Monthly Archives: تشرینی یه‌كه‌م 2012

ڕێسای بووكگواستنەوە لە سەركەوتنی خێڵەكانەوە بۆ ھۆڕێنی كۆچەران لە نێوەندی ئەوروپادا

ڕێسای بووكگواستنەوە لە سەركەوتنی خێڵەكانەوە بۆ ھۆڕێنی كۆچەران لە نێوەندی ئەوروپادا

ڕاستییەكەی ھەرچەندە لە سەردەمی مناڵێمەوە، ھەردەم بە سەرسووڕمانەوە لە ڕێسای بووكگواستنەوە ڕوانیوومە، بەڵام لە سێپتەمبەری١٩٩٧ەوە تا ئەمڕۆ ئەم بابەتە مێشكم دەگوشێت و ئازارم دەدات، بەتایبەت ڕۆژانی پێنجشەممە و ھەیینی، كە دیمەنی ھەراوھوریای خێڵە سەرەتاییەكان لەبەرچاوم زیندوو دەكاتەوە.

ڕێسا و دیاردەی بووكگواستنەوە بەتایبەت لە كۆمەڵگەكانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، بێجگە لەوەی كە دیاردەیەكی زۆر ناشیرین و ھەراسانگەرە، بێجگە لەوەی كە لە قاڵبدانی حەز و جوانیناسی تاكە لە گشتگیركردنی كولتووری دواكەوتوودا، ئەگەر بینەری ئەو دیمەنە كەمێك بە وردەكارییەوە لە پێكھاتەكانی ئەو ڕێسا كولتوورییە بكۆلێتەوە، ئەوا بە ئاسانی پەی بە ڕابوردووی زۆر دووری ھۆڕێنلێدانی شۆڤێرەكان و فیكەفیكی پاشكەوتووانی بووك و زاوا، دەبات و ئەوەی بۆ دەردەكەوێت كە ئەمە یەكێكە لە ھەرە كۆنترین ڕێسا بەجێماوەكانی خێل و كۆمەڵە ئەشكەوتنشینەكان.

بۆ ساتێك كۆمەڵێك یا خێڵێك لەنێو دارستانێك یا لە كەناری ڕووبارێك یا لەنێو ئەشكەوتێكدا بھێنەرە بەرچاوت، كە یەكێك لە جەنگاوەرەكانی ژنێكی لە خێڵ و كۆمەڵێكی دیكەی دەستگیر و فڕاندووە و بە شانازییەوە جەستەی دەستوپێبەستراوی ژنەكەی داوە بە شانیدا و بەدەم فیكەلێدان و ھەراوھوریاوە لە ناوەندی نشینگەی كۆمەڵەكەیدا دەیدا بە زەویدا و تاكەكانی دیكە لێی كۆدەبنەوە و بەو بۆنەوە دەست بە سەما (ھەڵپەركێ) و تەپڵ و زوڕنا و گۆرانیوتن دەكەن و فڕێنەری ژنەكەش دەست بە شاباشبەخشینەوە دەكات و دەست بە سمێڵیدا دەھێنێت و پاش ماندووبوونی ھەمووان لە سەما و شادی بەبۆنەی بەكۆیلەگرتنی ئەو ژنەوە، سەركەوتووی پەلامارەكە ڕفێنەرەكە، دەستكەوتەكەی [ژنە ڕفێنراوەكە] دەباتە نێو نوێنی خۆی و حەزە سادیییەكانی بەسەری ژنە ڕفێنراوەكەدا دادەمركێنێتەوە….

ئایا ھیچ جیاوازییەك لەنێوان ھۆڕێنلێدان و تەپڵ و زووڕنای پێش و پاشی بووك و گواستنەوەی بۆ ماڵی زاوا و مامەڵەكردنی وەك كەرەستە (ئۆبجێكت)ی دامركانەوەی حەزە سادییەكان لەتەك ئەو وێناكردنەی سەرەوەدا ھەیە؟

ئەگەر نا، ئەی بۆچی تا ھەنووكە وەك پیرۆزییەكی كولتووری پاریزراوە و زۆرێك [لەپیش ھەمووانەوە خودی ژنان] وەك شوناسی پڕ شانازی خۆیان دەیبینن؟

ھەڵبەتە ھەموو مەبەستی سەرەكی من لەم بەراوردكردنەی ڕێسایەك لە نێوان ئەمڕۆ و ڕابوردوویەكی زۆر دووردا، تەنیا ئەوە نییە، كە نیشانی بدەم سەرچاوە و ڕیشەی ئەم ڕێسا قێزەونە، خێلسالاریی و باوكسالارییە، لە سەردەمی شەڕ و شۆڕی لەیەكنەگەییشتن و دڕندەیی كۆمەڵەكانی كۆندایە، بەڵكو دەمەوێت پرسیار لە ڕۆڵی خودی ژن لە پاراستن و دەستپێوەگرتنی ئەو ڕێسا قێزەونە، بكەم !

وەك دەزانین، كەس بەقەد زیندانییەك لە دابڕان لە ژیانی ئاسایی و ئازار و ئەشكەنجەی دەروونی زیندان تێناگات، ھەروەك كەس لە ئێش و ئازاری نەخۆشێك، لە برسییەتی برسییەك، كەس لە سەختی ژیانی پەككەویەك و ھەرواش كەس وەك ئازادیخوازێك لە خۆشی ئازادی تێناگات، بڕواناكەم كەسیش بتوانێت لە باری دەروونی بووكێك وەك خۆی تێبگات.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەرەی سەرەوە، ئاخۆ چی بێت، كە ئاوا لە ژنێك بكات، ملكەچ بمێنێتەوە و زیاتر لەوە زۆربەی كات، ئەم ڕیسا دژەژنییە وەك داخوازییەك بەسەر زاوا و ماڵی زاوادا بیسەپێنێت ؟

خۆ ئەگەر كەمێك لە شێوازی ئاھەنگەكە واوەتر بڕۆین، ئەوا لەوەش خراپتر خۆفرۆشتنی ژنە بەیەكجاری لەبەرامبەر خشڵ و خانوو و ئۆتۆمەبێلدا، كە ئەم داواكارییانە، زەمینەیان بۆ سەرداریی دەوڵەمەندان دروستكردووە و لەو نێوەدا كێبڕكییەكیان لەنێوان ژناندا دروستكردووە و كاركێشاویەتە ئامادەیی ژنان بۆ چوونەپای شووكردن (بەداوای لێبورنەوە ناتوانم واژەی ھاوسەری بۆ وەھا ھەڵبژێرێك بەكاربەرم) بە پیاوانێك كە ژنێك یا چەند ژنی دیكەیان ھەیە یا چوونەپای سێكسفرۆشی، كە بە بۆچوونی من شوكردنەكە بە پیاوێك لەبەرامبەر خشڵ و خانوو و ئۆتۆمەبێل چ ئەو ژنە تاكە ژنی بێت یا خاوەنی چەند ژنی دیكە بێت، لە ناوەڕۆك و شێوەدا ھیچ جیاوازییەكی لەتەك سێكسفرۆشیدا نییە، تەنیا ئەوە نەبێت، كە سێكسفرۆشی مامەڵەیەكە بۆ یەكجار و ماوەكەی دیاریكراوە، بەڵام شووكردن مامەڵەیەكەی سێكسفرۆشییە بۆ ھەمیشە بەردەوام دەبێت یا بۆ ماوەیەكی درێژ بەردەوام دەبێت !

ڕاستییەكەی كاتێك كە یاسای چەندژنە لە پارلەمانی ھەرێمی كوردستاندا پەسەند كرا، لەو بروایەدابووم و خۆشباوەڕبووم بەوەی كە بۆ ڕۆژی دوایی لە سەرتاسەری ئەم ھەرێمەوە لە ھەموو گوند و ناوچە و شارەكانەوە ڕێپێوانی ژنانی یەكسانیخواز بەرەو داگیركردن و سووتاندنی بالاخانەی پارلەمان و داگیركردنی ناوەندەكانی فەرمانڕەوایی بەڕێدەكەوێت، بەڵام بەداخەوە ھەژماری ژنانی نارازی بەلایەنی كەمەوە لە میدیادا لە ھەژماری پیاوانی یەكسانیخواز و دژە چەند ژنە كەمتر بوو! بەداخەوە نە ڕێپێوانی ملیۆنی بەرەو بالاخانەی پارلەمانی ھەرێم بەڕێكەوت و نە لە شارەكاندا بالاخانەی دادگە و نێوەندەكانی فەرمانڕەوایی داگیركران و نە لە شوێنی كار و خوێندگەكاندا مانگرتن ڕاگەییێنرا و نە لە نێوەندی شارەكاندا چادری ناڕەزایەتی و مانگرتن ھەڵدران! ئایا وەھا كاردانەوەیەكی نادەربەستانەی خودی ژنان، شیاوی تێرامان  و لێكۆڵینەوە نییە؟

بەڕاستی من بۆخۆم تووشی داچلەكان (شۆك) بووم و گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئەگەر ھەر ئەو پارلەمانتارانە و ھەر ئەو دەسەڵاتە بڕیاری قەدەخەكردنی شیربایی، مارەیی و خشڵ و زێر و داواكاریی ئابووری بدایە، لەوانە بوو، زۆرینەی ژنانی كوردستان بڕژێنە سەرشەقامەكان! ھەروەھا ئەو ژنانەی كە ئازادی چوونەدەرەوەیان ھەیە لەنێویاندا كچانی خوێندكار، ئەوەندەی كە ھەڵگر و پەرەپێدەری كولتووری بەكاربەری و كێبركێی ساخكردنەوەی كەرەستەكانی بازار و ئەوەندەی كات بە شتە ڕواڵەتییەكانەوە بەفێڕۆ دەدەن، ئەوەندە لە پەرتووكخانە و كایە ھزریی و ڕۆشنبیرییەكاندا ئامادەییان نییە! ئەوەندە داھات و كاتییان بۆ كڕینی گۆڤار و ڕۆژنامە ڕیكلامییەكان تەرخان دەكەن، ئەوەندە خەرێكی خوێندنەوەی پەتووك نین، ئەوەندەی خەریكی پەرەدان بە شتە ڕواڵەتییەكانن، ئەوەندە خەریكی خۆھوشیاركردنەوە و خۆڕزگاركردن لە ڕێوشوێنی نالەبار و كۆیلەئاسایان نین. ئەوەندەی خەریكی پاساوھێنانەوە بۆ دەستەمۆیی و نادەربەستییانن، ئەوەندە خەریكی گەران بەدوای ڕێگەچارەی ڕادیكاڵ و بەدەستھێنانی سەربەخۆیی كەسیی و خۆپساندن لەو دەستەمۆیی و نادەربەستییە نین! ھەڵبەتە ئەوەش نەوتراو نەمێنێتەوە، كە لە كۆمەڵگەدا تەنیا ژنان نین، كە پاساو بۆ دەستەمۆیی و نادەربەستبوونیان دەھێننەوە، ھەروا كرێكاران و خوێندكاران و چین و توێژە ژێردەستەكانی دیكەی كۆمەڵگە بە ژن و پیاوەوە، بەھەمان كار ھەڵدەستتن، بەلام ڕۆڵی ژنان فرەتر زاقدەكاتەوە، ئەوەیە كە ژنان لە خوارترین ڕێوشوێنی كۆمەلایەتیدا گیریانكردووە و بەھۆی خۆشباوەڕییان بە پەیدابوونی فریادڕەس لەدەرەوەی ڕیزی خەباتكارانەی خۆیان، فرەتر گیرۆدەی كردوون!

وەھا بڕوایەك بە فریادڕەسی پاڵەوانەكان ھەم ڕیشەی لە ناھوشیاریی خۆیاندایە و ھەم دەستكرد و بەرھەمی كار و چالاكی ڕامیاریانەی دەستەبژێری پارتیی و ڕۆشنبیریی دەسەڵاتخوازە، كە بە قۆستنەوەی ڕێوشوێنی نالەباری ژنان و كرێكاران و چین و توێژە ژێردەستەكانی دیكە، ئەو بڕوایە لای ژێردەستان دروستدەكەن، كە بەرەوپێشبردنی شۆڕش و یاخیبوون كاری كەسانی دیاریكراوە و پێویستی سەركردایەتیكردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەوان و بە پلەوپایەی ئەكادیمی و فرەبڵێی ڕامیاریی و ناوبانگی ئەوان ھەیە.

وەھا بیركردنەوە و ھەوڵدانێك لەلای فێمینیستانی دەسەلاتخواز بە ئاشكرا دیارە و بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ھەوڵێكیان لە دروستكردنی كینەدۆزی ژنان بەرامبەر پیاواندا چڕدەكەنەوە، تاوەكو خۆیان بكەنە دەمڕاستی ژنانی نارازی و وەك پیاوانی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتخواز، تاوەكو دەستییان لە دەسەلاتی ڕامیاریی گیرببێت و ڕێوشوێنی ئابووریی باڵاتر بەدەستبھێنن. ئەگەر ئاوڕێك لە چەند ساڵی ڕابوردووی قسەكەرانی فێمینیزم لە كوردستان و نێو ڕەوەندی كوردی بدەینەوە، ئەوا چەند نموونەیەكی زیندوو لە قسەكەرانی فێمینیزمی دەسەڵاتخواز دەبینین، كە بوونە ئێسكێك لە پێكھاتەی ئێسكەپەیكەری دەسەڵات و بە بەھەشتی مشەخۆریی بەسەر تالانی سامان و داھاتی كۆمەڵگەوە، شاد بوون و لەتاو چێژبردن لە دەسەڵاتدارێتی و توانای ئابووریی، كڕكەوتوون و چیتر فرەبلێییان لەنێو كۆڕ و كۆمەڵەكانی دەسەڵاتداراندا فرەترە تا لەنێو دەنگی ناڕازییاندا و بوونەتە وێوڵەی دەسەڵات و لە بۆنە و سیناریۆ پێشتر ئامادەكراوەكاندا، پەیامی میرایەتی باش [كولیچەخواردن لە ئاسمان*] بە ژێردەستان دەدەن!

دوا وشە، لەوانەیە كەسانێك كە ڕواڵەتییانە لە یەكسانی دەڕوان و ئازادی ژنان تەنیا بە مۆدێلگەری و سەربەستی پۆشینی پۆشاكی خۆراوایی دەزانن و پشتیوانیان لە داخوازییەكانی ژنان تەنیا بۆ پاگەندەی پارتەكانیان یا لەپێناو بەدەستھێنانی پلە و ڕێوشوێنی باڵایە لەنێو بزاڤی لاواز و خۆشباوەڕی ژناندایە، لە جیاتی وردبوونەوە و گەڕان بەدوای وەڵام و ھۆكار و پێشینەی لاوازییەكان، دەستبەجێ بكەونە تەقەكردن لەم پرسیارانە. بەلام من بەوپەڕی ھوشیارییەوە، ئەم پرسیارانە ئاراستە دەكەم، چونكە من نامەوێت كۆیلە بلاوێنەوە و بەزەییم پێدابێتەوە، بەڵكو دەمەوێت ھەستی خامۆشكراوی داچلەكێنم و ئازاری تەمبەڵی بیركردنەوە و خوگرتنی بە كۆیلەتییەوە بدەم، دەمەوێت ھەستی سڕكراوی بڕیندار بكەم. چونكە لەو بڕوایەدام، لەبری ڕەخنە لە پیاوی باوكسالار، ڕەخنە لە ئەشكەنجەدەر، ڕەخنە لە دەسەلاتدار و بۆرجوا، پێویستە ڕەخنە لە ژنی ملكەچ، لە زیندانیی خۆشباوەڕ، لە كرێكار و جوتیاری بێدەنگ بگیردرێت، لەبەرئەوەی كە ئەوە كۆیلانی ڕازی و دەستەمۆ و خۆشباوەڕن، كە سیستەمی كۆیلایەتی خۆیان ڕاگرتووە، نەك چەك و لەشكر و بەكرێگیراوانی دەسەڵات!

Advertisements

تەواوگەری وەڵامەكان / ٢

كاك نەژاد، بەڕێزم، لەوە دەچێت، تۆ زۆر بەخێرایی وەڵامەكانی من بخوێنیتەوە، بۆیە لە ھەموو وەلامێكدا دەنووسیت، تۆ ئاوا دەلێت …..

بۆئەوەی زۆر درێژە بە باسی لابەلایی نەدەم، ھەوڵدەدەم ڕوونكردنەوەكانم بە چەند خاڵێك بنووسم، تاوەكو لە گفتوگۆكە لە سووڕانەوەی بازنەیی دەربچێت …

١- ئەناركیزم ھزرە نەك ئایدیۆلۆجیا، من ئەناركیستم، واتە ئازادیخوازم، چونكە واتای دیكەی ئەناركیزم، ئازادیخوازییە و ئەناركیزم [ لە تێڕوانینی منەوە] ئازادی كۆمەڵگە لە ئازادی تاكدا دەبیبنێتەوە و تاكی ئازادیخوازیش بە بوونەوەرێكی ھاوپشتیگەر و یەكسانیخواز و دادپەروەر و خاوەن ویژدان و ھەڵگری شوناسی مرۆڤایەتی لەبەرچاو دەگرێت.

٢- ئەگەر فاشیزم و نازیزم گەشە و پەرەسەندنی ناسیونالیزم نین، ئەدی چین؟

٣- بەڵێ سەدام ناسیونالیست بوو، چونكە ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتە و ھەر كەس دژی ئەو دەسەڵاتە و سەرانی بوەستێتە، ئەوا لەتەك مەرگ و لە باشترین باردا زیندانی دەكرێت و تووشی بێبەشكردن لە بەشداری كۆمەڵایەتی دەبێتەوە … ئایا دەزانیت ‘بێرتۆلد برێشت’ كە لە ترسی نازییەكان [ناسیونال سۆشیالیست] بەرەو ئەمەریكا رایكردوو و ڕەگەزنامەی ئاڵمانیان لێسەندەوە و تا مردیش ئاڵمانی خۆراوایی ‘ناسیونال دێمۆكرات ‘ ڕێگەی گەڕانەوەی نەدا و تا كۆتایی سەدەی رابوردوو ڕەگەزنامەی ئاڵمانیان بۆ نەگێرایەوە. تكایە خۆت بەراوردی كردەوەكانی نازییەكان و سەدام و دێمۆكراتەكانی ئاڵمان بكە.

