئێوە ناوی دەنێن بەرنامەی شۆڕش، بەدەستبھێنن.

ھاوڕێ تاھیری ئازیز، ئەوەی كە لە ئەدەبیاتی ماركسیستیدا ناوی شۆڕشی لەسەر دەنرێت، فرەتر كودەتای پارتییانە بەسەر ڕاپەڕینی جەماوەردا و كودەتای سەربازییە بەسەر حكومەتی بۆرجوازیدا و دروستكردنی حكومەتی پارتە بەناوی كرێكارانەوە لەسەر كەلاوەی دەوڵەت و چێكردنەوەی و دواتر ڕەوایەتیدان بە دیكتاتۆری سەركردایەتی پارت بەسەر خودی ئەندامانی پارت و دواتر بەسەر كۆمەڵگەدا و ڕەوایەتیدان بە كوشتوبڕی مانگرتنەكان و كۆمەڵكوژی ناڕازییانی كۆمەڵگە چ ماركسیستە ئازادیخوازەكان و چ ئەناركیستەكان بەناوی سەپاندنی دیكتاتۆری پڕۆلیتاریاوە . ئایا تا ئێستا مێژوو لەمە زیاتری نیشانداوین، یا پەنابردنەوە بۆ چەندبارەكردنەوەی دەوڵەتی پارت بەناوی پرۆلیتاریاوە، بێجگە لەو شكستانە، دەتوانێت شتێكی دیكەمان بداتە دەست، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، خۆشحاڵ دەبم بە خوێندنەوە و بیستنی .

بە بۆچوونی من نە لە قۆناخەكانی پێش سەرمایەداریدا ڕویداوە، كە ڕاپەڕینەكان گشتگیر و جیھانی بن، نە لە یەك وڵاتیشدا یەكئاستبوون، نە لە ئێستاشدا یەكئاست دەبن . بۆیە قسەكردن لەسەر ڕاپەڕینی جیھانی تەنیا خەیاڵپلاوی ڕۆشنبیرانی نەخشەكێشە [ تكایە لێرەدا قسەكەم مەیكێشنە سەر خۆتان مەبەستم ئێوە نییە]دەوەشێتەوە، وەك وتم مەبەستی من لە ڕاپەڕین ھەمان شتە كە تۆ ناوی شۆڕشی لەسەر دادەنێیت، بۆ نموونە ئەوەی لە كۆمونە یا ١٩٠٥ و ١٩١٧ ی ڕوسیا، ١٩٣٦ ئیسپانیا، ١٩٥٦ ھەنگاریا، ١٩٧٩ ئێران، ٢٠١١ی وڵاتانی عەرەبی ڕوویاندا تەنیا ڕاپەڕین بوون و بە ھەندێكیان لەلایەن دوژمنە دەرەكییەكانەوە تێكشكاون و ھەندێكیان لەلایەن دژە شۆڕشە نێوخۆییەكانەوە.

ھەورەھا لە ئاستی وڵاتیشدا بڕوام بە ھاوجۆری و ھاوئاستی نییە، ئەوەی ڕوودەدات بە ئامادەیی و خۆپەروەردەیی پرۆلیتێرەكانەوە پەیوەستە، ئەوەی كە لە ڕەوتی خەباتی ڕۆژانەدا چەندە توانیویانە خۆیان رێكبخەن و ڕێكخراوە ناقوچكەییە (ناھەرەمی/ ناھیرارشیی) سەربەخۆكانیان پێكبھنن و ھەم وەك ئامرزای خۆھوشیاریی و خۆپەروەردەیی و ھەم وەك ئامرازی بەرەنگاری و ھەم وەك ئامرازی رێكخستنەوەی كۆمەڵایەتی كۆمەگەی داھاتوو، چەندە توانراوە لە رێكخراوە و ھەرەوەزیی و كۆمونەكاندا ژیانی سۆشیالیستی و پەیوەندی سۆشیالیستی و كولتووری سۆشیالیستی جێگیربكەن و بەكردەوە نیشانی كۆمەڵگەی بدەن، كە دەكرێت و لە توانادا ھەیە، مرۆڤ ئاوا بژی و خۆی لە پەیوەندییە سەروەرییەكان و سیستەمی كرێگرتەیی ڕزگار بكات . كاتێك كە ئەمە بوو بە بەشێك لە كولتووری ڕۆژ و مرۆڤەكان كەتوارییبوونیان دەركرد و توانیان ئەزموونی بكەنەوە، ئەو كات من و تۆش زۆر بە ئاسانی دەتوانین دەركی ئەوە بكەین، كە پێویستمان بە دەوڵەت و دیكتاتۆری و شوانەیی پارتەكان و ئامۆژگاری ڕامیارەكان نییە.

ھاوڕێ، بەبۆچوونی گرفتی لەیەك تێنەگەییشتنمان لەوەدایە، كە تۆ باس لە پرۆسێسی دروستكردنی پارتێك وەك پێشڕەو دەكەی، كە دونیا بۆ پرۆلیتاریا تەخت بكات و دواییش سەركردە و ڕابەرە خۆ بە ژیر و خەڵك بە نەزانكانی ئەوەندە بەخشندە بن، بێن و بڵێن، فەرموون پرۆلیتێرەكان، خۆتان ژیانی خۆتان لە سۆڤیەتەكاندا ڕێكبخەن و دەوڵەتێكی سەراپاگیر و توندوتۊڵ (مەحكەم)ی ئاواش كە بەرگەی ھێرشی دەرەكی و گەندەڵی نێوەكی و ھێرشی دێمۆكراسی بۆرجوازی و بیروكراسی نێوەكی بگرێت و جەنگی دار و بەرد بكات، پاشان بەخۆیشی، دیسانەوە بەخشندانە وەك پەشمەك بتوێتەوە [ تكاتان لێدەكەم ئەمەم بە لاقرتێ و كەمڕێزی لێوەرمەگرن] بەداخەوە وەھا پارتێكی بەخشندە و دەوڵەتێكی پەشمەكی، تەنیا لە فیلمە كارتۆنییەكاندا توانای بوونیان ھەیە. بۆیە من زۆرجار ئەوانەی ھەموو تاوانەكانی (ڕوسیا)ی جاران و بلۆكی خۆرھەڵاتی دەدەنە پاڵ )جۆزیف ستالین)، بەبێویژدانی دەزانم. چونكە كەسێكی وەك ستالین [ كە پەروەردەی پارتی كۆمونیست و شاگردی لێنین و جێمتمانەی ترۆتسكی و دەوڵەتی بەناو كرێكاران] لەوە زیاتر نەیدەتوانی نەرمتر بێت، لەوانەشە ھەندێك جار چاوپۆشیشی لە پێداویستیی دیكتاتۆربوون كردبێت. ھیوادارم دەربڕینەكانم زبر و برنداركەر نەبن و دڵی ھاوڕێیانێكی وەك تۆ و كاك (فوئاد)م نەئێشاندبێت، كە ھیچ كات ناتوانم گومان لە سۆشیالیستبوون و دڵسۆزیتان بۆ سۆشیالیزم و پرۆلیتاریا بكەم. ھەرواش دڵنیام كە ھیچ ئامانجێكی كەسیی (شخصی) ھاندەری پێداگرییتان لەسەر پارت و دەسەڵات نییە، بەڵكو بەوپەڕی دڵسۆزیتانەوە بۆ سۆشیالیزم پێداگری لەسەر ئەم بۆچوونانەتان دەكەن. بەڵام دیسان بەداخەوە، ناچارم بڵێم ھاوڕێیان، مێژوو وەڵامی خۆی بە پارتی پێشڕەو و دەوڵەتی بەناو سۆشیالیستی و دیكتاتۆری بەناو پرۆلیتاریا داوەتەوە و بڕواناكەم ھوشیاریی و كەتواریی جیھانی ئەمڕۆ و تاكەكان، ھیچ كات بواری دووبارەبوونەوەی تراجیدیایەكی ئاوا بە گاڵتەجارییەوە بدات .

لێرەدا وەك دوا ڕستە حەزدەكەم ئەوە بڵێم و بیدركێنم؛ خۆزگە سۆشیالیزم بە پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆری بھاتایەتەدی، بەدڵنیاییەوە ئامادەدەبووم گیانی خۆم بكەمە مۆمی ڕێی سەركەوتنی ئەو پارت و دەوڵەت و دیكتاتۆرییە، بەڵام داخەكەم تەنیا یەك خۆزگە دەیتوانی ئەوە جێبەجێ بكات و بەر بەو شكستانە بگرێت، ئەویش دەیتوانی ئەوە بێت، كە لە ساڵی ١٩١٨ەوە لە ڕوسیا بواری ئەناركیییەكان و مەنشەڤیكەكان و نادرۆنیكەكان و سۆشیالیستە شۆڕشگێرەكان بدرایە، تاوەكو لەو جێیانەی كە جەماوەر  بۆچوون و شێواز و كاركردی ئەوانی لەلا پەسەندە، تاقیبكەنەوە. چونكە بەدڵناییەوە نە ئەوەندە ئەناركی و سۆشیالیست و كۆمونیست دەكوژران و نە ئەوەندەش جوتیار و كرێكاری بەدبەخت ڕەوانەی ئوردووگە و دوورخراوگەكانی سیبریا دەكران و نە ئەو ئەزموونەش ئاوا بە ئاسانی بەو سەرنجامەی ١٩٨٩ دەگەیشت و نە من و تۆش لەم ساتەدا لەبری ئەم مشتومرە ھەزاربارەبووەوە، چاومان لەدیار كۆمیوتەرێك كزدەبوو و لەوانەشە لەم ساتەدا پارچە ھۆنراوەیەكی پڕ یاداوەری پاش ڕاپەڕین یا بەسەرھاتی ئەڤیندارییەكی سەركەوتوو یا باسی یارییەكی سەردەمی مناڵیمان بۆ یەكتر دەگێڕایەوە یا لەوانەیە پێداویستی یەكترناسیمان نەھاتایەتە بوون و (تاھیر و ھەژێن)ێك بەم بۆچوونانەی ئێستە لە نێۆماندا دروستنەدەبوون .

زۆر سوپاستان دەكەم و بە ھاورییەتی و ھاوەڵی كەسانی وەك ئێوە دڵخۆشم، كوردواتەنی ” ئێمە ماركسیستەكان و ئەناركیستەكان گوشتی یەكتر بخۆین، ئێسقانی یەكتر ناشكێنین” چونكە یەك ئامانجمان ھەیە؛ ئەویش سۆشیالیزم و لەنێوبردنی سەرمایەداریییە، با ھەر یەكەمان بە شێوازی خۆی لەو پێناوەدا درێژە بە خەباتی بدات.

تاهیر ساڵح شەریف :

ئەمشەو ڕەنگە نەتوانم هەموو سەرنجەکانم بنووسمەوە، چونکە بەڕاستی ماندووم و کۆمێنتەکانی بەڕێزیشتان تا ڕادەیەک درێژن و کۆمەڵێک بابەتی جیاوازیش تێکەڵ بەیەکترکراون…. سەرەتا لە هاوڕێ هەژێنەوە دەست پێدەکەم. هاوڕێ هەژێن سەدجار لەسەر هەقە کە مانا گریکییەکۆنەکە” پرۆلیتێر ” بە هەموو ئەو کەسانە دەدات کە خاوەنی موڵکداری تایبەتی نین و کۆیلەی سەرمایەدارانن. تەعریفە گریکییەکە بە ڕای منیش دروستە و پێم وایە فەریدرەک ئەنگڵسیش لە پرەنسیپەکانی کۆمۆنیزمدا، وەڵامی ئەو پرسیارە [ پرۆلیتاریا کێیە؟… پرۆلیتاریا ئەو کەسەیە جگە لە فرۆشتنی هێزی کاری خاوەنی هیچ هۆیەکی بەرهەمهێنان نییە – هەڵبەت ئێستا فرۆشتنی هێزی فیکر و تەنانەت هێزی سێکسیش هاتۆتە سەر” sex workers “، چونکە لەسەردەمی ئەنگڵسدا، بەکاربردنی هێزی فیکری و هێزی سێکسی لە پرۆسەی کەڵەکەکردنی سەرمایەدا وەک ئەمڕۆ گەشەی نەکردبوو] بەجۆرێکی دیکە دەداتەوە. لەم ڕووەوە من هاوڕام لەگەڵ بەکاربردنی ووشەی پرۆلیتێردا بۆ ئەو کەسانەی کەخاوەنی هیچ موڵکایەتییەکی تایبەتی نین، جگە لە فرۆشتنی هێزی کار، هێزی فیکر و هێزی سێکسیان و ژیانی خۆیان لەوڕێگانەوە دابین دەکەن، بەڵام ڕەنگە بەو زووییە نەتوانم لە نووسینەکانمدا ئەو دەستەواژەیە بەکار ببەم، چونکە ئەمە پێویستی بە کات هەیە بۆ ڕوونکردنەوە و جێگیرکردنی لە ئەدەبیاتی سیاسیی کوردیدا.

