بەشێك لە مێژووی ڕۆژی 1ی ئایار
و. لە ئاڵمانییەوە
چیرۆکی ڕووداوەکەی هایمارکت (Haymarket)
مشتومڕی نێو بزووتنەوەی کرێکاری سەدەی 19 لە چەند پرسێکدا چەقی بەستبوو، لەوانە دەستلەکارکێشانەوەی هەرەوەزییانە، کە مانگرتنی گشتی کۆمەڵایەتی بوو بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکان. یەکێتییەکانی ئینگلتەرە لە 1ی ئایاری 1833دا 8 کاتژێر ڕۆژانەکاریان کردە ئامانجیان و بڕیاری مانگرتنی سەرتاسەرییان دا، کە تیایدا شتێكی ئاوا نەتوانرا بەتەواوی بهێنرێت دی. سەرمایەداری پیشەسازیی بۆ بزووتنەوەی تازە پێگرتووی کرێکاریی دژێکی بەهێز بوو، لەلایەکی دیکەوە ناسیونالیزم بەزۆری بەری بە هاوپشتییە سنووربەزێنەکان دەگرت.
پاش ئەوەی کە شۆرشی 1848/1849 بە سەرکوتنی بۆرجوازی نەتەوەیی کۆتایی هات،زۆرێك لە کرێکارانی سۆشیالیست بەرەو ئەمەریکا ڕەویان دەکرد. زۆرێکیان هزر و بیرۆکە ئەنارکیستییەکانیان لەتەك خۆیان بردە ئەمەریکا، لەوێ کە ژیان و هەلومەرجی کارکردن زۆر خراپتر بوو لە ولاتانێك کە لێوەی هاتبوون. بەتایبەت لە یەکەمین قەیرانی ئابووریی لە ساڵی 1857وە تا گەرمەی قەیرانەکە “داتەپینە گەورەکە”، لە ساڵی 1883وە کرێکاران بەدەست بێکاری و بێسەرپەناییەوە گیرۆدە بوون.
لەبەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاریی ئەو کاتدا، لە ئیمپراتۆریی تازە پێکهێنراوی ئاڵماندا ساڵی 1878 یاسا کۆمەڵایەتییەکان ”لەدژی جالاکییە مەترسیدارەکانی سۆشیال دیمۆکراسی” پەسەند کران. لە پێکهێنانی کۆمەڵەی نێونەتەوەیی کرێکاران (IAA) لەساڵی 1872دا، سۆشیالدێمۆکرات و کرێکارانی ئاڵمان گەورەتری هێز بوون. بەم جۆرە جێی سەرسووڕمان نییە، کە زۆرێك لەو سەدان هەزار کرێکارە ئاڵمانەش لە ئەمەریکا خۆیان لە یەکتییەکاندا ڕێکبخەن. “پاڵەوانانی کار” (Knights of Labor) کە ساڵی 1869 لە فیلادیلفیا پێکهێنران، بوونە پێشینەی “یەکێتییە کرێکارییەکان“ی دواتر.
پرسی توندوتیژی
لە سەردەمی مانگرتنی گشتی هێڵی شەمەندەفەری1877وە، یەکێتییەکان جەماوەرێکی زۆریان لی کۆبووبووەوە، بەڵام لەلایەن بەکڕیگیراوان و مانشکێنانی چەکداری نووسینگەی (Pinkerton Agency) وەك پێسپڕدراوی سەرمایەدارەکان، دژایەتی دەکران. پۆلیس و میدیاکانیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی خۆیان دەگێڕا، بۆ نموونە ”New York Tribune” ئاوا داوای دەکرد، کە پێویستە خۆپیشاندانی کرێکارانی مانگرتوو بە نارنجۆك تێکبشکێندرێن. لە بەرامبەردا وەك ڕێکخراوی چەکداری خۆپاراستن، لە هەندێك لە شارەکانی ئەمەریکادا یەکێتیی “فێرکاریی و ئەنجومەنی خۆپارێزی” پێکهێنران. هەڵدەستان بە ڕاهێنانی تەقەکردن و ڕێپێوانی ساڵیادی کۆمونەی پاریس. ساڵی 1880 “پارتی سۆشیالیستی کرێکاران” لەسەر پرسی چەکداربوون بوو بە دوو باڵەوە، باڵی ڕاستی پارلەمانی و باڵی چەپی شۆڕشگێڕ.
هاوکات لە نیویۆرك ئەنارکیست و نوێنەری پارلەمانی جارانی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان یوهان مۆست Johann Most نووسەری “زانستی جەنگی شۆڕشگێڕانە” وەك “پرۆپاگەندەی چالاکی”، لە شیکاگۆ ئەلبێرت پێرسن Albert Parsons و ئاوگوست شپیس August Spies ی ئاڵمانی ناسراوترین قسەکەری بزووتنەوەی کرێکاریی توندوتیژ بوون. شپیس لە “ڕۆژنامەی کرێکاری شیکاگۆ“ی ئاڵمانی زماندا کاری دەکرد و پێرسنس ڕۆژنامەی “ئاگاداری” Alarmی ئینگلیزی زمانی دەردەکرد. ساڵی 1883 هەدووکیان لە شاری Pittsburgh پێکەوە لەتەك سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ئەنارکیستەکانی دیکەدا لەسەر شێوازی میخائیل باکونین لە نێونەتەوەیی یەکەم، کۆمەڵەی نێونەتەوەیی خەڵکی زەحمەتکێش (کەسانی کرێکار) „International Working People’s Association (IWPA)“یان پێکهێنا.