٤- بەپێچەوانەوە لە سیستەمی دێمۆكراتی ناراستەوخۆ (پارلەمانی)دا بە دوو جۆر ملیان بە ڕیفۆرم لە بەرژەوەندی خەڵكی بێدەسەڵات داوە: یەكەم لەژێر فشاری كارایی و بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی ھێز لەنێوان ھاوپەیمانییەكانی ناتۆ و وارشۆ، دووەم، لەژێر فشار و بە شەقی راپەڕینی ئایاری ١٩٦٨.

٥- بەشداری ژنان و مافی دەنگدانیان بۆ ھەڵبژاردنی سەروەران و كۆیلەتی خۆیان، پێش ١٩١٩ لە ‘كۆمونەی پاریس’ی ١٨٧١ و لە راپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧دا بۆ ژنان دەسەبەركراوە و لەژێر فشار و ناچاریدا تۆپ دێمۆكراتە پارلەمانییەكان ملیان بەو مافە رواڵەتییە داوە. بێجگە لەمە مافی دەنگدان بۆ سەروەران لای من تەنیا گاڵتەجارییەكی دێمۆكراتی ناراستەخۆیە.

٦- من وتوومە وەڵامەكانی منت شێواندوون، تكایە جارێكی دیكە سەرنجی وەڵامی یەكەمی من پاش یەكەمین سەرنجی خۆت، بدە و لەتەك گیڕانەوەیان لە وەلامەكانی خۆدا بەراوردیان بكە.

٧- كاتێك كە من تێزەكانی ھۆبزو پێش و پاشی ئەو لەبارەی دەوڵەت و نەتەوە-دەەوڵەت ڕەتدەكەمەوە، بنەمایەكم بۆ ئەوە ھەیە، نەك حەزێكی سەرشێتانە. من دەڵێم تا سەروەری كەسێك بەسەر كەسێكی دیكەدا بمێنێت، سەركوت، نایەكسانی، نادادوەری، توندوتیژی، پشێوی كۆمەڵایەتی ھەر دەمێنێت. دەزانی گرفتی ناسیونالیزم و تیئۆریسیۆنەكانی چییە، ئەوەیە كە نەتەوە، دەوڵەت، ئایین، كولتوور، ترادسیۆن، زمان، پووچگەراییەكانی دیكە پیرۆز دەكرێن و لە سەرووی ویست (ئیرادە) و خواستی تاكەوە دادەنرێن، برای من، ھەر لەبەر ئەوەیە كە من دەڵێم ئەناركیستم، چونكە لە ھزری ئەناركیدا تاك لە سەرووی خوا و دەولەت و نەتەوە و زمان و ھەموو گشتگیركردنەكانی دیكەوە و ھەرچی ئازادی و یەكسانی و دادپەوەری بۆ تاك بخاتە ژێر مەرج و كۆتوبەندی بكات، ئەوا ئەناركیزم جەنگی سەرسختانەی دەكات.

نازانم ئایا سەرنجی ئەوەت داوە، كە ھیوا و خواستی مرۆڤە ئازادیخوازەكان لە ھەموو سەردەمەكاندا لەلایەن دەسەڵاتداران و تیئۆریسیۆنەكانی دەسەلاتەوە بە “یوتۆپیا نەك یۆتۆپیا” ھەژماركراوە، ھەر ئەوەی كە ئێستاكە من و تۆ مافی جووڵە و نووسین و بۆچووندەربڕینمان ھەیە، ڕۆژگارێكی نەچەندان دوور، بە خەیاڵ ‘یوتۆپیا’پەروەری دادەنرا، بۆ من سەرھەڵدانی ھەموو كەتوارێك بە كردەی تاكەكانەوە بەندە و ھەموو كردەیەكی تاكەكانیش سرووش لە خەیاڵ ‘یوتۆپیا’وە وەك ئارەزووی مرۆڤەكان، وەردەگرێت؛ كاتێك كە كۆیلەكان راپەڕین، پیاوانی ئایین و دەسەلات، خەونی كۆیلەكانیان بە یوتۆپیا دەچوواند، ھەروەك دەرەبەگەكان بە جوتیارانی ئازادیخوازیان دەگوت خەیاڵپەروەر، ئەوا ئەمڕۆكە نیئۆلیبرالەكانیش بە ئێمە دەلێن خەیاڵپەروەر، ئایا ئەمە ڕێكەوتە یا ھاوبەشی ناوەڕۆكیان؟!

٨- ئایا ئەو سیستەمانەی كە تۆ بە خێڵەكیان دادەنێیت، لەو بڕوایەدای كە یاسایان نییە، ئایا تۆ یاسا تەنیا بەچەند سەردێرێكی نووسراو دادەنێت، پێتوانییە كۆیلەدار و دەرەبەگەكان یاسای خۆیان ھەبووە، ئەگەر تەنیا یاسای نووسراویش پەسەند دەكەیت، ئەوا ڕژێمی بەعس لەچاو ڕژێمی بریتانی یاساییترە، چونكە بریتانیا تا ئێستاش یاسای بنەڕەتی نووسراوەی نییە! برای من لە سیستەمەمی بەعسیشدا ھەموو یاسایەك ھۆكارێكی ھەیە. گرفتی من سەروەری چینایەتییە و گرفتی تۆش ھەڵبژاردنی خراپ لە خراپترە لەنێوان شتە ڕواڵەتییەكاندا، یاسا زارەكی بێت یا نووسراو، گرنگ رێكەوتنی كۆمەلایەتییە لەسەری نەك فۆرمەكەی!

٩- من لە نموونەكەتدا دەربارەی لەبارەی یاسای تەندروستییەوە نەگونجاوی و لێكچوون دەبینم، تكایە پێداچوونەوەی بكە. لە یاسای سەروەری چینایەتیدا تەنیا دەسەلاتداران و تیئۆریسیۆنەكانیان و دەستوپێوەندەكانیان مافی دەستكاریكردنی ئەو یاساكانیان ھەیە، لە سیستەمی خێڵایەتیشدا وەك لە سیستەمی دێمۆكراتی پارلەمانیدا تەنیا ئاخاكان و دەستوپەیوەند و میرزاكانیان مافی قسەكردنیان لەسەر ئەو بڕیارانە ھەیە، مەگەر ئاوا نییە، ئایا لە بارەی جەنگ، ڕێكەوتن و چەكدروستكردن و بەرزونزمی باج و لابردن و دانانی پڕۆژە، ئاوەدانكردنەوە و وێرانكردن و …تد، ھیچ پرسیك بە تاكەكان دەكرێت، ھیچ مامۆستا و خوێندكار و دایك و باوكێك ڕۆڵی لە دانانی سیستەمی خویندندا ھەیە، ئایا ھیچ كرێكارێك ڕۆڵی لە بەرنامەڕیژی بەرھەمھێنان و دابەشكرندا ھەیە، ئایا ھیچ  پزیشك و چاودێرێكی دەرمانی و نەخۆسێك ڕۆڵی لە سیستەمی تەندروستیدا ھەیە، ئایا ھیچ فەرمابەرێك ڕۆڵی لە دیاریكردنی بەڕێوەبەرایەتی وكارگێریدا ھەیە، ئایا ھیچ ھاوولاتییەك ڕۆڵی لە دیاریكردنی یاسادا ھەیە؟ ئیدی پێمناڵێت جیاوازی سیستەمی دیكتاتۆری پارتە كۆمونیستەكان و سیستەمی دێمۆكراتی پارلەمانیدا ھەیە؟

١٠- ناسیونالیزم چنگێكی خوێناوییە و تەنیا بەلەناوبردنی چڕنووكەكانی لە دڕندایەتی دەكەون، ئیدی نازانم شەیدایی تۆ و زۆرێكی دیكە لە پای چییە، شتێك كە بە خوێنڕێژی لەدایكبووبێت و بەخوێنمژی پێیگرتبێت و بەخوێنڕێژی درێژە بەخۆی بدات، دەبێت چ جوانییەكی تێدا بێت، كە ئاوا تاكی خۆشباوەڕ بە سەروەری چینایەتی و میرایەتی باش و دێمۆكراتی نوێنەرایەتی، دەستبەرداری نابێت؟ بۆچی لە دووی ئالتەرناتیڤ ناگەڕێن؟ ئەو ھاوبەشییە نیشتمانییە تۆ باسی دەكەیت، دیوەكەی دیكەی ناجاربوونی تاكە بە دەستبەرداربوونی ئازادی و مافە سەرەتاییەكانی لەوانە زمان و ھەڵبژاردنی جۆری ژیان و بەڕێوەبردن و بڕیاردان.. من تێناگەم، لەلایەك باسی دروستبوونی نەتەوەیی دەكەیت و لەلایەكی دیكەوە باسی ھاوبەشی و مافی یەكسانی بۆ ھەموو كەسانەی كە لە كوردستاندا دەژین دەكەیت، ئایا ئەم دووانە یەكتر ڕەتناكەنەوە؟ ئایا نیشتمان-نەتەوە، ھەر بە سیستەمی دەوڵەتی وسەروەری چینایەتی پشتی نەبەستووە؟

١١-  تۆ بۆ سەلماندنی دروستی ناسیونالیزمەكەت، ھانا بۆ پێكھاتە وڵاتی چین دەبەیت، لە كاتێكدا كە ھەموو ھەوڵێكت بۆ دژایەتی كۆمونیزمەكەی روسیا و چینە؟ ئایا روسیای جارانیش وەھا پێكھاتەیەك نەبوو، ئایا یوگوسلاڤیا و چیكۆسلۆڤاكیا وەھا پیكھاتەیەك نەبوون، ئیدی بۆچی پێی ئەوان پیسە و پێی چاین پاكە؟

١٢- شتێك كە تۆ زۆر سەرنجت نەداوەتێ، ئەوەیە، كە ئەو كۆمونیستانەی كە لەلای تۆ نەفرەتلێكراون، ئەوانیش باوەڕییان بە پێداویستی دەوڵەت ھەیە و بە ئێمەی ئازادیخواز دەڵێن “خەیاڵپەروەر”! ئەوانیش وەك ‘گروپە بێڕەھەندەكە’ باوەڕیان بە پێداویستی پارت ھەیە! ئەوانیش وەك باوەڕیان بە دیكتەكردنی ژیان و زانست بە خەڵك ھەیە، ئەوانیش باوەڕییان بە پێشرەوی دستەیەك ھەیە، ئیدی نازانم گرفتی تۆ لەتەك ئەواندا لە چیدایە؟ یا ھەر سوێندت خواردووە دژایەتییان بكەیت؟

بەكورتی، ئەگەر لە وتووێژ و لێكۆڵینەوەی ناسیونالیزم و ئایین و دێمۆكراسی و كۆلێكتیڤیزم و تاككگەرایی و كۆمەڵگە و چۆنیەتی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەلایەتییەكانی كۆمەڵگەدا بەگشتی ئازادی و یەكسانی و دادپەوەریی كۆمەڵایەتی نەبنە چەق و تەوەرەی سەرەكی، ئەوا گفتوگۆكان نەزۆك و دابڕاو لە ژیانی كەتواریی ڕێچكە دەبەستن و سەرەنجامیان سەرئێشە بۆ خودی بەشداربووان و خوێنەرانی ھێژا و دواجار گۆڕینەوەی پەیامی ” تۆ ئاوا و من ئاوا و ئەو ئاوا” كۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر گفتوگۆكان لەنێوان دوو كەس دەرچن، ئەوا ڕەنگینتر و زیندووتر و تێروتەسەلتر دەبن، راستییەكەی ئامانجی من لە ھەموو نووسینێك و سەرنج و ڕەخنەیەكدا شڵەقاندنی گۆمی مەنگخواردووی ڕۆشنبیریی كوردییە لە دەوری چەند پیرۆزكراوێكدا. بەڵام بەداخەوە، ھەموو جار نادەربەستی خوێنەر، لەوە نائومێدم دەكات، كە بەم زووانە شتی ئاوا ڕووبدات و لەوە دەچێت، ھێشتاكە ھاتنی بەھاری ڕەخنە و توانەەوەی بەستەڵەكی پیرۆزی پوچگەراییەكان، كاتی نەھاتبێت.

ھەرچەندە ویستم، ئەمە دوا وەڵام بێت، بەڵام بە دیتنی وەڵامەكانت لەمەڕ زمان، خۆم بە ناچار دەزانم، وەلامێكی دیكە بدەمەوە، چونكە تۆ منت بە ناڕەوا كردووەتە ھاوبۆچوونی لایەنگرانی جووتستاندارد، تا ھەلێك بۆ وەڵامدانەوە لەو بارەوە دەدۆزمەوە، دەمەوێت بڵێم، من ئازا دژی سەپاندنی زمانێك یا زاراوەیەكم بەناوی ستانداردەوە و بە پاساوی پیرۆزییەكانی ناسیونالیزمەوە، ھەرواش دژی جووتسانداردم و ئەوەش بە گەمەیەكی سەروەرانە و سەپاندن و چەپاندنی مافی زمانی دایكی دەبینم.

ھەردەم تەندروست بژیت

تەواوگەری وەڵامەكان / ١

بەڕێزم، كاك نەژاد، برای من، من نووسیومە ئەوانەی كە پێیاندەلێن “ھیندە سوورەكان”، واتە من بە ھیندە سوورەكانیان نازانم، چونكە یەكەم سوور نین و خۆیان وەك ھێمای جەنگ و خوێن، ھێلی پانی سوور و ڕەشیان بە بەری چاویاندا ھێناوە… ھەروەھا “یەكەمین نەوە” ھەڵەیە، چوونكە ئەوانەی دیكە، كە بەنەوەی دووەم و سێیەم ناودەبرێن، كۆمەلێك مرۆڤكوژ و داگیركار و چەتەی ئەوروپی بوون و زێدی مرۆڤە نیشتەجێیەكانی ئەو كیشوەرانە (ئەوانەی كە ناوی ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدایان لێنراوە)یان داگیركردووە و پیاوەكانیان جینۆسایدكردوون و ژن و منالەكانیان بە كۆیلە گرتوون … دەزانی ئەوانە كێ بوون، ئەوانە بوون كە ڕەچەڵەكی خۆیان بە بالاتر لە مرۆڤەكانی دی دەبینی و ھەر كەس نەبووایەتە كۆیلەیان، جینۆسایدیان دەكرد.

ئازیزی من من ناوی ئەسكیمۆی و ئۆریجنەكانی دیكەم، لە بارەی ناسیونالیزمەوە نەھێناوە، بەڵكو لەبارەی دۆستایەتیان بۆ ئاژەڵ، وەك ڕەتكردنەوەی مەرجبوونی زمانی ستاندارد بۆ نەمانی سووكایەتی بە ئاژەڵ لای تۆ… من باسی خۆقوتاركردنی ئەوانم نەكردووە، برای ئازیزم، ئیتر بۆ قسەكانم پێچەوانە دەكەیتەوە؟ تكات لێدەكەم، ئەگەر ئارەزوومەندی لێدوانی دروستت ھەیە، واز لە شێواندنی وەڵامەكانی من بھێنە، خوێنەری ھێژا دەتوانیت ھەر سات بەراود بكات، ئایا من شتی ئاوام وتووە یا نا؟

ئەگەر ئەو ئەركە بكێشیت و كەمێك مێژووی ئەو كۆمەڵە مرۆڤانەی ئەو كیشوەرانە بخوێنیتەوە، ئەوا بۆ دەردەكەوێت، ئەوان بێجگە لە ناوی گروپەكەیان، ھیچ ناوێكی دیكەیان لە خۆیان نەناوە و تەنیا خۆیا بە مرۆڤ زانیوە و سروشتیان بە دایكی خۆیان داناوە ….

ئەزیزی من، من دەڵیم، كە ئەو ھەمووە ناونانە و ئەو ھەمووە پێناسە چەوتوچەوێڵانە بۆ شتێكی دروستكراو [ناسیونالیزم]، بۆ شتێك كە بێجگە لەبنێشتی ھەڵبزركاوی دەمی ڕامیاران و مەقاشی دەستی سەروەران، ھیچی دیكە نەبووە و نییە و تەنانەت ئیدئۆلۆگەكانی ناسیونالیزم بەخۆیان گیریان بەدەستییەوە خواردووە و ناتوانن لەسەر پێناسێك بۆی ڕێككەون و ھەر ڕۆژەی بەرگێكی بەبەردا دەكەن، وەك وتم ناسیونالیزم ئایدیۆلۆجیای سەروەری چینایەتییە و تەنیا بە مردنی لەو شوناسەی ڕزگاری دەبێت، ئیدی لەمە زیاتر دەتەوێت من كات بە چییەوە بكوژم، بە قسەكردن لەسەر ئەو ناو و شوناسانەی كە خودی ناسیونالیستەكان ناتوانن لەسەریان ڕێكبكەون؟

بەڕێزم، ئەگەر سەرنجیش بدەیت، دەبینی، كە ھەموو پیرۆزییەكان (ئایدیۆلۆجیاكان)ی سەرمایە ، بەتایبەت ئایین و ناسیونالیزم ، خەریكە مەرجەكانی بازارئازادی نیئۆلیبرالیزم، شەق لە پیرۆزییەكانیان ھەڵدەدات و بە ڕابوردوویان دەسپێنێرێت وخەریكە چەند شتێكی دیكە جێگەی ئەو مەقاشانە دەگرنەوە [ لە كاتێكی دیكەدا قسە لەسەر ئەوانەش دەكەم] … ئیتر نازانم ئەگەر خەریككردنی خەڵك نەبێت بە درۆیەكی پیرۆز [ناسیونالیزم]ەوە، ئەم ناونانە بێبنەما و دوور لە كەتوارانە، چی سەوز دەكەن؟

لە بەرامبەر گوتەكەی ھێگڵدا ئەوەندە بەسە بڵێین، ئەگەر دەسەلاتخوازان بەپێویستیان زانیوە خوا دروست بكەن، ئەوا ئێمەی قوربانی دەسەلات، دەبێت ئەو خوا دروستكراوەی ئەوان لەنێوبەرین و وڵات و نەتەوەش كە دەستكردی ئەو خوا دەستكردەن، سەرەنجامیان ھەر پووكانەوەیە و سنوورەكانیان تەنیا لە ھۆشی ئەوانەدا بوونیان ھەیە، كە نەیانتوانیوە خۆیان لە ڕابوردووی خێلەكی ڕزگار بكەن و سنووری پاوانەكانیان گەورەكردەوەتەوە و لەبری سەگ بۆ پاسەوانی، كۆمەڵێك مرۆڤیان بەناوی سەربازەوە دەبەنگ كردووە، بۆیە ئەركی ھەر مرۆڤێكی ئازادیخوازە كە پوچگەراییەكان [ئایین و ولات و نەتەوە]ی ئەو خودا دەستكردە لە ڕەوتی خۆھوشیاری تاكدا پوچەڵبكاتەوە!