زاهیر باهیر :

کەواتە با هەموومان پێک بێێن لەسەر واتای وشەی پڕۆلیتاریا کە لە سەدا ٩٩ کە دەگرێتەوە نەک کوشەی کرێکاران کە فرۆشەری هێزی بازوو و زهنی و سێکسی دەفرۆشن کە کەما یەتین. دیسانەوە ببورن کە من بووم ڕام کێشان بۆ ئەو جەدەل، بەڵام سەرئەنجامێکی باشی دا بەدەستەەوە کە ئەویش هەموومانی یەکخست لە سەر ئەوەی کە هەموومان مەبەستمانە، بەبەکارهێنانی پڕۆلیتاریا کە نزیکەی هەموو کەس دەگرێتەوە. لە هەمان کاتیشدا من پێشنیازی ئەوە دەکەم گەر هاوڕێیان ، هەمووتان بەلاتانەوە باش بێت ، لە کۆتایی مشت و مڕەکانماندا ئەمەی کە کردومانە لە م بوارەدا لە ماڵپەڕەکەی هاوڕی تاهیرو سەکۆی ئەنارکستاندا بڵاو بکرێتەوە، دەشتوانیین هەواڵەی سایتەکانی تریشیا بکەین گەرچی دڵنیانیم کە هەموویان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام دڵنیام کە ڕەوەندوو پێنووسەکان و کۆمۆنەش بڵاوی دەکەنەوە. من دەزانم کە ڕينگە لە کۆتاییدا نەگەینە سەرئەنجامێکت وا بەڵام دڵنیام ئەمە بەسوود دەبێت گەر هاوڕێیانی تر لە لایەنە جیاجیاکانەوە بیبینن و بێنە زمان. ئێمە هیچمان نەکردبێت، هەندێک شتی گرنگمان وتتوەو، لە هەمووشی گرنگتە بە گیانێکی هاوڕێیانەی پڕ لە ڕیزو خۆشەویستییەوە لە یەکتری چوینەتە پێشەوەو ، کە بێڕێزیو سوکایەتی بە فکری یەکتری و نە گیانی خۆ بە مامۆستایی زان و گومڕایی فکری تێدا بەدی ناکرێت. کە ئەمەش ڕەنگە هاندەرێک بێت بۆ نوسەری کورد و سیاسی کە زۆربەیان زمانییان زبرە بەرامبەر بە یەکتری.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم : http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم : http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم : http://wp.me/pu7aS-18J

بەشی پێنجەم : http://wp.me/pu7aS-18N

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان/ بەشی پێنجەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لە نێوان ماركسیستەكان و ئەناركیستەكانی كوردستان

بەشی پێنجەم

زاهیر باهیر:

هاوڕێ تاهیر كۆمێنتەكەی تۆ لەسەردوو خاڵە. یەكەمیان چینی پڕۆلیتاریایە: منیش لەگەل تۆدا هاوڕام كە چینی كرێكاران شادەماری ئابوری وڵات و جیهانیان بە دەستەوەیە دەتوانن هەتا بەبێ خۆپیشاندان و چوونە سەرەشەقامەكان ، تەنها لە ڕێگای مانگرتنی گشتییەوە لە ماوەیەكی كەمدا هەرەس بە حكومەتەكانیان بهێنن و دواتریش سیستەمەكە لە سەرانسەری جیهاندا.  بەهەرحاڵ من ئەم هێزو توانایەی پڕۆلیتاریا ناو دەنێم وزەی شاراوە كە پێم وایە بە ئینگلیزییەكەی كە مانا باشتر دەدات دەوترێت پۆتێنشەڵەتی. هەر وەكو تۆش دەزانیت هەبوونی وزەی شاراوەو بەكارهێنانی، دوو شتی گەلێك جیاوازن لە یەكدی. كرێكاران لە ئەمڕۆدا ئەو تاقە كامینەیان هەیە بەڵام نەك نایانەوێت بەكاری بهێنن ، بەڵكو هەل ومەجی ژیانیان ڕێگرە لە بەكارهێنانی. بە ڕونكردنەوەیەكی زیاتر من دیسانەوە دەڵێم سەرجەمی شتەكان لە سەردەمی ماركسەوە بۆ ئێستا گۆڕاون كە لایەنێكیان كرێكارانن. لەسەردەمی ئەودا بە حوكمی نزیكی سەرجەمی كرێكران لە ڕوی هەل و مەجی كاركردن یان و مووچەو كرێی سەركاریان، لە وڵاتەكەیاندا، كەم تا زۆر، موتەجانس بوون و چالاكی هاوبەشیی گەورە گەورەیان بە یەكەوە كردوە. من لە ئێستادا ئەو تەجانوسە نابینم، ڕاستە هەموویان كرێكارن و هێزی بازوو زهنییان  دەفرۆشن بەڵام لە چەند توێژاڵێكی جیاجیادا كە هەر توێژاڵەیان لە هەل و مەرجی سەر كاركردنیان و مووچەیاندا جیاوازن لەوانی تریان. لە ئێستادا كرێكارانێك كە هێزی زهنیان دەفرٶشن و لە بەشەكانی تەكنەلۆجیا پێشكەوتوەكاندا كار دەكەن و مووچه‌یه‌كی باش وه‌رده‌گرن ، زیاتر لە چینی ناوەڕاستەوە نزیكن خۆشیان هەر وا خۆیان دەبینن ، تاكو كرێكارانی پاككردنەوە، كەرتەكانی دەوڵەت و هەندێكی تریان. دیارە لەم حاڵەتەشدا مانگرتنی بەشێكیان بێ پشتگیری دەمێنێتەوە لە لایەنی ئەوانی تریانەوە سەر ئەنجامیش مانگرتنی گشتی یا ڕوو نادات یا زۆر بە دەگمەن ڕوودەدات. دیارە ئەمەی كە وتم هۆیەكە لە هۆگەلەكان لە مەسەلەی ڕونەدانی مانگرتنی گشتی. هەر بۆیەش لە وڵاتێكی وەكو بریتانیادا مانگرتنی گشتی لە ١٩٢٦ وە جارێ تر ڕوی نەداوەتەوە. لەم ماوەیەدا نقابەی ئێرە وڕاوەی ئەوەیان كرد كە تەنها بیری لێبكەنەوە لە دژی ئەو قەیرانە گەورەی كە پێشی پێگرتوین و دژی سیاسه‌تی ده‌ستگرتمه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت به‌رده‌وامه‌ له‌ كردنیدا.  لە وەڵامی ئەمەدا دەوڵەت هەڕەشەی لێكردن وتی ناتوانن مانگرتنی گشتی بكەن دژی دەوڵەت كە سیاسەتی تەقەشوف پەیڕەو دەكات، ئەمان تەنها بۆیان هەیە كە مانگرتنی گشتی دژی خاوەنكار بكەن. دەوڵەت نەقابەی دڵنیاكردەوە ، گەر كاری وابكەن ئەوە بەیاساو دادگا دەیانوەستێنن لە كردنیدا.   لە ئەڵمانیاو وڵاتانی سكەندناڤی و كەنەدای لای تۆۆ ئەمەریكاو گەلێك وڵاتی تر جگە یۆنان و ئیسپانیاو پورتوغال و فەرەنسا نەبێت، لە شوێنەكانی تر رەنگە مانگرتنی گشتی بەبیرەوەری ئێمە نەكرابێت. ئەوەشت لەبیر نەچیت ئەوەش كە لەو ٤ وڵاتەدا بووە  تەنها كرێكارانی بەشی دەوڵەتی لە مانگرتنی گشتیدا بوون، كەمتر ڕیكەوتوە كە كرێكارانی بەشێكی  كەرتی تایبەتی، بەشداری كردبێت، ئەویش مەگەر ئەو كەرتە تێكەڵە بووبێت لە كرێكارانی دەوڵەتی و كەرتی تایبەتی.  لە هەمووش گرنگتر ، لە بەشێكی گەورەی كه‌رتی دەوڵەتییدا، كرێكارو كارمه‌نده‌كان لە نقابەی جیاوازدان، ئەمەش وادەكات كە لە هەمان شوێنی كاركردندا، نقابەیەكیان لە مانگرتندابن بەڵام ئەوی تریان یان ئەوانی تریان لەسەر كارن.

تێنەگەێستم تۆ چۆن خانەنشینكراونت بە كرێكاران داناوە هەر لەبەر ئەوەی كە پێشتر كرێكار بوون. كرێكار ئەو كەسەیە كە هێزی بازوی یا زهنی دەفرٶشێت و زێدەبایی دروست دەكات. خانەنشێنكراوان ، بێكاران، قوتابییان، كەمئەندامان ، منداڵان، چینی ناوەڕاست، ئەوانەی كە لەسەر سۆشیالن، هیچیان كرێكار نین . من بۆیە دەڵێم كرێكاران كەمایەتین هیچ كام لەمانەی كە ناوم هێنان كرێكار نین و لە سەرجەمی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكاو كەنەدادا زۆربەشن. بەهەرحاڵ گەرچی من و تۆ لەم خاڵەشدا هاوڕا نەبین بەڵام لەسەرجەمەكەیدا هاوڕاین چونكە تۆ لە سەدا ٩٩ كە بە كرێكار دەزانیت منیش لە سەددا ٩٩ كە بە خەڵك دەزانم. ئەوەشت لە بیر نەچێت بارو دۆخی ژیانی كرێكاران زۆر لە بێكاران، منداڵان، قوتابییان، كەمئەندامان و خانەنشینكراوان باشترە.

ببورە هاوڕێم سەبارەت بە خاڵی دووهەم كە دەوڵەتە، بەجێی دەهێڵم بۆ بەیانی.

هەژێن :

پێش ئەوەی بچمە پای وەڵامی پرسیارەكەی ھاوڕێ تاھیر لەمەر ” شۆڕش لە یەك جێ یا چەند جێ و چۆ پارێزگاریی لێبكرێت؟”، پێمباشە لەنێوان ئێوەدا (ھاوڕێیان تاھیر و زاھیر) قسەیەك بكەم، كە من جیاوازی لەنێوان قسەكانی ئێودا نابینم، تەنیا جیاوازی لە ناونان و بەكاربردنی واژەكاندا نەبێت. بۆ نموونە، ئەگەر مەبەست لە كرێكار تەنیا ئەوانە بێت كە لەم ساتەدا لەسەركارن، ئەوا بۆچوونەكەی ھاوڕێ زاھیر دروستە، ئەگەر مەبەست لە كرێكار ھەموو مرۆڤێكی كرێگرتە بێت، ئەوا بۆچوونەكەی ھاوڕێ تاھیر دروستە. باشە ئەو ٩٩% خەڵكەی ھاوڕێ زاھیر و ٩٩% كرێكارەی ھاوڕێ تاھیر، ھەر ھەمان چینی ژێردەستی سەروەری چینایەتی (دەسەڵاتی ڕامیاریی) سەرمایەداران + ڕامیاران و كرێگرتەی (دەسەڵاتی مشەخۆرانەی ئابووریی) دەوڵەت + كۆمپانییەكان نین؟ ئەگەر وەڵامتان بەم پرسیارە، ئەرێیە، ئەوا من ناوی سێیەم بە دروستر دەزانم، كە (پرۆلیتاریا)یە، چونكە “كرێكار” تەنیا ئەوانە دەگرێتەوە، كە پێناسەیەكی دیاڕێكراویان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ھەیە و لە زمانی كوردیدا تەنیا بە كرێكارانی تەلارسازی دەوترێت و لە سایەی سەدام و پۆستسەدامییەكاندا خەڕێكە ئەم ناوەش لەنێودەچێت، “خەڵك”یش چەمكێكە بۆ سڕینەوەی شوناسی چینایەتی و ھەروەھا واژەیەكی فارسییە بە واتای گەل و ھاوكاتیش لە كوردەواریدا بە ترشاوی و بە كوڵاوی بەكاردبرێت و تەنانەت بۆ كەسێك، كە لێی بپرسیت “لە كوێ لەدایكبوویت ؟” دەڵێن “خەڵكی كوێیت ؟”. بۆیە من واژەی پڕۆلیتاریا [ھەرچەندە ئەم واژەیە لەلایەن پارتە كۆمونیستە دەوڵەتخواز و دیكتاتۆرەكانەوە شێوێنرا و تەنانەت سووك و ناشیرینیش كرا] بە دروستر دەزانم. چونكە وەك پێشتر وتم لە یۆنانی كۆندا بە ھەموو ئەو كەسانە وتراوە، كە بێدەسەڵات و بێموڵك بوون، ئەگەر ئەمڕۆش سەرنج بدەین لە سیستەمی سەرمایەداریدا ھەموو چین و توێژە ناسەروەر و بێسەرمایە و بێمولك و كرێگرتەكان لەو چەمكەدا جێگەیان دەبێتەوە. بەبۆچوونی من ھەردوكتان لە (٩٩%ی كرێكار و خەڵك)دا مەبەستتان ھەر پڕۆلیتاریایە و لەسەر ئەوەش كۆكن، كە ھەم خەڵك و ھەم ٩٩% لەدەست ستەمی سەرمایەداری دەنگیانھەڵبرێوە و سەركوت و نادادوەریی بەربینی پێگرتوون.

