Monthly Archives: ئازار 2011

کاتێك کە مردووەکان دێنە گۆ*

بەرایی: کەس گەمژە نییە، بێجگە لەوانەی کە پێیانوایە، کەسانی دەرەوەی بازنە ڕامیاریی و ڕۆشنبیرییە دەستەبژێرییەکانی خۆیان گەمژەن و بۆ گوزەراندنی ژیان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خۆیان پێویستیان بە شوانەیی ئەوان هەیە. لێرەدا مەبەستم کەسێك، دەستەیەك یا پارتێکی دیاریکراو لە دەسەلاتخوازان نییە، بەڵکو مەبەستم هەموو ئەو کەس و لایەنانەیە، کە بۆ سەرمایەگوزاری ڕامیاریی لەسەر خرۆشان و لەخوێنگەوزانی نارازییانی کۆمەڵگە کەوتتونەتە پێشبرکێ و پاشقوڵ لەیەکگرتن و نووسینەوەی مانیفێست و وانەوتنەوە بە خەڵکانی دەرەوەی بازانەکانی دەستەگەریی خۆیان.

لەبەرئەوەی پێشتر، لەمەڕ مانیفێستی دەستەبژێری پۆستمۆدینیستە تەکنۆکراتخوازەکان و کۆمپانیا و لیستی نەوەی سێیەمی جەلالیزم (کۆمپانیای وشە و لیستی گۆڕان) بۆچوونی خۆم لە زۆر بۆنەدا دەربڕیوە، بۆیە لێرەدا لە دووبارەکردنەوەی وەها کارێك خۆم لادەدەم و خۆشم لە دەستچنکردنی ئەو وتارانەی کە لەو دووبازنەدا دەسوڕێنەوە لادەدەم و تەنیا ئاوڕ لە دەستەیەکی بەڕواڵەت ناکۆك و ڕادیکالی ئاراستە دەسەڵاتخوازەکان دەدەمەوە، کە بە گومانی خۆیان لە خۆکاندیتگەرانی دەسەڵات و نوێنەرانی سیستەمی چینایەتی و ئۆپۆزسیۆنە فەرمییەکەی، جیاوازن.

هەڵبەتە لێرەدا ئەوەندەی مەبەستم ئاراستەکردنی پرسیار و خەریککردنی خوێنەرە بە وردبوونەوە لە پرسەکان و دیاردەکان و هەوڵە ڕامیارییەکان و بانگهێشتی خوێنەرانی هێژایە بۆ سەر مێزگردی لێدوان و بۆچوون گۆڕینەوە، ئەوەندە مەبەستم هەڵدانەوەی هەزاران بەیاننامەی لەبارچوو و ناجێگیری و کاتییبوون و ناکۆکبوونی هەڵویستەکانی ئەم ڕەوتە مارکسیستە دەسەڵاتخوازە (کۆمونیزمی کرێکاری ک.ک) لە ڕووداوەکانی 20 ساڵی ڕابوردوودا نییە، کە نەك تەنیا کاتی من، بەڵکو ئەگەر کاتی هەموو ڕەخنەگرانی ئەم ڕەوتە بۆ کۆکردنەوە و بەراوردی بەیاننامە تەمەن چەند چرکەییەکانی تەرخان بکرێت، هێشتا فریا ناکەوین و لەو بڕوایەشدام زۆرێك لە لایەنگرانی، فریای خوێندنەوە و بەراوردی بەیاننامە و هەلوێستەکانی پارت و باڵەکانی خودی ڕەوتەکە نەکەوتبن.

بۆیە لێرەدا دوو نموونە لە پەیوەند بە ناڕەزایەتییەکانی هەنووکەی کۆمەڵگەی کوردستان هەڵدەبژێرم؛ وتاردان و دروشمەکانی «کۆمونیزمی کرێکاری خەسرەو سایە» لە مەیدان ئازادی و مانیفێستی «ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری» لەمەڕ بارودۆخی ئێستای کوردستان، کە دیارترین قسەوباسی ئەم ڕەوتەن لە سایت و مەیداندا. بۆ ئەوەی کە سەرنج و پرسیارەکان لە زنجیرەیەکی بەدوای یەکدا هاتوودا دەرکەون و هەردوو باڵی ڕەوتەکە بگرنەوە، لە تازەترینیانەوە دەستپێدەکەم.

هەرچەندە وەڵامێکی کورتیش بۆ کادیرە خۆبەرابەرزانەکانی ئەم ڕەوتە، کە دوو هەفتەیە پەیتا پەیتا لە کەنەدا و ئەروپا و ئوسترالیا و تورکییەوە، ژنان و کۆمونیستەکان و ئازادیخوازان بۆ پاشڕەوی و گوێڕایەڵی بانگەواز دەکەن، بەپێویست دەزانم، بەڵام لەبەر دریژبوونەوەی بابەتەکە، ناچارم واز لەو ئاوڕدانەوەیە بهێنم و داوا لە ڕابەرانی بانگەوازکەر بکەم، بەڵکو بانگەوازەکانیان وەربگێڕنە سەر زمانی ئینگلیزی، تاوەکو هاوبیرەکانیان خەم بۆ وەجاخکوێری کارل مارکس لە خۆرهەڵاتی ناویندا نەخۆن! لەملاشەوە ئیتر پێویست ناکات من یا کەسێکی دیکە، ئەو ئەرکە بکێشێت وەك نوکتە بۆ ئاخێوەرانی زمانەکانی دیکەی بگێڕێتەوە و بەو جۆرە ئەرکەکەمان سووکتر دەبێت و ئەوەندە بەسە لەسەر دەقی کوردی بانگەوازەکان بنووسین: «بەبێ توانج، خوێنەری هێژا، پێمەکەنە …»

وەك هەمووان ئاگادارن، ڕەوتی (کۆمونیزمی کرێکاری) لە ڕاپەڕینی ئازاری 1991دا بە دروشمی «ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری» لە کۆمەڵگەی کوردستاندا دەرکەوت. پاش چەند ساڵێك لە فوکردنەخۆ لە بەیاننامە و وتارەکانیاندا و پوکانەوەی پارتێك کە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکخراوەکانی پێش بە پارتبوونی ئەو ڕەوتە پێکهات، دروشمەکەیان گۆڕی و کردیانە «حکومەتی سۆشیالیستی» و «کۆماری سۆشیالیستی». کاتێك کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کوردستاندا، خۆقەبەکردن و پاگەندەی هێزی سێیەمیان مایەپوچ دەرچوو، جارێکی دیکە دروشمەکەیان گۆڕی و کردیان بە «حکومەتی سکیولار» [سکیولاریست دروستە] و پاشان کە لە نەزۆکی تێزەکە دەسەلاتخوازانەکانیاندا نائومێدی باڵی بەسەر ئەندامانی خوارەوەی ڕێکخستەکانیاندا کێشا و وەك نارنجۆك پارتەکەیان بوو بە هەزار پارچەوە، دیسانەوە کاژێکی دیکەیان گۆڕی و دروشمەکەیان گۆڕی بە «کۆماری ئینسانی» و ئەمەش زۆری نەخایاند بەدەم ڕەشەبایی ڕووداوەکانەوە لەم ڕۆژانەدا دیسانەوە کەوتوونەتەوە کاژگۆڕین و لەلایەك مانیفێست دەردەکەن و لەلایەك لە بەرامبەر حکومەتی تێکنۆکراتەکان، کەوتوونەتە بەرزکردنەوەی دروشمی «حکومەتی نوێنەرایەتی»…

ئەگەر ئەم کاژگۆڕینە بۆ ئەندامانی گوێرایەڵی پارتەکانی ئەو ڕەوتە جێی پرسیار نەبێت و کارایی داچلەکاندنی ئەندامان و لایەنگرانی لە پاشڕەوی شوانە ڕامیارەکان نەبێت، ئەوا لای چاودێران و خوێنەرانی بەسەرنج کۆمەڵێك پرسیار و سەرنجی کەڵەکە کردووە، کە دەکرێت ئەمانە هەندێكیان بن:

جیاوازی نێوان یەك بە یەکی ئەو نیودەرزەنە حکومەتە ڕواڵەت جیازاوازە چییە؟

ئەگەر جیاواز نین، ئەدی پێداویستی و هاندەرەکانی فۆرمۆڵبەندی دروشمە سەرەیاییەکە، کە خودی ڕەوتەکە وەك بەردی بناخەی جیاوازی خۆی لەتەك ڕەوتەکانی دیکەی بزاڤی کۆمونستی (پڕۆ مارکس، ئەنگلس، لێنین) پێناسەی دەکرد، چییە؟

لێرەدا بۆ منی خوێنەر و چاودێری گۆڕانەکانی ئەو ڕەوتە لە دوو ئەگەر بەدەر نین؛ یا ئەو دروشمانە جیاوازن و وازهێنانن لە دروشمە سەرەتاییەکە «ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری»، یا هەمان ناوەڕۆکیان هەیە و تەنیا بەمەبستی خەڵەتاندن و فێڵکردنن لە جەماوەری ناڕازی دەیانگۆڕن!

ئەگەر لەوەڵامدا دەڵێن، نەخێر. ئەوا بیانەوێت و نەیانەوێت، دان بەوەدا دەنێن، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕامیارییەکانی خۆیان، خەڵك لە خشتە دەبەن. خۆ ئەگەر جیاواز بن و بە گەشە و بەرەوپێشوونی هزری و ئایدیۆلۆجی ڕەوتەکەیان هەژماری بکەن، ئەوا ئێمەی خوێنەر و چاودێر یا جەماوەرێك کە ئەوان پێییانوایە بەبێ شوانەیی پارت و سەرکردەکانی ئەوان، توانای خۆڕزگارکردن و گەییشتنی بە کۆمەڵگەی سۆشیالسیتی نییە، مافی خۆمانە بزانین، ڕەتکردنەوەی دروشمە کۆنەکان و داهێنانی دروشمە تازەکان لەسەر چ بنەمایەک ڕوودەدەن؟ چ ناکۆکییەك یا تەباییەکیان لەتەك کۆمەڵگەی بەلێندراوی ژێر سایەی حکومەتە کاژگۆڕەکانی ئەوان، هەیە؟

ئایا «حکومەتی کرێکاری»، تەنیا میرایەتی کرێکارانە بەسەر کۆمەڵگەدا؟

ئەگەر وەڵام ئەرێیە، ئەدی چین و توێژە نا بۆرجوازییەکانی دیکە چی و لە کۆمەڵگەی داهاتوودا چ ڕۆلێکیان دەبێت؟