لە بەرامبەر وتەكەی ‘ھۆبز’یشدا، كەتوارەكان ئەوەیان بۆ سەلماندووین، كە ئەو فیلۆسۆفانە، گیرۆدەی تەلیسمی شتگەلێكن [خوا و دەوڵەت و نەتەوە و نشیتمان]  و بێجگە لە پوچگەیایی لەو بارەوە، ھیچی دیكەیان بەرھەمنەھێناوە، ئەوەندە بەستە بڵێم ” لە كوێ دەوڵەت ھەبوو، لەوێ دادپەروەری كۆمەڵایەتی بوونی نییە، لەكوێ یاسای دەستكردی سەروەران ھەبوو، لەوێ ئازادی نییە.. بۆیە تكات لێدەكەم زۆر بە وردی بەراوردی ژیانی ئاژەڵەكانی نێو جەنگەڵ و ژیانی ئاژەڵە شارستانییەكە، بكە، بزانە ژیانی كامیان ھاوسۆزی و ھاودەری و ھاوژیاریی تێدایە و تێدا ماوە؟

من ھیچ سەرم لەوە سووڕ نامێنێت، كە ‘ھایدگەر’ ئاوا بڵێت، ئەگەر ئەو ئاوای نەگوتایە، ئەوا بە ئاسانی نەدەبوو بە مەقاشی دەستی ھیتلەر و نازیزم. من نازانم، تاكی كورد چ جوانییەك لە ھزری ھایدگەردا دەبینێتەوە، ئاوا شەیدای بووە و وەك دوعانووسەكان بۆ ھەموو دەردێك لەنێو ھەموو نوشتەیەكدا دەینووسن. من ئەوەندەی لە ناو كورددا لایەنگر و شەیدای ھایدگەر دەبینم، بڕواناكەم لەنێو ئاڵمانییەكاندا ئەوەندە دەروێس و سەوداسەری ھەبێت، بە بۆچوونی من، ئەمەش تەنیا بۆ تەشەكردنی بیری نازیزمە لەنێو تاكی كورددا بەتایبەت ھەرێمی كوردستان!

لە وەڵامی پێشووتری ئەم وەڵامەدا، وەڵامی ناوھێنانی شیوعییەكانم داوەتەوە، بەلامەوە سەیرە، تۆ بەو ناوەوە لەتەك مندا قسە دەكەیت، بۆ ناوی شیوعییەكان دەھێنیت، ئایا من پاگەندەی شیوعیبوونم كردووە؟ لە قسەكانمدا پشتم بە ھیچ بۆچوونێكی شیوعییەكان بەستووە؟ من تەنیا ئەوەندە لەم كارەی تۆ تێدەگەم، كە تۆ زۆر دژە-شیوعی بیت، بەڵام بەداخەوە ھەم دژایەتییەكەت و ھەم گێڕانەوەكانت لەمەڕ شیوعیەت، ئەوەی كە تۆ مەبەستتە [ماركسیزم]، لە تێگەییشتنی خۆتەوە نین لەمەڕ ماركسیزم، بەڵكو لە گێڕانەوەی خەڵكی دیكەوە وەرتگرتوون، بەداخەوەم بۆ ئەمە، خۆزگە لە ھەوڵی خۆتەوە، تێگەییشتنت لەسەر ماركسیزم وەرگرتایە، نەك لە دەمی نووسەری پەرتووكە ڕەشيكەوە! یا نووسەرانی لاساییكەرەوەی پەرتووكە ڕەشەكە.

بۆ برای من، پێتوایە لە ھەرێمی كوردستان، تاكی كورد بێڕێزی پێناكرێت، گرفتەكە لەوادایە كە تۆ سەرچاوەی ستەم لە گەلانی دیكە دەرك ناكەیت و دەوڵەت لە دەمی ‘ھایدگەر’ەوە بە ھەتووانی دەردی كوردان دەزانیت .. بۆ ئەوەی بزانی من چۆن و چەندە خەمی گەلانی ستەملێكراو دەخۆم، تكایە نووسینەكانی پێشترم بخوێنەرەوە، من تەنیا نوێنەری خۆمم و ئەگەر زۆر خوازیاری بیت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ھاوڕێ شیوعییەكانیشم ئەم قسەیەم دەسەلمێنن، ھەڵبەتە ھەر لە كۆن شیوعییەكانەوە [بۆیە ‘شیوعییەكان’م نووسیوە و ‘كۆمونیستەكان’م نەنووسیوە، بۆئەوەی نەكا باسەكە بەلاریدا بڕوات] بگرە تا كۆمونیستەكانی ئەمڕۆ، ئەوانیش وەڵامی خۆیان ھەیە.

ئینجا برای ئەزیزی من، تكا دەكەم، بەڵگە و نووسینەكانی ٢١ ساڵی پێشوو بخوێنەرەوە، بزانە ئەوانەی كە خەمی كچە ئەنفالكراوە فرۆشراوەكانی كوردستانیان بووە، كەسانی ئازادیخواز و ‘شیوعی’ بوون یا ئەو ناسیونالیستانەی كە تۆ دەوڵەتی ئەوان دەكەیتە ھەتووانی دەردان و ئەوانەی كە پێتوایە بە كایەكردن بەناوەكانی ناسیونالیزم، خەمی تاكی چەوساوەی كوردیانە؟

لەبەرئەوە تكات لێدەكەم، لە وەلامەكانی دیكەدا تەنیا وەلامی من بدەرەوە و واز لە ھاوڕێیانی ‘شیوعی’ بھێنە، چونكە من بۆم نییە بەناوی ئەوانەوە قسە بكەم و تەنیا نوێنەری خۆمم، ئەگەر ئەوان بەخۆیان سەرنجیان نووسی، ئەوا مافی خۆتە ناویان بھێنیت، بەڵام لەم بارەدا ناوھێنانەكانی تۆ تەنیا دەچنە خانەی كینەدۆزی بەرامبەر كۆمونیزم، وەك خۆت دەزانیت، كینەدۆزی توانای ڕەتكردنەوەی ئاوەزپەسەند و لۆجیكیانەی نییە!

بەڕێزم، تكا دەكەم، واز لەوە بھێنە، كە بڵێی لە كوردستان دەسەڵات و ناسیونالیزم بوونیان نییە، ئەگەر دەسەڵات نییە، ئەگەر یاسا نییە، ئەگەر سەروەری بۆرجوازی نییە، ئەگەر ناسیونالیزم بوونی نییە، دەی فەرموو تۆ بڕۆ كار بۆ بنیاتنانی ولات و دەوڵەت و یاسای خەونەكانت بدە، بڕۆ ھەر بۆ تاقیكردنەوە ئاڵای كوردستان [ئالای ناسیونالیزمی كورد] داگرە یا بسووتێنە، بزانە شەقی دەسەڵات چۆن بۆچوونەكانی منت بۆت دەسەلمێنێت، ئینجا بزانە ناسیونالیزم لە چ تەوژمێكدایە!

سەبارەت بە زمانی ستاندارد، ئەگەر بێتوو (پدك) ئەو زمانە نیوە ستانداردەی تۆ دەیلێت، لەتكردبێت، من دەستخۆشی لێدەكەم، لەبەرئەوەی نا، كە ڕكم لەو زمانەیە یا لە ئاخێوەرانی یا ئەوەی كە لایەنگری لە دەسەلات بكەم، بەڵكو لەبەرئەوەی كە من ئازادی خوێندن و نووسین و خوێندنەوە و بەڕێوەبردن بە زمانی دایكی ئەگەر تەنانەت یەك تاكەكەس لە دونیادا مابێت بەو زمانە قسە بكات، ئەوا مافی بێچەندوچوونییەتی، چونكە لای من مرۆڤ [وەك تاك] لە خودا و دەوڵەت و نەتەوە و نیشتمان و زمانی ساتندارد و ھەموو پوچگەراییەكانی دیكە بەنرخترە [بەنرختر نەك پیرۆزتر، چونكە ھەموو پیرۆزییەك بنەمایەكی پووچگەرایانەی ھەیە و شتێكی مردووە].

من ئەگەر ئەو قسەیەی ڕۆسۆ بكەم بە بنەما بۆ نەتەوەبوونی كورد [وەك خەڵكی ھۆرامان و كەلھوریستان و سۆرانستان و كرمانجساتان و زازاكیستان (ستان بە واتای زێد) ]، ئەوا نە زازاكی لە سۆرانی تێدەگات و نە سۆرانی لە ھورامی تێدەگات و نە سۆرانی لە كرمانجی و كەلھوڕی تێدەگات، كەواتە بۆچوونەكەی من لەمەڕ زمانی كوردی و پێداویستی دروستبوونی زمانی یەكگرتوو لە ھەموو زمانەكان، دروستە، كە ھەر یەكە لەوانە خاوەنی زمانی خۆیانن و ئەگەر زمان بنەمای نەتەوەبوونی كۆمەلێك بێت، ئەوا كەلھوڕەكان ھۆرامییەكان وسۆرانەكان و كرمانجەكان نەتەوەتی سەربەخۆن و لەو چوارچێوە جوگرافییەدا نەتەوەیەك بەناوی كورد بوونی نییە!

ئەگەر كورد لەلای تۆ بریتییە، لە كۆمەڵێك خێڵ، ئیدی تۆ لەپێناو چی خۆت ماندوو دەكەیت، دەتەوێت بە كوێ بگەیت. [ھەرچەندە من بەپێچەوانەی تۆوە دەڵێم ھەموو ناوچەكانی كوردستان بە قۆناخی خێڵایەتیدا نەڕۆیشتوون و ناتوانین بەخێڵەكییان بناسێێن، دەكرێت لە كوردستاندا پاشماوەی خێڵ مابێت، بەڵام ئەو پاشماوانەش ملكەچی سەروەری بۆجوازین و سەربازی پاراستنی دەوڵەتی بۆرجوازین و توانای ڕێگیرییكردنیان لە ھەوڵەكەی تۆ نییە ]. ئایا ئەو دەربڕینەی تۆ سەلمێنەری بۆچوونەكەی من نییە، كە دەڵیم، ھەستی ھاوچارەنووسی لەلای دانیشتوانی وڵاتنی داگیركراو، بەرامبەر دەسەلاتی داگیركەر، بواری بۆ قۆستنەوەی داوەتە  دەسەڵاتخوازان بۆ یەكێتیبەخشین بە دەمارگیرییە ناوچەییەكان لە یەكێتییەكی سەرتاسەری بەناوی نەتەوەوە و ڕەگداكوتانی ناسیونالیزم وەك ئایدیلۆجیاوە، دەوڵەت وەك سەروەری كەمایەتی مشەخۆڕ دامەزرێنن. لەبیرت نەجێت بۆ دامەزراندنی ئەو دەولەتە بەناو نەتەوەییە، تاكی نەدار و ژێردەستە دەبێتە سووتەمی [وەك لە بزاڤە چەكدارییەكاندا دیتمان] و دواتر ھەر ئەو دەوڵەتە وەك ئامرازی پاراستنی بەرژەوەندی كەمایەتی مشەخۆر، ھەموو ناڕەزایەتییەكانی قوربانیانی دروستكردن خۆی، سەركوتدەكاتەوە!

بەداخەوە ھەروەك مه‌ریوان وریا، ئاراس فه‌تاح، به‌ختیار عه‌لی، ڕێبین هه‌ردی لە شاكارە ڕامیارییەكەیان “نیگایەك لە ئێستا و خەونێك بۆ سبەی”دا كەوتوونەتە داھێنانی نوێ گۆڕینی ناوی خاوەنكار و سەرمایەدار بە “بەڕێوەبەرانی كاروبارە ئابوورییەكان”، تۆش دەتەوێت ناوی كرێكار و جوتیار و زەحمەتكیش و چەوساوە بگۆڕیت، باشە من ئەم پیشنیارەت بۆ دەكەم، تاوەكو كەمێك كینەدۆزیت بەرامبەر ھزری سۆشیالیستی ھێوەر بێتەوە؛ لەمەولا لەبری كرێكار دەنووسم (بەرھەمھێنەر، زەحمەتكێش، ڕەنجدەر ) ھەروا لە بری بۆرجوا دەنووسم (بەرھەمدز و مشەخۆر، ڕەنجخۆر) و لەبری سەرمایەدار دەنووسم (تلاگەری سامانی كۆمەڵگە)، لەبری ناسیونالیزم دەنووسم (مەزھەبی ھاوچەرخ) ، لەبری دەوڵەت دەنووسم (كوتەكی دەستی سەرمایەداران) من لەمە زیاتر ناتوانم ئەو ناوانە لە كوردیبووندا پەتی بكەمەوە و لەمەش زیاتر ناتوانم خاتری بگرم!!!

بەڕێزم، تاكی كورد ئەو ھوشیارییەی تۆ دەتەوێت و خەونی پێوەدەبینیت، بۆیە نییەتی چونكە پێویستی نییە، چونكە لە ھەرێمی كوردستاندا ئەوە دەسەڵاتی بۆرجوازی ھاونەتەوە و [ناسیونالیستەكان واتەنی] ھاوخوێنییەتی، كە خوێنی دەمژێت و خەونەكانی دەكوژێت و بێرێزی بە مرۆڤبوونی دەكات،  ویستی پێشێل دەكات و خواستەكانی زیندانی دەكات. تاكی كورد خەریكە ھوشیاری چینایەتی لەلا دروستدەبێت، ھوشیاری و بیری ئازادیخوازی لە لای سەرلھەڵدەدات. ئەمەش نە ھاوردەی كەسێكی كەیە و نە ئافەرێنراوی ئەناركیستەكان و كۆمونیستەكان، بەڵكو خۆبەخۆ بەرھەمی كاردانەوەیە بەڕووی كار و كردەوەی بۆرجواكاندا كە لەژێر دێوجامەی نەتەوەدا تاكی زەحمەتكێش بەكوشتندەدا و پاش سەركەوتنی و بەدەسەڵاتبوونی، بەرھەمی خوێنی قوربانییەكانی ئازادی نەتەوە و ڕزگاری نیشتمان دەكاتە سەرمایە و ڕامیاران و ڕۆشنبیرانی مشەخۆری ناسیونالیست-ئەندێشی پێ بەختەوەر دەكات.

بەڵێ، ئەمە ئەو مەترسییە بوو، كە نووسەرانی ڕەھەند و پاشرەوانی ئەوان و جێگرەوەكانیان، بەپێی ژیان و ئەزموونیان لە ئەوروپا و ئەمەریكا، زوو ھەستییان پێكرد و كەوتنە خۆ و دەستیان بە ناووناتۆرە داتاشین بۆ ناسیونالیزم و میكیاجكردنەوەی كرد و و كەوتنە پاگەندەی ئەوەی كە ئەو پارتانە و سەرانیان ناسیونالیست نەبوون و ناسیونالیزم فریشتەیەكە، ھێشتا لە ئاسمانەوە خوا بۆی نەناردووین و تەشریفی نەھێناوەتە كوردسان!

بەداخەوە، تۆ نەتوانیوە بەر بە حەزی سۆرانیخوازیی خۆت و ھەراسانیت بەرامبەر داخوازی ڕەوای ھۆرامییەكانیش بۆ خوێندن بە زمانی دایكییان و بەكاربردنی زمانەكەیان لە كارگێڕیی سەربەخۆی خۆیاندا، بگریت و پاش كۆمونیستەكان، پەلامارێكیشت لە ئەوانیش داوە. ئەزیزم، ھۆرامییەكان [نەك ھەورامییەكان، چونكە ناو وەرناگێڕدرێت]، داوای سەرەتاییترین و مرۆیانەترین و ڕەواترین مافی خۆیان دەكەن، ئەویش خوێندن و نووسین و بەكاربردنی زمانەكەیانە لە كارگێرییەدا وەك زمانی دایك، وابزانم مرۆڤی ناناسیونالیست و ئازادیخواز زۆر بە ئاسانی دەركی ئەو مافە ڕەوایە دەكات.. ئایا تۆ دەتوانی بە خوێنەرت بلێیت بۆ سۆرانیزمانەكان و كرمانزانەكان ئەو مافەیان ھەیە، بۆ كەلھوڕی و ھۆرامی و زازاكی ئەو مافەیان نەبێت؟ ئەزیزی من، ئەوەی تۆ بە زمانی ستانداردی دەزانیت، تەنیا خەونێكی لوتبەرزانەی ناسیونالیزمی سۆرانییە و بەس، كە دەسەلات و بەرتەری ناوچەیەك لە پێش ماف و ئازادی و ویستی تاكەكان ناوچەكانی دیكە و تەنانەت لە بوارەكانی دیكەشدا لە سەرووی ویست و ئارزووی تاكە سۆرانییەكانیشەوە دادەنێت!