تێکەڵەی ئەنارکیزم و سەندیکالیزم ئەوسا وەك “بیرۆکەی شیکاگۆ – Chicago Idea ” دەخرایە ڕوو. لە هەژمارێکی زۆر ڕۆژنامەدا “نێونەتەوەیی ڕەش” پاگەندەی بۆ پلانە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بە زمانی ئاڵمانی، ئینگلیزی و چێچی دەرکرد. بەتەنیا لە شیگاکۆ پێنج ڕۆژنامەی دەردەکرد، لەوانە “ڕۆژنامەی کرێکاران – Arbeiter-Zeitung” کە لەلایەن ئاوگوست شپیس، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer و میشایل شڤاب Michael Schwab ەوە، ڕۆژانە بە تیراژی 6.000 دانە دەردەکرا.
خەبات لەپێناو 8 کاتژێر ڕۆژانەکاردا
ساڵی 1884 “کۆنگرەی یەکێتییە فیدراڵییەکان و کۆمەڵە کرێکارییەکان” دواتر ناسراو بە “فیدراسیۆنی کرێکارانی ئەمەریکا“ی ئەمەریکای باکووری بڕیاری دا داواکاری 8 کاژێر ڕۆژانەکار وەك سەرخەتی ناوەندیی خەباتی داهاتوو بێت.
سەرەکیترین داواکاری کرێکاران کەمکردنەوەی ماوە (کاتژێر)ی کار بوو. هەر لەسەر ئەمە بوو کە کرێکاران لە یەکی ئایاری 1886دا خەباتی خۆیان لەسەر کەمکردنەوەی ماوەی کار، توندتر کردەوە.
لە یەکی ئایاری 1886دا، زیاتر لە 340.000 کرێکار لە ئەمریکا دەستیان لەکار کێشایەوە، تەنیا لە شیکاگۆدا هەژماری کرێکارانی مانگرتوو 40.000 کەس بوو. چەند ڕۆژ دواتر پۆلیس لە مەیدانی هایمارکت Haymarket دەستیان بە ڕەشەکوژی کرد. سەرەنجام لەو پێکدادانەدا زیاتر لە 7 کەس کوژران، لەلایەکی دیکەوە لە راگەیاندنەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیێنرا، کە ئەفسەرێکی پۆلیس بەهۆی بۆمبی دەستی ئەنارکیستێکەوە کوژراوە و هەروەها 6 پۆلیسی دیکە لە پێکدادانەکاندا کوژران. هەژماری برینداران لە هەردوولا لەنێوان 30 تا 40 کەس ڕاگەیێندرا. کەمکردنەوەی دوو کاتژێر لە ( 10 کاژێر زیاتری) ڕۆژانەکار، بۆ سەندیکالیستە ئەنارکیستەکان، ڕیفۆرمیستی دەهاتە بەرچاو، بەڵام سەرەرای ئەوەش پشتیوانیان لە کەمپەینەکە دەکرد. داواکارییەك کە لە ساڵی 1960ەوە لەجێی خۆی مابووەوە، دەبوو لە یەکی ئایاری 1886دا بە مانگرتنی سەرتاسەری بسەپێنرێت. لە شیکاگۆ “یەکێتی ناوەندیی کرێکاران – Central Labor Union” شەممەی پێش 1ی ئایار خۆپیشاندانێکی گەورەی بە بەشداری نزیکەی 25.000 کەس بەرپاکرد. لە خودی یەکی ئایاردا مانگرتن لە ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەمەریکادا زیاتر لە 300.000 کرێکار، بەتەنیا لە شیگاکۆ 40.000 کرێکار دەستیان لە کار کێشایەوە و لەسەر شەقامەکان 80.000 خۆپیشاندەر یەکیان گرتبوو.
پێشتر لە ئەپڕیڵی 1886دا لە شیکاگۆ لە کارخانەی میكکارمیك McCormick، کە درەوکەر (ماشێنی درەوکردن / دەراسە) ئامادە دەکرا، زۆربەی کرێکارەکان لەبەرامبەر ڕەفتاری نامرۆڤانەی شوێنی کار، بڕیاری مانگرتن دەدەن. ئەو کات لەبەرامبەر 12 کاتژێر ڕۆژانەکار بەگشتی 3 دۆلاری ئەمەریکی دەدرا، کە مرۆڤ دەیتوانی لە چێشتخانەیەکدا تەنیا ئێوارە ئێوارەخوادنێکی هەژارانەی پێ بکڕێت. خاوەنکار ڕێگری لە چوونەسەرکاری تێکرا کرێکارەکان دەکات، تاوەکو نزیکەی 1000 شوێنکاری خاڵی، بە کۆچەرانی تازە پڕ بکاتەوە، کە لە ئاوا بارێکدا لەبەر دەرگەی کارخانەکاندا بۆ پەیداکردنی کار دەوەستان. وێڕای بانگەوازی “ڕۆژنامەی کرێکار“، بۆ ئەوەی مانشکێنی نەکرێت، هێشتا 300 کەس بۆ داخوازی کار خۆیان ناونووس کرد. ئێوارەی 1ی ئایاری 1886 لە مەیدانی هایمارکت لە شەقامی ڕاندۆڵفRandolph Streetی شیکاگۆ کۆبوونەەیەکی کرێکاری کرا و ئەوەبوو کە مانگرتنی چەند ڕۆژەی کارخانەی میكکارمیك McCormick ی بەدوادا هات.