ئازادی، چ ڕەهەندیکی هەیە و لەو کۆمەڵگە ئازادەدا کە ئەوان لە بارەیەوە بەڵێن دەبەخشنەوە، ئەگەر هاتوو دانیشتوانی ناوچەیەك، خوازیاری شێوازێکی دیکەی بەرێوەبردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بوو، وەك ئەوەی کە لە ئۆکرانیای 1917-1921 یا کڕۆنشتات ڕوویدا، هەڵوێستی پارتی پێشڕەو و ڕابەرانی کۆمونیزمی کرێکاری و حکومەتەکەیان چی دەبێت؟

ئەگەر وەڵام ئەرێییە، چ بەڵگە و پێشمەرجێکی بەرنامەیی بۆ سەلماندنی ئەو ئەرێیە هەیە؟

یا بۆ نموونە ناوچەی شارەزوور، دەنگ بە ئیسلامییەکان دەدەن و خوازیاری خەڵافەتی ئیسلامی دەبن، ناوچەی هۆرامان خوازیاری ئۆتۆنومی خۆیان و خوێندن و بەکاربردنی زمانی خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتیدا بن، کەرکووك نەیەوێت بە بەڕێوەبەرایەتی ناوەند و هەرێمی کوردستانەوە پەیوەست بێت، میرایەتی نوێنەرایەتی (کۆمونیزمی کرێکاری) چ بریارێك دەدات، پەسەندی ئازادی و مافی ڕەوای تاکیی و جڤاکییان دەکات یا بڕیاری لکاندنەوە و گێڕانەوەی بڕیارەکان بۆ ناوەندی نوێنەرایەتی بە زۆر دەسەپێنێت؟

«یەکسانی»، ئایا هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە جوتیار و کرێکار و بێکار و خوێندکار و کەمئەندام و فەرمانبەر و مامۆستا و کەمایەتییەکان و ڕابەرانی پارت و نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە بڕیاردان و بەرێوەبردن و جێبەجێکردندا یەکسان دەبن؟ ئەگەر وەڵام ئەرێیە، بە چ میکانیزمێك و لەسەر چ بنەمایەك؟

«کۆماری سۆشیالیستی» چییە و سیستەم و پێکهاتەی بنەما ئابووریی و ڕامیاریی و کارگێڕییەکانی کامانەن؟

ئایا میرایەتی هەر کەسێکە، کە خۆی بە سۆشیالیست بزانێت؟

جیاوازی بنەما ئابوورییەکانی لەتەك کۆمارە سۆشیالیستییە ماویست و کاسترۆئیست و خۆجەئیست و ئیستەکانی دیکە چییە؟

لە بنەمای ئابووریی و ڕامیاریی و کارگێڕییدا، چ جیاوازییەکی لەتەك هەنگاوە پراکتیکییەکانی سۆشیالیزمی لێنین و ستالین و پاشڕەوەکانی دیکەیاندا هەیە؟

«حکومەتی سکیولار» [کوردییە کەی دەکاتە: میرایەتی سکیولاریست]، پەیوەندی بە کۆمونیزمەوە چییە؟

ئەگەر پەیوەندیدارە، ئایا دەتوانین میرایەتیییەکانی ئەوروپا و ئەمەریکا و ئوسترالیا و کەنەدا و تورکیە، بە سۆشیالیستی یا کۆمونیستی ناوبەرین؟

ئەگەر نا، دەکرێت بزانین چۆن و بۆچی جێگەی میرایەتییە کرێکاریی و کۆمارە سۆشیالیستییەکەی کۆمونیزمی کرێکاریی گرتەوە؟

بنەما ئابوورییەکانی «میرایەتی سکیولاریست» چین و پشت بە چ سیستەمێکی ڕامیاریی و کارگێریی دەبەستێت؟

میرایەتی سکیولاریست چییە، ئایا میرایەتییەکان بەخۆیان بە سکیولارستی لەداكبوون و هاتوونەتە ئارا؟

ئەگەر نا، ئەدی بەرهەمی (چی)ن و بۆچی هاتوونەتە ئارا؟

ئایا ئاوا ، کە بۆ لێنینیست، ستالینیست، مائۆئیست، کاسترۆئیستەکان، میرایەتی پارتی کۆمونیست بە نێوی قۆناخی یەکەمی کۆمونیزم دادەنرا و بە پێویست دەزانرا، ئایا میرایەتی سیکیولاریست، لای حیکمەتیستەکان، بە پێشمەرجی شۆڕشە قورمیشییەکەیان دادەنرێت و پێویستە کۆمەڵگە نا ئەوروپی و کریستییەکان تێپەڕی بکەن؟

«جمهوری ئینسانی» [کوردییەکەی دەبێتە : کۆماری مرۆیی] چییە و جیاوازی لەتەك کۆمارەکانی دیکەدا چییە؟

ئایا کۆمارەکانی دیکە هەر لە ئیسلامییەوە بگرە تا سکیولاریستەکان، مرۆیی نین؟

ئەگەر مرۆیی نین، ئەدی چین؟ ئایا بەراز و مانگا و سەگ و فیل فەرمانڕەوایی جیهان دەکەن؟

ئەگەر سکیولاریستەکان مرۆیی نین، ئەدی کو سەردەمێك ڕابەرانی ئەم ڕەوتە خەڵکیان لە پێناودا بەکوشت داوە و دەرخواردی زیندانەکان کردووە و دەیان هاوڕێ و هاوسەنگەرییان لە پێناویدا کردووەتە دوژمنی یەکدی؟

«حکومەتی نوێنەرایەتی» [کە کوردییەکەی دەکاتە: میرایەتی نوێنەرایەتی]، ئایا لە میرایەتی تەکنۆکراتەکان جیاوازە؟ ئەگەر وەڵام ئەرێییە، جیاوازییەکان چین؟

ئایا لەتەك میرایەتی (ینک) و (پدک) کە بە دەنگی خەڵک و هەڵبژاردنیان لەلایەن خەڵکەوە بوون بە نوێنەر و دەسەلاتی نوێنەرایەتییان پێکهێناوە، جیاوازی چییە؟

ئایا نوێنەرایەتی هەر نوێنەرایەتی نییە؟ ئایا شێوازێکی دیکەی هەڵبژاردنی ئەو نوێنەرایەتییە دەگرنەبەر، ئەگەر وەڵام ئەرێیە، کامەیە؟

ئایا «میرایەتی نوێنەرایەتی»، بە سیستەمی پارلەمانی فرەپارتیی لیبرالیستی پشتئەستوورە یا بە سیستەمی تاکپارتیی کۆمونیستی؟

ئەگەر بە سیستەمی فرەپارتیی پشتئەستوورە، ئایا لە باری کەم دەنگیدا باوەڕییان بە میرایەتی هاوپەیمانی لەتەك سکیولاریستەکانی دیکە هەیە؟

ئەگەر نا، ئایا پشت بە سیستەمی تاکپارتیی دەبەستن؟

ئەگەر لە بارێکدا کە زۆرینەی دەنگیان هێنا، دەنگی ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییانی میرایەتییەکەیان چی بەسەر دێت؟

ئەی هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەوانەی کە دژی سەروەرین و ناچنە ژێرباری دەسەلاتەکەیان، چی دەبێت؟

ئەگەر لە هەڵبژاردندا نیوەی سەروو 18 ساڵ بەشداری نەکرد و لە نیوەکەی دیکە، (حککک) یا (حککع) زۆرینەی بەدەستهێنا، وەڵامیان بۆ دەنگنەدەران چی دەبێت؟ نیوەی کورسییەکانی پارلەمان یا شورای سەرتاسەری هەرێم خاڵی دەمێننەوە و بڕیارەکان نیوەیی دەبن؟

ئەگەر دەڵێن سیستەمی ناپەرلەمانی و ناپارتیی، ئەدی ڕۆڵ و پێداویستی پارتی پێشڕەو و پێداویستی بوونی پارت چییە؟ بۆ هەموو هەوڵێکیان لەپێناو بەناوکردنی ناڕەزایەتییەکانە بەنێوی خۆیانەوە؟

ئەگەر دەلێن، میرایەتییەکەیان پشت بە کۆبوونەوەی گشتیی و سیستەمی سۆڤیەتی [خۆیان واتەنی شورایی] دەبەستێت، لە وەها بارێکدا، ئەگەر هێزە ئیسلامیەکان زۆرینەی نوێنەرەکانیان هەڵبژێردران و شوراکانیان کردە شوایی ئیسلامی، هەلوێستی پارتی خوازیاری «میرایەتی نوێنەرایەتی» چی دەبێت؟

ئایا میرایەتییە نوێنەرایەتیتەکەی کۆمونیزمی کرێکاری لەتەك میرایەتی پۆستمۆدێرنیستە تەکنۆکراتخوازەکان و میرایەتی پاشاکانی بارزان و تاڵەبان، جیاوازی هەیە؟ ئەگەر جیاوازی هەیە، کامەیە و لە چیدا؛ لە شێوازی هەڵبژاردندا یا لە شێوازی بەرێوەبردندا؟

وەك پێشتر وتم، لەم بابەتەدا تەنیا ئاوڕ لە کاژگۆڕینی دروشمە ستراتیژییەکانی ئەم ڕەوتە دەدەمەوە و ناچمە سەر تێزەکانیان لەمەڕ شۆڕش، خەباتی جەماوەری، شێوازەکانی خەبات و ڕۆڵی خەباتی جەماوەری، کۆمەڵگەی هاوبەش (سۆشیالیستی) و بەڕێوەبەرایەتی و ڕێوشوێنی تاك و مافی کەمایەتی و بڕیاردان و زۆر شتی دیکە… .

لێرەدا واز لە دروشمدەر و بانگەوازگەرەکانی کۆمونیزمی کرێکاری دەهێنم و ڕوودەکەمەوە مانیفێستنووسەکانی ئەو ڕەوتە. هەڵبەتە لەم بارەشدا بە دیاریکراوی تەنیا ڕۆشنایی دەخەمە سەر پاگەندە ژەهراوییەکانیان دژی هزر و ئایدیای سۆشیالیزمی ئازادیخواز (ئەنارکیزمئانارشیزم)، کە زۆر بە دیاریکراوی و بەئەنقەست واژەی ئەنارکیزمیان کردووەتە پاشگری ناسیونالیزم.

یەکێك لە جیاوازییە هەرە بنەڕەتییەکانی ئەنارکیزم لەتەك مارکسیزم و ئیزمەکانی دواتری ئەوەیە، کە ئەنارکیزم؛ ڕەوتێکی هزریییە، نەك ئایدیلۆجیا، کەس ڕابەر و هەڵگری ناوەکەی نییە، ڕەخنەگرتن لێیی دەوڵەمەندی دەکات و کەموکوڕییەکانی پڕدەکاتەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە مارکسیزم و ئیزمەکانی دیکە، وەك داهێنان و زانایی ئەم و ئەو و دەقی نەگۆڕ و چوارچێوەی ئامادەکراو لەبەرچاو دەگیردرێن، ئایدیۆلۆجیان و ڕەخنەلێگرتن بەرەو دۆگماتیزمیان دەبات و هەڵگرانیان ناچار بە فتوادەرکردن و بەلادەردانانی ڕەخنەگران و دوژمنناونووسکردنی زێدگەر یا کەمکەرەوانیان دەکات.