زاهیر باهیر :

هاوڕێ تاهیر دووبارە سەڵاو ، سەبارەت بە خاڵی دووهەم كە دەوڵەتە، بەڕای من ئەناركستەكان و ماركسییەكان لەسەر هەمان لە دوو بواردا ناكۆكن بەیەكتری كە یەكەمیان دروستكردنی دەوڵەتی قەومییە. لێردا ماركسییەكان بەرنامەی لانی كەمیان یالانی خوارویان هەیە، كە بەندێكی بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ لابەلابوونەوەی كێشەی قەومیدان و بەشێكی زۆری خەباتی خۆیان بۆ دروستبوونی ئەو دەولەتە بەسەردەبەن ئەوە یەكێكە لە موهیمەكانی ئەوان، هەر بۆیەش بینیمان پارتە بەلشەفییەكانی كۆن و نوێ و ئەمانەی ئێستاتاش وەكو حكك و كۆمۆنیستەكان ئەوەندەی بایاخ بەو مەسەلەیە دەدەن ، ئەوەندە گرنگی بە كێشە چینایەتییەكە نادەن. هەڵبەتە بۆ ئەمەش هەر هەمویان لە كۆن و نۆێدا پاساوێان ئەوە بووەو ئەوەیە كە ئەمە پێشینەی یا بەرایی درووستكردنی دەوڵەتی سۆشیالیستییە، بە وشەیەكی تر لای ئەمان دەوڵەتی سۆشیالیستی دروستبوونی مەحاڵە هەتا كێشەی قەومی بمێنێت. دیارە بۆ ئەمەش لە كۆنیشداو لە ئیستاشدا پەنایان بۆ مەسەلەی ئیرلەندەو پۆڵۆنیاكەی ماركس و ئەو سەردەمە بردووە. باشە ئەو كاتە لە زەمینەی واقیعدا ئەزمونێك نەبووە كە گەر ئەو دەوڵەتانەش دروست بێت هیچێك لە مەسەلەی كرێكاران ناگۆڕێت. بەڵام لە ئێستادا بە دەیەها نموونە لەو بوارەدا دەبینین كەچی لە بری ئەوەی كێشەی سۆشیالیستی بەرەو پێشەوە بەرێت، بەرەو دواوەی بردووە و بارو دۆخەكەشی بە شێوەیەك گرانكردوە، بۆ نموونە زیادكردنی گیانی ڕەیسیزم و فاشسێزم لەناو قەومە ڕزگار بووەكاندا، بووەتە بەربەستێكی تر. هەر تەماشای واقیعی كوردستانی ژێر دەوڵەتی كوردی و سەدەی پێشوی بكەن . گەرچی لە ٦١ وە ئەو بزوتنەوە كۆنە پەرستەی كوردی دروستبوو و جەنگێكی خوێناویش هاتە كایەوە كەچی هەڵوێستی كورد بەرامبەر بە عەرەب ، توركمان زۆر باشترو مرۆڤانە تر بوو تاكو ئێستای كورد لەژێر حكومەتی هەرێمدا. تەماشای فەلەستینییەكان بكەن، ئەلبانییەكانو سەرجەمی وڵاتانی بۆلقان و ڕوسیای هەڵوەشاوە ببینین، بزانن لە سای دەوڵەتی نەتەوییاندا ڕایسیزم و فاشیسزم چەند بەهێز بووە . كەواتە، هاوڕێی من، دەبێت تەماشای واقیع بكەین نەك بڕگەو تیوری نێو كتێبەكانی هەر هەمویان ، هەتا بە ئەناركستە ناسراوە كانیشەوە. پمێـوایە ئەوەندەمان ئەزموون لەبەردەمدایە كە دەتوانرێت لەو بوارەدا دەرسی لێوەرگیرێت و هەنگاوێك كێشەی سۆشیالیزم، كۆمۆنیزم ( بۆ زانیاریت ئەم دووانە لای من هەر یەكێكن) بەرێتە پێشەوە، ئیدی بۆچی دەبێت سەدەیەكی تر بەزایە بدەین دوای ئەوە دەست بدینە خەباتی چینایەتی؟ ئەمە وەخت كوشتنەو بەسوودی سیستەمی مەوجود كۆتایی دێت.

هەرچی ئەناركستەكان هەیە، ڕەدی هەموو جووداخوازییەك، هەڵاواردییەك، چەوساندنەوەیەك ، باڵادەستییەك، پاشكۆیی بوونێك، تەقدیس كردنێك ، دەسەڵاتێك دەوەستنەوە،. هەر بەو چەشنەش لەگەڵ زوڵم و زۆری نەتەوەییدا نین دژی ئەوەش خەبات دەكەن، بەڵام دیسان نەبەرنامەیەك بۆ نەتەوەی ژێردەست دادەنێن تاكو حكومەتیان هەبێت و نە لە شانی قەومییەكانیشەوە خەبات دەكەن بۆ دروستكردنی دەوڵەتی قەومی، گەرچی ئەمان دۆستی ڕاستەقینەی ئازادین و بەمانای وشەە ئازادیخوازن، كە دەیانەوێت خەڵكی خۆی دەبێت ئازاد بێت لە بڕیارو كردەوەكانیاندا.

خاڵی دووهەم هەر لە دەوڵەتدا كە ئەم دوو تەیارە لە یەكدی جیان، ئەوەیە: هەرچی ماركسییەكانن ئەوەندە دژی دەوڵەتن كە پێی دەوترێت دەوڵەتی بورجوازی، فاشی ، دیكتاتۆری ، دینی، لیبراڵ، شاهی، كۆماری. بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی سۆشیالیستی چینی كرێكاراندان وەكو هەمووشمان دەزانیین بەپردی پەڕینەوەی دەزانن بۆ قۆناغی كۆمۆنیزم. بەڵام هەرچی ئەناركستەكانە دژی هەموو جۆرە دەوڵەتێكن بە دەوڵەتی كرێكاریشەوە، هاوڕی ، ئەوەی كە تۆ وتووتە كە دەوڵەت ئامرازی چینایەتییە ، هەر ئەوە وا لە ئەناركستەكان دەكات كە دژی دەوڵەت بن ، هەتا دەوڵەتی كرێكاریش، چونكە وەكو پێشتر وتم ئەوان دژی دەسەڵات و باڵادەستین ، جا گەر هەتا ئەوە دەوڵەتی كرێكای بێت، دەسەڵات بەسەركێدا؟ واتە باڵادەستن، لەبەر ئەوە ئەركی ئەناركستەكانە كە نەك هەر ڕەتی بكەنەوە بەڵكو دژایەتیشی بكەن.

من بۆیە پێشتر پەیگیریم لەسەر ئەوە دەكرد كە كرێكاران بە مانای خۆدی وشەكە هێزی كارو زهنیان دەفرۆشن و دروستكەری زێدەبایین، واقیعەن كەمایەتییەكی كەمیشن، جا كە تۆ بتەوێت حوكمێك لەژێر هەر ناوێكدا بۆ ئەو كەمایەتییە بەسە زۆرینەكەدا دامەزرێنێت ، ئەو كەمایەتییە چۆن كۆنترۆڵی ئەم زۆرینە دەكات گەر بەبەكارهێنانی توندووتیژی و كوشتن و بڕین نەبێت؟!. دوای ئەوە هاوڕێم تۆ دەڵێیت شۆڕشی پڕۆلیتاریا لە جیهاندا ڕوونادات بۆیە یەكەمجار لە دەوڵەتێكدا دەردەكەوێت ( دیارە منیش گەر لە دیدی تۆوە بیبینم هەر وای بۆ دەچم) پرسیار دەكەیت لەو حاڵەتەدا چۆن دەتوانێت خۆی بگرێیت لەبەردەم هێڕشی سەرمایەداران و وڵاتانی سەرمایەداریدا؟ منیش لەگەڵتام وەڵامەكەش لای من ئەوەیە كە ئەو دەوڵەتە سۆشیالیستییە دەبێت نمونەیەكی زیندوی تر بێت لە هەموو ئەم دەوڵەتانەی ئەم سەرزەمینە بە هەموو ئامرازوو ئەجهیزەكانیانەوە كە هەیانە. پرسیاری منیش بۆتۆ لێرەدا چی دەكەیت یەكەم ؟ دووهەم تۆ كە دەگەیت بە سٶشیالیست ، لە ڕێگەی پارتێكی بەلشەفی یا باشتریش لەوەی لینین بۆ ئەم مەبەستە دروست دەكەیت، چۆن زەمانەتی ئەوە دەكەیت كە ئەو پارتە بەدەردی هەموو پارتە بەلشەفییەكان ناچێت، لە هیراشییەتی ڕێكخستنیاندا، لە مامەڵەی ئەندامان دۆستانیاندا، لە نەكەوتنە زۆنگاوی گەندەڵییەوە، لەوەی كە نەبێتە دەسگەیەكی بیرۆكراتی سرف…….؟ دوای ئەمانە دیسانەوە چۆن دەتوانیت دەستەبەری مانەوەی ئەو دەوڵەتە بە سۆشیالیستی بكەیت و نەگەڕیتەوە یا تێنەشكێت و پارت جێگای چینی كرێكاران نەگرێتەوە، بە كورتی چۆن بە دەردی پارتە بەلشەفییەكان ناچێت؟!!!ئەناركستەكان چۆن چارەی ئەوە دەكەن؟ بە كورتی: ئەمان كە باوەڕیان بە گەڕانەوەی بڕیارەكان و دەسەڵاتەكان هەیە بگەڕێنەوە بۆ ناو خوودی خەڵك ، خەڵكی خۆی بە هەرەوەزی دەنگی لەسەر بدات و كاری لەسەر بكات، بەمەش یانی سەندنەوەی دەسەڵات لە ئیدارە گەندەڵە بیرۆكراتەەكانی دەوڵەت و شارەوانییەكان. خەڵكی لە كۆمۆنێتییەكەدا دەژی و تەواوی ئازادی خۆی و هێزی داهێنانی خۆیان و توانای خۆیان بەكار دەهێننن بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەمی كارو كێشەكانیان لەناو خۆدا. پارە دەوری نامێنێت هەر بۆیەش پێداویستییەكانی ژیان بەهایان لە كاڵاوە دەگۆڕێت بۆ پێداویستی و بەكارهێنان ، هەموو شت بەلاش و بێ پارە دەبێت. دیارە لەم حاڵەتەدا ئەم كۆمەڵگەیەش ، ئەم كۆمۆنێتییەش دەكەوێتە بەر فشاری ئابوری، سیاسی ، كۆمەڵایەتی ڕەنگە هێڕشی سەربازێش، هەر وەكو دەوڵەتە كرێكارییەكە. بەڵام تەنها مەترسی عەمەلی لە كاتێكدا لە سای دەوڵەتی كرێكاری و سٶسیالیستیدا هەر هەموویەتی، بەڵام لە كۆمەڵگەی سۆشیالیستی ناناوەندگەرایی و بی هەبوونی دەسەڵاتدا، تەنها خەتەری هێڕشی سەربازییە ، ئەگینا ئەم كۆمەڵگەیە ئیكتیفای زاتی تەواوی خۆی هەیەو با لە ئاستێكی سەرەتایشدا بێت ، مەترسی نە ئابڵوقەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی نییە. جا هاوڕێم تۆ بیهێنە بەرچاوی خۆت و بزانە كامیان عەمەلی ترەو بێ مەسەرف ترەو بێ مەترسی دارترە.

دوا وشەم لێرەدا ئەوەیە كە دووبارەی دەكەمەوە ئەوەی كە ماركسییەكان دەیڵێن و دەیانەوێت بیكەن ، واتە دروستكردنی دەوڵەتی كرێكاری، سۆشیالیستی ، لە هەقەتدا چانسی سفری هەیە، چونكە لە زەمینەی واقیعدا دووبارەو دەبارە كراوەتەوە لەبری خێرو خۆشی بۆ كۆمەلگەكە كارەساتی بۆیان هێناوە، لەبری ئەوەشی بەرەو سۆشیالیزم نزیكمان بكاتەوەو بمانبات ، بگرە گەورە ترین كۆسپی دروسكردوەو زۆر دووری خستوینەتەوە لەو ئامانجە. بەڵام كۆمەڵگەی ئەناركیسزم-سۆشیالیزم بەلانی كەمەوە چانسی لەسەدا ٥٠ مان هەیە چونكە هێشتا بە شێوەیەكی فراوان ئەوە بەڕێوە نەچووە ، واتە لە زەمینەی واقیعدا هێستا فەشەلی نەهێناوە چونكە بەو بەربەرینییە تاقی نەكراوەتەوە. دەبا هاوڕێیان چانسێكی بدرێتێ خۆ زەرەر ناكەین گەر قازانج نەكەین!.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم: http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم: http://wp.me/pu7aS-18E

بەشی چوارەم: http://wp.me/pu7aS-18J

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان / بەشی چوارەم

دەوڵەت؛ بابەتێك بۆ گفتوگۆ لەنێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی چوارەم

هەژێن:

ھاوڕێ زاھیر، تێبینییەكەت لەبارەی سەرنجەكەی منەوە لەسەر چینی كرێكار لەبیرچووە ؟

ھاوڕێ تاھیر، منیش لەسەر ھاوبەشیی ئەناركییەكان و ماركسیستەكان لە دژایەتیكردنی سەرمایەداریدا ھاوبۆچوونی ئێوەم. بەڵام مادامەكی ئێوە شكستەكانی بیرۆكەی دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا بەھەند وەرناگرن و خوازیاری چەندبارەكردنەوەیانن، با لە جێیەكی دیكەوە بۆ پرسە بڕۆین؛ وەك دەزانین لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا بەگشتی و لە كوردستانەكەی خۆشماندا، ناوچە و گوند ھەبوون، كە بەبێ بەگ و دەسەڵات، لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی كۆمەڵایەتیی ساڵانێكی دوورودرێژ ژیاون و كۆمونەكان بە درێژایی مێژوو لە زۆڕێك لە كۆمەڵگەكاندا ھەبوون و من لەو بارەوە، سەرنجتان بۆ پەرتووكی [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] ڕادەكێشم و ھیوادارم پەیدای بكەن و ئەگەر بۆشتان بكرێت، بیكەنە كوردی. ھەروەھا لە بەرامبەردا وەك لە سەرنجی پێشووتردا وتم، لە (ڕوسیا)وە بۆ چین و بۆ ئەمەڕێكای لاتین و بۆ ئەوروپا و بۆ ئەفەڕێكا، بینەری تراجیدیای دەوڵەتی كۆمونیستی و دیكتاتۆری پارت بەناوی پڕۆلیتاریاوە بووین و دیتمان كە چۆن بۆچوونەكانی باكونین دەقاودەق دەرچوون و نەك ھەر دەوڵەت بەرەو لاوازی و پووكانەوەی خۆبەخۆیی نەچوو، بەڵكو بەپێی سروشت و پێداویستی بوونی و میكانیزمەكانی پاراستنی خۆی، ڕووی دیكتاتۆرییەكانی پێش و پاش خۆی سپی كردەوە !