شیکاگۆ 1886
لە 3ی ئایاردا پۆلیس ڕژایە ئەو ناوە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی مانگرتنی 6.000 خۆپیشاندەر لە نزیکی کارخانەی مێكکارمیك بڵاوە پێبکات. لە پێکدادانەکانی دواتردا 6 کرێکار کوژران و زۆرێك بریندار بوون. لە شەوی پێش 4ی ئایاردا هەزاران خۆپیشاندەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر توندوتیژی پۆلیس کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی هایمارکت بەرێکەوتن. سەرلەنوێ پۆلیس هەوڵی دا وەك ئەوەی ڕۆژی پێشوو، بە توندوتیژی بڵاوەی پێ بکات. سەرەرای ئەوەش کاروانی ناڕەزایەتی کرێکاران توانی بەرەویێش بڕوات و ئاشتییانە تێپەڕی. پارێزگاری شار هێرسن Harrison، کە بەخۆی لەوێندەرێ چاودێریی ئاساییشی شارەکەی دەکرد، زوو بەرەو ماڵ چووەوە.
نزیکەی 1000 خۆپیشاندەر، کە زۆربەیان کرێکاری ئاڵمانی بوون، گوێیان لە وتاردانەکان ڕاگرتبوو. دەمەو ئێوارە پاش ئەوەی ئەنارکیستانی ناسراو ئەلبێرت پێرسنس، ئاوگوست شپیس و ساموێل فیڵدن وتارەکانیان دا، بارودۆخەکە دژوارتر بوو. هێزی پۆلیس لە کۆڵانەکانی دەوروبەرەوە بە چەکەوە ئامادەباش وەستابوو. هەرکە هەوری باراناوی ئاسمانی تەنییەوە، زۆرێك لە خۆپیشاندەران شوێنی ناڕەزایەتییەکەیان جێهێشت، تەنیا نزیکەی 300 کەس لە وێندەرێ مانەوە.
کەمێك پێش کۆتاییهاتنی قسەکانی ئاوگوست شپیس، پشکێنەری پۆلیس بۆنفیڵد Bonfield فەرمانی هێرشبردن دەدات. 200 پۆلیس بەرەو ئۆتۆمەبێلی سەکۆی قسەکردنەکە کەوتنەڕێ و چوارلایان گرت، کاتێك کە بۆمبەکە هەڵدایە نێوەندی خەڵکەکە. دەستبەجێ پاش تەقینەوەکە، پۆلیس دەستی بە تەقەکردن لە کرێکارەکان کرد. لە شوێنی ڕووداوەکەدا پۆلیسێك کوژرا و شەش کرێکار دواتر بەهۆی برینداربوونیانەوە مردن. ئەوەی کە وتاردەرەکان وەك ئەنارکیست ناسراوبوون، پۆلیس و راگەیاندن ئاوایان لێكدایەوە، کە ڕووداوەکە هێرشێکی ئەنارکیستییە بۆ سەر پۆلیس. هەرچەند لەلایەن دادگەوە هیچ بەڵگەیەك بۆ وەها پەیوەندییەك نەتوانرا بخرێنە ڕوو.
سەرەرای ئەوەی کە لەو ساوە تا هەنووکەش هیچ کەس وەك هەڵدەری بۆمبەکە نەناسراوە، کەچی 8 کەس ، کەسانێك کە بەشداری ڕێکخستنی مانگرتنەکە بوون، سکاڵایان لەسەر تۆمار کرا و لە ئۆگوستی 1886دا تاوانبار کران. هەرچەندە تەنانەت بەڵگەی بەشدارنەبوون و تاوانبارنەبوونیان هەبوو، دادوەر جۆزیف گاری Joseph Gary بە تاوانباری ناساندن، گوایە بۆمبهەڵدەرەکە لەسەر بنەمای بۆچوونی ئەنارکیستانەی ئەم کەسانە بەکارەکە هەستاوە. لەسەر ئەو بنەمایە ئەوان تاوانبارن، هەروەك ئەوەی کە بەخۆیان بە هێرشەکە هەستابن. شایانی باسە خەرجی پارێزەری تاوانبارکراوان، نزیکەی 50.0000 دۆلار بوو، کە لە پارەی کۆمەكی هاوپشتی لە هەموو لایەکی جیهانەوە دابین کرا.