لەسەر ئەو بنەمایە، جێی دڵخۆشی دەبوو، ئەگەر مانیفێستنووسانی سۆشیالحیکمەتیست، لە بری پاشگرکردنی بەئەنقەستی (ئەنارکیزم) بۆ ناسیونالیزم و تۆمەتبارکردنی بە جنێوفرۆشی و لەپاڵیەکدادانی وێنەی ئەنارکیزم وەك دژەسەروەری و وێنەی جنێوفرۆشە شارچییەکانی لیستی نەوشیروان [نەوەی سێیەمی جەلالیزم]، ڕەخنەیان ئاراستەی هزر و ئایدیای ئەنارکیستی و ئەنارکیستەکان بکردایە. بەڵام مانیفێستنووسانی کۆمونیزمی کرێکاری، لەبەرئەوەی کە توانای تیئۆریی و ڕادەی دەرك و زانینیان لە ئاستی زانینی وشکە سۆفی خانەقاکاندایە و خۆیان لە باسی ئەنارکیزم وەك هزر و وەك ڕەوتێکی سۆشیالیستی زیندوو نەداوە، لەولاشەوە کینەدۆزی و بەرلوتگیراویان بە سەرهەڵدان و بڵابوونەوەی هزری ئەنارکیستی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، وا تەنگەتاوی کوردوون، ناچار پەنایان بردووەتە بەر شێوازی ماسمیدیای دەسەڵاتدارانی کوردستان و بەهەڵەداوان، دۆ و دۆشاویان تێکەڵکردووە.

«مانیفێستی ڕەوەندی سۆشیالیزمی کرێکاری»

لە باری زمانەوانییەوە «ڕەوەند» لە زمانی کوردیدا بە واتای (خێڵ) دێت و لەوێوە کە خێڵەکان کۆچەربوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە، بۆیە هەنووکەش لە هەندەران ئەم واژەیە بۆ کۆچەرانی کورد بەکاری دەبەن. هەرچەندە من ئەمەم پێ هەڵەیە و پەنابەران و کۆچەرانی ئێستا خێڵ نین و تەنانەت وەك تاکێکی سەربەخۆ لە خێزانیش ڕێگەی هات و نەهاتی هەندەران دەگرنەبەر. بۆیە تەنیا واتای یەکەمیان دروست دەردەچێت، کە بە واتای خێڵ دێت.**

واژەی (ڕەوەند) کە نووسەرانی مانیڤێستەکەی «ڕەوەند»، بەکاریان بردووە، واژەیەکی فارسیییە و بە واتای (ڕەوت)ی کوردی دێت و لێرەدا فێلیان لە خوێنەر کردووە و (ڕەوتی کۆمونیست)یان کردووە بە (ڕەوەندی سۆشیالیست)، تاوەکو لەلایەن کۆنە هاوڕێکانیانەوە بە دژەپارت (ئەنتی پارت) تاوانبار نەکرێن و بەوە تۆمەتباریان نەکەن، کە ئەمانە دەستەگەرن و گەڕاونەتەوە سەر ڕێکخراوەکەی جارانیان، چونکە سەرکردایەتی و بنکردایەتی ئەم (ڕەوت)ەی ئیستا؛ ڕەوتی سۆشیالحیکمەتیست (ڕسک)، یەکێك بوو لە ئەندامانی ناوەندی ڕەوتی کۆمونیست (ڕک)ی جاران، واتە پێش دروستکردنی پارتەکەیان یا ڕاستر بڵێم، پێکەوە لەحیمکردنی سێ ڕێکخراوەکەی جارانی کۆمونیزمی کرێکاری؛ کە (ڕەوتی کۆمونیست، یەکێتی خەباتی کۆمونیزمی کارگەری و سەرنجی کرێکار) بوون.

ئەگەر واز لە واتا و گەیاندنی خێڵایەتی سۆشیالیزمە کرێکارییەکەی ئەم خێڵە (ڕەوەندە) بهێنم، ئەوا دیسانەوە واژەی (سۆشیالیستی) لەبەردەمماندا قوت دەبێتەوە و ناکرێت هەروا بە ئاسانی بازی بەسەردا بدەین.

وەك دەزانین کۆمونیزمی کرێکاری یا ئەوەی کە ئێستا خۆیان بە شانازییەوە بە «کۆمونیزمی حیکمەت» نێوی دەبەن، وەك هێڵێکی ڕامیاریی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا وەك درێژەی ڕەوتێك کە لە پارتی کۆمونیستی ئێران (حکا)دا بە مارکسیزمی شۆڕشگێڕ ناسرابوو، دەرکەوت و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردوودا لە پارتی دایك جیابووەوە. ئەو ڕەوتە هەر لە سەرەتاوە بەیاریکردن بە واژەکان و دانانی پاشگر و ئاوەڵناوی سەرنجراکیش بۆ چەپی ئەوکات، یاری بە هۆشمەندی ناڕازاییانی ئەوکات دەکرد و هەردەم خۆی بە ( ئۆرتۆدۆکسی مارکسیست) دەناساند، واتە وەك لاساییکردنەوەی ڕەوتی گەڕانەوە بۆ سەر مەسیحیەتی سەرەتایی [ئۆرتۆدۆکسی کریستی] پەرەی بە دەمارگیری ناهوشیارانەی لاوانی ناڕازی ئەوکات ، دەدا و لەسەر بیرکردنەوەی ڕێرەویی (مەزهەبی) و ئایینیانەی مارکسیزم، پەروەردەی دەکردن. لەم ڕووەوە دروستبوونی چەند ڕێکخراوی هاوبۆچوون و هاودەم لە شارێکی بچووکی وەك سلێمانی، لەناوەندی خوێندکاران و کۆنە کۆمەڵەیی (کۆڕەك) و کۆنە (کارگەران)دا، بەرهەمی ئایینیبوونی ئەو ڕەوتە بوو، کە هەر کەسێك و دەستە و گروپێك بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی هەڵوێستەکانی، دەرخکردن و وتنەوەی نووسینەکانی مارکس و ئەنگلس و لێنین و مەنسوری حیکمەتی دەکردە پێوەر و بەرامبەرەکەی بە ناکۆمونیستبوون پێ تاوانبار دەکرد.

ئەوکات ئەگەر کەسێك بیوتایە من سۆشیالیستم، ئەوا دەکەوتە بەر تانە و گارتەپێکردنی ڕابەرانی دەرخکردنی تێکستەکانی پەیامبەرانی کۆمونیزم و تەنانەت هەر بیرکردنەوە و بۆچوونێکی مارکسیستی یا کۆمونیستی دەرەوەی هێڵی کۆمونیزمی کرێکاری (ک.ک)، بە دوژمنی کرێکاران دادەنرا و ئەوکات، دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا بۆ مانیفێستنووسەکانی ئێستا، کە خۆیان لە ناوبردنی چ بە باش و چ بە خراپ لادەدەن و لە ناخەوە خەون بەو دیکتاتۆرییە پارتییەوە دەبینن، کە پێی دەوترێت «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا»، مەرجی باوەڕبوون بە کۆمونیزم بوو. ئەوسا ئەگەر بهاتایە و سۆشیالیستێکی سەرلێسێواو پەیدا ببووایە و لەبەرامبەر دروشمە لەبیرکراوەکەی کۆمونیزمی کرێکاری «حکومەتی کرێکاری»، دروشمی وەك «حکومەتی شورایی»، «کۆماری سۆشیالیستی»، «حکومەتی سکیولاریست»، «کۆماری ئینسانی»، «حکومەتی نوێنەرایەتی» بانگەواز بکردایە، ئەگەر پەلاماریان نەدایە و هەڕەشه و چاویان لێ سوور نەکرایەتەوە، ئەوا چەند مانگێك، لاپەڕەی ئۆرگان و بڵاوکراوەکانیان پێ ڕەش دەکردەوە و بازاری پاگەندە هەڵخەڵەتێنەرانەکانیان پێ گەرم دەکرد.

ئەوەشمان لەبیر نەچێت، ڕەوتی (ک.ک)یش وەك ڕەوتەکانی دیکەی بۆلشەڤیزم [ستالینیست، ماویست، ..تد]، سۆشیالیزمیان بە قۆناخی یەکەمی کۆمونیزمەکەیان دادەنا و هەڵگرانی نێوی (سۆشیالیست)یان بە دژە کۆمونیزم و هاوتا بە سۆشیالدێمۆکراسی و ڕەوتی بۆرجوازییانەی ژێر دەواری کۆمونیزم دادەنا. لێرەدا پرسیارێکی چەند دیو یەخەمان دەگرێت؛ ئایا خێڵی سۆشیالیستە کرێکارییەکان یا نووسەرانی مانیفێستی خێڵی سۆشیالیزمی کرێکاری، باوەڕیان بە دواقۆناخی کۆمونیزمەکەی مارکس و ئەنگلس و لێنین و مەنسور نەماوە، یا وەك بازرگانەکان، کاڵاکەیان لە قوتو و کیسەیەکی دیکە و ڕیکلامێکی دیکەدا بە خەڵك دەفرۆشن؟ ئایا خشکەیی دەیانەوێت لە مایەپوچی بەرنامە و تاکتیک و ستراتیجی (ک.ک) خۆیان ڕزگار بکەن، یا سۆشیالیزمە خێڵەکییەکەیان شتێکی تازەیە و دەیانەوێت خۆیان لە ڕابوردوویان داببڕن؟

ئایا ئەم مانیفێستە، ئەڵتەرناتیڤی مانیفێستی 1848ی (مارکس) و (ئەنگلس)ە؟ ئایا ڕەتکردنەوەی «دونیایەکی باشتر»ی (مەنسوری حیکمەت)ە؟ ئەگەر ئەرێ، چۆن دەبێت بە راگوزەریش سەرنج و ڕەخنەیان لە مانیفێستی 1848 یا «دونیای باشتر»، وەك مانیفیست و بەرنامە، نەخەنەڕوو؟ ئەگەر ڕەتکردنەوە نییە و وەك درێژە و تەواوگەری ئەوان هەژماری دەکەن، چۆنە کە هیچ ئاماژەیەکیان پێنەکراوە و لەسەر زیندوومانەوە و وێکهاتنەوەیان لەتەك کەتواری ئێستادا، پێدانەگیراوە؟

ئەوەی کە من بەتەمام لێرەدا وەڵامی بدەمەوە، خاڵ بە خاڵی مانیفێستەکەیان نییە، چونکە من هەر لە بنەڕەتەوە نە باوەڕم بە مارکسیزم هەیە و نە مانیفێستیش بە پێویست دەزانم. لەوانەیە ڕەخنە لە مانیفێستەکە لە ڕوانگەی باڵێك یا هێڵێکی ڕامیاریی نێو ڕەوتی مارکسیستی کۆمونیزم، پێویست بێت یا گرنگی هەبێت، بەلام بۆ من هیچ بە پێویستی نازانم، لەبەر ئەوە خوێنەرانی هێژاش بە ژماردنی مەگەزەوە خەریك ناکەم. تەنیا شتێك کە دەمەوێت، لەسەری بدوێم، پەردەلادانە لەسەر کینەدۆزی مارکسیستە دەسەڵاتخوازەکان*** بەرامبەر ڕەوتی ئەنارکیستییانەی سۆشیالیزم، کە وەك دەنگێکی نوێ، لە کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوین و بە دیاریکراویش لە کوردستاندا لە گەشەکردن و هەڵکشاندایە.