ئایا بەبۆچوونی ئێوە ئامادەكاریی توێژەكانی پرۆلیتاریا لە خەباتی ڕۆژانەدا و لەسەر بنەمای ڕێكخستنی سەربەخۆ و خەباتی ڕاستەخۆی چینایەتی و پەروەردەی كولتووری سۆشیالیستیی چەوساوان بۆ گرتنەدەستی كاروبارەكانی خۆیان لە خۆبەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی خۆیاندا خەیالپڵاوی و ئەستەمە، یا دروستكردنی دەوڵەتێك بە دەزگەی بیروكراتی و سیخوریی و میلیتێری و توێژی ئوروستۆكراسی فەرمانڕەواوە و دواجار توانەوەی پەشمەكیانەی وەھا دەزگەیەك خۆبەخۆ و خۆبەخشانە، تكایە وەڵام كامیان ئەستەم و خەیاڵپڵاوییە؟

ئەگەر بەدیھاتنی كۆمەڵگە ھەرەوەزییە ئازادە پرۆلیتیرییەكان لە پرۆسێسێكی ھوشیاربوونەوە و خۆڕێكخستنی چەوساواندا دەیان ساڵ خەباتی خەباتی جەماوەریی و ھونەری و كولتووری و ڕۆشنگەریی وەك پیشمەرجەكانی شۆڕشی كۆمەڵایەتی بخایێنێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەی كە لە شەوڕۆژێكدا بە پیلان و كودەتای سەربازی و پارتیی دێتەسەر تەخت، ئەگەر سەدەیەك خەبات بۆ ڕووخاندنەوەی پێویست نەبێت، بێگومان ٧٠ ساڵ مەرگەسات و لەخوێنگەوزانی پێویست دەبێت!

 ھاوڕێیان، ئەوەی من دەیڵێم لە حەز و گۆشەگیریی و ھەوڵی تیئۆری (باكونین و ڕۆكەر)ەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو بەرەنجامی ئەزموونی زیاتر لە (١٨٠) ساڵی مرۆڤایەتی ھەیە، بەداخەوە ئەزموونێك كە پرۆلیتێرەكانی لە تاكی شۆڕشگێرەوە گۆڕی بۆ تاكی نادەربەست و نائومێد و تەنانەت ئەگەر سەرنجی ڕەوتی نیئۆنازیستی و فاشیستی و ڕاسیستی وڵاتانی بەناو بلۆكی سۆشیالیستی جاران بدەین، ئەوا دەوڵەتە بەناو سۆشیالیستییەكان، تەنیا نیئۆنازیزمیان بەرھەمھێناوە، ئەمە سەرەنجامێكی خەمناكە، بەڵام ناتوانین خۆمان لەو ڕاستییە لابدەین. ئەمە ئەنجامگیری منە و ئەزموونەكان و مێژووی ڕەوتی دەسەڵاتخوازی نێو بزاڤی سۆشیالیستی لە سەردەمی ئینتەرناسینالی یەكەمەوە تا ئەمڕۆ، دیسان بەداخەوە تەنیا ئەم ڕاستیانەمان دەخەنە بەردەست.

ھاوڕێ فوئاد، بەداخەوە پێداگریت لەسەر سكتاریستبوونی ئەناركییەكان لە ئینتەرناسیونالی یەكەمدا، تەنانەت نووسینەكانی (ماركس و ئینگلس)یش ناتوانن پشتیوانی لێبكەن، چونكە نووسین و شەڕە قسەكانی ئەو كاتی نێوان ئەو دوو باڵەی نیونەتەەیی یەكەم، پێچەوانەی پێداگرییەكەی تۆن. ھەروەھا بۆ من گرنگ نییە، كێ ڕاستی وتووە و كێ ڕاستدەكات؟ لای من ئەوەی گرنگە، ئایا سۆشیالیزم لە دەوڵەتدا دەگونجێت یا نا؟ پڕۆلیتاریا دەتوانێت دیكتاتۆر بێت یا نا؟ ئەو دەوڵەت و دیكتاتۆریەی كە كۆمونیستە ماركسیستەكان پێداگری لەسەر دەكەن؛ دەوڵەت و دیكتاتۆری پڕۆلیتاریان یا ھی پارتە كۆمونیستەكان؟ ئەی ئەزموونەكانی سەدەی بیستەم لەم بارەوە چیمان بۆ دەخەنەڕوو؟

زاهیر باهیر:

هاوڕی تاهیرجاڕیکی تریش سوپاس بۆ هاتنە ناو جەدەلەکەوە. من لێرەدا تەنها دوو شت دەڵێم یەکەم لەبەر ئەوەی لە سەرنجدانی کۆمێنتەکەی کاک فوئاددا شتێکم وتوە ڕەنگە تا ڕادەیەک شمولی سەرنجەکەی تۆش بکات. دووهەمیش هاوڕێی خەمی نان و….هەندێک شتی وتوە کە من دەم ویست بیڵێم، ماڵی ئاوا بێت ، ئەرکی لەسەر من کەم کردەوە. بەهەرحاڵ خاڵی یەکەمم منیش تا ڕادەیەک ، دەڵێم تا ڕادەیەک لەگەڵ ڕاکەی مارکس دام سەبارەت بەپێناسەکەی مارکس بۆ پڕۆلیتاریا، بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاوە، چونکە ڕاستە ژمارەی پڕۆلیتاریا گەر هی زەوی و زەرەکان و بیناسازی و دەستغێڕەکان و خەڵکانێکی مووچە کەم یان بدیتە پاڵ ، زیادی کردوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا سیستەم سەردەم بە تایبەت لە وڵاتانی ئابووری گەشيکردوودا ژمارەیەکی یەکجار لە چینی ناوەڕاستیشی دروست کردوە. کە من ناتوانم بە پڕۆلیتاریان ناونووس بکەم.، گەرچی بەرژەوەندیان وەکو سەرجەمی هەموومان لە مەحف بوونەوەی ئەم سیستەمەدایە، بەڵام ئەوان بە عەمەلی لەمڕۆدا بەرگری لە مانەوەی دەکەن. دوای ئەوە هاوڕێم تۆو کاک فوئاد لە ناکۆکیدان لەگەڵ خۆتاندا چونکە لە کاتێکدا کە قەناتتان بەوە هەیە کە زۆربەی خەڵک پڕۆلیتاریایە کەچی لەولاوە بزوتنەوەکە بە بزوتنەوەی خەلك نازانن ، بەڵکو تا ئێستاش هەر پڕۆلیتاری بە پێشڕەوو بوتنەوەکەی بە دینەمۆی گۆڕینی مێژوو دەزانن. بەڵام لای من وەکە لە سەرنجی یەکەممدا لەسەر سەرنجەکەی کاک فوئاد نوسیم بزوتنەوە بزوتنەوەی خەڵکە نەک بە تەنها کرێکاران، هەر ئەمەش خاڵێکی جیای ئێستاو سەردەم مارکسە و خەسڵيتێکی تایبەتی خەباتی ئێستایە، بەڕەغمی ئەوش کە وتم لەسەرەوە ئێستاش پرۆلیتاریا کەمایەتین لە کۆمەڵگەدا، بۆ نمەەنە لە بریتانیادا ژمارەی خانەنشین بووان نزیکەی دە ملۆێنە، منداڵان نزیکەی ٧ ملۆێنە، ٣.٥ کەمئەندامان هەیە زیاتر ٥ مللۆێن ئافرەتیش هەن کە کار ناکەن، چەند ملۆێنێکیش قوتابی زانکۆکان و پیمانگاکان و خوێندنی باڵان، کە هەر هەموو یەم توێژاڵانە ئەمڕۆ لە بریتانیای مندا لە کرێکاران شۆڕشگێڕ ترن و هەمیشەش ئەوانن کە لە پرۆتێست و خۆپیشاندانەکان و کردنی چالاکی ڕاستەوخۆدا بەشذارن. ڵیرەدا تەنها ئەو کرێکارانە بەشداری دەکەن کە سۆشێلیستن، ئەنارکستن یا چەپی ڕادیکالن.

دووهەمیان : دەبێت ئەوە بڵێم ئەوە تەنها کۆپلەیەکە لە چەندەها وتاری باکۆنیین لەسەر دەوڵەت ، نە شتێکی تر، منیش لەسەر ئەو کۆپلەیە هەمان ڕای تۆم هەیە، کە باکۆنیین تەنها هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت دەخاتە پێشچاو نەچارە سەرەکەی لە هەڵوەشاندنەویدا. ئەنرکستەکن ڕوانگەیان دیارو ڕۆشنە لە خەباتکردن دژی دەسەڵات ، کە دەوڵەت بەشی سەرەکییەتی دیسانەوە کە چۆن رزگاریشمان دەبێت لە دەستی. من لێرەدا لەبەر ئەوەی کە فەیشبووکە ناتوانم بچمە ئەو وردەکاریانەوە. بۆیە دەبێت بوەستم.

تاهیرساڵح شەریف:

با بگەڕێمەوە سەر باسی دەوڵەت. دەوڵەت لە ڕوانگەی مارکس و ئەنگڵسەوە ئامڕازی زەبروزەنگ نواندنی چینێکە بۆ سەرکوتکردنی چینێکی دیکە. بەڕاستیش وایە و من خۆم قەناعەتی تەواوم بەو بۆچوونە هەیە. پێشم وانیە لە سەر ئەوەی کە دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنە، کێشەیەک لە نێوان مارکسییەکان و ئانارکیستەکاندا هەبێت، تەنها کێشەکە لەوەدایە کە مارکسیستەکان، دەوڵەت بە ئامڕازی [چینێک بۆ سەرکوتی چینێکی دیکە دەزانن] و ئانارکیستەکان بڕوایان بەوە هەیە کە [دەوڵەت ئامڕازی سەرکوتکردنی گشت خەڵکە]. کێشەکە لە تێگەیشتن و دەرککردنی دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگەدایە لەلایەن مارکسییەکان و ئانارکییەکانەوە. مارکسیستەکان پێیان وایە کە بەدوای جێگیربوونی مێژوویی سیستەمی سەرمایەداریدا، کۆمەڵگە دابەشبووە بەسەر دووچینی سەرەکی [بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکان]دا. لەنێوان بۆرژواکان و پرۆلیتێرەکانیشدا توێژی کۆمەڵایەتی دیکە، لەوانە ووردە بۆرژوازی هەیە کە ناتوانێت کۆتایی بە ڕژێمی سەرمایەداری و مڵکداری تایبەتی بهێنێت. ئەوەی کە ئەم کێشەیە لە بوعدێکی ئابوریی، سیاسیی و مێژووییدا یەکاڵا دەکاتەوە پرۆلیتێرەکان، یان هەمان چینی کرێکارە. چینی کرێکاریش، بە ڕاستی ئەو چینە نییە کە هاوڕێ زاهیر ژمارەو ئاماری لەسەر دەهێنێتەوە، بەڵکو ئەو چینەیە کە شاڕەگی ئابوریی کۆمەڵگەی سەرمایەداری لەدەستدایەو لەسەر هێزی بازو، یان مێشکی ئەو، بۆرژوازی کەڵەکەی سەرمایەدەکات. لەسەردەمی پرۆدۆن و مارکس و باکۆنینەوە تا ئەمڕۆ، ئەوچینە گۆڕانکارییەکی چەندایەتی و چلۆنایەتی بەسەرداهاتووە، بەڵام ئەو چینە نەبۆتە کەمایەتییەک وەک هاوڕێ زاهیر تێیدەگات، بەڵکو ئەو چینە زیادیکردووە!. چۆن ؟ لە دەیەی حەفتای سەدەی ڕابردووەوە، گەشەکردنی تەکنەڵۆژیای زانیاری، پرۆلیتارییایەکی نوێی بەرهەمهێناوە، ئەو پرۆلیتارە نوێێە نەک پرۆلیتاریای سەدەی نۆزدەهەمی، کە لەڕێگای هێزی جەستەیی و بازووییەوە مامەڵەی لەگەڵ کارگەکان و ئامێرەکانی بەرهەمهێنناندا دەکرد، بەڵکو ئەو پرۆلیتێرە هاوچەرخەیە کە لە ڕێگای کاری فیکرییەوە و بە مامەڵەکردن لەگەڵ تەکنەلۆژیای دیجتاڵیدا، ملیار ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیاکانی کۆمینیکەشن قازانج کەڵەکە دەکات، ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین فەرعی دیکەی بەرهەمهێنان کە هێزی بازووی تێدا بەکار دەبرێت، تا ئێستاش تەکنەلۆژیای زانیاری نەیتوانییوە زاڵ بێت بەسەریاندا و تا هەنوکە پرۆلیتارە سەدەی هەژدەهەمی نۆزدەهمییەکان کاریان تێدا دەکەن. هەم پرۆلیتاریای سەردەمی پیشەسازی و هەم پرۆلیتاریای سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاری، کە ئەمڕۆ وەک یەک چینی کۆمەڵایەتی دەردەکەونەوە و یەکیان هێزی کارەکەی دەفرۆشێت بۆ ئەوەی درێژە بەژیانی خۆی بدات و ئەوی دیکەیشیان هێزی فیکرییەکەی دەفرۆشێت تا زیندوو بمێنێتەوە، ئەگەر لە ٩٩%ی کۆمەڵگە سەرمایەدارییە ڕۆژئاواییەکان پێکنەهێنن، بە دڵنیاییەوە لە ٩٠%ی دانیشتووانی چینی کارگەری ڕۆژئاوا پێکدەهێنن. تەنها ژمارەیەکی کەم ئیمتیازێکی ووردە بۆرژواییان لەلایەن بانکەکان، کۆمپانیاکانی کۆمینیکەیشن، مارکێتەکان، پەترۆکان و تاد… پێدراوە، کە ئەوانەش لە ١٠٠٠ دا یەک چانسی بوون بە سەرمایەداریان هەیە و ئیتر ئەو هەموو خێڵی گەورەی کارگەران کار بۆ ژمارەیەکی یەک لەسەد یان دە لەسەد دەکەن و سەرمایە بۆ ئەو کەمایەتییە بەرهەم دەهێنن…. پێم سەیرە هاوڕێ زاهیر نموونە لە سەر ئەوەندە ملیۆن خانەنشینکراوی بەریتانیا دەهێنێەوە و ئەوانە بە پرۆلیتار حساب ناکات. ئاخر هاوڕێ گیان تۆ دەبوو لە خۆت بپرسیت؛ ئەم چەندین ملیۆن تەقاعودە کێن ؟ ئەوانە ئەو کەسانەن کە پاش ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ کارکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سەرمایەدارەکان و پاش ئەوای کە شیلەی گیان و جەستەیان دادۆشراوەو توانای کارکردنیان نەماوە، سەرمایەداری خانەنشینیکردوون وبەشێکی بچووک لەو سەرمایەی کە بۆ بۆرژواکانیان بەرهەمهێناوە، بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەڕێگای دەوڵەتەوە دەکاتەوە بە قوڕگیاندا. حسابکردنی چینی کرێکار، یان هەمان پرۆلیتێرەکان، لە ڕووی ژمارەوە، هەڵەیەکە  کە لە خوێندنەوە ناوەرۆکی چینایەتی دەوڵەتیشدا، دەمانخەتە هەڵەوە. ئەوەی کە دەتوانێت چەرخی کەڵەکەکردنی سەرمایە ڕابووەستێنێت کێن؟ بێگومان کرێکارانن. کرێکارانی مۆدێڕنەو پۆست مۆدێرەنم ڕوونکردەوە کە کێن و چ کەسانێکن. ئەوانە ژمارەیان چەندەیە گرنگ نییە [کە هەڵبەت زۆربەی هەرزۆری کۆمەڵگەن- ٩٠ – ٩٩%]، گرنگ ئەوەیە کە ئایا ئەوانە دەتوانن شۆڕش بکەن و دەوڵەت وەک ئامڕازی دەستی چینی سەرمایەدار بۆ سەرکوتکردنیان بڕوخێنن یان نا ؟ ئایا هاوڕێ زاهیر تۆ وەڵامێکی پۆزەتیڤت بۆ پرسیارەکە هەیەیان نا؟ ئەگەر پۆزەتیڤە، کەواتە تۆ بڕوات بە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان هەیە. کێشەکە ئەوەیە کە شۆڕشی پرۆلیتێرەکان لە یەک ئان و ساتدا لە گشت جیهاندا ڕوونادات!. ڕەنگە لە چەند وڵاتێکدا ڕوو بدات، یان وەک لە پاریس و لە شارێکدا ڕوویدا، یان لە وڵاتێکدا. لەم حاڵەتەدا بە چی بەرگری لە خۆت دەکەیت لەبەرامبەر گەلە کۆمەکێی دەوڵەتی سەرمایەدارانی دیکەی بەشەکانی دنیادا؟ من چاوەڕێی وەڵامی ئەم پرسیارە لە هەردوو هاوێیان کاک زاهیرو کاک هەژێن دەکەم، چونکە وەڵامی ئەوان بەو پرسیارە، دەتوانێت مناقشەکەمان درێژ بکاتەوە و بچینە سەر وەڵامی پرسیارەکەی هاوڕێ زاهیر کە پرسیویەتی : ” چۆن دەوڵەت لە ناوببرێ؟”.

درێژەی ھەیە ….

********************

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشەكانی پێشووتر، كرتە لەسەر ئەم بەستەرانە بكە :

بەشی یەكەم : http://wp.me/pu7aS-18f

بەشی دووەم: http://wp.me/pu7aS-18m

بەشی سێیەم: http://wp.me/pu7aS-18E

شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *

شۆڕشی كۆمەڵایەتی كاری پارتە ڕامیارییەكان نییە *

ھەژێن

خوێنەرانی ھێژا، ئەم سەرنجە ڕەخنەییانەی خوارەوە، بریتین لە بەشێك لە مشتومرێك كە لەنێوان [سەكۆی ئەناركیستانی كوردستان] و [لایەنگرانی پارتی كۆمونیستی كرێكاریی كوردستان] و كۆمەلێك ھاوڕێی سەر بە گروپ و بزووتنەوەكانی دەرەوەری ئەو دوو لایەنەی مشتومڕەكە، كە لەسەر وتارێكی لێنین دروستبووە و ھەر كەسە لە ڕوانگەی خۆیەوە، دۆستانە بەشداری تێداكردووە. بۆ ئاگاداربوون و خوێندنەوەی بۆچوونی گشت بەشداربووانی مشتومڕەكە، كرتە لەسەر ئەو بەستەرەی كۆتایی ئەم نووسینە بكەن.

بەڕێزان، ئەم وتەیەی سەرەوە*، لە ناونیشانی پەرتووكێكی ھاوڕێ كایو براندیل (Cajo Brendel) كۆمونیستی شورایی بەناوی ” شۆڕش، كاری پارت نییە“، وەرمگرتووە و من تەنیا واژەی كۆمەڵایەتیم خستووەتەسەر.

لەبەرئەوەی ھاوڕێیانێك، كە بەر لە من بەشدارییانكردووە، زۆر سەرنج و پرسیاریان خستووە ڕوو، كە منیش لەوانەدا ھاوبۆچوونیانم. بۆیە خۆم لە دووبارەكردنەوەی ئەو لایەنانەی وەڵامەكان لادەدەم و بەم بەراییەوە، یەكسەر دەچمە سەر مشتومڕەكە و سەرنجەكانی خۆم دەخەمەڕوو.

ئەگەر ئێمە شۆڕشێک بکەین پێویستە دوای شۆڕشەکە پارێزگاری لەو ڕووبەرە بکەین  “

بەڵێ منیش دەڵێم ئەگەر شۆڕش بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتەكەی ئێوە یا ھەر پارتێكی دیكە بێت، ئەوا وەك ھەموو دەسەڵاتێكی دیكەی سەرووخەڵكی، پێویستتان بە دەزگەی (چیكا) و لەشكری (سوور) و و زیندان و  دوورخراوگە و  زۆر شتی دیكە دەبێت، تكایە، ئەمەم وەك توانج لێوەرمەگرن، چونكە دەسەڵاتی ھەموو كەمایەتییەكی سەروەر، بەناچاریی بۆ سەركوتی مانگرتنەكان و یاخیبوون و خۆپیشاندانەكان، دەبێت پەنابەرێتە بەر ئەو شتانەی كە ناوم ڕیزكردوون. بەڵام ئەگەر شۆڕش گۆڕانی كۆمەڵایەتییانەی سیستەمی سەرمایەداری بە واتا ئابوورییەكەی بێت، ئەوا پێویستی بەو شتانە نابێت، چونكە پێش تێداچوونی یەكجارەكی سیستەمی سەرمایەداری، لە ڕەوتی گەشەی كۆمەڵایەتییدا، پێداویستی بوون و مانەوەی ئەو سیستەمە نامێنێت، ھەروا، كە سیستەمی دەرەبەگایەتی نەیتوانی بگەرێتەوە !

ئایە دەکرێت ئێمە پشت لە رێکخراوبوونێک بکەین لە ناو دەزگایەک کە ناونراوە حکومەت لە کاتێکدا چەندینی تر لە دەوروبەرمان هەبن و دژایەتی هەر هەموویان بکەین؟

دیسانەوە دەڵێم، بەڵێ، ئەگەر  سەرەنجامی شۆڕشەكە، دروستبوونی میرایەتی/دەوڵەتی كەمایەتی سەروەربێت بەسەر كۆمەڵگەوە، ئەوا پێش ھەموو شت خودی شۆڕشەكە تێكشكاوە و  ئەو میرایەتییە بەرئەنجامی تێكشكانەكەیەتی، كاتێك كە شۆڕشێك، لەنێوخۆدا تێكشكابێت، ئەگەر ئەو میرایەتییە/ دەوڵەتە، بەھێرش و فشاری دەرەكی نەڕوخێت، ئەوا وەك ئیمپراتۆرییەكەی بۆلشەڤیەكەكان پاش (٧٠) ساڵیش بووبێت، لەنێوخۆدا كڕمۆڵ دەبێت و دەپووكێتەوە..

بەڵام كاتێك كە شۆڕشی كۆمەڵایەتیی لە ناوچەیەكدا سەركەوتوو ببێت، ئەوا ژێردەستانی وڵاتانی دەوروبەری لە كارایی ئەو شۆڕشە بەدەر نابن و  شەپۆلەكانی سنوورە ڕامیارییەكان دەبەزێنن و  دەبنە ھەڕەشە لەسەر ئەو دەوڵەتانەی دوەروبەر، كە ئێوە دەیانكەنە بیانووی دروستكردنەوەی دەوڵەتی تێكشكاوی بۆرجوازی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، ھەروەك بینیمان ڕاپەڕینی جەماوەریی وڵاتانی باكووری ئەفەریكا شەپۆلەكانی گەییشتنە ولایەتەكانی ئەمەریكا و بوونە مەترسی بەسەر  دەوڵەتانی دەوروبەر و تەنانەت وڵاتانی ئەوروپا و ولایەتەكانی ئەمەریكا و كۆمەڵێك ڕاپەڕینی سەربەخۆی جەماوەرییان بەدوای خۆیاندا ھێنا و ھێشتاكە پاش دوو ساڵ زیاتر، چ لە نێوخۆی تونس و میسر، چ لەنێو وڵاتانی دیكەدا نەنیشتوونەتەوە، بە ھەمان شێوە شۆڕشی كۆمەڵایەتیش ھێندە سنووربڕە، مەگەر ڕێكەوتننامەی وەك [برست لیتوفسك مارس 1918] ، بتوانێت لە وڵاتانی دەوروبەر شكست بە شەپۆلە سنووربڕەكانی بدات !

بێگومان نەخێر ئەمە خەیاڵە، بەڵام بە پراکتیزەکردنی شۆڕشی رێکخراوبوون دەتوانین حکومەتێکی سۆسیالیستی دابمەزرێنین.

لێرەدا پێویستە ئەوە ڕۆشن بكەمەوە، كە بە پێچەوانەی پاگەندەی سەرانی پارتە كۆمونستەكان و بۆچوونی ئەندامانی ڕیزەكانی خوارەوەیان، كە لە ناھوشیاریی و ئاگادارنەبوونەوە دەخوازن و دەڵێن ئەناركیستەكان دژی ڕێكخستنن، ئەناركیستەكان لە ھەموو ئاڕاستە ھزریی و ڕامیارییەكانی كۆمەڵگەی سەرمایەداری زیاتر پێداگری لەسەر ڕێكخستن و  سیستەم بۆ كۆمەڵگە دەكەن، بەڵام بەو شێوە باوە نا، كە باڵە بۆرجواكان و باڵە ماركسیستەكان كاری بۆ دەكەن؛ ئەناركییەكان پێداگریی لەسەر خۆڕێكخستنی ئاسۆیی و زنجیرەیی و تۆڕیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەكان و ڕۆنانی سیستەمی خۆبەرێوەبەرایەتی لەسەر بنەمای یەكگرتنی فیدراتیڤیانەی ڕێكخراوە ئابووریی و كۆمەڵایەتی و  ھەرەوەزییەكانی بەرھەمھێنەران، دەكەن، واتە ڕێكخستن و سیستەمی كۆمەڵایەتی تەواو پێچەوانەی ڕێكخستن و سیستەمی ڕامیاریی، چونكە كۆمەڵایەتیبوون و ڕامیارییبوون، دوو چەمك و دوو شێوازی دژبەیەكن و لە ھیچ خاڵ و سەردەمێكدا بەیەكناگەن و یەكانگیر نابن. ھەر لەبەرئەوەیە، كە ئەناركیستەكان دژی دەوڵەت و میرایەتی سەرووخەڵكی و  بە میرایەتیكردن و دەوڵەتیكردنی سۆشیالیزمن.

ڕەهەندەکانی تر دەکرێ لە دادگا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی زانستیانە و مرۆڤدۆستیانەی بۆ بدرێت.