سزادراوان گیۆرگ ئێنگل Georg Engel (نیگارکیش خەڵکی کاسڵ– ئاڵمان) ، ساموێل فیڵدن Samuel Fielden (کرێکاری بارکردن خەڵکی لەنکشەیر – ئینگلاند) ، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer (جاپگەر خەڵکی برێمن – ئالمان) ، لویس لینگ Louis Lingg (دارتاش خەڵکی مانهایم–ئاڵمان) ، ئۆسکار نێبە Oscar Neebe (لولەکیش خەڵکی نیویۆرك، تا سەردەمی لاوی لە کاسڵ ژیاوە) ، ئەلبێرت پێرسنس Albert Parsons (جاپگەر خەڵکی ئالاباما) ، میشایل شڤاب Michael Schwab (پەرتووکچن خەڵکی ئونتەرفرانکین– ئاڵمان) ، ئاوگوست شپیسAugust Spies (مۆبیلدانەر خەڵکی هێسن– ئالمان). پاش دادگەییکردنێکی ڕواڵەتییانە (شانۆگەرییانە) بە بەڵگەی دۆرینەوە، لەلایەن لێژنەیەکی سوێندخۆری ساختەوە بە لەسێدارەدان سزا دران. هەروەها ئۆسکار نێبە بە 15 ساڵ زیندانی سزا درا. لویس لینگ لە ژووری زینداندا بەهۆی دەمانجەیەکی بەقاجاخ بەدەستهێنراو خۆکوژی کرد و لایەکی سەری هەڵتەقاند. دادگە و دەسەلاتداران بەزۆر ئەو بڕئارەیان سەپاند و داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکە لە سەرەتای نۆڤەمبەری 1887دا لەلایەن دادگەی بالاوە ڕەتکرایەوە.
سزای لەسێدارەدانی ساموێل فیڵدن و میشایل شڤاب لەلایەن فەرماندارOgelsby ەوە گۆڕدرا بە سزای زیندانی هەمیشەیی. ئێنگل، فیشەر، پێرسنس و سشپیس لە ڕێکەوتی 11ی نۆڤەمبەری 1887 لە زیندانی Cook County لەسێدارە دران. سەدان هەزار کەس لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و بەگۆڕسپاردنی لەسێدارەدراواندا لە گۆڕستانی ڤاڵدهایم Waldheim لە ( Forest Park Illinois) بەشدارییان کرد. ڕۆبێرت ڕایتسیڵ Robert Reitzel ی ئەنارکیست خەڵکی بادن Baden، بەو بۆنەوە وتارێكی خوێندەوە. لە ساڵی 1893وە لەم گۆڕستانە، پەیکەرێکی یاداوەی بۆ قوربانیانی ڕووداوەکەی هایمارکت دانراوە.
هەروەها لە ساڵی 1893دا هەر سێ زیندانی، فیڵدن ، نێبە و شڤاب لەلایەن فەرماندار (پارێزگار) جۆن ئاڵتگێڵد John Altgeld وە بە بێتاوان و قوربانی دادگە ناسران و لێبوردیان بۆ دەرچوو. ( ساڵی 1936 دەستەیەکی لێکۆڵینەوە بەو سەرەنجامە گەیشت، کە هەموو 8 سزادراوەکە بێتاوان بوون). ئۆسکار نێبە پاش ئازادکردنی وەك پێشتر لە بزاڤی کرێکاریدا چالاك مایەوە. دواتر بووە ئەندامی کرێکارانی پیشەسازیی جیهان ( IWW – Industrial Workers of the World ) و لە میتینگی 1ی ئایاری 1906ی شیکاگۆدا قسەکەری یەکەم بوو. نێبە ساڵی 1916 مرد و لە گۆڕستانی ڤاڵدهایم لەتەنیشت پەیکەری یاداوەری “گیانبەختکراوانی هایمارکت“دا بەخاك سپێردرا.
پاشان، سەرەڕای ئەوەش، سزاکە و جێبەجێکردنەکەی بوونە هاندەری ناڕەزایەتی بەردەوامی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرتاسەری جیهاندا. 1888 فێدراسییۆنی کرێکارانی ئەمەریکا ( American Federation of Labor – AFL) بڕیاری دا 1ی ئایاری 1890 بکرێتە ڕۆژی خەبات بۆ سەپاندنی 8 کاتژێر ڕۆژانەکار. هەرچەندە کە لە ئاڵمان پارتی سۆشیالدێمۆکرات دژی بانگەوازی مانگرتنی گشتی بوو، لە هەموو شارەکان مانگرتن و کۆبوونەوەی جەماوەری بەرپاکران. زیاتر لە 100.000 کرێکار بەشدارییان تێددا کرد، بەتایبەت شاری هامبورگ Hamburg.
دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی “ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی“ سۆشیالدێمۆکرات لە ساڵی 1889دا بڕیاری دا 1ی ئایاری بکرێتە “ڕۆژی خەباتی” سالانەی بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و مانگرتن دەستی پێکردووە. بەڵام هەروەها هەر لە دەستپێکەوە لەناو بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە1ی ئایار هەبوو: لە فەرەنسە لە ساڵی 1892دا هەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە سیباستیان فۆرێ Sebastien Faure، وتی “چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو سەکۆیەکی دەستەمۆکراوە بۆ هەڵبژاردنی دەسەلاتخوازان، تا لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پارلەمان هەڵببژێردرێن”. ساڵی 1893 لە کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە مارسێل Marseille جارێکی دیکە ئاراستەی خەباتکارانی 1ی ئایار وەك ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر کرایەوە، شتێك کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆشیا دێمۆکرات واوەتر بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی 1896 کاتێك کە ئەندامانی ئەنارکیست لە نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم دەرکران، ئەو لێکدابرانە فراوانتر بوو.