کاتێك کە دەستەیەك یا بیریارانێك دێن و لە ڕووی تیئۆرییەوە مانیفێستێك دادەڕێژن، ئەوا ناکرێت و ناتوانن بە نادەربەستی و بە بێ زانیاری لەمەڕ واژەکان و ڕەوتەکان و هێڵە ڕامیارییەکان و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، بکەونە ڕیزکردنی واژە و دەستەواژەکان لە پەرەگرافی دیوارئاسادا. ئەگەر بێت و کارێکی وا ڕووبدات، ئەوا بێجگە لە ئامانجێکی کینەدۆزانە و خەڵكفریودەرانە، هیچ پاساوێکی دیکەی نییە. ناکرێت کەسێك بێت و مانیفێست بنووسێتەوە و لە ڕووی ڕامیارییەوە بایەخ بۆ کارەکەی خۆی دانەنێت. چونکە کاتێك کە منی خوێنەر بە سەرنجێکی ڕەخنەگرانەوە یا ئارەزوودارانەوە لە پای خوێندەوەی دەقێك دادەنێشم، لایەنی کەم چاوەڕێی ئەوەم لە نووسەر هەیە، کە ئاگای لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوتە هزرییەکان هەبێت، بەتایبەت ئەوەی کە داڕێژەران [سەرکردایەتی و بنکردایەتی خێڵی سۆشیالحیکمەتیست]ی ئەم مانیفێستەی ئێستا، 163 ساڵ پاش مانیفیستەکەی مارکس و ئەنگلس دەستبەکاربوون ، دوو دەهەیە لە ئەوروپا دەژین و ڕۆژانە خواستراو یا نەخواستراو وێنە و فێلمی هەواڵەکان، دەچنە چاویان و دەبینن، کە کێ لە بزاڤە ناڕازییەکان و لە خەباتی کارخانە و گەڕەك و ئوردوگە و خۆپیشاندانە جیهانیی و لۆکاڵییەکاندا چالاكە و لە دژی سەرمایەداری دەجەنگێت و کێ لە هۆڵی پاڕلەمانەکان و کایە یاساییەکانی بۆرجوازیدا چینە دەکات!

ئەگەر ئامانج لە نووسین، ڕیزکردنی واژە و ڕستەی ناکۆك و بێواتابێت، ئەوا نووسەرانی دەسەڵات و ڕاگەیاندنەکانیان لە داڕێژەرانی مانیفێستی خێڵی سۆشیالحیکمەتیست، بە تواناترن و هیچ پێویست بە ئەرککێشانی بیریارانی خێڵ (ڕەوەند) ناکات و تەنانەت دەسەڵات هەر کەس و گروپێك ڕەخنەی ئاراستە بکات، دەیخاتە خانەی ئەنارکیستئەنارشیستبوونەوە، ئەمەیان هیچ سەیر و سەرنجراکێش نییە، سەیر و سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە قوربانیانی ئەو ژاراوکردنە هۆشییە، دێن و لە بەرامبەر ڕەوتێکی دیکەدا لە بەرامبەر ئایدیا و بۆچوونێکی دیکەی سۆشیالیستیدا دەبنە دەمڕاستی دەسەلات و بنێشتە هەڵبزرکاوەکەی دەمی دەسەڵاتداران و دەستەبژێرە ڕۆشنبیرەکانیان دەجوونەوە.

ئایا ئەمە بۆ کەسێکی بە ئاوەز و هوشیاری سەرەتای هەزارەی سێیەم، شەرمەزاری نییە؟ شەرمەزاری نییە، کە سنووری نێوان خۆت و دەسەلاتێك، کە قوربانی دەستی ئەوی [دەسەڵات] نەناسیت و لە ڕێی خودادا سەرکوتی ڕادیکاڵترین ڕەوتی سۆشیالیستی لە خزمەتی دەسەلاتدا، بکەیت؟

ئایا ئەوەی کە ئەمڕۆ بیریارانی مانیفێستەکەی خێڵی سۆشیالحیکمەتیست شەرم لەوە دەکەن بانگەوازی دیکتاتۆرییەکی پارتەکەیان و ئایدیلۆجیاکەیان بکەن، کە ئەنارکییەکان لە ئینتەرناسیوناڵی یەکەمدا بە کارل مارکس و دەروێشەکانی وتیان «ڕۆژێك دەبێت، دەوڵەتە سوورەکەی ئەنگۆ، ڕووی دەوڵەتە بۆرجوازییەکان سپی دەکاتەوە»، سەلمێنەری ئەو ڕاستییە نییە، کە ئەوسا و ئێستاش ئەوە ئەنارکیستەکان «ئەنارشیستەکان» ئاڵاهەڵگری ئازادیخوازی و سۆشیالیزم بوون و هەن؟

ئایا نەدەبوو شوانەکانی سۆشیالیزمی کرێکاری، ئەوە بزانن، کە ئەمڕۆ چیتر سەرەتای دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست] نییە، کە دەیان و سەدان هەواڵ و وانە و مێژووی شێوێنراویان بۆ ئەندامانیان لە کوردستان و ئێران دەناردەوە و لە دونیای درۆ و دەلەسەی پارتایەتیدا ڕایاندەگرتن. دەبوو ئەوە لەبەرچاوبگرن، کە ئەمڕۆ هەر لاوێکی 10 سالانی کوردستان [نەك تەنیا ڕامکارە سەکسۆکەدار و بۆینباخلەملەکان]، دەتوانێت بەهۆی مۆبایلەکەیەوە سەر بکێشێتە دونیای بێسنووری نادەوڵەتی و نا پارتیی ئینتەرنێت و هەر ئەوەندە بەسە بنووسێت «ئانارشیزم یا ئەنارکیزم– anarchism» و ئیتر لەوێدا پەتی درۆ و بوختان و شێواندن و کینەدۆزی و فریوکاری وشکەسۆفیانەی مارکسیستە دەسەڵاتخوازەکان، کۆتایی دێت!

داڕێژەرانی مانیفێستی خێڵ (ڕەوەند)ی سۆشیالحیکمەتیست، لە لاپەڕە (11)ی مانیفێستەکەیاندا پاش ڕیزکردنی کۆمەڵێك واژەی داتاشراو و داهێنراوی مێشکی خۆیان، لە خاڵی (2 بەشی ناسیوناڵئاناڕشیست:E)دا ڕەوتێك دادەتاشن، کە لە سەراپای مێژووی هەموو بزاڤە ئەنارکییەکاندا پەیدا نییە و نابێت. چونکە ئەوە یەکێکە لە ڕووە پڕشنگدارەکانی هزری ئەنارکی، کە وەك مارکسیزم نەتوانراوە لەلایەن ڕەوتە ناسیونالیستەکانەوە، بکرێتە دێوجامەی بەدەسەلاتگەیشتن یا خۆشاردنەوە لە ژێریدا، لەبەر ئەوەی کە ئەنارکیزم هەم دژی سەروەرییە بەهەموو شێوەکانییەوە، تەنانەت بە دەوڵەتە کرێکارییەکەی مارکس و خێڵی سۆشیالحیکمەتیشەوە، هەم دژی سنوور و ناسیونالیزم و دەستەگەرایی و هەڵپەی دەسەلات و هەڵپەی پلەوپایەی قوچکەیی (هیراشیهرمی)ن، کە بەداخەوە مارکسیستەکانی کوردستان بەتایبەت خێڵی سۆشیالیزم و کۆمونیزمی کرێکاری، لە ڕیزی پێشەوەی دەستەبژێری و شوانەیی و دەسەلاتخوازی و سواربوونی هەوڵی ئازادیخوازانەی جەماوەری نارازیدان.

قسەگەرانی مانیفێستەکەی نائاگایان لە دونیای دەوروبەرایان، نەك تەنیا ڕاستگۆیی ئەوەیان تێدا نییە، کە دیاردەکان وەك خۆیان بنووسنەوە، بەڵکو بوێری ئەوەشیان تێدا نییە، ڕاستەخۆ ڕەخنە لە جنێوفرۆشەکانی نەوەی سێیەمی جەلالیزم (لیستی گۆران) لە مەسینجەرەکان و سایتەکاندا بگرن، کەچی دێن و ڕووزەردانە بۆ ئەوەی لەو (چات ڕووم)انەدا کە بەنێوی جۆراوجۆرەوە بەشداری دەکەن و بەو جنێوانە ئاسوودە دەبن و دنەی جنێوفرۆشی دەدەن و لەو سایتانەدا کە بە جنێوفرۆشیان دەزانن و بەنێوی خوازراوەوە ئەو وتارانەی کە لە سایتەکانی خۆیاندا ڕوویان نییە، بلاویان بکەنەوە، بۆ ئەوێیان ڕەوانە دەکەن، بۆ ئەوەی دەرگەیان بەڕوودا دانەخرێت و لەولاشەوە سۆزی دەسەڵاتداران بۆخۆیان ڕابکێشن و هاوبەرژەوەندیی و هاوکینەیان بەرامبەر ئەنارکیستەکان [ کە لە ئەمەریکاوە تا ئوسرالیا سەرسەخترین جەنگاوەری دژە سەرمایەدارین] لەتەك دەسەڵاتدا وەك پەیمانی چینایەتی دەسەلاتخوازانەیان نوێ بکەنەوە، بنێشتە هەڵبزرکاوی چەندە سەدەی دەمی دەوڵەتمەندان دەجوونەوە!