تكایە مەبەستتان لە “لێكۆڵینەوە و بڕیاری زانستییانە و مرۆڤدۆستانە” لەنێو  ھۆڵەكانی دادگەدا چییە؟ ئایا بەڕاستی ئەم دەستەواژەیە، واتایەكی دیاریكراوی ھەیە، یا ھەر ڕیزكردنی وشە و پڕكردنەوەی پەرەگرافی سەرنجەكەتانە ؟

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە  [KAF]دا  “ دیکتاتۆریەت و زۆرداری یەک نییە، ئێوە پێویستە ئەم دوو زاراوەیە لە یەک جیا بکەنەوە، دیکتاتۆریەت بریتیە لە هەبوونی حکومەتێکی تۆکمە بۆ پارێزگاری کردن

ببوورن ئەمەشم بە توانج و لاقرتێ لێوەرمەگرن، پاش چەند جار خوێندنەوەی ئەم سێ نێوەڕستەیە و ھەڵگڵوفاندنی چاوەكانم، نەمتوانی لەم وەڵامە زیاتر پەیدابكەم؛ “بژی ھیتلەر، بژی  ستالین، بژی سەدام”، باشە ئەگەر دیكتاتۆری، زۆرداری نەبێت، ئەدی زۆرداری چییە ؟

ھەرچەندە من لە وتاری دیكەدا بەدرێژی لەمەڕ  دیكتاتۆری پڕۆلیتاریا لەژێر سەردێری [ کێ دیکتاتۆره‌، پارت یا پرۆلیتاریا؟] دواوم، بەڵام دیسانەوە ناچارم لێرەدا بڵێم، دیكتاتۆر، ناوە/سیفەیە و لە فەرمانی [دیكتەكردن]ەوە ھاتووە و سەرچاوەی دیكتەكردنیش بۆ بەنەزانزانینی ژێردەستان دەگەرێتەوە و سەری لە ئامۆژگارییە ئایینییەكانەوە دەردەچێت! كەسی دیكتەكەر  بۆ تەمێكردنی كەسانێك كە لاساریی دەكەن یا تێناگەن سزا و ئامرازی تایبەتی خۆی ھەیە، ئیدی ئەو دیكتەكەرە، مەلایەك بێت یا مامۆستایەك یا كادرێكی پارت و ڕابەرانی پارت و سەرۆكەكانی دەسەڵات، ھیچ لە ئامانجی دیكتەكردنەكە و  ھیچ لە سەپاندنگەریی دیكتەكەر ناگۆڕێت.  ئەگەر ھێشتا دیكتاتۆر بە زۆردار نازانن، بە سەردەمی منداڵی و فێریاریی خۆتاندا بچنەوە و شووڵە تەرەكانی مامۆستا و باوك و دایكتان بھێیننەوە بەرچاوتان، وەك نموونەیەكی ھەرە گچكەی دیكتاتۆر و دیكتاتۆری، بزانن ھێز ھەیە ئازاری سەرپەنجە و لاسمت و شانەكانتان لە یاداوەرییەكانتاندا بسرێتەوە. ئینجا تۆزێك وێنەكە گەورە بكەرەوە و  دوورخراوگەكانی سیبریا و كاری زۆرەملێ و سیاچالەكانی مۆسكۆ و پترۆگراد بھێننەوە بەرچاوتان، ھەڵبەتە مەبەستم ساڵانی ١٩١٨ تا ١٩٢١ نەك سەردەمی ستالین !

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە  [KAF]دا ” و پارتیش و حکومەتیش مەرج نیە دەسەڵاتی سەرووی خەڵک بن، …….، پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک لە ڕێگای شووراکانەوە.

بەڵێ پارت دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەڵك، بەڵام لە سەرتاسەری مێژوودا شتی ئاوا ڕووینداوە، نەك لەبەرئەوەی كە ئەستەم بێت، بەڵكو لەبەرئەوەی كارێكی ئاوا فیلۆسۆفی سەرھەڵدانی پارتی ڕامیاریی دەخاتە ژێر پرسیار و ھەبوونی ڕەتدەكاتەوە.  وەك خۆشتان نكۆڵی لێناكەن، پارت بۆ دەسەڵاتگرتنەدەست دروستدەبێت و پێویستە و ئەگەر ئامانج دەسەڵات نەبووایە، شەڕەدەندووك و پاشقول-لەیەكردنی سەرانی پارت لەسەر بەرتەریی پلەوپایە و ناوبانگ، زیاتر لە دوو سەد ساڵ درێژەی نەدەكێشا، باشترین نموونەش كەرتبوونەكانی سەراپای سەدەی بیستەم و بەدیاریكراویش جووت خوشكەپارتی (حككا) و (حككع)، كە مەگەر خۆتان ھەژماری پارتۆكە جیابووەكان و جیاوازیی و پاساوی جیابوونەوەكان بزانن، ئێمەی بینەر و بیسەر و خوێنەر، تەنیا یەك شت دەزانینن، ئەویش شەڕی پلە و پایەی لیدەر/ ڕابەر و سكرتێر و كۆمیتەی نێوەندی و نووسینگەی ڕامیاریی تا دەگاتە كۆكەرەوانی ئابوونەی مانگانەی ئەندامانی بەدبەخت و گویڕایەڵ و خەولێكەوتوو.

ئەگەر پارتچییەكان كوشتەی دەسەڵات نین، بۆچی ئەو ھەمووە شەڕە نێوخۆییە دەكەن و بۆچی بەو ھەموو پارچەپارچەكردنەی بزووتنەوەكە ھەڵدەستن ؟ من بۆ خۆم، تەنیا دوو ھۆ دەبینم؛ یا شەڕە لەسەر پلەوپایە و ناوبانگ؟! یا ھۆی دووەمە؛ پارچەپارچەكردن و لاوازكردنی بزووتنەوەكە [بزووتنەوەی سۆشیالیستی]، كە بۆرجوازی بە ئاسانی بۆی ناكرێت، ئەوان [پارتەكان بەناوی پرپلیتاریاوە] لەڕێی خودا بۆ بۆرجوازی ئەنجامدەدەن؟!  بۆیە ئەگەر ھۆی یەكەم نەبێت، ئەوا تەنیا ھۆی دووەم دەمێنێتەوە. بۆ سەلماندنی پێگەییشتنەكەم، ئەوا باشترین نموونە، ئەوەیە، كە لە سەراپای مێژووی سەد و ئەوەندە ساڵەی سەرھەڵدانی پارتە كۆمونیستەكاندا چ جیاوەبووەكان و بەجێماوەكان، بۆ سەلماندنی ڕاستبوونیان، وتەكانی ماركس و لێنین و .. دەكەنە بەڵگە و ھیچكامیان شتێكی دیكەیان نەكردووە بە بەڵگەی ڕاستێتی خۆیان، ھەروەك چۆن  مەنسوورییەكان وێنە و وتە و ھاوڕێیەتییان لەتەك مەنسوور، دەكەنە حیكمەتی جیابوونەوە یا دەركردن و سزادانی ئەندامەكانیان و ناوناتۆرە دروستكردن بۆیان!

ئایا مێژووی پارتە كۆمونستەكان شتێكی دیكەی جیاواز لەم بەرەنجامە دەخاتە بەردەستمان؟ ئەگەر وەڵام ئەرێیە، تكایە كامە و چی و لەكوێ و كەی؟

بەڵێ بەو پێیە و بەو بەڵگەیە، پارتە [ناو] كۆمونیستەكان، دوژمن و پڕشوبڵاوەكەری ڕیزی چینایەتی كرێكاران و لاوازكەری خەباتی سۆشیالیستین!

لایەنگرانی (حككك) لە وەڵام بە ھاوڕێ (باكۆ جەلال)دا ”  ئێمە ئەو کەسانەین کە دەمانەوێت چینایەتیەکان نەهێڵین لە بەرامبەرمان دا کەسانێک هەن دەیانەوێت بمێنێت چوونکە لە قازانجی ئەوانە.

پێش ھەموو شتێك ئەوانەی كێن، كە لە بەرامبەر ئێوەدا دەیانەوێت چینەكان بمێنن؟ پاشان ھەرچەند لە دەستەواژەكەتان ورددەبمەوە، زۆرتر كۆمەڵێك سۆپەرمانم دێنەبەرچاو، كە فریای مرۆڤایەتی دەكەون! ئێوە ئەو بنچینە بەخوێننووسراوەی ھەموو سەردەمەكانی مێژوو لەبیردەكەن یا دەتانوێت نادیدەی بگرن، كە “ھیچ ھێزێك ناتوانێت كۆیلەیەك ڕزگار بكات، ئەگەر ئەو كۆیلەیە لەناخی خۆیدا ڕزگارنەبووبێت و ئارەزووی ڕزگاربوون نەكات، ھەرواش ھیچ ھێزێك نییە، ئازادئەندێشێك كۆیلە بكات، ئەگەر ئەو كەسە لە ناخی خۆیدا ئامادەیی كۆیلەبوونی تێدانەبێت” !

بەبۆچوونی من ئێوە پارتیخوازەكان و دەسەڵاتخوازەكان، بەر لە ھەموو كۆیلەیەكی سەرمایەداری پێویستتان بەخۆڕزگاركردن لە خۆشباوەڕیی بە سۆپەرمانبوونی خۆتان ھەیە، ئەوسا وەرن با پێكەوە لە ڕیزێكی چینایەتییدا دەست بدەینە دەستی یەكدی و ھەمووان پێكرا، خشت بە خشت بناخەكانی كۆمەڵگەی چینایەتی و سیستەمە ڕامیارییەكەی ھەڵگیرێنەوە، بەڵام نە كەسمان ڕابەری ئەوی ئەوی دی و نە چین و توێژە پڕۆلیتێرەكانیش پاشڕەوی كەسمان !

ئازیزانم، خۆتان لە من و ھاوڕێ (باكۆ) باشتر دەزانن، كە ئێوە لەنێو چینی كرێكاردا نین و سەر بەو چینەش نین، تەنیا شتێك كە ئێوەی بەكرێكار كردبێت، شەقی ئاوارەیی و پەنابەرییە، ئەگینا خۆبەمامۆستازانینی ئێوە لەكوێ و دەستی قەلێشخواردووی نێو كاری كرێكاران و جوتیاران لەكوێ؟ بێجگە لەمەش ئێوە ئەو بنەمایە ڕەتدەكەنەوە، كە ھوشیاریی مرۆڤ بەرھەمی كاری خۆیەتی و ھوشیاری كرێكارانیش لەنێو خۆیان و لەشوێنی كار و لە خەباتی ڕۆژانەدا بەدەستی دەھێنن و بە گواستنەوەی لە وردەبۆرجوازییەوە بۆ نێو سەری ئەوان موتوربە ناكرێت و خۆشیان ئەوەندە گێل نین، كە پێویستیان بە چاوساخ و ڕابەریی ئێوەبێت !

تكایە لەنێوان ئەم سێ دەربڕینەدا ” پارت پێویستی بە دەسەڵات نییە و دەتوانێت دەسەڵات بدات بە خەلک ” ، ” ئێمە کە کەسانی هۆشیارین لە ناو چینی کرێکاردا هەوڵی هۆشیارکردنەوەی چینی”کرێکار دەدەین بۆ ئەوەی بتوانین دەسەڵات لە سەرمایەداران وەرگرینەوە “، ”  ئەو قەدەغەکردنانە پەیڕەو بکەین تاکوو دابەشبونەکان خودکارانە لە ناو بچن. ساخ بكەنەوە.

ئێوە لەلایەك دەڵێن، پارت دەسەڵاتی ڕامیاریی بەدەستدەھێنیت و دواتر دەیدات بە كرێكاران، لەولاشەوە دەڵێن،  ئێمە كرێكاران ھوشیاردەكەینەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە سەرمایەداران بستێننەوە، پاشان ئەم دوو پاگەندانەتان لەبیردەچن و دەڵێن كرێكاران دەبێت ڕێنوێنیییەكانی ئێمە پەیڕەو بكەن. من لەم سێ پاگەندەدا وێڕای جیاوازی و ناكۆكی، ھاوبەشییەكی شاراوە لەنێوانیاندا بەدیدەكەم، ئەویش ئەوەیە؛ كە ئەنگۆ كرێكاران بە بێتوانا و ھیچ لەباردانەبوو دەزانن، بۆیە ئەو ئەركە بەخۆتان دەسپێرن، كە شۆڕشی كاریكاتێرییان بۆ بكەن و سەرمایەدارییان بۆ بڕوخینن و دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنن، بێجگە لەوەش بە دەبەنگ و نەزانیان دەزانن، بۆیە پێتانوایە، بەخۆیان توانای ھوشیاربوونەوەیان نییە و پێویستە ئێوەی ڕامیار لە بنكەی پارتەكانتانەوە ھوشیارییان بۆ بە دیاری ببەن، سەرباری ئەمەش بە كەم ئاوەز و بێدەركیان دەزانن، بۆیە ئەركی ڕێنوێنیكردنیان بەخۆتان دەسپێرن ! ئایا ئەو سێ پاگەندەیە ئێوە، بێچگە لەمە ھیچی دیكە دەگەیێنیت ؟

وەڵامی Sarmad Ahmad  بۆ ھاوڕێ (باكۆ جەلال)  “... کاکە بیکۆ جەلال ئەو ووتەیەی لینین بە هەڵە تێگەیشتوویت . ئەوە ماناکەی نیە چونکە ماناو مەغزای ئەو ڕستەیە زۆر ئاشکرا و مەعلومە. لێکدانەوەکەت دروست نیە. تۆ هاتوویت رستەکەت (اعراب کردوە وەک چۆن لە عەربی دا جملە اعراب دەکرێ) . هاتووی ووشەی قەدەغەت بە بۆچوونی خۆت و ئارەزوومەندانە لێکداوەتەوە کە بەتەئکید ئەو لێکدانەوەیەت دروست نیە. کاتێ دەڵێ قەدەغەیە مەبەستی ئەوەیە نەهێشتنی دابەشبوونی ئینسانەکان بۆ چینەکان . ئەلبەتە ئەو وەرگێرانەی قەدەغەکردنە هەڵەیە بەڕای من ووشەی لەناوبردن یا نەهێشتن تەرجومەی دروست ترە