من نازانم، ئەوانەی كە پاگەندەی بێگەردبوونی ناسیونالیزم دەكەن و دەوڵەتانی خۆراوا و دەزگەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی خۆراوا بە ئایدیال دەزانن و دەبینن كە ئەو دەوڵەتانە و”ناسیونالیزمە سڤیلی” لەژێر فشاری ھوشیاری تاكی خۆراوا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكاندا ملیان بە داخوازی خوێندن و ڕیزگرتن لە زمانی دایك وەك مافی سەرەتایی داوە، ئەدی بۆچی كە پرسەكە دێتە سەر پرسی خوێندن بە زمانی دایك، “ناسیونالیزمە سڤیلییە فریشتەكەتان” دەبێتە شمشێری دوودەمی ‘ ئیمام عەلی’ و سەری ھەر كەسێك كە خوازیاری خوێندن بە زمانی دایك بێت، دەپەرینێت و بە نۆكەری بێگانە تاوانباری دەكات؟ ئایا ئەمە ڕامیاریی ”بانێك و دوو ھەوا” نییە؟

بەبۆچوونی من ئەگەر ھەموو كوردان یەك نەتەوەن و ئەركی یەكسانیان ھەبێت، ئەوا پێویستە و دەبێت لە مافیشدا یەكسانی بن و لە بەڕێوەبەرایەتی و بەركەوتنی سامانی نەتەوەییدا ھاوبەش و وەك یەك بن! ئازیزم، بە ویژدانت گوندەكانی ناوچەی ھۆرامان، كە لە سەردەمی باركردنی گوندەكاندا یەكەمین زیانمەند بوون و لە وێرانكاریی جەنگی عیراق-ئێراندا زۆرترین زیانیان بەركەوت و لە شەڕی كوردایەتیشدا گەورەترین باجیان دا و لە جەنگی ئیسلامییەكانیشدا قوربانی یەكەم بوون، بەڵام لە ئاوەدانكردنەوە و بۆژانەوە و دەستگیرۆییكردندا، ھێندەی پارتە ئیسلامییەكانی سیخوڕی سعودیە و ئێران و پارتە توركمانی سیخوڕی توركیە و ھێندەی كۆنە بەعسییەكان و سەرۆكخێڵە خۆفرۆشەكان، لە داھاتی كوردستان و بەرەوبوومی بەھرەمەند نەبوون؟  ئەدی بۆ ھستی نەتەوایەتی “ناسیونال سڤیلیستەكان” نابزوێت و لەو بارەوە نقەیان لێوە نایێت؟

لە كۆتاییدا منیش ھەم خوازیار و خۆزگەخوازی بەشداری ئازیزانی دیكەم و ھەم بەرەوپێشچوونی گفوتوگۆكەی ئێمە، بەبێ پەلاماری كەسی یا كەسانی دیكە.. ھەر تەندروست بژیت.

ئەگەر یەكزمانی و تێگەییشتنی تاكەكان لەیەك بنەمای نەتەوەبوونی كۆمەڵە خەڵكێك بێت، ئەوا نەتەوەیەك بەناوی كورد بوونی نییە!

بەبۆچوونی من ئەگەر ھەموو كوردان یەك نەتەوەن و ئەركی یەكسانیان ھەبێت، ئەوا پێویستە و دەبێت لە مافیشدا یەكسانی بن و لە بەڕێوەبەرایەتی و بەركەوتنی سامانی نەتەوەییدا ھاوبەش و وەك یەك بن! ئازیزم، بە ویژدانت گوندەكانی ناوچەی ھۆرامان، كە لە سەردەمی باركردنی گوندەكاندا یەكەمین زیانمەند بوون و لە وێرانكاریی جەنگی عیراق-ئێراندا زۆرترین زیانیان بەركەوت و لە شەڕی كوردایەتیشدا گەورەترین باجیان دا و لە جەنگی ئیسلامییەكانیشدا قوربانی یەكەم بوون، بەڵام لە ئاوەدانكردنەوە و بۆژانەوە و دەستگیرۆییكردندا، ھێندەی پارتە ئیسلامییەكانی سیخوڕی سعودیە و ئێران و پارتە توركمانی سیخوڕی توركیە و ھێندەی كۆنە بەعسییەكان و سەرۆكخێڵە خۆفرۆشەكان، لە داھاتی كوردستان و بەرەوبوومی بەھرەمەند بوون؟  ئەدی بۆ ھستی نەتەوایەتی “ناسیونال سڤیلیستەكان” نابزوێت و لەو بارەوە نقەیان لێوە نایێت؟

لە كۆتاییدا منیش ھەم خوازیار و خۆزگەخوازی بەشداری ئازیزانی دیكەم و ھەم بەرەوپێشچوونی گفوتوگۆكەی ئێمە، بەبێ پەلاماری كەسی یا كەسانی دیكە.. ھەر تەندروست بژیت.

**********************

خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە

https://www.facebook.com/hezheen/posts/536814296335603

كۆمونیزم و ئامارەكانی نێو پەرتووكە ڕەشەكە ( (The Black Book of Communism

كۆمونیزم و ئامارەكانی نێو پەرتووكە ڕەشەكە ( (The Black Book of Communism

بەڕێزم، نازانم بۆ تۆ كۆمونیزم و كوشتاری دەسەلاتی بۆلەشەڤیكەكان و دەوڵەتە ھاوپەیمانەكانی بەناوی سۆشیالیزمەوە و سووكایەتی بەژنان لە زمانی كوردیدا و وەلامی سەرنجەكەی منت تێكەڵكردووە. نازانم تۆ ئاگاداربیت یا نا، من كەسێكی ئەناركیستم و تا سەر مۆخی ئێسقان دژی ھەموو دەوڵەتێكم، بەو دەوڵەتانەشەوە كە بەناوی سۆشیالیزم و كۆمونیزمەوە ئازادیخوازانیان سەركوت كرد. بەڵام ناتوانم وەك تۆ بەئاسانی بڵێم، ئەوەی لە پەرتووكە ڕەشەكەدا ھاتووە، وایە و گومان ھەڵناگرێت.

دەكرێت كۆمونیزم و ئەناركییەكەی منیش، تەنیا خەیالێكی خۆش بن و قەت نەیێنەدی، بەڵام ھیچ كات دونیا پێچەوانەكەی ئەوانیش، بەھەشتی ئاشتی و ژیان و ئازادی نییە، وەك تۆ پاگەندەی بۆ دەكەیت. چونكە ژنسووتاندن لەسەر دەستی پێشینانی دەسەڵاتی چینایەتی كە كەنیسەیە ئەنجامدراوە و ژنكوشتنیش لەسەر دەستی پێشەنگانی ناسیونالیزم ‘ھیتلەر’ و مۆسۆلۆنی’ و جەنەڕاڵ فرانكۆ’ گەییشتووەتە لوتكە. بەڵام بەداخەوە بەھۆی پەردەپۆشی ئەو تاوانانە و بێدەنگەكردن لێیان، ھەژماری قوربانیانی ناسیونالیزم تا ئێستا نەزانراوە و نزیكترینیان ھەژماری قوربانیانی ئەنفال و كیمیابارانی ھەڵەبجەیە، كە قوربانی دەستی سەدامی عروبەن [ناسیونالیزمی عەرەب، خۆ بڕواناكەم بڵێی ئەویش ناسیونالیست نەبووە]، كەچی پاش ٢١ ساڵ لە فەرمانڕەوایی بۆرجوازی كورد و سەركەوتنی پارتە ناسیونالیونالیستەكانی كورد، ھێشتا نەزانراو ماوەتەوە و كراوە بە مەتەڵی نێو دادگە سیناریۆكانی دێمۆكراسی ھاوردەی دەم مووشەكە ژیرەكانی ئەمەریكا.

من نازانم چۆن وەلام بدەمەوە، چونكە لەوەدەچێت، ھەر لەبەرئەوەی كە نووسەری ئەو پەرتووكە ( (The Black Book of Communism ، دژەكۆمونیستە، ئیتر بێچەندوچوون متمانەی خۆتی بدەیتێ. بەڵام من ئەگەر دانیشم جەنگەكانی پارتە ناسیونالیست و میلیشیا و دەوڵەتەكان و جەنگە جیھانییەكان و جەنگە ناوخۆییەكان ھەژمار بكەم، ئەوا بەلایەنی كەمەوە چەند ھەفتەم بۆ ھەژماكردن و ھێنانەوەی ئامارەكان و لیستكردنی ناوی ھەڵگێرسێنەران و ..تد پێویست دەبێت. من دەزانم كە لەژێر دەسەڵاتی قەرەقوشی پارتە كۆمونیستەكاندا سەدان ھەزار دوورخراوە و زیندانی و كوژراو ھەبوون، بەڵام لەوەش دڵنیام، كە زۆرینەیان كەسانی ئازادیخواز و یەكسانیخوازبوون نەك بۆرجوازیخواز و سەوداسەری دێمكراسی مشەخۆران، چونكە نەیارانی پڕۆ ئەمەریكا و ئەوروپای ئەو وڵاتانە، لە دەرەوەی بلۆكەكەی ڕوسیاوە بوون، ئەوانەی كە لەژێر دیكتاتۆری ئەو پارتانەدا دەیاننالاند خوازیاری بەردەوامیدان بە شۆرشی سۆشیالیستی بوون، نەك ھەواداری خۆراوای سەرمایەداری.

ئەو ھەژمارەی كە لە پەرتووكە ڕەشەكەدا ھاتووە، ھەموو ئەوانەشی تێدایە، كە بەدەستی نازییەكان كوژراون و ئەوانەش بەھۆی نەبوونی و برسییەتییەوە مردوون و ئەوانەش كە لەلایەن لەشكری سپییەوە تیرۆر و ڕەشەكوژی كراون. بەڵام با قسەیەكیش بۆ دزبكەین، كە ژنان بێجگە لە كۆیلەبوونیان وەك پیاوان لەو سیستەمەدا وەك سەرتاسەری دونیا و بەھەشتە دێوجامییەكی ئەوروپا، ھێشتا لەچاو ژنانی خۆراوا ئازادتر و یەكسانتر بوون. ژنان لەو وڵاتانەدا ھەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو سیستەمەدا لەو وڵاتەكەیاندا، كرێی یەكسان و مافی جیابوونەوە و كاركردن و بەتەنیا ژیان و زۆر شتی دیكەیان ھەبوو، بەڵام ئایا دەزانیت، كە لە وڵاتێكی وەك ئاڵمانیای لانكەی ناسیونالیزمدا، ژنان تا سەرەتای حەفتاكانی سەدەی رابوردوو مافی كاركردن بەبێ پرسی پیاوانیان نەبووە و پیاوەكانیان توانیویانە بەبێ ئاگاداری ژنەكان بچنە لای خاوەنكاری ژنەكەیان و دەستبەجێ كۆتایی بە پەیمانی كارەكە بھێنن؟ ئایا دەزانیت ھەر لەم ساتەدا من ئەم دێرانە دەنووسم ھەر لەو وڵاتەدا ژنان لە چاو ھاوكارە پیاوەكانیان لە ھەمان كاری وەك یەكدا، ٧٥% مووچە وەردەگرن؟ ئایا دەزانی ھەر لەو وڵاتەی كە تۆ تێیدا دەژیت، مووچەی ژنان لە ھەمان كاری یەكساندا لە چاو پیاوان یەكسان نییە؟ ئیتر نازانم ئەو بەھایانە كامانە بوون، كە ناسیونالیزم و سەرمایەداری بۆ مرۆڤی گێراونەتەوە. من لێرەدا ناچمە سەر ئەوەی كە خودی ئەو ولاتانەی كە پەرتووكە ڕەشە كردوونی بە ھێمای دۆزەخ، ھیچ نەبوون بێجگە لە دەسەڵاتی ناسیونالیستیكی تەواو و لاساییكردنەوەی خەونەكانی خۆراوابوون.

برای من، ئایا لە خۆتت پرسیوە، كە نووسەری ئەو پەرتووكە، تا سەرەتای ھەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو كەسێكی ‘مائۆئیست’ بووە و تا نزیكەی كۆتایی ھەشتاكانی سەدەی رابوردوو یەكێك بووە لە دەسەندكارانی گۆڤاری كۆمونیزم و ئەگەر تا كۆتایی تەمەنی نەگریسی ئیمپراتۆری ڕوسیای بۆلشەڤیكی و بلۆكەكەی سەر بە ئەو، داكۆكیكەر و پاساودەری بەشێك لەو تاوانانە [دەلێم بەشێكی، چونكە سێبەشی درۆ و ساختەن و قوربانیانی دەستی ھێڕشەكانی لەشكری سپی و ئابلۆقەی ئابووری و ھێڕشەكانی خۆراوابوون] نەبووبێت، كە خۆی لە پەرتووكەكەیدا ڕیزی كردوون، ئەوا تا سەردەمی دەسەندكاری گۆڤارەكەیان، بە ھەموو شێوەیەك پشتیوانی لەو تاوانانە، كردووە. ئیتر بازانم، كەسی ئاوا چۆن متمانە بە سەرچاوە و بەڵگەكانی دەكرێت. كەسێك كە بەبێ داوایلێبوردن و ڕدخنەگرتن لە ڕابوردووی خۆی لە شەو و ڕۆژێكدا لە پشتیوانیكەر و پاساودەری دەسەڵاتی ڕەشی ئەو پارتانەوە ببێتە ئاشكراكەر و سەركۆنەكەری ئەو تاوانانە، ئیدی ئەگەر خوێنەرێك ئەگەر ھوشیاربێت، چۆن دەتوانێت بە ئاسانی و بەبێ سەرنج و لێكۆڵینەوە، مۆری ڕەوایەتی و ڕاستبوون لەو ئامارانە بدات؟

من دەتوانم، ئەوە تێبگەم، كە كەسانی [دژ نەك ڕەخنەگر] بۆ ئامانجی كەسیی خۆیان پەنا بۆ ھەزار سەرچاوەی پڕ زێدەڕۆیی دەبەن، بەڵام كەسانێك كە بەدوای ڕاستی و لێكۆڵینەوەی مێژوودا دەگەرێن، سەرچاوەی بڕیاردانیان تەنیا لایەنی دژایەتیگەر نییە، بەلكو پەنا بۆ بەراوردی سەرچاوەی پشتیوانگەر و سەرچاوەی دژایەتگەر دەبات، بۆ ئەوەی ستەم لە قوربانییەكانی ئەو سەردەمە نەكاتەوە و ھێندەی بكوژان مێژوو نەشێوێنێت. ئەمەیە ئەركی نووسەری ئازادیخواز و دادپەروەریخواز، ئەمەش تەنیا بە سەربەخۆیی ھزریی و خۆھوشیاریی نووسەر ھەیە.

**********************

خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە

https://www.facebook.com/hezheen/posts/536814296335603

ناسیونالیزم وەك كۆڵەكەی دەسەلات

بەڕێزم، كاك نەژاد، تۆ لە بەشی دووەمی وەڵاكەتدا داوای بەڵگە لە ئێمە دەكەیت، من ئەم داواكردنە وەك ئەوە دێتەپیشچاوم، كە كەسێك لەبەردەم ڕەشەبادا وەستابێت و بە توندی خەریكی ھەناسەھەڵكێشان بێت، كەچی داوا لە دەوروبەرەكەی بكات و بلێت، وەرن بوونی ھەوام بۆ بسەلمێنن. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە، كە بڵێم، تۆ نازانیت، بەڵكو دەمەوێت بڵێم، كە تۆ بەمەبەستەوە دەتەوێت نكۆڵی لەبوونی ناسیونالیزم لە كوردستاندا بكەیت، چونكە نۆژەنكردنەوەی ناسیونالیزم لە بەرگێكی دیكە و لەژێر ناوێكی دیكەدا، پێداویستی ژیانییە بۆ مانەوەی دەسەلات و بەبێ زاڵی ھەست و دەمارگیری ناسیونالیستی، ورەی جەنگین بۆ سەرمایە و ترس لە ھەرەشەی دەرەكی، لە ناخی تاكی ناھوشیار و خۆشباوەڕدا  دروست نابێت.

پاشان تۆ پرسیار لە نەبوونی “ناسیونالیزمی سڤیل و زانستی” دەكەیت، من لە بەشی پێشوودا بەپێی توانانی خۆم، وەڵامی سڤیلییەكەیم دایەوە، وا خەریكم لێرەدا قسە لەسەر “زانستی”یەكەی بكەم. من تێناگەم مەبەست لە “ناسیونالیزمی زانستی” چییە؛ ئایا دروستكراوێكی تاقیگەییە یا بیردۆزێكی زانستی؟ خۆ ئەگەر ناسیونالیزم بوونەوەر بووایە یا توخمێكی كیمیایی، ئەوا دەكرا، بڕوا بەخۆمان بھێنین، كە زانستییە، بەڵام بەداخەوە، ھیچكامیان نییە و ناسیونالیزم وەك ڕەوتی سروشتی گەشەی دەمارگیری خێلایەتی و گەورەبوونەوەی بەرەو ملكەچی بۆ ھۆز و دواتر نەتەوەپەرستی، وەك بەرھەمی ناھوشیاری تاك، تەنیا ڕك و كینە و دەمارگیرییە، بەڵام وەك بابەتێكی تیئۆریزەكراو بەھوشیارییەوە لەلایەن دەستەبژێری دەسەڵاتخواز (ئیدئۆلۆگەكانی دەوڵەت)ەوە، وەك یەكێك لە ئایدیۆلۆجیاكانی سەروەری چینایەتی، كە پێداویستی درێژەدان و مانەوەی ئەو سەروەرییە، بە ناچاری جێگەی ئایینی سەردەمی ئیمپراتۆركانی گرتووەتەوە و ئەو بۆشاییەی پڕكردووەتەوە، كە خەریكبوو لە پاساوەكانی بوون و پێداویستی سەروەریدا، بە لاوازبوونی ڕۆڵی ئایین و كزبوونی لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و كایە كولتوورییەكاندا، دروست دەبوو.