قسەگەرانی خیڵی سۆشیالیزمی کرێکاری، یا ئەوەتا ‌هێشتا چانسی ئەوەیان نەبووە و دەسەڵاتخوازییان بواری ئەوەی نەداون لە پایە هزرییەکانی ئەنارکیزم وەك ڕەوتێکی سۆشیالیستی ئازادیخوازانە تێبگەن و بەهەڵە ئەم واژەیان بەکار بردووە، یا ئەوە بەمەبەستەوە وەك تەواوکاری ئەرکی دەسەلاتدارانی بۆرجوازی کورد، لە ئەستۆ دەگرن و ناسیونالیستە دەسەلاتخوازە هاوئاراستەکانی خۆیان، کە لە فێرگەکانی دەسەلاتخوازیدا بێجگە لەجنێو و سووکایەتی ڕەگەزیی (سێکسیستی) وەك سوونەتی خێڵەکیانەیان، هێچی دیکە لە ڕەوتی ژیانیاندا فێرنەبوون، بە ئەنارکیست «ئەنارشیست» دەناسێنن!

ئایا ئەم کارە بۆ بیریارانی خۆقەبەکردووی خێڵی سۆشیالحیکمەتیست، هەڵەی دارشتن (ئیملایی)ە یا چەند ساڵ و چەند مانگە بیریان لێکردووەتەوە و بەو پایەبەرزییە لە ئەندێشە و زانست و هوشیاری و پێگەیینی تیئۆری گەیشتوون؟

دواجار وەك لە سەرەتادا وتم، لێرەدا ناچمە سەر لێکدانەوەی بەرنامە و بڕیارنامە و شەکانوتەکانی بنەما ئایدیۆلۆجیییەکانی ئەو ڕەوتە، بەدەم ڕووداوەکانی بیست ساڵی ڕابوردووی عیراق و ناوچەکە و تاوتوێکردنی بڕگە بەبڕگەی مانیفێستی دوابەرەی ڕابەرەکانی، بەڵکو تەنیا بە چەند پرسیارێك کۆتایی بەم وەڵامدانەوەیە**** دەهێنم، بەو هیوایەی لایەنگرانی ئەو دروشم و مانیفێستانە، ئەگەر بۆ جارێکیش بووە، ڕێگە بە خۆیان بدەن و بڕیار و بیرکردنەوە لە خوا و پێخەمبەرە ئایدیۆلۆجییەکانیان بسێننەوە و سنوورەکانی بڤەی ئایدیلۆجیا و ئایینزایی مارکسیزم ببەزێنن.

ئایا قسەگەرانی هێڵی سۆشیالیزم و کۆمونیزمی دەسەڵاتخواز، کە پاشگری کرێکارییان لەخۆیان ناوە، سەرنجی ئەوەیان داوە، کە دێمۆکراتی ڕاستەوخۆ [ئەوەی کە ئەوان نەك ناوێرن نێوی بەرن، بەڵکو لە سێبەرەکەشی سڵدەکەنەوە] خواستی بزاڤە سۆشیالیستییەکانی ولاتە سکیولاریستە دڵخوازەکانی ئەوانە و دروشمی وەك «میرایەتی نوێنەرایەتی» و «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا» جێگەی گاڵتەجاری و پێکەنینن؟

ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە لە خەوی شوانەیی پڕۆلیتاریا و پارتی ڕابەر داچڵەکێن و چانسی تێگەیشتن لە زەنگی زنجیرە ڕاپەڕینەکانی ئەم ڕۆژانە بەخۆیان بدەن، تاوەکو لەوە تێبگەن، کە پارتە ڕامیارییەکان لە پاش جەماوەری ڕاپەڕیوەوە باویشكیان دەدا و دەدەن و خەونی بەدەسەڵاتگەیشتنیان لەتەك کفنیاندا زەرد دەبێت؟

ئایا بوار و کاتی ئەوەیان نییە و نەهاتووە، ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن، بۆچی پارتە ڕامیارییەکان لە ماوەی 70 سەرداری بۆلشەڤیزمدا، بەپێچەوانەی خەونی شوێنکەوتووە خۆشباوەڕەکانیانەوە،تەنیا توانییان لەشکرێك سەرباز و ئەندامی گوێرایەڵ و درۆزن و دووڕوو و سەرکوتگەر و مشەخۆر و کینەدۆز و بەچکەدیکتاتۆر، پەروەردە بکەن؟

ئایا ئەگەر بێت و مێژوو بە دڵخوازی شوانە کۆمونیستەکان بسوورێت و لە ناوچەکەی ئێمەدا وەك گوڵی سەربەرد، خێڵەکەی سۆشیالیزمی حیکمەتی یا پارتەکانی دیکەی ئەو ڕەوتە دەسەڵات بگرنە دەست، چ گەرەنتییەکمان دەدەنێ، کە مێژووی پڕ سەرکوتگەریی و شەرمەزاریی 70 ساڵەی سەروەری بۆلشەڤیزم دووبارە نەبێتەوە و ڕووی دیکتاتۆری تەكنۆکراتەکان و کۆمپانییە جیهانلوشەکان سپی نەکەنەوە؟

هەموو پارتێکی کۆمونیست، تەنانەت ئەوانەشیان کە پاشگری جیهانیان بەخۆیانەوە لکاندووە، لە بیرکردنەوە و بەرنامە و ئامانج و کرداردا هەم سنووری وڵاتەکانیان بە فەرمی و ڕەوا دەناسن و هەم خوازیاری داسەپاندنی دەسەڵاتی باشن بەسەر چەوساوانی ئەو وڵاتانەدا. هەم عیراقی، ئێرانی، کوردی و یەهودین و هەم داوای مۆڵەتی یاسایی چالاکی لە دەسەڵاتداران دەکەن و هەم خوازیاری سەروەری یاسا و هەم بەشداری گاڵتەجارییەکانی پارلەمان دەکەن و هەم سەرکۆنەی دەسەڵاتداران دەکەن، بەوەی کە نەیانتوانیوە نوێنەری نەتەوە بن.

ئەگەر لەژێر کارایی و زاڵی پانئێرانی و عیراچییەتیدا ڕەخنەیەکیان لە ناسیونالیزمی کوردیش گردبێت، ئەوا لە بەرامبەردا ئەلتەرناتیڤیان تۆخکردنەوەی عیراقچییەتی و ئێرانچییەتی بووە. چونکە ئەوان دەرکی ڕۆشنیان لە ناسیونالیزم نییە و ناسیونالیزمی کوردیان لە ڕوانگەی ناسیونالیزمی پانفارس یا عیراقچییەوە ڕتکردووەتەوە، نەك لەو ڕوانگەوە کە ناسیونالیزم ئایدیلۆژیای دەوڵەتی بورجوازییە، ئەگینا لایەنی کەم دەیانزانی کە عیراقچییەتی ئێرانچییەتی و کوردستانچییەتی و یەهودیچییەتیش هەر ناسیونالیزمە و دەوڵەتە عیراقی، ئێرانی، بریتانییەکەی ئەوانیش ناسنامەی هاووڵاتی بە دانیشتوانی وڵات دەبەخشێت و ئەوانی دیکەی دەرەوەی سنوورە پیرۆزەکانی ولات، بە بێگانە و میوان و کۆچەرو نایاسایی و لە باسترین باردا بە کرێکاریمیوان تۆمار دەکات. ئایا مێژووی پارت و دەوڵەتە کۆمونیستییەکان، شتێکی جیاواز لەوەمان دەخاتە بەردەست؟

ئەگەر نووسەرانی مانیفێست، تەنیا بۆ چەواشەکاری پەنایان نەبردووەتە بەر داتاشینی دەستەواژەی «ناسیوناڵئاناڕشیست»، با لە میژووی دوور و نزیکدا، با لە گۆشەیەکی جیهانە بەرینەدا تەبایی هزر و ئایدیای ئەنارکی لەتەك ناسیونالیزم و بوونی وەها ئاراستەیەك لە بزاڤە ئەنارکییەکاندا بخەنە ڕوو. بەدبەختی نووسەرانی مانیفێستی خێلی سۆشیالحیکمەتیست لەوەدایە، کە ناسیونالیستە جنێوفرۆشەکان بە خۆشحالییەوە، مارکسیستە دەسەڵاتخوازەکان بۆ گێڕانی سیمینار لە یانە پاڵتۆکییەکانیاندا بانگهێشت دەکەن. بەلام ئەگەر کەسێك بەبێ قوتکردنەوەی پاشگرگەلی وەك “ینک” ، “پدک”، “تاڵەبانی” و “بارزانی” بنووسێت بڕوخێت دەسەڵات، ئەوا دەستبەجێ بەڕێوەبەرانی یانەکان، بە هاودەنگی و هاوکێشی و هاوسەروایی میدیای دەسەڵات و دەستەواژە داتاشراوەکانی نووسەرانی مانیفێستەکەی خێڵ “ڕەوەند”، وەلامی کەسەکە دەدەنەوە و بە ئاژاوەچی تۆمەتباری دەکەن. ئایا ئەم یەکانگیریی و کۆکدەنگییەی میدیای دەسەڵات و جنێودەرەکانی لیستی گۆڕان و نووسەرانی خێڵی سۆشیالحیکمەتیست، ڕێکەوتە، لە نەزانییەوەیە، یا ئەوەتا هاوبەرژەوەندێتی دەسەڵاتخوازانەیان لە بەدەمەوەگرتنی ئەو دەستەواژە ئامادەکراوانەدا، لەژێر ئەو ساباتەدا کۆیاندەکاتەوە؟!!!!

پەراوێز:

* وێڕای ڕێزی تەواوم بۆ مردووان، لێرەدا مەبەستم ئەوەیە، ئەگەر مردوویەك توانای وەگۆهاتنەوەی هەبێت، تەنیا دەتوانێت قسە لەسەر ڕابوردوو یا دووبارەکردنەوەی ڕابوردووە وترا و بیستراوەکانی بکات، چونکە لە ئێستادا ناژی و توانای دەرکردن و تێگەیشتنی کەتواری هەنووکەیی نییە. ڕەوتی کۆمونیزمی کرێکاریش دەیەوێت، کۆمەڵگە لەناو چوارچێوەیەکی پێشتر ئامادەکراو بپەستێوێت، بە واتایەکی دیکە، دەیەوێت لە بری گۆڕینی کەوشێکی بچووك، لە زیادی (پێپا) گەورەکان ببڕێتەوە، تاوەکو لەتەك کڵێشە ئامادەکەدا بگونجێت.

**خوێنەرانی هێژا بە چوونە سەر ئەم لینکە (http://www.mediya.net/wane/ferheng/henbane-borine/index.htm) دەتوانن لە (هەنبانە بۆرینە)دا زانیاری زۆرتر بەدستبهێنن.