هاوپشتی نێونەتەوەیی لەبری ناسیونالیزمی خۆجێی
ئەوڕۆکە بۆ زۆرینەی زۆری کرێکارانی کرێکرتە (پابەند بە مووچە)، 1ی ئایار واتایەکی زۆر نابەخشێت. زۆر دەمێکە چیتر “ڕۆژی خەباتی چینایەتی” نییە. لەبری ئەوە 1ی ئایار بۆ زۆرێك هەلێکی گونجاوە بۆ گەشتێکی خێزانی بۆ ناو سەوزایی (پارك و باخی کەنار شار)، یا لەوانەیە بۆ ڤورست [قیمەیەکی خۆشەکراوە بۆ برژاندن] خواردن لە جەژنی سەرشەقامی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان (DGB). لەوێندەرێ وتاری فریودەرانەی سەرانی یەکێتییەکان، ئەوانەی کە لەبارەی “هاوپەیمانی لەپێناو کار ” لەتەك خاوەنکاران وەك پێداویستی و هەنگاونان بۆ پێشەوە، قسە دەکەن، پەخش دەکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە سەرانی یەکێتییەکانی (DGB) پارێزگاری لە “ئاڵمانیا” بە هەموو هێزە ناسیونالیستەکانییەوە لەبەرامبەر کێبرکێی وڵاتانی کرێ کەم (کار هەرزان)ی ئۆروپای خۆرهەلاتی و ئاسیا، دەکەن. تەنانەت ئەمە واوەتر دەڕوات، کە (IG BAU ) پێکەوە لەتەك کاربەدستانی گومرگ دەچنە شوێنەکانی کارکردن (خانوو و تەلارکردنەوە)، تاوەکو کاری تۆمارنەکراو (ڕەش) و شێوەکانی دیکەی کارکردنی نایاسایی لەناوبەرن. کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی ئەندامانی، بەشێوەیەکی سەرەکی کرێکارانی شارەزا، بە پاراستنی پلەی مووچە و مافی خانەنشینی، نوێنەرایەتی دەکات. بۆ بەشێکی ڕوو لە زیادی خەڵك، ئەوانەی کە لە دەرەوەی پلەی مووچە ( ناجێگیر/ نایاسایی)ن، 1ی ئایار بەهیچ شێوەیەك ڕۆژی پشوو نییە و پاداشتی پشوویان بەرناکەوێت.
شەقام خاوێنگەران، قاپشۆران و سەرپەشتیگەرانی مناڵان و پیران، چایچی و قاوەچییان، کرێکارانی فەرمانگەکان– بەردەوام زۆتر کارە پێویستەکانی کۆمەڵگە بەهۆی کرێکاری قەرزکراوەوە (کرێکاری کاتیی وەرگیراو لە نووسینەگانی کار)، نیوەکاران یا یەك یۆرۆ کارەوە پڕ دەکرێنەوە. کاری زۆرەملێیانەی دەوڵەتی لەلایەن ARGE (گروپی کار) و فشاری کرێی کەمی بازارەوە لەشکری “کارکەرانی هەژار” لە ئاڵمانیا دەسەبەر دەکەن. بۆ یەکەمین جار پاش دووەمین جەنگی جیهانی دووەمەوە، بەشێکی دانیشتوان ناچار کراون و خراونەتە ژێر هێڵی هەژاری، لەو شوێنانەی کە دەمێکە “پڕۆلیتاریای بیانی“ی (بە دەربڕینی “یەکێتی پۆلیس“) لێیە. بۆ ئەوەی خەبات دژی وەها بارێك ڕۆژانە بەڕێبخرێت، ئەرکی یەکێتییەکانە. دەی ئەگەر DGB نەیکات، ئەوا ئێمە بەخۆمان دەیکەین!
چیرۆکی (بەشداریی کۆمەڵایەتی)
هاوپەیمانی چینایەتی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان ڕیسا [سوننەتی] خۆی هەیە : ساڵی 1920 لە کۆماری ڤایمارەرWeimarer دا یاسای شوراکانی کارخانەی ئیمپراتۆری ئاڵمان پەسەند کرا. پاش جەنگی دۆراوی یەکەمی جیهانی (1914-1918) و شۆڕشی نۆڤەمبەری کرێکاران – و شوراکانی سەربازان (1918/19) سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانی وەك دەستەبژێری سەروەر خۆیان سەپاند. هەر ئەو سۆشیالدێمۆکراتە، ساڵی 1914 دەنگی بە جەنگی ئیمپراتۆریی دا، تاوەکو دیسانەوە لەلایەن هێزە کۆنەپەرستەکانەوە وەك “نانیشتمانی” سووکایەتییان پێنەکرێت.
ڕابەڕانی پارتی سۆشیالدێمۆکرات ئالمان ئیبێرت Ebert و نۆسکە Noske دەیانەویست بەشی خۆیان لە ولاتانی داگیرکراو “شوێنێك لەبەر خۆرەتاو” بپچڕن، لەو ڕووەوە یەکێتییە سۆشیالدێمۆکراتەکانیش لەوپێناوەدا ئامادەبوون، لە کاتی جەنگی ئیمپریالیستانەدا دەم و دەست و پێ بەستراو بن. ئەم گونجانە چینایەتییە وەك “هودنە” بووەتە سیمبوڵی میانجیکاریی و هاریکاریی (corporatism) یەکێتییەکان. ئیمپراتۆر (قەیسەری پروس) بە بەفەرمیناسین لە “یاسای کۆمەکیی خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان“ی 1916دا سوپاسگوزاری کردن. لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان ئەنجومەنی ناوەندیی کار (ZAG) لەتەك پیشەسازیدا سەرلەنوێ لە سالانی 1918 تا 1924 گیانی سازشکارانی تەبایی چینایەتی یەکێتییەکان خۆی دەردەخاتەوە.