لە ولاتانی داگیركەردا ناسیونالیزم وەك راگری پێكھاتەی چینایەتی و ھیرارشیانەی كۆمەڵگە، كە بە داتەپین و ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆرییەكان، ڕووی لە تیاچوون بوو، خۆی وەك ئایدیۆلۆجی دەولەت-نەتەوە پێشنیار دەكات، تاوەكو لایەنی كەم، زێدی سەرەكی ئیمپراتۆری بپارێزێ و لەو وڵاتانەشدا كە داگیركراوبوون، بە سووژەوەرگرتن لە ناسیونالیزمی داگیركەر، وەك ئەزموونگیری چینایەتی، بێ سێ و دوو بەرھەڵستكاران دەكەونە لاسایی ھەمان ھەنگاوی چینایەتی ھاوچینەكانیان. [بە بێڕێزی تێمەگەن] ناسیونالیزم وەك دارێكە و ھەردوو سەرەكەی ھەر …. وە، ئەگەر داگیر بكات، ھەر خۆی بەرھەمدەھێنیتەوە، ئەگەر داگیربكرێت، ھەر بەرھەمدێتەوە.

ئەگەر لەم بارەدا مەبەستی تۆ لە زانستیبوون، ئەوە بێت، ئەم ئایدیۆلۆجیایە بیری لێكراوەتەوە و ئاگاھانە ئاراستەكراوە، ئەوا منیش دەڵێم، بەڵێ، ناسیونالیزم وەك درێژە و گەشەی دەمارگیری خێلایەتی و ناوچەیی و ھەرێمی لە ناھوشیاری تاكی ژێردەستەدا، ھیچ بیركردنەوە و توێژینەوەیەكی لەلایەن تاكە ناھوشیارەكانەوە كە ھەردەم لە ھەموو قۆناخەكاندا، قوربانیان لەپێناویدا داوە، ئەنجام نەدراوە، بەڵام تا ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر، ئاراستەگەرانی ناسیونالیزم وەك ئایدیۆلۆجیای ھاوچەرخی دەسەلات، بێگۆمان ھەزاران ئیدئۆلۆگ لە ماوەی سێ سەد ساڵی ڕابوردوودا لێكۆڵینەوە و توێژینەوە و ھەڵسەنگاندنیان لەبارەیەوە كردووە و ڕەھەندەكانیان دیاریكردووە و بەردەواوم وەك گروپەكەی گۆڤاری ڕەھەند خەریكی پەڕوپینەی بوون و لە سەرھەڵدانی یەكەمین دەوڵەتی نەتەوەییەوە تا ھەنووكە، بەردەوام ئەزموونگەری لەسەر دەكرێت و كەرەستەكانی ئەو ئەزموونگەرییانە، قوبانیبوونی ملیۆنان تاكی ناھوشیاربوون لەپێناو تۆكمەكردنی دەسەڵاتی چینایەتیدا.

بەڕێزت لە بەشێكی دیكەی وەڵامەكەتدا دەلێیت ” ناسیۆنالیزمی دایاسپۆرای(تاراوگەی) کوردیی …، … بەشێکێشی بۆ کەللەوشکیی و حیقدێکی کوێرانەی ناسیونالیستیی …. ، … دروستتر ناسیۆنالیزمی تاراوگەی کوردیی زیاتر لە زینەفۆبیاوە xenophobia( بە مانیفێستکردنی ترس) نزیکترە تا لەچەمکە فڕانسییەکەوە کە بە شۆفینیزم chauvinism، یان لە چەمکە ئینگلیزییەکەشەوە، جینگۆییزم jingoism ناسراون”

ئەمە بۆ من زۆر سەرنجراكێشە، چونكە بەبۆچوونی ئەوە نەزانی تاكی تەرەبووی كورد نییە، كە لە تاراوگەدا ناسیونالیزم بەو جۆرە بەرھەمدەھینێت، بەڵكو یەكەم ئەوە كارایی و كاركردی پارت و گروپە ناسیونالیستەكانی كورد لە (پاسۆك)ەوە تا (پكك)یە. دووەم، ئەوە كاردانەوەیە بەرامبەر كاری [بە گوتەی خۆت] “ناسیونالیزمی سڤێلی”، كە ھیچ مرۆڤێك بەبێ شوناسنامەی ناسیونالیستی قبولناكات و ناچار بە وەرگرتنی ئەو شوناسەی دەكات. ئەمەی من دەیڵێم، بۆ ھەر تاكێكی ھوشیار، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان لە ئەوروپا و ئەمەریكا و ئوسترالیا ژیابێت، بەكردەوە ئەمەی ئەزموونكردووە، كە لە یەكەم پرسیار و یەكەم وانەی فێربوونی زمان و لە یەكەم ڕۆژی كاركردندا داوای ئەم شوناسەت لێدەكەن و ھەروەھا ئەوە بەرەنجامی پلەدووبەخشینی “ناسیونالیزمی سڤیلی” ئەوروپایە بە كۆچەران و پەنابەران، بەوەی كە ناچار بە گۆشەگیری و كەنارنشینی كۆمەڵگە و تەریككەوتنەوە و دواجار ھەستكردن بە ترس لە تێكەڵاوبوون و ھەستكردن بەترس لە تیاچوونی كولتوور و شوناسی، تووشی ترس لە بێگانە (xenophobia) یان دەكات.  بە واتایەكی دیكە (كسینۆفۆبیا/ ترس لە بێگانە) لە ناخی كۆچەران و پەنابەراندا، دیاردەیەكی ھاوردەی دەرەكی نییە، كە كۆچەر لەتەك خۆیدا ھاوردبێتی، بەڵكو ترسێكە كە لە مامەڵەی ناسیونالیزمی سڤیلیدا، بەسەریدا زاڵ دەبێت و كاتێكیش كە بگەڕێتەوە، ئەو وڵاتەی كە لێوەی ھاتووە، بەداخەوە ئەو ترسە بەری نادات و بەردەوام خۆی بە بێگانە دەبینێت.

برای ئەزیزم، تێكەڵكردنی ئەم چەمكانە، ھیچ پاساوێك بۆ ناسیونالیزم و ڕەوایەتی دەستەبەر ناكەن، بەلكو تاوەكو پرسەكە فرەتر شی بكەیتەوە، فرەتر دژەمرۆییبوونی ناسیونالیزم لە ھەموو ئاست و پلەكانیدا دەردەكەوێت. بەكورتی ناسیونالیزم وەك مەزھەبێكی ھاوچەرخ و دونیایی سووڕی خۆی تەواوكردووە و لەتەك گیانەلای خۆیدا بۆ مرۆڤایەتی، بێجگە لە تاوان و توندوتیژی ھیچی دیكە بەرھەمناھێنێتەوە. بەڵام بۆ دەسەڵات و پاراستنی سەروەری چینایەتی، بە ھەموو بارێكدا چ راسیزم بەھێزبێت یا شۆڤێنیزم، چ ترس لە بێگانە لە خەڵكی ولاتاندا دروست بكات یا لە خەڵكانی پەناھاوەردا ترس بچێنێت، سەرەنجام یەك ھێز براوەیە و یەك بەرە دۆراوە، ئەویش براوەیی ھێزی سەرمایە و دۆراوی بەرەی چەوساوانە.

**********************

خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە

https://www.facebook.com/hezheen/posts/536814296335603

ناسیونالیزم، پەرەسەندنی خێلگەراییە

ناسیونالیزم، پەرەسەندنی خێلگەراییە

بەڕێزم، كاك نەژاد، نازانم لەسەر كام بنەما و بەكام پێوەر، دەتەوێت پاگەندەی ئەوە بكەی، كە شتێك بەناوی ناسیونالیزمی كوردی بوونی نییە؟

بەپێچەوانەی بۆچوونی تۆوە، بەبۆچوونی من، ئازادیخوازانی [دژەدەسەڵات و یەكسانیخوازەكان]ی كورد لە بیستەكانی سەدەی ڕابوردووەوە تا ئەمڕۆ، یا خۆیان بەجۆرێك خۆشباوەڕییان بەرامبەر ناسیونالیزم ھەبووە یا لەژێر كارایی ئایدۆلۆجی ڕزگاری نیشتمانی بۆلشەڤیكی و مائۆئیستی و ھۆشی مینە و ‘كێم ئیڵ سۆنگ’یدا خاتری ناسیونالیزمیان گرتووە و لەسەر ئامانجی بۆرجوازی تازەپێگرتووی كورد [لەو سەردەمەدا تازەپێگرتوو بووە نەك ئێستا] وەك چینێكی دەسەڵاتخواز لەژێر ناوی نەتەوە و بەپشتبەستن بە ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی، شیكردنەوە و خستنەڕوویان نەكردووە. ئەگەر ئەو نەوەیە لە ئازادیخوازانی كورد، بە رادیكاڵبوونی ڕادیكالیبوونی ئازادیخوازانی ئەوروپای خۆراوایی ڕەخنەیان لە بزووتنەوەی ناسیونالیستی كورد بگرتایە، ئەوا ھەنووكە تاكی كورد لە كایەی دەوڵەتی كوردی و پان-كوردستانی و پڕۆ-ئەمەریكاییدا، ئەوەندە دەستەمۆ و خۆشباوەڕ نەدەبوو.

بەڕێزم، تۆ دەڵێت “ئەوەی تورك و فارس و عەرەب ڕایسیزمە نەكـ ناسیونالیزم” …

من نازانم تۆ چەندە بە پەیگیری (جدیەت)وە دەچیتە پشتی ئەم بۆچوونە، بەڵام ئەوەی سروشتی سەرھەڵدانی ناسیونالیزم وەك ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتی (دەوڵەتی سەراپاگیر) بناسێت، بەدڵنیاییەوە ئەوە دەرك دەكات، كە ناسیونالیزمی پەرەسەندوو بەپێی بەرژەوەندییەكانی دەوڵەت، ھەر ڕۆژەو یەكێك لە كاژەكانی فڕێدەدات. خۆ بڕوا ناكەم گومانت لە ناسیونالستبوونی ھیتلەر و مۆسۆلۆنی و جەنەڕاڵ فرانكۆ ھەبێت، كە ھەر ئەو ناسیونالیزمە بوو، بەناچاری ئەو كاژەی فریدا و بەپێی ھاوسەنگی ھێزی نێوان بلۆكە جیھانییەكان و مسۆگەركردنی بەرژوەندەی براوەكانی جەنگ، كاژێكی نەرمتری پۆشی، كە تۆ بە ناسیونالیزمی سڤیلی ناوی دەبەیت و ھەر ئەو ناسیونالیزمە ئارامگرتووە، لە سەرەتای نەوەدەكاندا، كە بە ڕوخانی بلۆكی ڕوسیای بۆلشەڤیكی ھاوسەنگی جیھانی بە قازانجی ئازادكردنی لغاوی كۆمپانییە جیھانخۆرەكان تێكدەچێت و پێداویستی كاژگۆڕینی ناسیونالیزم بەپێی سەردەمی تازە دێتەپێشەوە و ئیدئۆلۆگەكانی دەسەڵات، لەژێرەوە بە پشتیوانی مادی و لەسەرەوە بە پشتیوانی تیئۆری و میدیایی  ھاندانی گروپە ناسیونالیستەكان، ئەم جارە لەبری پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ، سەنگەری جەنگ بەرەو كوشتاركردنی كرێكاران كۆچەر و پەنابەران دەگوێزنەوە. ھەر ئەوەی كە ئەوڕۆكە لە كوردستان ناسیونالیزمی بەرھەڵستكار و پاگەندەكەری دۆستایەتی گەلانی ناوچەكەی دەھەی ھەشتای سەدەی رابوردوو، بەپێی پێداویستی وەڵامدانەوە بەنیازەكانی دەسەلات، وەك دەبینین، بەرەو شۆڤێنیزم و ڕاسیسزم پەرەی سەندووە و ملدەنێت.

من بە پێچەوانەی تێگەییشتنی تۆوە، نەتەوەپەرستی (ناسیونالیزم) لە بەرزترین لوتكە و پەرەسەندنیدا سەری لە شۆڤێنیزمەوە دەردەچێت وەك ئیتالیا و ئاڵمانیای دەھەی سی سەدەی رابوردوو و نیشتمانپەروەریی گەشەكردوو سەری لە راسیزمەوە دەردەچێت وەك سەرجەم ولاتانی ئەوروپای خۆراوایی و ئەمەریكا و ئوسترالیا و كەنەدا. ئەزیزم، ئەمانە بەرئەنجامی داوەری و حەزی من یا كەسانی دژە-ناسیونالیزم نییە، بەڵكو دراوی دەركەوتەی نێو كەتواری كۆمەڵگە پەرەسەندوو و ھەروا پاشڕەوەكانە لە سەرتاسەری دونیادا.

بە بڕوای من ناسیونالیزم بێجگە لە دەمارگیریی ھیچی دیكە نییە، ئیتر نازانم ئەرێنی ئەم نەھامەتییە لەكوێدایە، تاوەكو پێمانوابێت ئەو ھەموو قوربانیدەرە [مەبەست گیانبەختكردووانی كوردستانە بۆ سەربەستی كورد و ڕزگاری كوردستان بەخەیاڵی خۆیان] لێیتێنەگەیشتوون و پێویستمان بەوە ھەیە، ئەوەندەی دیكە خوێنی بۆ برێژین، تاوەكو ئەو ئەژدیھا ھەزار سەرەی دەوڵەت [سەروەری چینایەتی بۆرجوازی] تینوویەتی لە خوێنی چینە بێدەسەڵاتەكان بشكێت؟ ئەگەر لۆجیك بكەینە كۆلەكە (تان)ی بیركردنەوە و ئاوەزی خودییش بكەینە ڕایەڵەی (پۆی)، ئەوا بە ئاسانی دەركی ھاوجۆری و ھاوئاراستەیی دەمارگیری خێلایەتی و نەتەوایەتی ھەستپێدەكەین. بۆ ئەوەی ئەو سەربەخۆییە لەبیركردنەوەدا ڕووبدات، پێویست بە خۆپساندنی ئاوەز لە كارایی و جادووی ئایدیۆلۆجییەكانی دەسەڵات ناسیونالیزم [ئایینی سەردەم] ھەیە. بەڕێزم، پێشمەرجی ڕوودانی كارێكی ئاوا، پلەی ئەكادێمی یا زۆری خوێندنەوەی گوتاری ‘ڕەھەندییەكان’ و ‘پەرتووكی ڕەش’ نییە، بەڵكو تەنیا پێشمەجێك كە پێویستە، تەنیا و تەنیا سەربەخۆیی ھزریی و خۆڕزگاركردنە لە جاڵجاڵۆكەی ماسمیدیا و جادووی ئیدئۆلۆگەكانی نیئۆلیبرالیزم.

ئەوەی من وەك بەرەنجامی ئەزموونگیری خۆم لە سی ساڵی ڕابوردوودا پێیگەییشتووم، ئەوەیە كە نەتەوە و ھاوبەرژەندی نەتەوەیی تەنیا درۆیەكی پیرۆزە و لە دونیای كەتواریدا بوونی نییە، نەك ھەر ھاوھەستی و ھاودەستی لەنێوان ھەرێمەكان و ناوچەكان و پاشماوەی خێلەكاندا نییە، تەنانەت لەنێوان دوو گەڕەكی پایتەختەكانی ئەوروپای لانكەی دێمۆكراسیشدا بوونی نییە و بەجۆرێك سلێمانی و ھەولێری ھەرێم لەنێوان تاكە دەمارگیرەكانی شارەكانی ئەوروپاشدا ھەیە. ئەوەش لەبەر نەخوێندەواربوون و تایبەتمەندی كولتووریی نییە، بەڵكو سروشتی دەستكردانەی نەتەوەیە، كە بەخۆی درێژە و پێكھاتەی گەشەی خێڵایەتییە و لەسەر ھەڵخڕاندنی دەمارگیری و پابەندی بۆ نیازەكانی دەسەڵات ڕۆنراوە، بۆیە ناتوانێت لە كڕۆكی خۆیدا ھەڵگری میكانیزمی ڕەتكردنەوەی دەمارگیری خێڵایەتی و ناوچەگەری بێت و خراپتر لەوەش گەشەی پێدەدات و بەرەو لوتكەی شۆڤێنیزم و ڕاسیسزمی دەبات.

ئازیزی من، ھەر شتێك كە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی ئاساییدا بووە بەشێك لە نۆرم و بەھای كۆمەڵایەتی، خودبەخود بەو ئاقارەدا كە تۆ دەخوازیت، سڤیلی بووەتەوە، ئەگەر نا، دەبوو ھەنووكەش ناسیونالیزم لە كوردستاندا وەك چەتە و ڕێگر، یەخەی خەڵكی بگرتایە، تاوەكو پەیامەكەی بە خەڵك بگەیێنێت. بە بۆچوونی دەمێكە ناسیونالیزم سڤیڵی بووەتەوە، ئەگەر نا، ئەو ھەموو كرێكار و زەحمەتكیشە ئاوا بە ئاسانی ئامادەنەدەبوون بۆ سەروەری كەمایەتی بۆرجوازی لە قەوارەی دەوڵەتدا، خۆیان بەكوشت بدەن. لە تەواوی دونیادا سڤیلیبوونەوەی ناسیونالیزم، ھەنگاو بە ھەنگاو لەتەك كۆمەڵایەتیبوونەوەی سەروەری بۆرجوازیدا، جێكەوتە بووە و بووەتە بەشێك لە ئاوەزی خەلكی ژێردەست و وەك دەبینین، بەو ئەفیونە دەبەنگی كردوون. ناسیونالیزم لە لوتكەیدا وەك دەسەلاتی بۆرجوازی كورد، لە قۆناخی شاخ و بەرەنگاریدا نییە، تاوەكو گومان لە سڤیلیبوونەوەی بكەین. سڤیلیبوون بە واتای كۆنترۆڵكردن و رامیارییكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لە سایەی سەرتاپاگیری دەسەڵات و ئاراستەكردنی نۆرم و بەھا كۆمەڵایەتییەكان بەپێوانەی بەرژەوەندییەكانی بازار و سەروەری كەمایەتییەك، ھەردەم لە ئارادابووە، ھیچ پێویست بە خۆپێوەخەریككردن ناكات.