*** لێرەدا ڕەخنەم ئاراستەی مارکسیستە ئازادیخوازەکان، ئەوانەی کە باوەڕیان بە بەرنامەڕێژی و پارت و دەوڵەت و «دیکتاتۆری پڕۆلیتاریا» و شوانەیی چەوساوان نییە، نییە. تەنیا ڕووم لەوانەیە، کە لەسەر کێش و سەروای بەهەشت و دۆزەخی ئایینەکان، کۆموڵگە سەرەتاییەکان و کۆمەڵگەی چینایەتی و کۆمەڵگەی سۆشیالیستی لێكدەدەنەوە و خۆیان لە جێی پێخەمبەرەکان دادەنێن و وتەکانیان وەك دەقە ئایینییەکان لە دەرەوەی ڕەخنە ڕادەگرن.

بەستەری، وتاردانەکەی خەسرەو سایە لە مەیدان ئازادی سلێمانی:

http://www.youtube.com/watch?v=RlBVLTyNlHU

بەستەری، مانیفێستی ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاری:

http://www.dengekan.info/dengekan/11/9384.html

Advertisements

ڕاپه‌ڕین له‌ دووڕیانی ناکۆکیی ئامانجه‌کاندا

پێشینانی ناڕامیار نه‌یانوتووه‌، جام که‌ پڕ بوو لێی ده‌ڕژێنرێت، به‌ڵکو وتوویانه‌ “جام که‌ پڕ بوو، لێی ده‌ڕژێت”. به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر زاڵی مێنتاڵیتی ده‌روێشگه‌رایی ئایدیۆلۆجیی به‌سه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ی که‌ خۆیان به‌ ئازادیخواز ناوزه‌دکردووه‌ و ده‌که‌ن، هێشتاکه‌ واتای فره‌ڕه‌هه‌ندی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ڕوون نییه‌ یا په‌یپێنه‌براوه‌، که‌ باس له‌ خۆبه‌خۆیی ڕژانی جامی تووڕه‌یی خه‌ڵکه‌، به‌بێ فه‌رماندان و دیاریکردنی خاڵی ده‌ستپێکردن، ده‌کات.

ئه‌وه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی سه‌راپای مێژوودا به‌رجه‌سته‌ بووه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕاپه‌ڕینه‌کان وه‌ك خاڵی هه‌ڵکشانی شۆڕشی دژی چه‌وسانه‌وه‌، هه‌رده‌م خۆبه‌خۆ و په‌روه‌ردێنراوی ڕووداوه‌کان و هه‌ڵکشانی بزاڤه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناڕازییه‌کانن، نه‌ك نه‌خشه‌ و به‌رهه‌می بانگه‌وازی ده‌سته‌بژێره‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان. باشترین نموونه‌ش زنجیره‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی ئه‌م ده‌مه‌ن (تونسمیسر تا عیراق و ئێران، ئه‌مه‌ریکا)، که‌ پارته‌ ڕامیاره‌کان و خۆبه‌رابه‌رزانه‌کانیان تووشی شۆك کردووه‌ و وه‌ك خڵته‌ی سه‌رده‌مێکی به‌سه‌رچوو که‌نارگیریان کردوون.

یه‌کێك له‌و خاڵانه‌ی که‌ زۆربه‌ی نووسه‌ران له‌به‌رچاوی ناگرن، ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌م ساته‌دا که‌ ناتوانێت به‌ده‌ربێت له‌و زنجیره‌ ڕاپه‌ڕینه‌ی که‌ جیهانی له‌ (تونس)ه‌وه‌ بۆ ئه‌مه‌ریکا گرتووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕاپه‌ڕین چ له‌ ئازاری 1991دا و چ له‌ ئێستادا له‌ ڕاپه‌ڕینی هه‌رێمه‌کانی دیکه‌ی عیراق به‌ده‌ر نییه‌. چونکه‌ زنجیره‌ ڕاپه‌ڕینه‌کان ته‌نیا دژی سه‌رۆکێکی دیکتاتۆر نین وه‌ك ماسمیدیا و قسه‌گه‌رانی زل و گچکه‌ده‌وڵه‌تانی دونیا پاگه‌نده‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌ڵکو دژی سیسته‌می نائازاد و نایه‌کسان و نادادوه‌ری سه‌رمایه‌دارین و ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین، ده‌بینین له‌ تونس پاش وه‌ده‌رنانی سه‌رۆکی ده‌وله‌تی ئه‌و وڵاته‌، خه‌ڵك ناچنه‌وه‌ ماڵ، له‌ میسر خۆپیشاندانه‌کان ده‌گوێزرێنه‌وه‌ بۆ کارخانه‌کان و ده‌بنه‌ زنجیره‌ مانگرتن، له‌ لیبیا راپڕین شیوه‌ی چه‌کدارانه‌ و ئازادکردنی شاره‌کان به‌خۆوه‌ ده‌بینێت و له‌ (Wisconsin)ی ئه‌مه‌ریکا ڕاپه‌ڕیوان پارله‌مان داگیر ده‌که‌ن.

له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ 20 ساڵه‌ خه‌ریکی ده‌سته‌مۆکردنی خه‌ڵکن بۆ ده‌سه‌ڵات، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی که‌ هه‌ر ڕۆژه‌ی مانیفێستێك و به‌رنامه‌ و تاکتیکێکی مردوو ده‌نووسنه‌وه‌ و که‌سییان نییه‌ به‌یاننامه‌کانیان بگه‌یێنێته‌ جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو، ئه‌وانه‌ش که‌ به‌هه‌ڵخڕانی ده‌مارگیری شارچییه‌تی و زیندووکردنه‌وه‌ی گیانی جه‌لالیزم، چه‌ند ساڵه‌ ده‌یانه‌وێت ناڕه‌زایه‌تی و هوشیاربوونه‌وه‌ی تاکی کۆمه‌ڵگه‌ له‌باربه‌رن، ڕاپه‌ڕینی کوردستان تووشی شۆکیان بکات. به‌ڵام بۆ ئه‌و تاکه‌ ئازادیخوازانه‌ی که‌ له‌ ڕاپه‌ڕینی 1991ه‌وه‌ تا هه‌نووکه‌ بانگه‌وازی خۆهوشیاری و خۆده‌ستبه‌کاربوون، ئه‌وانه‌ی که‌ 20 ساڵه‌ عه‌ره‌بانه‌کانیان ده‌شکێندرین و ئه‌وانه‌ی که‌ یاساکانی سه‌روه‌ری بۆرجوازی کورد به‌ چواریه‌کی پیاویان داده‌نیت و ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی سه‌روه‌ری نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ و نیشتماندا خۆزگه‌کانیان تیرۆر ده‌کرێن، ئه‌وانه‌ی که‌ 13 ساڵ له‌ به‌ناونیشتمانی خۆیاندا ئاواره‌بوون و هه‌نووکه‌ له‌ که‌رکووك له‌ژێر چادر و قوڕولیته‌دا خه‌ونه‌ له‌بارچووه‌کانیان ده‌ژمێرن، 20 ساڵه‌ ڕاپه‌ڕین، گرکانی ناڕه‌زایه‌تی ناخیانه‌ و چاوه‌ڕێی که‌لینێك بۆ ته‌قینه‌وه‌ و هه‌ڵچوون ده‌کات و بیست ساڵه‌ به‌راوردی وێنه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی داگیرگه‌ر و ده‌سه‌ڵاتی پارله‌مانی بۆرجوازی کورد ده‌که‌ن، بیست ساڵه‌ چاوه‌ڕێی وه‌ها ڕۆژێك ده‌که‌ن، که‌ ده‌نگی ئازادیخوازانی جیهان وه‌ك سێبه‌ری مه‌رگ به‌سه‌ر سه‌ری سه‌روه‌رانه‌وه‌ له‌م وڵاته‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵات و له‌م کێشوه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و کیشوه‌ر، ده‌نگدانه‌وه‌ی ئاواته‌کانیان بێت.

ئه‌مه‌ ئه‌و ساته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ی چه‌وساوه‌ به‌ هه‌موو ڕه‌نگه‌کانه‌وه‌ و له‌ هه‌موو گۆشه‌کانی گۆی زه‌ویدا چاوه‌ڕێی هاتنی بووین و ئه‌و ساته‌یه‌ که‌ سه‌روه‌ران به‌ درێژایی کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی هه‌وڵی به‌رپێگرتنیان داوه‌. ساتێك که‌ ویست (ئیراده‌)مان به‌ده‌ستده‌هێنینه‌وه‌، ساتێك که‌ له‌ بری دڕدۆنگی له‌ هاوسێکانمان، داخوازییه‌کانمان ئاوێزانی یه‌کتر ده‌بنه‌وه‌، ساتێك که‌ چرپه‌کانمان ده‌بنه‌ هاواری شه‌قام و کۆڵان و کارخانه‌کان و داخوازییه‌کان جێی وێردی ناهوشیارانه‌ی مزگه‌وت و که‌نیسه‌ وکلیسا ده‌گرنه‌وه‌، ساتێك که‌ نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی فه‌رمانده‌ران و خۆبه‌رابه‌رکردووان ده‌بنه‌ نه‌خشه‌ی سه‌رئاو، ساتێك که‌ له‌ تاو هاواری ئازادیخوازانه‌، پۆلیسه‌ چێنراوه‌کانی ناخمان هه‌لدێن و سرووده‌کانی ئازادی ده‌بنه‌وه‌ وێردی سه‌رزمان و به‌ده‌م ئاوازی ئازادییه‌وه‌ جه‌سته‌ی له‌ خوێنگه‌وزاومان له‌ شه‌قامه‌کانی هه‌ژاردیدا سه‌ما ده‌کات، ئه‌و ساته‌ی که‌ ده‌می فه‌رمانده‌ران و ڕامیارانی زۆربلێ له‌ به‌رامبه‌ر مستی گرمۆڵه‌ی ژێرده‌سته‌کانیاندا ته‌ته‌ڵه‌ ده‌کات و ئه‌ژنۆی شلبوویان توانانی ڕاگرتنی جه‌سته‌ی ته‌وه‌زه‌لیانی نییه‌.