كاك سەمەد گیان، برای شیرینم، خۆ ئەمەش پرسی لێكدانەوەی ئایەتەكانی قورئان نییە، كە مەلاكان دەبێژن، ھەزار و یەك واتایان ھەیە .. برای خۆم، یەكەم (ھاوڕێ باكۆ) ئەو وتارەی وەرنەگێڕاوە، دووەم، ئەگەر وەرگێڕانەكەی ھەڵەیە، بۆ پێش ڕەخنەی ئەو ھاوڕێیانە، ڕاستتاننەكردەوە و ھەستتان بە ھەڵەبوونی نەكرد؟ ئەزیزی من، قەدەخە، قەدەخەیە و ئیدی لێمان مەكە بە مەتەڵ، قەدەخە، واتە “بڤە”، ئەگەر ئەو كارە بكەیت، دەستت دەسووتێنم، قونت بەر قامچیان دەدەم، زیندانیت دەكەم، ھەڵتدەواسم ! بۆ نموونە كۆیلەدارێك، دەرەبەگێك، سەرۆكخێلێك، ڕابەری پارتێك، دیكتاتۆرێك بە ژێردەستەكانی دەبێژێت ” ئەگەر ئەو كارە بكەن، وا و واتان لێدەكەم، ھا، ئاگاداربن ! ” ھەروەك چۆن لە ساڵی ١٩٩٣ بەم لاوە ڕابەران و كۆمیتەی ناوەندی پارتەكەی ئێوە بە ئەندامانی ناڕازی و بۆچوونجیاواز، دەڵێت “ئەگەر ئەو كارە بكەن، لە ماوەی ٢٤ سات دەتانكەمەدەرەوە !”وابزانم پێویست بە دانانی لیستی دەركراوان، بە فەرمانی دیكتاتۆرانەی پارت، ناكات ! ئایا قەدەخە لەمە زیاتر واتا دەدات؟

كاكە سەمەد ئەحمەد، لەبەرامبەر دوا سەرنجتدا، كە خەون بە لەدایكبوونەوەی (لێنین)ەوە دەبینیت، تەنیا دەتوانم وەك خۆی دایبڼمەوە و بنووسم بەبێ توانج ! بەڕاستی بەدبەختییە ھێندە ئامادەیی كۆیلەتیت تێدابێت، چونكە وەك لە سەرەوە وتم ھیچ ھێزێك ناتوانێت، كۆیكەیەك لەو خەوی خەفڵەت ڕاچڵەكێنێت! بەداخەوە، بەداخەوە، كە لە سەرەتای ھەزارەی سێیەمدا وێڕای ئەو ھەمووە لەبارییەی، كە تەكنۆلۆجیای زانیارییەكان جیھانیان كردووە بە گوندێك، كەسێك پەیدا ببێت و ھێشتا خەون بە بوون و پێویستبوونی شوانەوە بۆ خۆی ببینێت !

لێرەدا بەم داواكارییە، كۆتایی بە سەرنجەكانم دەھێنم؛ ئازیزان، تكایە بڕۆن ئەم پەرتووكە [الاشتراكية والشيوعية من 500 قبل الميلاد الى ما قبل ماركس- نذير جزماتي] بخوێننەوە، كە ھاوڕێیەكی ماركسیست نووسیویەتی و باشترین بەڵگەی ئەوەیە، كە ماركس و ئەنگلس، داھێنەری كۆمونیزم نەبوون و نین، بەڵكو كۆمونیزم خەونێكی دێرینەی مرۆڤایەتییە و  بەر لەوەی فیلۆسۆفان و ڕامیاران و پارتەكان بیر لە داڕشتنی قاڵبی كۆمەڵگەی داھاتوو بكەنەوە، بزووتنەوە [سۆشیالیستخواز و كۆمونیستەكان/ ئەناركییەكان] ھەبوون و ئێمەی ئەناركیست و  كۆمونیست نەوەی ئەوانین، بۆیە نابێت ڕێگە بەخۆمان و بە كەسانی دیكە بدەین، كە لە ماركسیزم و ئیزمەكانی دیگە، ئایینێكی دونیایی چێبكەن و بیكەنە تەوقێك لە ملی پڕۆلیتێرەكانی توند بكەن !

وەك ئەرك و دڵسۆزییەك و دەركردنی ئەو بەدبەختییە، وەك دوا دەستەواژە، ئەم بەستەرەت پێشكەش دەكەم، كە ھەر (١٤) ژمارەكەی  ھەواڵنامە (Izvestiia)ی كۆمونیستەكانی (كرۆنشتات)ی ڕۆژانی پێش كوشتوبڕی تێدایە و لەوە دەچێت، زمانی ئینگلیزی باش بزانیت و دڵنیام خوێندنەوەیان خراپ و بێسوود نابێت. تكایە ئەگەر فرمێسكی ھاودەردیت بۆ ھاوڕێ كۆمونیستە لەخوێنگەوزاوەكانی (كڕۆنشتات)، زایە چاوە كانت، مەیشارەوە و بە ئێمەشی نیشانبدە، تا ئێمەش ھەست بەوە بكەین، كە لە دەرككردنی دوا خەونی دەریاوانەكانی (كڕۆنشتات) و دوا ئازار ی پێش گیانەڵانیاندا تەنیا نین و لە ھەرێمەكەی لای ئێمەشدا خەریكە ویژادنی مرۆڤایەتی بەئاگادێت. خۆ ئەگەر زمانی ڕوسیش شارەزا بیت، ئەوا بەستەری كۆپییە بنەڕەتییەكانت بە زمانی ڕوسی و بە سكانكراوی وەك خۆیان بۆت دەنێرم.

ھیوادارم وەلامەكانم بە ھێڕش و برینداركردن وەرنەگرن، چونكە ئامانجم تەنیا لێدانە لە بۆچوونە ناكۆمونیستییەكان و بەس …

بەستەری ژمارەكانی ھەواڵنامەی كڕۆنشتات ٠٣ی ئازار تا ١٦ی ئازاری ١٩٢١

http://libcom.org/library/kronstadt-izvestiia-1

خوێنەری ھێژا، بۆ دڵنیابوون و خوێندنەوەی بۆچوونە ڕەخنەلێگیراوەكان، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=615433518470011&set=a.335256909821008.96368.335231036490262

دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان/ بەشی دووەم

دەوڵەت؛ بابەتێک بۆ گفتوگۆ لە نێوان مارکسیستەکان و ئەنارکیستەکانی کوردستان

بەشی دووەم

هەژێن:

سڵاو ھاوڕێیان، مشتومڕەكەتان خۆشە و سەرنجی ڕاكێشام و ئەم سەرنجانەی لەلای من بەجێھێشتن … .

ھاوڕێ (زاھیر)یش لە وەڵامی ھاوڕێ (فوئاد)دا، بەھەمان تێڕوانین، چەمكی پڕۆلیتاریا بەكاردەبات، كە دەكاتە كرێكاری پیشەسازی و لەم بارەدا ڕاسدەكات، پرۆلیتاریا كەمینەیە، بەڵام پڕۆلیتاریا لە یۆنانی كۆنەوە بە واتای چینی ئەو تاكانەی كە خاوەنی سامان و دسەڵات نین یا كۆیلەی كەسانی دیكەن، كە لەم بارەدا ھەموومان بە كرێكار و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكار و خانەشین و بێكار و جوتیار و ھەرجی ژێردەست ھەیە، دەگرێتەوە؛ واتە ھەموو ئەوانەی كە مافی بڕیاردانیان لەسەر ژیانی خۆیان و كاروباری كۆمەڵگە نییە. من پڕۆلیتاریا بەم واتایەی دووەم بەكاردەبەم .. .

ھاوڕێ فوئاد، لەوەتەی دەوڵەت سەریھەڵداوە، ھەندێك كاری ئەنجامداوە؛ لەوانە وردوخاشكردنی ویست (ئیرادەی تاك) و متمانە بەخۆی، لەنێوبردنی پەیوەندی و بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەی بە دامودەزگە ڕامیارییەكان، ڕۆبۆتكردنی تاك و كوشتنی ھەموو گیانێكی ھەرەوەزیی و ھاڕێكاریی و متمانەیەكی كۆمەڵایەتی، ڕێكخستنی ئابووری كۆمەڵگە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەت و لە باشترین باردا خاوەندارێتی دەوڵەتی، لەنێوبردنی مۆڕاڵ و ڕێسای كۆمەڵایەتی و یاسای سروشتی، جێگرتنەوەیان بە مۆڕالی ڕامیاریی و یاسای دەستكرد، ھەروەھا كەڵەگایی بەسەر كۆمەڵگەوە و بڕیاردانی جەنگ و سازش و كوشتوبڕین و جینۆساید و داگیركردن و تاڵانكردن و زیندانیكردن و لەسێدارەدان بەنێوی كۆمەڵگە و نەتەوە و چینەوە .. . ئایا دەتوانرێت و دەكرێت و بۆی ھەیە وەھا ئامرازێك ببێتە ڕێكخەری كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و پارێزەری دادپەروەریی؟ ھەروەھا ئەگەر لە سەردەمی دەربڕینەكانی (گۆدوین شتاینەر و و پرۆدۆن و باكونین)دا ھاوڕێ ماركسیستەكان، لەبەر نەبوونی ئەزموونی دەوڵەت لەلایەن پارتە كۆمونیستەكانەوە و بەنێوی پرۆلیتاریاوە، توانیبێتیان ئەوان [ئەناركیستەكان] بە خەیاڵپڵاو تۆمەتباربكەن، ئایا پاش ئەو ھەموو كۆیلەكردنەی پرۆلیتێرەكان لەلایەن دەوڵەتی پارتە كۆمونیستەكانەوە لە (ڕوسیا)وە بۆ چاینا و كوبا و ڤێتنام و كۆریا و یوگوسلاڤیا و ئەلبانیا و ئەڵمانیا و ھەنگاریا و بولگاریا و … تد، ئەوە نالۆجیكی نییە و پاش ئەو ھەموو ئەزموون و سەلماندنە مێژووییانەی دروستی بۆچوونی ئەناركیستەكانی پێش و پاش ئینتەرناسیونالی كرێكاری (یەكەم)، ڕاستی بۆچوونی ئەناركییەكان ناسەلمێنێت ؟

بابەتێكی دیكە خەدری مێژووییە لەو سۆشیالیستە كەتوارییانەی كە بەداخەوە ئەناركیستەكانیش وەك ماركسیستەكان بە یوتۆپی (خەیاڵپڵاو)یان ناودەبەن، كە بە بڕوای من لە ھەموو سۆشیالستەكانی پێش و پاشی خۆیان كەتواربینتر بوون و بەكردەوەش سەلماندیان پرسی سۆشیالیزەكردنی كۆمەڵگە، پرسێكی ڕامیاریی نییە و تەنیا بە ھەنگاوی كردەیی دەكرێت، سۆشیالیزم ببێتە سیستەمی بەرێوەبردنی كۆمەڵگە .. .

ھاوڕ فوئاد، بەداخەوە لە دوا وەڵامتدا بۆ ھاوڕێ زاھیر، بەجۆرێك دەرگەت لەسەر لێدوانەكە داخستووە. لە كاتێكدا كە ھیچ یەك لە ئێمە ناتوانین بڵێین، من ئەوەم بۆ داھاتوو یا لە داھاتووشدا ئاوا دەبم، دەكرێت بڵیین من لەم ساتەدا ئاوا بیردەكەمەوە، چونكە بڕیاردان لەسەر ئەوەی كە خولەكێكی دیكە ئاوا بیردەكەمەوە، ڕەتكردنەوەی بنەماكانی بەردەوامی گۆڕانی مرۆڤە وەك ماددە  .. .