[بمبوورە، ئەمە بە لاقرتێ وەریمەگرە و دەربڕینەكان بە ئاراستەكراوی كەسیی خۆت لێكمەدەرەوە] من سڤیلیبوونەوەی ناسیونالیزم بەو ئاراستەی تۆ لەڕواڵەتدا خەونی پێوە دەبینیت، ھێندەی سڤیلیبوونی ڕۆژنامەكانی ‘ھاووڵاتی نەك ھاوڵاتی’ و ‘ئاوێنە’ و .. تد، بە گاڵتەجاڕی دەزانم. چونكە تاوەكو سەروەری چینایەتی و مشەخۆری كەمایەتییەك لەم جیھانەدا لە ئارادا بێت، قسەكردن لە بوونی دیاردە و بوونی پێكھاتەی سڤیلی وەك سیمای كۆمەڵگەی ئازاد، دەچێتە خانەی خەوبینین بە كولیچەخواردنەوە لە ئاسمان.

لێرەدا كۆتایی بەم باسە دەھێنم، لەبەرئەوەی كە لە دەھەی ڕابوردوودا لە نووسینی جۆراوجۆردا لەبارەی ناسیونالیزمەوە قسەم كردووە. بەڵام ئەگەر پێویست بكات، ئامادەم زیاتر لەسەر سروشت و ڕەوتی پەرەسەندن و دەستی شاراوەی ھاندەری و بنەما ئابوورییەكانی و ڕۆڵی ڕۆشنبیران وەك پشكخوازانی دەسەڵات و دەستكەوتەكانی، لە سەرھەڵدان و پەرەپێدان و نۆژەندكردنەوەی و كاژگۆڕینی بەپێی پلەكانی گەشەی ئابووری و جیھانیبوونەوەی بازار، بەشداری بكەم. ھیوادارم توانیبێتم بە ئەرێنی بەشداری لە مشتومڕەكەتاندا بكەم و ئەگەر لە ھەندێك شوێندا ڕەقی بە وەڵامەكانمەوە دیاربێت، بۆ بەرپەرچدانەوەم بە ھەوڵەكانی نئیۆلیبرالیزم لە جیھاندا بەگشتی و لە ھەرێمی كوردستانی بەبازاركراودا بەتایبەتی، دەگەڕێتەوە، بێجگە لەمە، دونیایەك ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ھەمووتان ھەیە.

 **********************

خوێنەری ھێژا، ئەم بابەتە، بەشێكە لە زنجیرە وەلامێك بە چەند سەرنجێكی كاك ‘نەژاد سوەیلی’، تكایە بۆ دیتنی سەرنجەكانی سەرنجەكانی ئەو و بەشداری خوێنەرانی دیكە، كرتەیەك لەسەر ئەم بەستەرە بكە

https://www.facebook.com/hezheen/posts/536814296335603

زمان لە سەنگەری ئازادی و یەكسانی و ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزیدا

زمان لە سەنگەری ئازادی و یەكسانی و ئاژەڵدۆستی و ژینگەپارێزیدا

یەكێك لە دیاردە ھەرە قێزەونەكانی ئەم سەردەمەی نێو كایەی ڕۆشنبیری كوردی، دەستگرتنە بە پەند و ئاخاوتنی سەردەمەكانی كۆمەڵگەی خێڵایەتی و دەرەبەگایەتییە، كە پڕن لە سووكایەتی بە ژن و مناڵ و ئاژەڵ و سروشتی ناوچەكانی دیكە. ئەمە یەكێكە لەو نەنگییە كولتووریانەی كە تاكی كورد نەیتوانیوە ئاوەزی خۆی لێ پاك بكاتەوە.

خۆشبەختانە، لە دەھەی رابوردوودا بە ھەوڵ و كۆششی چالاكانی سۆشیالیست بەگشتی و ژنانی ئازادیخواز بەتایبەتی تاڕادەیەك توانراوە لە نێوەندی ڕۆشنبیریی كوردیدا پاشەكشە بە كۆنەپەرستی زمانیی سەردەمی خێڵایەتی و ئاخاوتنی دەرەبەگایەتی لەمەڕ ژنان بكرێت، بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەوەی كە ئاژەڵان بەدیاریكراوی (كەر و سەگ) لە یەكەمین و سەرەكیترین دۆستی دێرینە و بەوەفای مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی كورد بەتایبەتی لە ڕاپەڕین و یاخیبوونەكانیدا، بوون، كەچی ملیۆن جار ھێندەی دوژمنان سووكایەتییان پێكراوە و بەرادەیەك سووكایەتی بە ئاژەڵان دیارە، كە ئەگەر ھەر پیاو و ژن و مناڵێكی كورد، چەند ڕستەیەك بەسەر یەكەوە قسە بكات، بەلایەنی كەمەوە جارێك سووكایەتی بۆ (كەر و سەگ و ..تد) تێدایە.

خۆ ئەگەر بەناوبانگترین ڕۆشنبیران و نووسەرانی كورد تا دەگاتە ئەوانەی سبەینێ فێری نووسین دەبن، بە نموونە وەربگرین، ئەوا نووسینێكیان نییە، كە بەلایەنی كەمەوە جارێك یا چەند جارێك سووكایەتیكردن بە ئاژەڵی تێدا نەبێت، ئیتر با دەسەڵاتداران و پارلەمانتاران و ڕامیاران لەولاوە بوەستن، با سەران و قسەكەرانی پارتە ڕامیارییەكان لەو لاوە بوەستن، كە وەك دەرەبەگ و سەرۆكھۆزێك قسەدەكەن و بیردەكەنەوە. ھەڵبەتە لێرەدا پێویست ناكات، قسە لەسەر پیاوانی ئایینی بكەم، جونكە خودی ئایینەكە سەرتاسەر پڕە لە سووكایەتی بە ئاژەڵ و ڕەایەتیدان بە كوشتنی ئاژەڵان.

لەوانەیە ئەمە بۆ خوێنەر و گوێگرێكی نادەربەست و گۆشكراو و دەستەمۆ لەو كولتوورە دژە-مرۆیی و دژە-ئاژەڵییەدا، ئاسایی بێت، بەڵام ئاخۆ ئەگەر بەرێكەوت نووسینی یەكێك لەو بەناو ڕۆشنبیر و نووسەرانە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی یەكێك لەو وڵاتانەی كە مافی ئاژەڵی تێدا پارێزراوە و ئاوەزی تاك و كۆمەڵگە گەیشتووەتە ئاستی خۆبیركردنەوە و خۆھوشیاریی، دەبێت وەرگێڕ بەچی و چۆن بتوانێت پەڕوپینەی بكات، ئەمە بێجگە لەوەی كە ئاخۆ ئەو خوێنەرە ناكوردە تووشی چ شۆكێكی كولتووری ببێت؟

ئایا كاتی ئەوە نەھاتووە واز لە قسەی زل و نەخشەكێشانی چاولگەرانە بھێنین و لە خۆمانەوە دەست بە گۆڕان بكەین و ھەوڵی خاوێنكردنەوەی زمانی خۆمان لە وشەگەلی پڕ سووكایەتی بە ژن و مناڵ و ئاژەڵ بھێنین.
ئایا سەختە بۆمان بۆ نموونە لەبری ئەم واژانە (براكوژی ، پیاوكوژ ، جاش و كەر ، سەگ و پشیلە ) ئەم واژە واتادار و دروستانە (یەكتركوژی ، مرۆڤكوژی ، بەكرێگیراو / خۆفرۆش/ سیخوڕ ، ملكەچ ، سپڵە) بەكاربەرین؟

ئایا ھۆكاری بەردەوامیدان بەو سووكایەتیكردنە نەبوونی واژەیە بۆ ئەو بوارانە یا شەیدایی و حاڵكردنی نووسەرانە لە كۆنەپەرستی كولتوورییدا؟

شۆڤێنیم و فاشیزم و ناتسیزم ناوێكی دیكەن بۆ ناسیونالیزم

ھاوڕێیانی ھێژا، ئەوانەی كە دەربەستانە مامەڵە لەتەك ڕووداو و دیاردەكان دەكەن، تكایە … تكایە … تكایە .. بە وردەكارییەوە سەرنج لە پەیام و بڵاوكردنەوەی وێنەكانی ‘ھیتلەر’ لە فەیسبووكدا بدەن !!!!!!

لە سەردەمی دەسەڵاتداری ‘ھیتلەر’دا چاندنی نەمامی ‘داربەڕوو’ لە ڕۆژی یەكی ئایاردا، سیمبولی نازیزم بوو. ئەم ڕێوڕەسمە تا سالانێك پاش جەنگی جیھانی دووەم ھەر بەردەوام بوو.

٢٦ی ئۆگوستی ٢٠١٢ (ئەم ساڵ) لە وڵاتی ئاڵمان لە بیستەمین ساڵیادی سووتاندنی كەمپێكی پەنابەران و كۆچەران لە شاری ڕۆستۆك، لەلایەن نازییەكانەوە، سەرۆككۆماری وڵاتی ئاڵمان لەبەردەم ساختمانی كەمپەكەدا نەمامێكی ‘داربەڕوو’ی چاند، ئەمە بووە جێی ڕەخنە و گازەندەی ئازادیخوازانی ئاڵمان و ھەر ھەمان شەو كۆمەلێك چالاكی ئازادیخواز ‘داربەڕوو’ەكەیان بڕییەوە. و نووسییان ” ئەمە شەرمەزارییە بۆ خەڵكی ئاڵمان”…

ئەگەر خوێنەری ھوشیار و بەسەرنج بەدواگەران لە دووی یەكەمجار سەرھەڵدانی بیرۆكەی بەرزی و پیرۆكردنی داربەڕوو لە بزاڤی چەكداری كورددا، بكات، بەدڵنیاییەوە دەگەریێەوە بۆ سەردەمی چاندنی نەمانی ‘داربەڕوو’ لە ئاڵماندا وەك سیمبولی نازیزم. تكا دەكەم ئەگەر ئێوەی ئازیز بە سەرەنجامێكی دیكە گەییشتن، منیش لەو زانیارییانە بێبەش مەكەن، بۆئەوەی ھەرچی زووە بۆچوونی ھەڵەی خۆم ڕاست بكەمەوە…

ژمارەی (٨٨) كە بەپێی ژماردنی بەدواییەكداھاتنی پیتە ئاڵمانییەكان پیتی (ھ/ H)بەرابەرە بە ژمارە (٨) ، كە پیتی سەرەتای (بژی) بە ئاڵمانی (Heil) و پیتی یەكەمی ناوی ‘ھیتلەر’ بە (ھ) دەستپێدەكەن و بەم جۆرە ژمارە (٨٨) سیمبول و نیشانە و تاتوی نیئۆنازییەكانە لە ئاڵمان و دەرەوەی ئاڵمان.

كەچی ئەم ھێمایە لەلایەن فیلم -دەرھێنەرێكی كوردەوە كراوەتە ناونیشانی فیلمێك لەمەڕ كیمیابارانی ١٩٨٨ی ھەڵەبجە و كاتی خۆی وتاریكم لەو بارەوە نووسی، بەڵام نە دەرھێنەر باكی لە سەرنجەكەی من ھەبوو و نە وەڵامی پرسیارەكانی دامەوە و نە داوای لێبوردنی لە لەسوكاری قوربانیانی كیمیابارانی ھەڵەبجە كرد و نە خوێنەری ھێژا كاردانەوەی لە خۆی نیشان دا.

ئەگەر لەوانە بگوزەرێم، ئەوەی كە زۆرتر لەم نووسینەدا مەبەستمە، ئەوەیە، كە لە ڕووپەڕی بەشداربووانی كوردزماندا (ئەوانەی كە بە ئەلفابێتی عەرەبی/ئارامی دەنووسن) دیاردەیەك ڕوو لە پەرەسەندنە، ئەویش گێڕانەوەی كۆمەڵێك قسەیە بە زمانی ‘ ئەدۆلف ھیتلەر’ەوە، كە لەو وتانەدا ‘پێشڕەوی فاشێسم’ لە پاش جەنگی یەكەمی جیھانییەوە، ئامۆژگاری مرۆڤەكان دەكات و ڕێیان نیشاندەدات، كە كێ دژەخونكەر و كێ مرۆڤی پاكە !

من زۆر دڵنیانیم, كەی و لە كوێدا ‘ھیتلەر’ قسەگەلی ئاوای كردووە و ئەو خەڵكی لە نیازخراپی رامیاران و دەسەڵاتداران و بەكرێگیراوانیان ئاگاداركردووەتەوە! بەڵام ھەرچەند دەكەم، ئاوەزم پەسەندی ناكات، فاشیستێكی وەك ‘ھیتلەر، كە ھەموو توانای راگەیاندنی خۆی بۆ فریودانی خەڵك بەتایبەت چەوساوانی ئاڵمان خستبووەگەڕ، ئاوا سادەلۆحانە بێت و خۆی خەڵك ھوشیار بكاتەوە و لە خۆی ھانبدات!

من لەپشت ئەم دیاردە و ھەوڵانەوە، ھەمان تەوژمی سەردەمی جەنگی جیھانی دووەم و دواتر دەبینم، كە لەلایەن ئەندامانی پارتی دێمۆكراتی كوردستان-عیراقەوە، ھەوڵی پەرەدان بە بیری نازیزم لە كوردستاندا دەدرا. وەك دەزانین و بەرێزانێكیش لەو بارەوە پێشتر نووسیویانە، چەند ساڵێكە لە ھەرێمی كوردستاندا پەرتووكەكەی ھیتلەر چەند جارە چاپ دەكرێتەوە و وێنە و سیمبولەكانی لەسەر دەر و دیواران ڕوو لە زیادبوونە و كاركێشاویەتە نێو فەیسبووك و خەریكە لە ڕێگەی نووسینەوەی كۆمەڵێ وێنە و رازاندنەوەوە قسەی، ‘ھیتلەر’مان لێ دەكەنە، پەندی پێشینان و لەو ڕیگەوە ئامۆژگاریمان دەكەن!!!

ھەرچەندە لێرە و لەوێ بەپێی توانا، ھەوڵمداوە سەرنج و پەیامی خۆم بۆ بینەرانی وێنە و وتە بەناوكراوەكانی ‘ھیتلەر’ بنووسم، بەڵام دیسان بەداخەوە، نادەربەستی خوێنەر و كەسانی ئازادیخواز، زۆر بە ئاشكرا دیارە و ئەو ھەموو كەمپەین و كەمپەینكارییە، كەچی نابینم، كەس لە ھەوڵی وەستانەوە و نووسین بێت لەسەر ھزری ھیتلەر و ڕوو لە شۆڤێنیزمنانی ناسیونالیزمی كورد، ھەڵوێست بنوێنێت و بنووسێت.

بە بۆچوونی من كاتی ئەوە ھاتووە، دەنگ ھەڵبڕین و بڵێن، ئێمە لەتەك ئێوەدا ھاوڕا و ھاوبۆچوون نین، ئێمە پەند و وانەی شۆرشگێڕی لە ئەزموونی خەباتی چەوساوانەوە وەردەگرین، نەك لە وتەی ھاوچینان و ھاوڕێیان و ھاوبیرانی ھیتلەرەوە!!!

بەكورتی من لە پشت ئەم پاگەندانەوە، ھەمان حەز و نیاز، دەبینم، كە كەسانێك قسەی دڵی خۆیان بەناوی “تەڵاقەكانی بارام بەگ [لەتەك ڕێزی بێپایانم بۆ ‘بارام بەگ’ی زەحمەتكێش]”ەوە دەكەن. ، ئەو كەسانە بە ھەمان شێوە كەسانێكی ناسیونالیست دێن و قسەی دڵی خۆیان لەپاڵ وێنەكانی ‘ھیتلەر’ەوە دەنووسنەوە. بەڵام بە جیاوازییەكی گەورە و دژییەك لەنێوان كەسانی لایەنگری “تەلاقەكانی بارام بەگ” و ‘وێنەكانی ھیتلەر’ و ئامانجیاندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە، كە كەسانی قسەخۆش و بیرتیژ، قسەكانی خۆیان لەپاڵ وێنە و خۆشەویستی و پێگەی كۆمەڵایەتی ‘بارام بەگ’دا بە ئێمە دەگەیێنن، بەڵام لایەنگرانی ‘ھیتلەر’ بەھۆی كۆمەلێك قسەی دروست و جێكەوتەوە خەریكن پەسەندی بە “وێنەی ھیتلەر و بیری نیئۆنازیزم” لە لای خوێنەری كەرد دەدەن و دەیكەنە سیمبولی خەڵك!!! ئەمە ھەمان كارە كە نیئۆنازییەكان لە وڵاتی ئاڵماندا خەریكن لەنێو خەڵكی بێكار و تەنگەتاودا دەیكەن!!!

دەبا ئێمەش ھەموو ئەوانەی كە دژی فاشیزم و نازیزم ھاوخەباتن، دەست بدەینە دەست یەك و دەنگ ھەڵبڕین:

” شاگردانی ھیتلەر، ڕاوەستن! ھیچ جیاوازی بەعسیزم و نازیزم نییە، بۆ رزگاری ئەم ھەرێمە و وەدەرنانی فاشیستەكانی بەعس، دەیان ھەزار قوربانیمان داوە، ڕێگە نادەین جارێكی دیكە لەم ھەرێمەدا بیروباوەڕی فاشیستی چەكەرە بكاتەوە و سێبەر بەسەر ژیان و خەیاڵ و خەونەكانماندا بكات”

كەسە نەناسەكە لە كوشتنی قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’دا كێیە و كێ پەنای داوە، بۆ تاوانبار نییە و ھەنووكە ناكێشرێتە دادگە؟

ھەژێن

پێش ئەوەی بچمە سەر شیكردنەوەی ئەو پرسیارە و نیشانە لەو دەستە بگرم، كە شاردوویەتییەوە، بە باشی دەزانم، كە بە پێشەكییەك بچمە پای وەڵامدانەوەی ئێوەی ھێژا، كە دەستبەجێ لە من دەپرسنەوە، كەسەكە كێیە و مەبەستت لە لایەنی پەنادەری تاوانبار (كەسی سێیەم) كێیە؟

حەزدەكەم ئەوە بڵێم، ئەگەر لە نووسینەكانی پێشوومدا ئامانجم لادانی پەردەی سیناریۆیەك بووبێت، لەسەر تۆمەتباركردنی ‘كاروان عوسمان’ ئەوا لێرەدا ئامانجم، لادانی پەردەیە لەسەر چۆنیەتی قوربانیبوونی قوربانی یەكەم و قوربانیانی دووەم ‘ئیبراھیم مەولوود’ ناسراو بە ‘ئاریز’ و قوربانی سێیەم ‘كاروان عوسمان’ و ھۆكاری پەنادانی كەسی سێیەمی نەناسراو  لەلایەن لایەنێكەوە؟!.