1919 : ڕۆژی پشوو و ڕەشەکوژی
لەتەك سەرکەوتنی سۆشیالدێمۆکراتی لە کۆماری ڤایمەر Weimarer دا، ساڵی 1919 ئیتر ڕۆژی 1ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“. بۆ ئەوەی چیتر یاداوەری کوشتاری مانگرتنە جەماوەرییەکەی 1886 لەپێناو 8 کاتژێر ڕۆژانەکاردا، نەبێت. سۆشیالدێمۆکراتەکان دەیانویست پشوویەکی یاساییانەی دەوڵەتیی، وەك “باڵاترین ئامانج پاراستنی کرێکاران و ئاشتی جیهانیی هەمیشە دابینکراو” نیشان بدەن. دەبوو ئەمە ببێتە “ئامرازێك بۆ یەکگرتن و تەبایی تەواوی گەل“.
لە یەکەمین 1ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی 1919دا کۆماری شۆڕشگێڕی میونیخ (Münch) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران. هەزاران زیندانی کران و بە کوشتن یا زیندانی هەمیشەیی سزا دران. سۆشیالدێمۆکراتی ترسی ئەوەی هەبوو، کە لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم ڕۆژە دووبارە ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەك کرێکاراندا. هەر لەبەرئەوە ئەو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“یە دەستبەجێ هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام سەرەرای ئەوەش لە زۆر بەشی (کۆماری ڤایمەر)دا ڕۆژی 1ی ئایار بە ڕۆژی پشوو مایەوە.
لە ئەپڕیڵی 1920دا میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات ڕێگەی دا بە کۆمەکی هێزی پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕ بکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد. ئەو هێزە سەربازییانەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان” شۆڕشی نۆڤەمبەری 1918یان سەرکوتکرد، سەرلەنوێ بە چاوپۆشی میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات، بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانیان خەڵتانی خوێن کرد. بەڵام سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانیان لەو ئاستەدا نەبوون ئەزموون وەبگرن و بەر بە هەڵکشانی سۆشیالیزمی نەتەوەیی بگرن.
لە ساڵی 1924ەوە خۆپیشاندانەکانی 1ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە) قەدەخە بوون، لەبەرئەوە لەو سالانەدا هیچ شتێکی ئاوا نەهاتووەتە ڕوودان. ساڵی 1929 لە وەها بارێکدا سەرۆکی پۆلیسی بێرلین Zörgiebel خۆپیشاندانی 1ی ئایاری سەرکوت کرد، بۆ ئەوەی بەر بە مانگرتنی ڕۆژی 2ی ئایار، کە پارتی کۆمونیستی ئاڵمانیان (KPD) رایگەیاندبوو، بگرێت. لە (بەرلین) پایتەختی پروس، لەوێ کە 1ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان)ەوە ئەم ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی 8 هەزار کرێکار لە گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆپیشاندانی 1ی ئایاریان بەرپاکرد. هەرچەندە کە پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان تەنیا خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناو هۆڵەکان بوو، سۆشیالدێمۆکراتیك کوژرا، لەسەر ئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرەکەی دابخات. سەرۆکی پۆلیس Zörgiebel ی سۆشیالدێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو ڕۆژی دواتردا هەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتنی بە چەکی قورسی وەك دۆشکە سەرکوت کرد. 30 کەس لە نزیکەی 25 هەزاری خۆپیشاندەری بێچەك کوژران و سەدان کەسیش بریندار کران.
سۆشیالدێمۆکراتی و کۆنفیدراڵی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB)
شالیاری کاری ئەوسای ولات تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری “دێمۆکراتی ئابووری“ی بۆرجوازی) لە ساڵی 1921ەوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو، خۆپیشاندان نییە!” لایپارت هەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرهەڵستی دژە فاشیستانەی کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت.
پاش دەسەڵاتسپاردن بە سەرۆکشالیارانی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان ئادۆلف هیتلەر Adolf Hitler لە 1933دا، لایپارت هەوڵێکی ناکامی دا یەکێتییەکانی ئاڵمان بداتە پاڵ میرایەتی یاسایی نازی. لە ترسی لەنابردنی یەکێتییەکان، ئەو لە دژی ڕامیاریی مانگرتنی جەماوەری لە قسەکردن بەردەوان بوو و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی زارەکی و بێلایەنیی ڕامیاریانەی پارتیی، پشتی تێکرد.
دیکتاتۆری نازیی و کولتوری کار (کارپەرەستی)
لە 19. ئەپڕیڵی 1933دا کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان ADGB ڕایانگەیاند، ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لە جەژنیی دەوڵەتیی ئایاردا بەشداری بکەن. کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان داوای لە دەوڵەت کرد، کە “هێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێك لە دەوڵەت”ی پارتی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (سۆشیال نەتەوەیی). لە 1ی ئایاری 1933دا بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەك نازییەکان بەکردەوە ڕێپێوانیان کرد. لە بێرلین لەبەردەم یەك ملیۆن ئاڵمانیدا هیتلەر ڕایگەیاند “سیمبولی خەباتی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی نەتەوە”. ئیتر دژە جولەکەبوون و دژە کۆمونیستبوون کرانە ئایینامەی دەوڵەت.