زاهیر باهیر:

 کاک فوئاد تکایە بمبەخشە گەر کۆمێنتەکەم ، لای تۆ وای گەیاندبێت کە تۆ لەسەر ئەنارکیسزم هیچت نەخوێندۆتەوە یا هیچ نازانیت. من دڵنیام کە تۆ دە ئەوەندەی منت لەسەریان خوێندۆتەوە. لێتی ناشارمەوە تاکو ئەم دەقەیە من کتێبێکی یەکێک لە ئەنارکستە بیردۆزە کۆنەکانم نەخوێندۆتەوە، من تەنها لێرەو لەوێ چەند وتارێکم خوێندۆتەوە. من کە ئیدیعای ئازادیخوازی و ئەنارکستێت دەکەم لە خوێندنەوەی شتەکانی ئەنارکستەکانەوە نییە، بەڵکو لە بیرکردنەوەوەیەکی سەردەمێکی زۆرەوە کە پێموایە چەند ساڵێکی خایاند ، هەروەهاش تەماشای ئەزموونەکانی هەموو پارتە چەپەکان و کۆمۆنیستەکان و نموونەی دەوڵەتەکانی بەلشەفی، تێکەڵاوبوونم بە بزوتنەوەی کرێکاران لێرەو نقابەکەیان، وایلێکردم کە من بە سەرجەمی بیروڕای خٶم و هاوڕێیانی دووروو نزیك و تەواوی ئەزموونەکانماندا بچمەوە بگەمە ئەم قەناعەتەی ئێستام ، ئەمە جگە لەوەی کە من فکری ئەنارکست بە ڕۆح و گیانی سروشتی خودی مرۆڤ دەزانم کە گیانی یاخیبوونی تێدایە، حەزی بەوە نییە کە نەسیحەت و ئیرشادات بکرێت، حەزی بە ئازادییەو دژی کۆنترۆڵکردنە، حەزی بەوەیە کەکەس بڕیاری بۆ نەدات خۆی خاوەنی بڕیارەکانی بێت. هەر هەموومان کە گەنج بووین ئەمانەمان تیادا بووەو خاڵی هاوبەشیمان بوون لەگەڵ یەکتریدا. گەر من بچمە جەدەلی دەوڵەت و پارت و سیاسەتەوە باوەڕناکەم پەنا بۆ تەنها بڕگەیەکی یەکێک لەو ئەنارکستە ناودارانە، بەرم ، مەگەر تەنها لە ٢ بوواردا کە یه‌که‌میان ئاماژە بە ئاماره‌کانه‌و ئەوی تریان هێنانەوەی ئەزموونه‌کانی سەردەمی ئەوانن. من باوەڕم وایە نابێت هەوڵبدەین  تیورەکان بسەپێنین بەسەر کۆمەڵگەو چینەکاندا ، بە یەک وشە واقیعدا، بەڵکو دەبێت تیورەکان و بیرۆکەکان لە واقیعەوە هەڵهێنجین . هەروەکو خۆتیش دەزانیت باشترین بەڵگەنامە گەڕانەوە بۆ واقیعە ، لەبری گەڕانەوە بۆ بڕگەی ناو کتێبەکان ئیدی ڕابوردوو یا ئێستا، گرنگ نییە.

لە کۆتاییدا وەکو ئەو هاوڕێیەش پێشتر وتی ، تۆ دەرگات لەسەر مشتومڕەکان داخست، کە ئەمە بێئومێدی لای من دروستکرد چونکە من هەمیشە ڕام وایە کە تۆ یەکێکی لە هەرە ڕۆشنبیرەکان و بە ئەقڵ و سەلیقەی زۆرو قوڵەوە دەچیتە ناو کێشەکان ، پرسەکانەوەو لێکدانەوه‌کانت شایانی خوێندنەوەو بەهەند وەرگرتنن. با ئەوەش بڵێم ، من خۆم هێشتا بەدوای حەقیقەتدا دەگيڕیم بۆیە تامەزرۆی مشتومڕو ڕاگۆڕینەوەم لەگەڵ هەمووتاندا. هەڵبەتە تۆش ئازادیت لە بڕیارەکانتا. خۆشی و تەندروستی باشت بۆ دەخوازم.

فواد قەرەداخی:

سوپاس هاوڕێیان بۆ وەڵامەکانتان ، وەڵامەکان دیسان لەسەر دەوڵەت تەرکیزیان کردووە ، کە هاوڕاتانم لەسەر ماهییەتی دەوڵەت بەڵام + ناسنامە چینایەتییەکەی . ئێوە باس لەدەوڵەت بە گشتی دەکەن ، من پێموایە دەوڵەت ناسنامەی چینایەتی هەیە و سەرکوت بەشێکی کارێتی ، بەڵام کێ سەرکوت دەکات ؟ ئەوە مەسەلەکەیە ، لەلایەکی ترەوە من دەبینم کۆمۆنیستەکان تەجروبەیەکیان هەیە لە پێکهێنانی دەوڵەتی چینایەتیدا ، دیارە ئەو تەجروبەیە فەشەلیکرد بەڵام دەستکەوتیشی لە سەرەتادا هەبووە و دەکرێت بۆ دواڕۆژ سوود لەو تەجروبەیە وەربگیرێت بۆ دەورەیەکیتری تێکۆشان دژی سیستمی سەرمایەداری ، ئەو سیستمەی بە تێکۆشانی منظم ، بە خۆڕێکستن ، بە حزبی تکۆشەرو جەماوەیی پۆڵایین دەڕووخێت ، من تا ئێستا نازانم بەبێ دەسەڵاتی سیاسی چینی پێشڕەوی کۆمەڵگا چۆن دەتوانین مەرجەکانی کۆمەڵگای ( بێ چین و بێ حزب و بێ دەوڵەت ) بەدیبهێنن ئانارکیستەکان بەرنامەیەکی رۆشنیان بۆ ئەوە نییە ، ئەوان دەسەڵاتخواز نین ، واتە دەسەڵاتیان ناوێت ، بۆیە بە عەمەلی ئەبێت دەسەڵاتی سیستمی سەرمایە دەستکارینەکەن ،ئەم جیهانە بەرینە چۆن دەگاتە کۆمۆنیزم کە تۆ بەرنامەی رووخاندنی سەرمایەو چۆنیەتی رێکخستنەوەی کۆمەڵگای گواستنەوەت پێ نەبێت . من دەرگاشم لەسەر ئەم مەسەلەیە دانەخستووە ، بە پێچەوانەوە دەرگایەکم کردەوە کە ئێوە بتوانن لێی بچنە ژوورەوەو بەرنامەی تەفصیلی و عەمەلی ئانارکیستی بخەنە بەردەمی خەڵکی کوردستان و میکانیزمی نەهێشتنی دەوڵەتیان پێ بڵێن لە سەرانسەری جیهاندا ، من بەرنامەی ئانارکیستەکان بە بەرنامەیەکی خەیاڵیی دەزانم کە ئەگەری بەدیهێنانی نییە ، بۆیە وەک هەر کەسێکیتر چاوەڕوانی نووسینەکانتان دەکەم و هەر کاتێک قەناعەتمکرد دڵنیابن بێ سێو دوکردن پێیەوە پەیوەست دەبم .

هەژێن:

سڵاو ھاوڕێ فوئاد، پرسەكە لەسەر قەناعەتكردن بەیەكتر نییە، نەخێر من بۆخۆم و لە ھاوڕێ (زاھیر)یش دڵنیام كە نیازی شتێكی ئاوای نییە، بەڵكو ھەوڵدانە بۆ مشتومڕكردن و بۆچوونگۆڕینەوە و دەرگەئاوەڵاكردن بەڕووی كۆمەڵێك پرسدا، كە بەداخەوە بەستەڵەكیان بەستووە. ھەروەھا وەك ھاوڕێ زاھیر دەڵێت “پرسەكە لەسەر دروستی و نادروستی ئەم و ئەو نییە” بەڵكو لەسەر دەربڕینی بۆچوونی كەسیی خۆمان و بەشكردنیەتی لەتەك ھاوەڵەكانی فەیسبووكدا .. . با ئاوای دابنێین، كە لە مێژوودا ئەناركیستەكان بوونیان نییە، ئەی دەبوو من و تۆ و ئەوانی دیكە لەبەردەم شكستخواردنی بەكردەوەی بزووتنەوەی سۆشیالیستی لەسەردەستی سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەكان چیمان بكردایە؟ ئایا ئەركی من و تۆ و ئەوانی دیكە نییە، كە لەو شكستانە وردبینەوە و لە دەرەوەی بۆچوونە باوەكانەوە بۆ ئەڵتەرناتیڤ بگەرێین؟

 

بە بۆچوونی من ئەو لێدانەی كە بۆلشەڤیزم لە ١٩٠٥ە تا ١٩٨٩ لە بزووتنەوەی سۆشیالیستی و كرێكاری داوە، ھەموو دەوڵەتەكانی بۆرجوازی لەوەتەی سەرمایەداری ھەیە، تا ئەمڕۆش نەیداوە … . چونكە بۆلشەڤیكەكان بە ڕابەرایەتی لێنین [نەك تەنیا ستالین و دواتران] دەسكە دارینەكەی تەورەكە بوون لە بڕینەوەی دارستانەكانی شۆرشدا تا ئێستاش ھەر دەسكەتەورن … .

 

ئەوەی كە تۆ بەبێ دەوڵەت، ناتوانیت وێنای كۆمەڵگەی سۆشیالیستی بكەیت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكەم وەك زۆربەی ھاوڕێ ماركسیستەكان شۆڕش بە ڕووداوێكی كتوپڕ و دیاڕێكراوی ماوەیی دەزانیت، بۆیە لەوەھا بارێكدا تاكی پەردەوەری سیستەم و كولتووری بۆرجوازی [مشەخۆری] لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی سۆشیالیسیدا وەك جانەوەری چاوچنۆك دێتەبەرچاو و ناچار بۆ ڕاگرتن و سۆشیالیزەكردنی پێویستت بە دەوڵەت و دامودەزگە سەركوتگەرەكانی دەبێت. بەڵام ئەگەر شۆڕش بە پرۆسێسێكی مێژوویی لە بەرەبەیانی مرۆڤایەتییەوە تا دواساتی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بزانیت، ئەوا ئەو شتانەی بە شۆرش ناویاندەركردووە، دەبنە ڕاپەڕین و بەرھەڵستاری لە ڕوەتی شۆڕشدا و زۆر ئاسایی ھەر لە ھەناوی ئەم سیستەمەدا، ڕێكخراوە جەماوەرییە سەربەخۆكانی پڕلیتاریا، لە خوارەوەرا وەك فێرگەیەكی سۆشیالیستی، تاكەكان بە كولتووری سۆشیالیستی پەروەردەدەكەن و لەنێو خۆیاندا [لە ماڵە ھاوبەش و ھەروەزییەكانیاندا، لە كارگە و فرۆشگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكاندا] بەپێی توانا سۆشیالیزم ئەزمووندەكەن و وەك ھاوڕێ زاھیر دەلێت ” لەوێوە تیئۆرییە شۆڕشگێرییەكانیان سەرھەڵدەدەن…”.

 

تكایە ئەم دوا ڕستەمە وەك خۆی لێ وەربگرە؛ سۆشیالیستە ئازادیخوازەكان خەڕێكن لەم سیستەمەدا ڕۆژانە خشت بە خشتی ئەم سیستەمە دەدەنە بەر ڕەخنە و بە كردەوە لە ھەرەوەزیی ژیاندا ھەڵیدەگێرنەوە، ڕێك بە پێچەوانەی ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی پارتە كۆمونیستە زۆر و زەبەندەكانەوە، كە لە ئەوروپا خاوەنی پیتزەری و ڕیستورانت و قاوەخانە و فرۆشگەن و ئەندامانی پارتەكانی خۆیان و كرێكارانی كۆچەر بە كرێیەكی زۆر كەم بەكرێدەگرن و دەیانخەنە خزمەت سیستەمی كاری كرێگرتەوە و لەسەر ڕەنجی ئەوان، سەرمایەی دراوی پێكەوەدەنێن و لەولاشەوە لەسەر چالاكی و خەباتی لێبڕاوانەی ئەندامانی پارتەكانیان، ناووناوبانگ دەردەكەن و وێنەی خۆیان لەبەردەم وێنەكانی ماركس و ئینگلس و لێنین و ترۆتسكی و ستالین و مائۆتسی تۆنگ و جیڤارا و پەخشان و تەخشان دەكەن .. .

 

ھاوڕێم، ئەناركیستەكان كەتوار لە قاڵبی تیئۆری نادەن، بەڵكو تیئۆرییەكان لە ئەزموونكردنی خەباتدا لە كەتواری ئەم ساتەدا بەدەستدەھێنن، ھەروەھا ئەناركیستەكان بەرنامەی ڕامیاری داناڕێژن، چونكە، یەكەم، ڕامیاریی و دەسەڵاتی ڕامیاریی ئامراز و چەكی ڕاگرتنی كۆمەڵگەی چینایەتین و دووەم، ئەناركیزم بە واتای سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە بەخۆی بەرنامەی ژیانە و كاتێكیش كە ژیان لە قاڵب بدرێت، ئیدی تەنیا تابووتێك لە چەشنی دەوڵەتی بۆلشەڤیكی و ماوی و كاسترۆییمان بۆ دەمێنێتەوە.

 

ئەگەر ئێمە ئەو شكستانەی كە لەسەر دەستی سۆشیالیستە دەوڵەتخوازەكان بەسەرماندا ھاتوون، بەھەند وەرنەگرین و دووبارە لە ھەوڵی چێكردنەوەی دەوڵەتێكدا بین لە جێی دەوڵەتێكی دیكە، ئەوا وەك ھەر دەستەیەكی دیكەی مەزھەبی لە جیھانی خەیاڵدا خەڕێكی چێكردنی بەھەشتێك دەبین، كە لە جیھانی كەتوارتیدا بێجگە لە پیرۆزكردنی دۆگمەكان، ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە!

 

دەكرێت لە زنجیرە وتارێكی دوورودرێژدا بچینە پای شێوازی خەباتی ئەناركی و شێوە و بنەمای كۆمەڵگەی ئەناركی و چۆنیەتی پێكھاتنی كۆمەلگە ئەناركییەكان، بەڵام بەداخەوە ڕوونكردنەوەی كۆمەڵگەی ئەناركی كە ڕەتكردنەوەی سەراپای كۆمەڵگەی چینایەتی چەند ھەزار ساڵەیە، لە وەلامی كۆمێنتێكی فەیسبووكدا ئاسان نییە، ھەر بۆیە لەمەڕ ھەڵەی داڕشتن و ڕێنووسی نێو سەرنجەكانیم، داوای لێبوردن دەكەم، چونكە بواری نووسین لە فەیسبووكدا ھەر ئەوەندەیە .

 

درێژەی ھەیە ….

خوێنەری ھێژا، بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، تكایە كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە:

http://wp.me/pu7aS-18f