وەك لە وەڵامەكەی ‘شوان داودی’دا نووسیم، من ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’م لە دەمی ھاوڕێ ‘كەركووك’ییەكانمەوە ناسی و ھەر بەو جۆرەی كە ‘شوان داودی’ بیستوویەتی و پێداگری لەسەر دەكات، ئەوانیش چیرۆكەكەیان بیستبوو، بەڵام ئەوان لەبری پێداگری كوێرانە و شارچییانە و بەرژەوەندیخوازانە، بەپێچەوانەوە بێلایەنانە چیرۆكەكەیان لێكدەدایەوە و بۆ تێگەیییشتن و دۆزینەوەی سەرەداوەكانی ڕووداوەكە لەنێو پێكھاتەی چیرۆكەكەدا، ئاوەزپەسەندی(عەقلگیری)یان بەكاردەبرد، نەك ڕەوایەتیپێدانی كوێرانەی دادگەی بەعسییەكان و نەخشەڕێژیی لایەنێك و پیادەكردنی لەلایەن كەسی سێیەمەوە!

بەداخەوە ئەو كات و تەنانەت پێش دووبەدوو دوانەكەی ‘نەبەز گۆران’ و ‘شوان داودی’ لە کەناڵی NRT ، بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’دا، نەمدەزانی كە كەسی سێیەم لایەنێك پەنای داوە و تا ئەمڕۆش كەس ناوێرێت ناوی بھێنێت و ‘شوان داودی’ بەھەمان لۆجیكی پێوانەیی بەعسییەكان [مادام ‘كاروان عوسمان’ ھاوەڵی ‘ ئیسماعیل’ بووە و كەسی سیێەم ھەڵھاتووە و بەردەستی دادگە نەكەوتووە و قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ ھاوەڵی نزیكی ‘كاروان عوسمان’ بووە و ھاوكاتیش موزیكژەن بووە، كەواتە نەخشەداڕێژ و بكوژی ئەو، ‘كاروان عوسمان’ە] و بۆ دڵنەوایی كەسی ھەڵھاتوو، بەبێ یەك دوو دەڵێت “نەخێر ئەو بكەر نەبووە*”.

لە ساڵی ١٩٩١دا، كاتێك كە ئەو چیرۆكە بڕوانەكەردەنییەم بیست، ھەرچەندە نەمدەزانی كەسی سیێەم لە ئارادایە و ھەڵھاتووە و لایەنێك پەنای داوە و لە ئەمڕۆدا ئەوەندە پشتئەستوو و دەسەڵاتدارە، كە كەس ناوێڕیت ناوی بھێنێت! ھەروەھا ھەرچەند نەمدەزانی، كە قوربانەییەكە، لەتەك ‘كاروان عوسمان’دا موزیكژەن بووە، بەڵام سەرەڕای لەبەردەستدانەبوونی ئەو دراوانە، ئەو كات یەكسەر ئەو بڕوایەم لەلا دروستبوو، كە وێڕای بەبیانووبوونی بەعس بۆ لەناوبردنی ‘كاروان عوسمان’ [كە لەو كاتەدا تەنیا دەنگێك بوو لە سەرتاسەری عیراقدا لە جەرگەی دەسەڵاتی قەرەقووشی بەعسدا دژی تاوانەكانی بەعس بەبێ پەردە گۆرانی دەگوت]، ئەوا لایەنی دیكە ھەبووە، كە ھونەر و سروودەكانی كاروانی بەدڵ نەبووبێت و بەو دەنگە ھەراسان بووە و بووبێت. ھەرچەندە بەپێی لێكدانەوەی كار و چالاكی و تیرۆرەكانی ئەو كاتی لایەنەكان، بەجۆرێك گومانم لەسەر لایەنێك ھەبوو، بەڵام وەك وتم لەبەرئەوەی دراوەكانی نێو ڕووداوەكە، بۆ من نەزانراو بوون و نەمدەتوانی بە ئاسانی قسە لەوەھا شتێك بكەم.

وەك پێشتر لە نووسین و گفتوگۆدا نووسیومە و وتوومە، من لە ساڵی ١٩٩٨ بەم لاوە، بەردەوام ھەوڵمداوە، زانیاری تەواو لەمەڕ ئەو پەروەندەیە بەدەستبھێنم و ھەر لە سلێمانییەوە تا كەركووك، بەدوای كۆكردنەوەی بەڵگە دژ و لایەنگرەكان بووم، بەڵام بەداخەوە، ئەوەی ھەنووكە، ئاشكرا دەبێت، لەبەردەستدا نەبوو، ئەگینا ھەر ئەو كات، ئەو مەتەڵەم شیدەكردەوە، كە ئەوساش ھەر لەو بڕوایەدابووم، كە دەستێكی شاراوە لە پشت ئەم ڕووداوەوە ھەیە و ئەو لایەنە پەنادەرە نەخشەكێشییەتی و لەوانەیە كەسی دووەم پەیوەندی بەو لایەنەوە ھەبووبێت یا لەوانەوەیە تەنیا دۆستی كەسی سێیەم بووبێت و كەسی سێیەم ئەو لایەنە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە ڕایسپاردبێت، ھەر بۆیە، پاش ئەنجامدانی كارەكە، كەسی سێیەم دەستبەجێ بەرەو لایەكەی ھەڵدێت و پەنای شۆڕشگێرانە دەدرێت!

وەك زانراوە، كە ‘كاروان عوسمان’ لە سەربازگە دەستبەسەركراوە و ھێنراوەتەوە زیندانی كەركووك، پاش پشكنینی ماڵەكەیان ئەو كاسێتەی دەكەوێتە دەستی پیاوانی ڕژێم، كە كۆمەلێك سروودی دژی ڕژێمی بەعس و ھاوكاتیش ڕەخنەئامێز لە ڕامیاری و كارەكانی بزووتنەوەی چەكداری، تێدا بوو. كەسی دووەم لە كاتی لێپێچینەوە و دادگەشدا دەڵێت، ‘كاروان’ ئاگای لەم كارە نەبووە، بەڵام بەخۆی ناتوانێت، لەوە زیاتر ڕوونكردنەوە بدات. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، كە كەسی دووەم، بە ناچاری چووەتە ژێر باری تاوانباربوون لە سینارۆیەكدا، تاوەكو یەكەم نزیكایەتی و دۆستایەتی لەتەك لایەنی نەخشەدارێژ و پەنادەری كەسی سێیەم دەرنەكەوێت، كە گومانی تێدەچێت، پێیوابووبێت، ئەگەر تۆمەتەتەكەی نەبێتە تۆمەتی ڕامیاریی، ئەوا لە مردن و سێدارە ڕزگاری دەبێت. چونكە وەك دەزانین لەو سەردەمەدا كەم كەس، مەگەر ھاندەری دیكە ھەبووبێت، ئەگینا بكوژی ناڕامیاریی سزای سێدارە نەبوو. كەسی سێیەم ڕادەكاتە پاڵ لایەنێك و لە ئێستاشدا كەس ناوێرێت ناوی بھێنێت، بۆچی و ئەو كەسە كێیە؟ ئەگەر كەسێكی دژە بەعس و لایەنگری لایەنێك بووە، چۆن بەو كارە ھەستاوە؟ چۆن دڵنیابوو ئەو لایەنە دەیگرێتە خۆی؟ ئەی ئەگەر ‘كاروان عوسمان و كەسی دووەم، لەو كوشتنەدا دەستیان ھەبووە، بۆچی وەك كەسی سیێەم ھەڵنەھاتن و نەچوونە پاڵ ئەو لایەنە داڵدەرەی كەسی سێیەم، یا بەرەو ھەندەران ڕایاننەكرد؟

من پێش ئەوەی بچمە سەر لێكدانەوەی خۆم لەسەر ئەو پەروەندەیە و پێگەیشتنی خۆم لەسەر دراوەكانی نێو قسەكانی ‘شوان داودی’ بخەمەڕوو، كە ھەمان بۆچوونی ٢١ ساڵ لەمەوبەرمە. بەپێویستی دەزانم، كە یەكەم سەرنجی خۆم لەسەر لایەنگرانی ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ بدەم و دووەم، نموونەیەكی لەوجۆرە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردوودا كە لە توركیە ڕوویداوە، ھەڵبەتە بێجگە لە نموونەی تاوانباركردنی ‘جۆ ھیل’ بە تاوانێكی لەو جۆرە، كە لەو كاتەدا وەك ئێستای ‘شوان داودی’ كەم نەبوون، ئەوانەی كە ھەمان زوڕنای دەسەڵاتیان دەژەنییەوە و ‘جۆ ھیل’یان بە مرۆڤكوژ دەزانی و ناودەبرد. ھەڵبەتە ئەوەش بڵێم، پێش بیستنی ئەو دوو بە دوو دوانەی ‘نەبەز گۆران’  و ‘شوان داودی’ یش، ئەوە لەلام ڕوون بوو، كە ھاندەرێكی شاراوە ھەیە، كە دنەی ‘شوان داودی’ بۆ ئەو كارە داوە، ھەروەھا نەشمدەزانی، كە ‘شوان داودی’ لە كاتێكدا كە دەستخۆشانە لە سزای سێدارە و مرۆڤكوژەكانی بەعس دەكات، نەقیبی سەندیكای نووسەرانی كوردستانە!!

سەرنجی یەكەم، زۆرێك لەوانە كە لایەنگری و پێداگری لەسەر ھونەری ‘كاروان عوسمان’ دەكەن، ھەرچەندە لە قسە و نووسینەكانیاندا لە پشت دەربڕین و دەستەواژەكانیاوە دیارە، ھیچ باوەڕێكیان بەو تۆمەتە نییە و بە سیناریۆی دەزانن، بەداخەوە لەژێر ھەژموونی ڕای گشتی و میدیاكان و خۆشباوەڕیی بە سیستەمی دادگەری دەوڵەت، بەجۆرێك ڕوودەرباییسانە، وەڵام بەو لایەنەی ھێڕشەكان بۆ سەر ‘كاروان عوسمان’ نادەنەوە. چونكە بەخۆیان ھێشتاكە بە سیستەمی دادگەری دەوڵەتی خۆشباوەڕن، ناوێرن بەئاشكرا پێداگری لەسەر گومانەكانیان لەمەڕ ناڕەوایەتی ئەو دادگەیە بكەن و ھەست و ئاوەزپەسەندی خۆیان لەو بارەوە دەرببڕن. ئەمە زۆر جێگەی داخە و تەنانەت ھەر نەبوێری ئەمانە، كە بوێری ئەوەیان بە ‘شوان داودی’ و ڕۆژنامەكەی بەخشی، تا ئەو سووكایەتییە بە ‘كاروان عوسمان’ و ھونەرەكەی بكات و لەپاڵ ئەوەشدا دنەی دەمارگیریی شارچییەتی و ناوچەگەری بدات و ڕیزی ناڕازییانی ھەرێمی كوردستان بەسەر كەركووك و سلێمانیدا دابەشێنێت و خزمەتێكی دیكە بە دەسەڵات بگەیێنێت.

سەرنجی دووەم، ھەرچەندە پێشتر، ئەم نموونەیەم ھێناوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی كە لێرەدا دراوی دیكەم دەستكەوتوون، ھەوڵدەدەم، بەراوردێكی ھەردوو سیناریۆكە بكەم، كە ئەوسا لەبەر نەبوونی دراوی ئاوا مەڵمووس، نەمتوانیوە بەو بەراوردكارییە ھەستم.

‘سه‌باحه‌دين عه‌لی’ نووسه‌ری به‌ناوبانگی تورك، كه‌ دواجار به‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ له‌سه‌ر سنووری بولگاريا له‌كاتی هه‌ڵهاتندا بەرەو ھەندەران كوشتيان! ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وکات ‘سه‌باحه‌دين عه‌لی’يان ئه‌وه‌نده‌ خسته‌ ژێر فشاره‌وه،‌ كه‌ ناچار بوو ڕابكات و ئه‌و كات له‌سه‌ر سنووری توركيه‌- بولگاريا به‌ده‌ستی يه‌كێ له‌ بەكرێگیراوانيان كوشتيان و ئاوايان نيشاندا، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ له‌تەكیدا بووه‌، له‌به‌ر چاوبڕينه‌ پاره‌وپولەكەی، ‘سه‌باحه‌دين عه‌لی’ كوشتووه‌.” **

ئەگەر سەرنجی ئەم نموونەیە بدەین، دەبینین، ئەو سیناریۆیەی كە بۆ لەنێوبردنی ‘سه‌باحه‌دين عه‌لی’يان داڕشت، ھەمان سێناریۆیە كە چەند دەھەیەك دواتر بۆ لەنێوبردنی ‘كاروان عوسمان’ داڕێژراوەتەوە، بەڵام تەنیا شوێنگۆڕكێ بە قوربانی و تۆمەتباركراو و نەخشەداڕێز كراوە، كە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردوودا لەبری ئەوەی قوربانی ‘سه‌باحه‌دين عه‌لی’ بكێشنەوە دادگە، ھەستان بە كوشتنی ئەو و تاوانباركردنی ھاوڕا (ھامڕا)كەی و دیاریكردنی پارەكەی قوربانی وەك ھاندەری كوشتن. بەڵام شاگردەكانی ڕژێمی ئەوسای توركییە، پاش چەن دەھە، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموونە چینایەتییەكانیان، ھەستان بەداڕشتنەوەی سیناریۆكە بەو جۆرەی كە بە ئاسانی بتوانن لە ئاوەزی خەڵكدا ‘كاروان عوسمان’ وەك تاوانبار بەرجەستە بكەن و بەر بەپەرەسەندنی ھونەرە شۆرشگێڕ و داھێنەرانەكەی بگرن و كەسایەتی كۆمەڵایەتی لەنێوبەرن، كردیانە بكوژی ھاوەڵەكەی، كە پارەی فرۆشتنی ئۆتۆمەبێلەكەی پێبووە و نیازی دەرچوونی بەرەو ھەندەران ھەبووە. ئەگەرچی لە سیناریۆ كۆنەكەدا، ئەو كەسەی كە ئامانجی سیناریۆكەیە، بەخۆی نیازی دەرچوون بەرەو ھەندەرانی ھەیە و پارەی پێبووە، بۆیە ئەو دەكوژرێت و ھاوڕێكەی بە كوشتنی تاوانبار دەكرێت و دەسەلاتیش ناكەوێتە ژێر فشاری لایەنگرانی نووسەر، بەڵام لە سیناریۆ تازەكەدا قوربانییەكە، كە لە سەربازییەوە لەتەك ھاوەڵێكیدا ‘كاروان عوسمان’ بە مۆڵەت ھاتووەتەوە و لەتەك ئەودا بەرەو سلێمانی بەنیازی دەرچوون، چووە، ھاوەڵەكەی ‘كاروان عوسمان’ دەكرێتە بكوژی. ھەروەھا لە سیناریۆی یەكەمدا نەخشەداڕێز دەسەلاتە و ئەنجامدەرەری سیناریۆكە بەكرێگیراوی دەسەلاتە، كەچی لە سیناریۆ تازەكەدا نەخشەدارێژ لایەنێكی دژی ڕژێمی بەعسە و جێبەجێكەری تاوان، كەسێكە، لەبەر دەسەلات و پشتیوانی لایەنەكەی نەك لەو كاتەدا شانازی پێدەبەخشرێت، بەڵكو لەم ڕۆژەشدا كەس ناوێرێت ناوی بەرێت و ‘شوان داودی’ كە پاگەندەی لەبەردەستدا ھەبوونی كاسێتی گێڕانەوەی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكە لەلایەن تۆمەتباركراوان ‘كاروان عوسمان’ و ‘ئیسماعیل مەولوود***’ەوە، دەكات، كەچی بەھیچ شێوەیەك نە لە نووسینە پڕ ھێڕش و سووكایەتییەكەیدا و نە لە قسەكانیدا لە كاناڵی ‘NRT’دا خۆی لە ناوھێنانی كەسی سێیەم نادات و تەنانەت كاتێك كە بەڕێز ‘نەبەز گۆران’ بەوە ناچاری دەكات، كە ناوی كەسی دووەم و سێیەم بھێنێت، خێرا پێشكەشكەری بەرنامە فریای ‘شوان داودی’ دەكەوێت و قسەكەی پێدەبرێت، بە ئاشكرا ڕێكەوتنێك لەسەر ناونەھێنانی كەسی سێیەم دیارە****.