لە ڕۆژی دووەمدا (02.05.1933) نازییەکان بەهۆی “کۆمیتەکانی چالاکی بۆ پاراستی هێزی کاری ئاڵمانی– Aktionskomitee zum Schutze der deutschen Arbeit”ەوە کۆمەڵە کرێکارییەکان، بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستیان بەسەردا گیرا و سەرانی یەکێتییەکان (وەك تیئۆدۆر لایپارت) لە “زیندانی چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجە دران و هەندێکیان کوژران.
ناسیونال سۆشیالیستەکان (نازییەکان) لەڕێی زۆرەوە خەباتی چینایەتییان لەنێوبرد و بە “تێکۆشانی نەژادی“ی جێگەیان گرتەوە. لەجێی بەشداریی و دەنگداریی کرێکاران لە کارخانەدا، “رابەری کارخانە” و “بەرەی کاری ئاڵمان(DAF) “یان دانا. هەموو کرێکاران وەك “وەفاداری” کرانە ئەندامی زۆرەملێیانەی بەرەی کاری ئاڵمانی (DAF) و ئەنجومەنە سەرتاسەرییەکانی کرێکاران و کارمەندان کرانە یەکێتی یەکەیی [تاك یەکێتی – single union].
مافی مانگرتن هەڵوەشینرایەوە و دەبوو “بڕواپێکراوانی کار– Trustees of the work” وەك میانجیکار لە مشتومڕەکاندا ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان خاوەنکار و هێزی کرێکاراندا لە شوێنەکانی کاردا دابین بکەن. دەبوو هەموو ساڵێك بۆ 12 مانگ 1ی ئایار ناو بنێن و ڕاستەوخۆ لەژێر فەامانی شالیاریی کاری دەوڵەتی ئاڵماندا بوون. “ڕۆژی خەباتی چینی کرێکار” ی جاران کرابووە سیمبوڵی “کاری داهێنەرانە” وەك “نیشانەی هاوپشتی نەتەوەیی” لە “شۆشیالیزمی نەتەوەیی“دا.
لە ساڵی 1934ەوە 1ی ئایار چیتر هیچ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکارەوە نەمابوو و ناوی نرا بوو “ڕۆژی پشووی نیشتمانی نەتەوەی ئاڵمان”. دەبوو بە ڕازاندنەوەی درەختی ئایاری maypoles ، گۆرانیبێژیی، کاروانی ترومبێل و ڕپێوانی سەربازیی،1ی ئایار وەك جەژنی نەتەوەیی بێتە بەشی سەرەکی لە ئایدیۆلۆجی شۆشیالیزمی نەتەوەیی (NS). لە زۆر شوێندا وەك لاساییکردنەوەی پێشەنگیی بێرلین لە 1ی ئایاری 1933دا، تەنانەت درەختیان دەچاند، ئەوەی کە پێیان دەوت “داربەڕووی هیتلەر”. هاوکات نازییەکان بە تیرۆر و ڕاونان پاشماوەی بزووتنەوەی کڕیکاریی (ئاڵمانیا و نەمسا)یان سەرکوتکرد. زۆرێك لە ئوردووگەکانی قەڵاچۆکردندا لەتەك جوولەکەکان و “ناکۆمەڵایەتییەکان – Asozialen (لە ڕوانگەی نازییەکانەوە)” بەهۆی کاری زۆرەملێوە لەناو بران. بەڕێکەوت نەبوو، کە لەسەر دەرگەی ئوردووگەی قەڵاچۆکردنی داخاو Dachau ، دروشمی : “کار مرۆڤ ئازاد دەکات – !Arbeit macht frei” نووسرابوو. ئەم بارە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە هێزەکانی بەرەی دژ لەپێس هەموویانەوە یەکێتی سۆڤیەت و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 8ی مای 1945دا کۆتایی بە دیکتاتۆریی سۆشیالیزمی نەتەوەیی دەهێنن.
یەکی ئایار پاش 1945
لە ساڵی 1946دا 1ی ئایار وەك ڕۆژی پشوو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە فەرمی ناسرا. بەڵام هێشتاکە دەتوانرا بانگەواز و کۆبوونەوە ئایارییەکان بەرتەسك بکرێن. ئەمڕۆکە لە ئاڵمانیا یەکی ئایار ڕۆژی پشووی یاسایی و پاڕێزراوە. لە ڕووی یاساییەوە پرسێکی هەرێمییە، بۆ نموونە لە هەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستفالن NRW ئەم ڕۆژە ناوی ” ڕۆژی پابەندبوونە بە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تەبایی نێونەتەوەیی و ڕێزی مرۆڤایەتی“.
لە دەوڵەتەکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی خۆرهەڵاتیدا، ڕۆژی یەکی ئایار وەك “خەباتی نێونەتەوەیی و ڕۆژی پشووی خەڵکی کرێکار بۆ ئاشتی و سۆشیالیزم” لەلایەن فەرمانڕەوایە مارکسیست–لێنینیستەکانەوە دیاری کرابوو. بەشداریکردن لە ڕێپێوانە سەربازییەکاندا بە بەردەم ڕیزی ئەندامانی پارت و میوانەکانیاندا، ئەرکی بێچەندوچوونی کرێکاران و خوێندکاران بوو. وەك سیمبولی 1ی ئایار گوڵەمێخەکێکی سوور پێشکەش دەکرا یا وەك یاداوەریی سەرکوتکرانی بزووتنەوە کرێکارییەکان دادەنرا.