ڕاپه‌ڕین دیارده‌یه‌کی یه‌کشه‌وه‌ یا به‌رهه‌می بانگه‌وازی ئه‌م و ئه‌و نییه‌، به‌ڵکو پێگه‌یینی ناڕه‌زایه‌تییه‌ ڕۆژانه‌ییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانه‌، که‌ له‌ هه‌ر ساتێکی ژیانی ژێرده‌سته‌ییدا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و کۆمه‌لایه‌تی ده‌بنه‌وه‌. ڕاپه‌ڕینی تونس و میسر و هه‌رێمی Wisconsin له‌ ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و هه‌رێمی کوردستانیش له‌م بنه‌مایه‌ به‌ده‌ر نین و خوێنه‌ران ده‌توانن بگه‌رینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌رشیڤی کورته‌ فیلمی ناڕزایه‌تییه‌کانی تونس له‌ چه‌ند ساڵی ڕابوردوودا له‌ (youtube)و هه‌واڵی مانگرتنه‌ هه‌ر ڕۆژه‌ییه‌کانی کرێکارانی میسر له‌ تضامن ، شقیق، عیراق به‌گشتی و هه‌رێمی کوردستانیش وه‌ك ئاگادارین هه‌رده‌م مه‌یدانی سه‌رهه‌ڵدان و سه‌رکوتی بزاڤه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ ناڕازییه‌کان بوون، له‌وانه‌ ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵیادی 2006 ی کیمیاباراندا، ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی که‌لار و گه‌رمیان له‌ سالیادی ئه‌نفالدا و تد، بۆ هه‌ر ئازادیخوازێك که‌ باوه‌ڕی به‌ خۆبه‌خۆیی ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری هه‌بووبێت، ئه‌وه‌ی هه‌نووکه‌ ڕووده‌دات، شتێکی چاوه‌ڕوانکراو بووه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ پێیانوابووه‌ جه‌ماوه‌ر ڕانه‌مه‌رێكه‌ و به‌بێ شوانه‌یی ئه‌وان ئاوه‌زی گه‌ڕانه‌وه‌ ماڵی نییه‌، نه‌ك چاوه‌ڕوانکراو نه‌بوو، به‌ڵکو تووشی شۆکی مه‌رگهێنه‌ری کردن.

ڕاپه‌رینی سه‌ربه‌خۆی جه‌ماوه‌ری به‌ واتای ڕزگاربوونی ناڕازییان له‌ داوی ئایدیلۆجیای ناسیونالیستی (ده‌وڵه‌تنه‌ته‌وه‌) و مه‌زهه‌بی (ده‌سه‌ڵاتی خوا له‌سه‌ر زه‌وی) و سێکسیستی (ده‌سه‌ڵاتی پیاوان) و .. تد دێت و ته‌نیا ده‌توانێت له‌ ده‌وری داخوازییه‌ گشتییه‌کان و بنه‌ماکانی ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی گشت دانیشتووان ڕێکخراوبێت و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌بێته‌ مه‌رجی سه‌رکه‌وتنی له‌ به‌دیهێنانی ئاماجه‌کانیدا و پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش به‌ شکست و گێڕانه‌وه‌ی باری پێش ڕاپه‌ڕین یا ته‌نانه‌ت هه‌ندیك جار به‌خراپتر ته‌واو ده‌بێت، وه‌ك شکستی ڕاپه‌ڕینی ڕێبه‌ندانی 1979ی ئێران. به‌و پێیه‌ی که‌ ڕاپه‌رین کێشمه‌کێشی یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی جه‌نگی نێوان بزاڤه‌ ئازادیخوازه‌کان و کۆنه‌پارێزه‌کانه‌، له‌ ناوخۆی ناڕازییانیشدا ئه‌م کێشمه‌کێشه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شبوونی ناڕازییانی لایه‌ندار به‌سه‌ر پارت و ئایدیۆلۆجییه‌ ڕواڵه‌ت جیاواز و ناوه‌ڕۆك چونیه‌کی ده‌سه‌ڵاتخوازدا ئاماده‌یی هه‌یه‌ و ده‌توانین له‌ قه‌تیسمانه‌وه‌ و لاوازی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینه‌کانی عیراقدا به‌گشتی و هه‌رێمدا به‌تایبه‌تی ئه‌م کێشمه‌کێشانه‌ به‌دی بکرێن. بۆیه‌ به‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ لایه‌نێك بتوانێت دۆمینه‌یتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بکات، به‌و ڕاده‌یه‌ ئه‌گه‌ری شکست و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆدانانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ یا تاکتیکیانه‌ی بالێکی ده‌سه‌ڵات، له‌ ئارادا ده‌بێت، وه‌ك له‌م ڕۆژانه‌دا له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌یبینین.

هه‌روه‌ها ناشبێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت، که‌ هاوکاتی ئه‌زموونگیری چه‌وساوانی وڵاتان له‌ یه‌کتری بۆ نموونه‌ خوێندکارانی بریتانیا له‌ خۆپیشاندانه‌کانی یۆنان، ڕاپه‌ڕیوانی تونس له‌ خۆپیشاندانه‌کانی خوێنداکارانی له‌نده‌ن، ڕاپه‌ڕیوانی میسر له‌ هاوچینه‌کانیان له‌ تونس و ڕاپه‌ڕیوانی هه‌رێمی Wisconsin ی ئه‌مه‌ریکای باکووری له‌ ڕاپه‌ڕیوانی میسر و خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵکی عیراق و ئێران له‌ ئوردن و میسر و تونس، به‌هه‌مان شێوه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌روه‌ری سه‌رمایه‌داری زیاتر له‌ ئێمه‌ و خێراتر له‌ ئێمه‌ ئه‌زموونگیری ده‌که‌ن و هه‌وڵده‌ده‌ن خاڵه‌لاوازه‌کانییان پڕبکه‌نه‌وه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش ناوه‌نده‌ جیهانییه‌کانی سه‌رمایه‌ و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌کانیان ده‌که‌ونه‌ خۆ و هه‌موو توانایه‌کیان بۆ به‌هێزکردنی تابووری پێنجه‌م و گێڕانه‌وه‌ی نائومێدی ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ و سه‌رۆکه‌ له‌رزیوه‌کان په‌یامی هاوپشتی بۆ یه‌کتر ده‌نێرن و له‌یه‌کتر ده‌پارێنه‌وه‌ که‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆیان بکرێت، جه‌ماوه‌ری ڕاپه‌ڕیو سه‌رکوت بکه‌ن، چونکه‌ له‌ که‌وتنی هه‌ر ده‌سکه‌لایه‌کی سه‌روه‌ری چ له‌ ناوچه‌که‌ و چ له‌ جیهاندا مه‌رگی خۆیان و نزیکبوونه‌وه‌ی نۆره‌ی خۆیان ده‌بینن.

به‌و پێیه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی بۆرجوازی کورد ته‌مه‌نێکی دوورودرێژیان له‌ به‌رهه‌لستکاری چه‌کداریدا هه‌بووه‌ و هاوکات له‌ نیوسه‌ده‌ی ڕابوردوودا له‌ژێر دێوجامه‌ی نه‌ته‌وه‌گه‌راییدا توانیویانه‌ دۆمینه‌یتی بزاڤه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بکه‌ن و هه‌نووکه‌ش له‌ ڕاپه‌ڕینه‌کانی تونس و میسر و یه‌مه‌ن و ئوردن و به‌حره‌ین و لیبیادا وه‌خۆکه‌وتوون و کۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی زیندوو و مه‌یدانیان به‌رده‌ستکه‌وتووه‌ و خۆشیان له‌ ساڵانی 2006 به‌م لاوه‌ خاوه‌نی چه‌ند ئه‌زموونێکن له‌ سه‌رکوتکردنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ریدا و هێشتاکه‌ش پرسی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌ندیك ناوچه‌ی هه‌رێمدا به‌تایبه‌ت له‌ کورکووکدا وه‌ك گۆچانه‌که‌ی موسا به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ و جه‌ماوه‌ری پێ جادووده‌که‌ن. بۆیه‌ ده‌بینین، ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان سه‌رکه‌وتووتر له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی تونس و میسر و یه‌مه‌ن و ئوردن و به‌حره‌ین و لیبیا و ئێران، توانیویانه‌ سه‌رکوتی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بکه‌ن و ده‌نگی ڕاپه‌ڕین له‌ ده‌ره‌وه‌ بخه‌نکێنن.

وه‌ك وتم ئه‌مه‌ هه‌م کۆمه‌لێك هۆکاری خۆیی هه‌یه‌ و هه‌م کارایی و هه‌ژموونی کۆمپانیا جیهانلووشه‌کان و زلهێزه‌ داگیرگه‌ره‌کانی له‌سه‌ره‌ و به‌ڕێکه‌وتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ توانیویانه‌ ئه‌م ده‌نگه‌ له‌ میدیای خۆراواییدا کپ بکه‌ن. کاتێك که‌ بێکاران و خوێندکاران له‌ تونس ڕاپه‌ڕین و کۆمه‌ڵگه‌یان به‌دوای خۆیاندا کێشایه‌ ڕاپه‌ڕین، ده‌وڵه‌تانی خۆراوا که‌ ناڕاسته‌خۆ له‌ ڕێگه‌ی ده‌ستکه‌لاکانیانه‌وه‌ له‌ وڵاتانی به‌ناو جیهانیسێیه‌مدا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌که‌ن، ده‌سته‌پاچه‌کرد و نه‌یانده‌زانی چۆن و نه‌یانتوانی ئۆپۆزسیۆنێکی فه‌رمی بۆ رامکردن خه‌ڵکی راپه‌ڕیو قوتبکه‌نه‌وه‌ و ئاماده‌بوون ده‌ست بخه‌نه‌ ده‌ستی هه‌ر هێزێکه‌وه‌، به‌مه‌رجێك بتوانێت جڵه‌وی ڕاپه‌ڕین بگرێت. هه‌ر بۆیه‌ له‌ ته‌ك ڕاپه‌ڕینی ئازادیخوازانی میسر، ده‌ستبه‌جێ (موحه‌مه‌د ئه‌لبه‌راده‌)یان نارده‌وه‌ میسر، که‌ زانیان ئه‌ویش که‌س لای لێ ناکاته‌وه‌، هانایان بۆ پارته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئیخوان ئه‌لموسلیمین برد. کاتێك ئه‌و تاکتیکه‌یان له‌ میسر شکستی خوارد، له‌ ئوردن هانایان بۆ ڕیفۆرم و به‌لێنه‌کانی پاشا برد. به‌ڵام ئه‌مه‌ش دادی نه‌دان و ڕاپه‌ڕین له‌ داخوازی لابردنی سه‌رۆکێك و کابینه‌یه‌ك واوه‌تر چوو و وڵاتانی دیکه‌ی ناوچه‌که‌ی ته‌نییه‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا چاوپۆشییان له‌ سه‌رکوتی بێپه‌رده‌ی ناڕازییانی یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و ئێران و عیراق کرد. له‌ پاڵ ئه‌م بۆلوانه‌دا که‌ ده‌سه‌ڵاتی عیراقی و هه‌رێمی کوردستان بۆیان ڕه‌خسا، له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌دا ده‌سکه‌لا و ڕێکخراوه‌ و ده‌ستبه‌ژێره‌کانیان بۆ په‌شیمانکردنه‌وه‌ و په‌خشکردنه‌وه‌ی پاگه‌نده‌ی ژاراوی هاندا و هاوکات له‌بری دروستکردنی شه‌ڕه‌کوته‌ی به‌ ڕواڵه‌ت خه‌ڵکیی وه‌ك ئه‌وه‌ی میسر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کامێراکان ئاماده‌نین و که‌س نایانبینێت، بۆیه‌ گروپه‌ تیرۆریست و ڕفێنه‌ر و لێده‌ره‌کانیان وه‌ك تابووری پێنجه‌م خستووه‌نا ناو خه‌ڵکی، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ تیرۆری راگه‌یاندنیی و زۆر شێوازی فشاری دیکه‌، که‌ له‌ شاره‌کانی هه‌رێمدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ گیراونه‌ته‌به‌ر.