ھەروەھا شتێك كە ناتوانین بازی بەسەردا بدەین، ھەبوونی پەیوەندییە لەنێوان لەتوانادانەبوونی گواستنەوەی كەسێكی دەستبەسەر (قوربانی) لە بەكرەجۆوە بۆ تەكیە و پەنادانی لایەنێكە بە كەسی سێیەم. وەك لە وتارەكەی پێشووی ‘شوان داودی’دا ھاتووە، بكوژان ناچار دەبن چەند جێگۆركێ بكەن، تا بتوانن قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ بكوژن، وەك لە سەرنجەكانی پێشوودا پرسیم، لە سەردەمی بەعسدا ئەو ھەموو جێگۆركێیە بە كەسێك كە دەستبەسەربێت بۆ كوشتن، كارێكی ئاسان نەبوو، بۆیە دەتوانین بوێرین، ئەوە بڵێین، كە بەڵێ ڕێی تێدەچێت لەلایەن كەسی دووەمەوە درابێتە دەستی كەسی سێیەم، كە بەرەو ھەندەران بەڕێی بكات و دواتر بەپێی نەخشەی لایەنی پەنادەری كەسی سێیەم، كەسی سێیەمیش بە ھاوكاری دەستەی چەكدار ئەو كارەی ئەنجام دابێت و كەسی دووەم لەبەرئەوەی وەك دژەخون (خائین) ھەژمارنەكرێت و ڕەوایەتی بە تیرۆركردنی لەلایەن لایەنی پەنادەری كەسی سێیەمەوە نەدرێت، بێدەنگەی كردووە و ھەر ئەوەشە كە لە دادگەدا ناتوانێت بیدركێنێت و ناچارە خۆی شان بداتە ژێر ئەو تاوانە، تاوەكو بە بەكرێگیراوی ڕژێم تاوانبار نەكرێت. چونكە لەو سەردەمەدا بۆ ھەر كوردێكی دژەڕژێم بەتایبەت ھونەرمەندانی ھوشیار، ئاسانتر بوو شان بداتە ژێر تاوانی كوشتنی كەسێك وەك تاوانێكی كۆمەلایەتی، تاوەكو ئەوەی شان بداتە ژێر تاوانی بەكرێگیراوبوونی بۆ ڕژێمی بەعس، كە مۆرێكی ئاوا بێجگە لە سیخوران و چەكدارەكانی ڕژێم و ئەندامانی ‘اتحاد طلبە’، كەس ئامادەیی و توانای ئەوەی نەدبوو ئەو لەكەیە بۆخۆی پەسەند بكات!

ھەنگاوی یەكەم بڕواناكەم كەس ھەبێت، گومانی لە قوربانیبوونی ھێژا ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ ھەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی كە وەك لایەنگری ھزریی زۆر ‘ئیسماعیل مەولوود’ ناناسم*** گومانێكم لەوە ھەیە، كە پەیوەندی لەتەك ئەو لایەنەدا ھەبووبێت، كە پەنای كەسی سێیەمی داوە یا ئەوەتا ئەویش وەك ‘كاروان عوسمان’ قوربانییە و تەنیا ھاوەڵی كەسی سێیەم بووە و داوای لێكردووە، كە قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ بگەیێنێتە ناوچەی ئازاد و لەوێوە بۆ ئێران و ھەندەران بەڕێی بكات، بەلام كەسی سێیەم دژەخونی لە ھاوەڵێتی ‘ئیسماعیل مەولوود’ كردبێت و نەخشەی لایەنەكی پیادەكردبێت و ھەم پارەی قوربانییەكەی بۆ پشتیوانی دارایی لایەنەكی بردبێت و ھەم نەخشەی تۆمەتباركردنی ‘كاروان عوسمان’ی جێبەجێكردبێت.

چونكە ئەگەر ‘ئیسماعیل مەولوود’ بكوژ بووایە، بێگومان لەتەك كەسی سێیەمدا پەنای دەبردە لایەنە پەنادەرەكە یا بە بەشێكی پارەكە بەرەو ئێران ھەڵدەھات! تا ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر ‘كاروان عوسمان’ وەك دەزانین لە سەربازگەدا دەستبەسەردەكرێت و ئەگەر لایەنی كەم بەشداری لە نەخشەكەدا ھەبووایە، ئەوا ئەگەر بەرەو ھەندەران ڕاینەكردایە، بەدڵنیاییەوە خۆی دەشاردەوە و نەدەچووەوە سەربازی. چونكە ئێمە ھەموومان چالاك و كوڕی ئەو سەردەمەین و دەزانین، خەڵك لە باری ئاوادا چی دەكرد و ناسینی ڕژێمی بەعس و دەركردنی مەترسییەكان و چۆنیەتی خۆشاردنەوە لەو ڕۆژگارەدا بووبووە، بەشێك لە ھوشیاری خەڵك و چۆنیەتی خۆپاراستن!

من نازانم، ئەو كات ‘شوان داودی’ چی بووە، بەڵام لەوە دڵنیام، ئەگەر بەرھەڵستكاری ڕژێمی بەعس بووایە، بەدڵنیاییەوە، لەوە تێدەگەییشت، كە ئێمە لەكوێوە قسە دەكەین و ئەگەر تیگەییشتنێكی ڕووكەشانەشی لە گۆرانی و ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ ھەبووایە، دەگەیشتە ئەو بڕوایەی كە نە ڕژێمی بەعس و نە بزاڤی چەكداری خۆشیان لە ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ نەھاتووە و ئێستاش ھەندێك لە گۆرانییەكانی ھەراسانگەری دەسەڵاتدارانن.

بەكورتی، بەبۆچوونی من و ئاوەزپەسەندی من، قوربانی وەك ئەوەی ‘شوان داودی’ ناڕاستەوخۆ دانیپێدادەنێت، لەتەك كاروان عوسمان’دا بەنیازی دەرچوون بەرەو ھەندەران دەچێتە سێمانی، بۆیە بنەماڵەكەی پاش دوو مانگیش ھەر ئاوا دەزانن، كە بەرەو ھەندەران چووە. ‘كاروان عوسمان’ لەبەرئەوەی سەرباز بووە و كاتی ئەوەی نەبووە، بە ‘ئیسماعیل مەولوود’ی ھاوەڵی سپاردووە یا ئەوەتا قوربانی خۆی ئەو داوایەی لە كەسی دووەم یا سێیەم كردووە، تاوەكو كەسێك بۆ بەڕێكردنی بدۆزێتەوە، چونكە ھاوكاتیش ھاوەڵی موزیكژەنی ‘ئیسماعیل مەولوود’ خۆیشی بووە، ئەویش بە كەسی سیێەمی سپاردووە، ھەرچەندە ئێمە نازانین كەسی سێیەم كێیە، بەڵام بەپێی ئەوەی كە دەستبەجێ لەلایەن لایەنێكەوە پەنای پێدەدرێت، دەمێك بووە لە بۆسەدا بووە بۆ تووشكردنی ‘ كاروان عوسمان’ و لەوەش دەچێت، كە لە نزیكەوە ئەوانی ناسیبێت. وەك وتم ئەگەر كەسی سێیەم پێشتر لەلایەن لایەنێكەوە بەو كارە نەسپێردراوە، چۆن بەبێ سێ و دوو، ڕادەكات و دەچێتە باوەشی ئەو لایەنە، چۆنە ئەو لایەنە وەك بكوژی كەسێكی بێتاوان، دادگەیی نەكردووە؟ لێرەدا خۆمان لەبەردەم دووڕیانی دوو ئەگەردا دەبینینەوە؛ یا لایەنی پەنادەر دژی بنەماڵەی قوربانی بوون یا ئەوەتا لایەنی پەنادەر لە ھەوڵی لەنێوبردنی ‘كاروان عوسمان’دا بوون؟! ئایا ئەو كەسانەی كە پێداگری لەسەر تۆمەتەكە دەكەن، دەتوانن بە ئێمە بڵین، ئایا لەو كاتەدا لایەنە بەرھەڵستكارەكان، ھەموو كەسێكیان گرتووەتە خۆیان و چاوپۆشییان لە تاوانی كۆمەڵایەتی وەك كوشتنی قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ كردووە؟ ئەگەر ئاوابێت، ئایا جیاوازی لەنێوان ڕژێمی بەعس و لایەنە بەرھەڵستكارەكانیدا دەمێنێتەوە یا ھەبووە؟

ئەگەر واز لە پرسیاركردن لەمەڕ ئەگەری ھەبوونی دەستێكی شاراوە بھێنین، ئەوا پێداگری ‘شوان داودی’ و زیندووكردنەوەی پەروەندەكە جارێكی دیكە، دژی ‘كاروان عوسمان’ لەسەر داوای بنەماڵەكەی، لە كاتێكدا كە كەسی سێیەم وەك بكوژ و تاوانسەلمێندراوێك سزای لەسەر بووە و تا ڕاپەڕین لەلایەن لایەنێكەوە پەنادەدرێت و ٢١ ساڵێشە لە “كوردستانی ئازاد”دا دەسوورێتەوە و نە بنەماڵەی قوربانی و نە ‘شوان داودی’ییەكانیش، كەسیان ناوێرن ناوی بھێنن و لە دادگەی “میرایەتی ھەرێمی كوردستانی ئازاد”دا یەخەی بگرن! ئایا ئەمە بۆ ھەر تاكێكی ئاوەز تەندروست و بەسەرنج، جێگەی تێڕامان و پرسیار نییە؟

من بۆ وەلامی ئەم پرسیارە، تەنیا دوو ئەگەر دەبینم؛ یا ئەوەتا بنەماڵەی قوربانی بە پارە و ڕێكەوتن وازییان لەو پەروەندەیە ھێناوە، یا ئەوەتا لەبەر دەسەلاتداری كەسی سێیەم، ناوێرن سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن؟ ھەربۆیە ھەم بنەماڵەی قوربانی [بەپێی پاگەندەكانی شوان داودی*] و ھەم كەسی سێیەم لە نۆژەندكردنەوەی تۆمەتباركردنەكەی ‘كاروان عوسمان’دا ھاوبەرژەوەندن. ئەگەرنا بنەماڵەی قوربانی كراونەتە داردەست بۆ پاراستنی كەسی سێیەم و ‘شوان داودی’یش بە وروژاندنی ئەو كارە سپردراوە؟!

بۆ من وەك خوێنەر و گوێگرێكی بە سەرنج، دەتوانم لەوە تێبگەم، بۆ چی لە بەرامبەر ھەوڵەكانی ئێمە [ ھاوڕێ سەردار عەبدوڵا و من و سایتی دەنگەكان و كۆمەلێك نووسەری دیكە] لە ساڵانی پێشوودا و ئێوارە كۆڕی پارساڵدا، نە ‘شوان داودی’ و نە كەسی دیكە نەھاتە وەڵام، بەڵام ئەم ساڵ ئەوەندە تەنگەتاو بووە و نازانێت، چۆن ئەو ئەركەی كە پێی سپڕدراوە، ئەنجامی بدات و گیری خواردووە و قسەكانی تێكەڵ و پێكەڵ دەكات. چونكە كەسی سێیەم بە گەورەتربوونی یادەكە و دەنگدادنەوەی سەرتاسەری لە ئاستی كوردستاندا، ترسی دەركەتنی ڕاستی ڕووداوەكەی لێنیشتووە و دەترسێت ئاشكرابێت و پارتەكەی ئەوەندەی دیكە باری لار ببێت.

وەك وتم، لە مێژووی زۆر دووردا نا، بەڵكو لە مێژووی تۆماركراو و نزیكدا سەدان پەروەندەی سیناریۆیی بۆ بەرھەڵستكاران لەسەر بنەمای تۆمەتی مۆراڵیی چێكراون، بەتایبەت بۆ ھونەرمەندان و نووسەران، لەبەرئەوەی كە جەماوەری ھونەرمەندان لە ھەموو سەردەمەكاندا لە جەماوەری پارتە ڕامیارییەكان و دەسەاتداران زیاتر بووە و ھەیە [بە دڵنیاییەوە دەڵێم، ئێستاش جەماوەری ھونەرەكەی و خودی ‘كاروان عوسمان’ لە ژمارەی ئەندامانی پارتە گەورەكان زیاترە]، ھەر ئەو ھۆكارەشە وا لە دەسەڵات و پارتە ڕامیارەكان دەكات، بۆ شكانی كەسایەتی كۆمەڵایەتی ھونەرمەندان و تاوانباركردن و لەنێوبردنیان پەنا بەرنە تۆمەتی مۆڕاڵی. بۆ دەركەوتنی سەرەنجامی نۆژەنكردنەوە و پێداچوونەوەی ئەو جۆرە تۆمەت و سزایانە، تكا لە خوێنەر دەكەم با كەمێك لە بارەی پەروەندەی ‘جۆ ھیل’ ی ھۆنەر و سروودبێژ و ‘سه‌باحه‌دين عه‌لی’ نووسەری باوداری توركیە، بخوێننەوە و بۆ ئەم مەبەستە نزیكترین و خێراترین ڕێگە، كە پێگەی زانیاریی (ویكیپێدیا)یە و لەبەردەستی زۆربەدایە، سەردانی بكەن.

ئێستا ئیتر كاتی ئەوە ھاتووە، كە ئێمە شەیدایانی ھونەر و دەنگی ‘كاروان عوسمان’ واز لەم پرسە نەھێنن و ئەم پەروەندە وەھا زیندوو بكەینەوە، كە سەری كەسی سییەم و ‘شوان داودی’ بە پەتا، نا، بەڵام لە ‘ژورناڵی ئازاد’دا ھەڵواسرێت و بۆ ھەمیشە دەستی دەسەڵاتداران لەوە كۆتا بكەین، كە چیدیكە نەتوانن بۆ لەنێوبردنی نەیارەكانیان بەتایبەت ھونەرمەندان، پەنا ببەنە بەر ھەڵبەستنی تۆمەتی مۆراڵی.

لە كۆتاییدا چەند دەستەواژەیەكی ‘شوان داودی’ وەك بەشێك لە قسەكانی لە بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’ دەنووسمەوە، تاوەكو خوێنەران بەخۆیان بڕیار بدەن:

ئەو لەسەرەتای بەرنامەكەوە بەناوی ھەموو كەركووكەوە قسە دەكات و دەڵێت “… من گۆشەیەكم ھەیە ‘لەناوجەرگەی كوردستانەوە’ تەعبیر لە بیر و بۆچوون و ڕا و بۆچوونەكانی شاری كەركووك دەكا…” ھەروەھا خۆی لە قسەكردن لەسەر كەیسەكە دەدزێتەوە ” تاوانێك ھەیە، …. دژە ئینسانییە …. ئەگەر وردی بكەیتەوە، قسەی لەسەر بكەی، كە من نامەوێت قسەی لەسەر بكەم زۆر، ئەتباتە ئەبعادی تر ..” لە وەڵامی پرسیاری بینەراندا دەڵێت “ئەوەی ڕەحمان وەڵام ھەڵناگرێت، چونكە ڕەحمان ھین نییە، بۆخۆی ھەرچۆن بێت قسەی خۆی دەكات، ئیشكالم نییە لەسەر ڕەحمان” لە وەڵامی پرسیاری ‘نەبەز گۆران’دا كە لە ناوی دوو كەسەكەی دیكە دەپرسێت، كە بۆچی ناوی ڕاستینەی ‘ئیسماعیل سەكران’ ناھێنێت، دەلێت ” من لەبەر كۆمەڵێك ئیعتیبارات …” ھەروەھا ” بۆ ناڵێن كەركووكچیەتی دەكات بۆ دەڵێن شارچییەتی دەكات، … نا فەرقی زۆرە” لە بەرامبەر ڕەخنەی ‘نەبەز گۆران’دا دەڵیت “من نەموتووە، من وتم گۆشەكەی من لە كەركووك دەردەچێت بیروراكانی خەڵكی كەركووك نەقل ئەكەم” …. “بەناوی كەركووكییەوە قسە ئەكەم، نا.. ھەقم ھەیە، یەك كەس ئیعترازی ھەبووە، ئەویش كەركووكییە” دواتر دەڵیت “كەسی سێیەم دیارە، كەسی سێیەم مەحكەمە نەیگرت، كەسی سێیەم نەكەوتە دەسی مەحكەمە، بۆ نەكەوتە دەس مەحكەمە، لەبەرئەوەی لەپاڵ ھێزێكدا بوو” ھەروھا لە وەڵامی پرسیاری ‘نەبەز گۆران’دا ” ئەو بكەرەكە نەبوو؟” دەڵێت ” نە، لەو پارەیە، بكەری كارەكە، لە عەسڵا ….”  ئا لەم كاتەدا كە خەریكە ‘شوان داودی’ ڕەوتی قسەكردنی لەدەستبدات و بچێتە سەر كەسی سێیەم، بەداخەوە پێشكەشكاری بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’ قسەكەی پێدەبڕێت و لە دركاندنی ناوی كەسی سێیەم ڕزگاری دەكات و كەسی سێیەم بۆ ھەمیشە بوو بە مەتەڵ، مەگەر پاش ڕوخانی دەسەلاتی لایەنە پەنادەرەكە، ئەو كەسە ئاشكراببێت!

پەراوێز:

* گوێ لە دووبەدوودوان (دووێل)ەكەی ‘نەبەز گۆران’ و ‘شوان داودی’ لە کەناڵی NRT ، بەرنامەی ‘تەبا و ناتەبا’ بگرن، كە بەدڵنیایی و پێداگرییەوە دەڵێت، كەسی سێیەم نەیكوشتووە …

بەرنامەی “تەبا و ناتەبا” کەناڵی NRT بەشی یەكەم

http://www.youtube.com/watch?v=LmLTbGuWp6Q

بەرنامەی “تەبا و ناتەبا” کەناڵی NRT بەشی دووەم

http://www.youtube.com/watch?v=zao7QWEcygs

** بڕواننە دواژمارەكانی گۆڤاری ھونەریی ‘ژیلەمۆ’، ژیان و بەسەرھات و چەند ھۆنراوەیەكی ‘نازم حیكمەت’ ” لە سی ساڵیدا وەخت بوو لە سێدارەم بدەن”

*** داوای لێبوردن لە ھاوەڵان و ھاورێیان و خزمانی ‘ئیسماعیل مەولوود’ دەكەم، لەبەرئەوەی زانیاریی زۆرم لەبارەیەوە نییە، ناتوانم زۆر پێداگری لەسەر ئەوە بكەم ئایا دەستی لە جێبەجێكردنی نەخشەدا ھەبووە یا نا، بۆیە خۆم لەوە لادەدەم، كە پارێزەریی تەواوی لێبكەم.

**** ‘شوان داودی’ لە سەرەتای بەرنامەكەدا دەڵێت ” كاك …. وەك پێشتر لەسەری ڕێككەوتین، من لێرەدا ناچمە سەر وردەكاری كەیسەكە.