یەکی ئایار وەك نیشانەی دژەکۆمونیستانەی خۆرائاوا
پاپ پیوسی دوازدەهەم Pius XII کە لەسەردەمی کارگێڕییەکەیدا لە ساڵی 1939وە بەبێ ڕەخنە چاوپۆشی لە فاشیزم کردبوو، لە ساڵی1955دا 1ی ئایاری وەك یاداوەری یوسفی پیرۆز (باوکی عیسی) ڕاگەیاند، کە گوایە دارتاش بووە.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست]ەوە لە بێرلین–ی خۆراوایی (BRD) یەکی ئایار بووەتە سیمبولی جەنگی میلیشیایی سەرشەقامەکان لەنێوان ئۆتۆنۆمەکان [خودموختارەکان] و پۆلیس. کە تێیدا سەنگەربەندی جەنگ و زیانگەیاندن، بەشێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکی کرۆیتسبێرگ Kreuzberg ڕوودەدەن، هەروا بەرادەیەك دانیشتوانی ئەو گەڕەکە و کەسانی دیکەی کە لە شوێنەکانی دیکەوە هاتوون، چالاکانە بەشداری تێدا دەکەن. بەزۆری ئێوارە خۆپیشاندانی چەپە رادیکاڵەکان، هەل بۆ توندوتیژی پۆلیس و پێکدادانەکانی دواتر دەڕەخسێنن.
لە ساڵی 1911ەوە لە هەندێك شاری ئۆروپیدا ڕێپیوانی “ڕۆژی ئایاری ئۆروپا– EuroMayday ” وەك ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانDGB بەرپا دەرکرێن. چالاکان دەیانەوێت لە وێنای ڕیزبەندی ڕەش و ئاهەنگگێران بە پاپموزیك و پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی بەرهەڵستکاری کرێکارانی ناڕێکخراو و ناجێگیر، دووری بگرن.
ئەورۆکە لە ئاڵمانیا، نەمسا و بەشێکی سویسرا 1ی ئایار ڕۆژی پشووی فەرمییە، هەروەها لە وڵاتانی وەك برازیل، چاینا، فینلەند، فەرەنسە، یۆنان، ئیتالیا، مەکسیکۆ، کۆریای باکووریی، پۆتوگال، ڕوسیا، سوید، تایلاند، تورکیە، عیراق و هەدێك وڵاتی دیکە پشووی فەرمییە. سەرەرای ئەوەش هێشتاکە لە هەندیك وڵاتدا خۆپیشاندانە ئایارییەکان قەدەخە دەکرێن و بۆ سەرکەوتیان ڕێگە بە توندوتیژی پۆلیس و گرتن دەدرێت. بەڵام زۆربەی خۆپیشاندانە ئایارییەکان لەژێر کارایی بزووتنەوەی سوونەتیی کرێکاران و کۆمونیستەکان و بەرادەیەك پارتە سۆشیالدێمۆکراتەکاندا، لەناو ڕامیاریی نوێنەرایەتی و پارەلەماندا خۆیان گونجاندووە.
ئەوڕۆکە چیتر “بازرگانەکان و پێشڕەوانی بازار”، بۆ ئەوەی کرێکاران ئارام و خاو بکەنەوە، پێویستیان بە 1ی ئایار نییە. ئەو کارە یەکە یەکێتییەکان [یەکێتییە پیشەییەکان]ی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمان DGB خۆبەخۆیی ئەنجامیان داوە. هەردەم بەردەام هەوڵ دراوە، 1ی ئایار وەك پشووی فەڕمیی هەڵوەشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەشدا وەك ئاسایی و بەبێ پاداشتی زیادەی کار، کار بکرێت.
بەڵام چ پشوو بێت یان نا: ئەوە تەنیا مانگرتنی هاوپشتی، بایکۆت و خەباتی ڕاستەوخۆن، کە هەموو ڕۆژیك دەکەنە 1ی ئایار!
سەندیکای ئەنارکیستی کۆڵن / بۆن
http://anarchosyndikalismus.org
سەرچاوەکان:
– هافبرۆد، مایکڵ : “مانگرتنی گشتی، 8 کاتژێر ڕۆژانەکار و یەکی ئایار. گەنجینەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کرێکاری“، ئامادەکردنی بلاکبۆکس ، بیلیفیلد 1997
Halfbrodt, Michael: „Generalstreik, Achtstundentag und Erster Mai. Ein Kapitel aus der radikalen Arbeiterbewegung“, Edition Blackbox, Bielefeld 1997
– کاراسێك، هۆرست: “هایمارکت، ئەنارکیستە ئاڵمانەکانی شیکاگۆ. وتە و ژیاننامە.” جاپکراوی کلاوس ڤاگنباخ، بێرلین 1973
Karasek, Horst (Hg.): “Haymarket. Die deutschen Anarchisten von Chicago. Reden und Lebensläufe.” Verlag Klaus Wagenbach, Berlin 1973