له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ کۆمپانیای وشه‌ و لیسته‌ به‌ناو گۆڕانه‌که‌یان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ژموونی ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا له‌ ناوچه‌ی سۆراندا وه‌ك نۆژه‌نکه‌ره‌وه‌ و نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیزم و هه‌وڵێك بۆ له‌باربردنی بزاڤه‌ ناڕازییه‌کان له‌ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (ینک)دا وه‌ك هاوسه‌نگییه‌ك له‌ به‌رامبه‌ر سه‌رکوتکراوی بزاڤه‌ ناڕازییه‌کانی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی (پدک) و پاراستنی هاوسه‌نگی هێز له‌ چوارچێوه‌ی کێشمه‌کێشه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانیدا له‌ (1966)ه‌وه‌ تا هه‌نووکه‌ و فشاردانان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی، بانگه‌وازی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کابینه‌ی ئیستای ده‌سه‌لاتی هه‌رێمیان راگه‌یاند، به‌ڵام کاتێك که‌ زانیان جه‌ماوه‌ری نارازی به‌ڕه‌که‌ له‌ژێر پێی خۆشیان ڕاده‌کێسێت و خه‌ڵکی ناڕازی واوه‌تر له‌ چاوه‌ڕوانییه‌کانی ئه‌وان ده‌ڕوات، که‌وتنه‌ سه‌رکۆنه‌ی ڕاپه‌ڕین و ناوڕزاندنی ڕاپه‌ڕین به‌ ئاژاوه‌گێڕی.

به‌داخه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌ به‌سه‌ر زۆر نووسه‌ر و ئازادیخوازدا تێده‌په‌ڕێت، بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانخوازی هه‌رێمی کوردستان که‌ له‌ سێ چوار ساڵی ڕابوردوودا له‌سه‌ر شانۆی ڕووداوه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌رکه‌وتووه‌، له‌ته‌ك لیستی به‌ناوگۆڕانی نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیسته‌کان یه‌کسان ده‌که‌ن و به‌م کاره‌یان له‌ڕێی خوادا لاوان به‌و لیسته‌ ده‌سه‌ڵاتخواز و تاکتیکییه‌ی باڵی تاله‌بانی ده‌سه‌ڵات، خۆشباوه‌ڕ ده‌که‌ن، که‌ له‌م ساته‌دا له‌ته‌ك بنه‌وان و پارتی نه‌یاریاندا له‌ گفتوگۆدان و ده‌یانه‌وێت خۆپیشاندانه‌کان بکه‌نه‌ ئامرازی فشاری به‌ده‌ستهێاننی داخوازییه‌ گروپییه‌کانیان، که‌ له‌لایه‌ك به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ن، که‌ له‌ جه‌نگی چوارساڵه‌ی ناوخۆدا بۆیان به‌ده‌ینه‌هاتن، له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ به‌ده‌ستهێانی به‌رته‌رییه‌ بۆ ناڕازیانێکی ده‌سه‌ڵاتخواز که‌ له‌ لوتکه‌ی سه‌ره‌وه‌ی قوچکه‌ی ئه‌و لیسته‌دا جێیانگرتووه‌ و چاویان بڕیوه‌ته‌ شالیاری و ده‌ستکه‌وتی ماددی زیاتر.

کاتێك که‌ واوه‌تر له‌ ده‌سه‌ڵات و بازنه‌ی کایه‌کانی ده‌سه‌ڵات له‌وانه‌ لیستی گۆڕان، ڕێکخراوه‌ به‌ناو نامیرییه‌کان، بۆ هه‌وڵه‌ ده‌سته‌مۆکارییه‌کانی ڕاپه‌ڕین و بزاڤه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌گه‌رێنن، ده‌بینین، که‌م نین ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ دروشمی فریوده‌رانه‌ و به‌ ڕواڵه‌ت ئازادیخوازانه‌ ده‌یانه‌وێت په‌یکه‌ره‌ی ناره‌زایه‌تییه‌کان بکه‌نه‌ په‌یژه‌ی سه‌رکه‌وتن بۆ ده‌سه‌ڵات و گیانبه‌به‌رداهاتنه‌وه‌ی جه‌سته‌ی چه‌ند ساڵ ته‌زیوویان به‌ مژینی وزه‌ و وره‌ی ڕاپه‌ین. ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ چه‌په‌وه‌ بۆ راستی ئیسلامگه‌را ده‌گرێته‌وه‌، که‌ ڕه‌خنه‌ و جه‌نگیان له‌ته‌ك ده‌سه‌ڵات و ده‌سکه‌لاکانی وه‌ك لیستی گۆڕان له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی ویست (ئیراده‌) و بڕیار بۆ تاکی ژێرده‌ست نییه‌، به‌ڵکو بۆ پاشقولگرتنه‌ له‌و هێزه‌ ده‌سه‌که‌لایانه‌ی که‌ به‌راده‌یه‌ك جه‌ماوه‌ری و کۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان ببنه‌ کاندیدی ده‌سه‌ڵات له‌ ڕووداوه‌کاندا.

ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌خشته‌به‌ر و ده‌سه‌ڵاتخوانه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ جه‌ماوه‌ری ژێرده‌سته‌ و ئازادیخوازه‌ که‌ نه‌ دوێنێ و له‌ ئه‌مڕۆدا چاوی نه‌بڕیوه‌ته‌ به‌ده‌ستهێانی به‌رته‌ری ئابووریی و به‌شی زیاتر له‌ تاڵانی و کورسی پارله‌مان و ناوبانگ و پله‌وپایه‌ی ده‌سته‌بژێری و سه‌روه‌ری، جه‌ماوه‌رێك که‌ ته‌نیا خوازیاری ئازادی و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه‌یه‌، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ خوازیاری کۆمه‌ڵگه‌یه‌ك که‌ هه‌مووان تێیدا وه‌ك یه‌ك له‌ به‌رهه‌م و سامان و خۆشییه‌کانیدا به‌شدار بن و هه‌مووانیش له‌ بنیاتنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یدا هاریکار بن و هه‌مووان له‌ ته‌بایی و ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌بێ جه‌نگ و زیندان و ترس بژین. ئایا ئه‌مه‌ هه‌مان شته‌ که‌ پارته‌ ڕامیاره‌کان و ده‌سته‌بژێره‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان ده‌یانه‌وێت؟

ڕاسته‌ یه‌کێك له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ گه‌ش و دڵخۆشگه‌ره‌کانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، ده‌رکه‌وتنی گیانی خۆبه‌خۆیی و خۆبڕیاردانی تاکه‌کانه‌، به‌ڵام وه‌ك هه‌میشه‌ به‌و ڕاده‌ی که‌ پارت و ده‌سته‌بژێره‌ ده‌سه‌ڵاتخوازه‌کان کاراییان له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بمێنێت، ڕاپه‌ڕینه‌کان به‌رته‌سك و ناوچه‌یی و ده‌سته‌مۆیی خۆشباوه‌ڕی به‌ به‌لێنه‌ دێموجامه‌ییه‌کانی ناسیونالیزم و خوافه‌گه‌ری ئایین و ته‌نانه‌ت ده‌سته‌مۆی بیری سێکسیستی و ده‌مارگیری ناوچه‌یی ده‌بن، که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌م بزاڤه‌ی ئیستای هه‌رێمی کوردستاندا به‌ ئاشکرا ئه‌و لاوازییانه‌ سێبه‌ریان به‌سه‌ر ده‌نگه‌کاندا کردووه‌، ته‌شه‌نه‌نه‌کردنی ڕاپه‌ڕین له‌به‌ر زاڵی بالێکی ڕامیاریی ده‌سکه‌لای بالێکی ده‌سه‌ڵات (لیستی گۆڕان و ئیسلامییه‌کان)، زاڵی سێکسیزم به‌هۆی زالی لیسته‌ ده‌سکه‌لاکان، پارت پارتێنه‌ی چه‌په‌کان و ڕۆڵی ناسیونالیزم له‌ دابرانی ڕاپه‌ڕینه‌کانی ناوچه‌کانی عیراق.

له‌م نێوه‌دا به‌بێ لێکدانه‌وه‌ و کارکردن بۆ تێکشکاندنی ڕێگرییه‌کان و تێگه‌یشتن له‌ که‌تواری پشتپه‌رده‌ی نائاماده‌یی ژنان له‌م خرۆشانه‌ی ئیستادا، چه‌ند ده‌نگێکی ناسازی خۆبه‌ڕابه‌رزانی فێمینیزمی بۆجوازی و مارکسیستی به‌بێ گوێدانه‌ ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه‌ ڕامیاییه‌ زاڵه‌کان له‌و خرۆشانانه‌دا، که‌ له‌ پشتده‌نگی ڕاپۆرته‌ ڤیدیۆییه‌کاندا به‌ ئاشکرا سێکسیستی و دژه‌مێینه‌ییان دیاره‌، خوازیاری به‌شداری ژنانن وه‌ك پاشڕه‌وی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که‌ هێشتاکه‌ به‌ ئاوه‌زی پاسه‌وانانی به‌رده‌م حه‌ره‌مسه‌راکانی ئوسمانییه‌کان و سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و خێله‌کانیان له‌ ژن و په‌یوه‌ندی ژنان و کۆمه‌ڵگه‌ ده‌ڕوانن.

ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتخوازان و پاشڕه‌وانی پارته‌ ڕامیارییه‌کان نایانه‌وێت کاری له‌سه‌ر بکرێت و ناتوانن لێی تێبگه‌ن، لێدانی سێکسیزم و شۆڤێنیزم و ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌ له‌ ناو ڕێزه‌کانی خودی ناڕازییاندا وه‌ك پراکتیك و کارایی تاك و ئاراسته‌ ئازادیخوازه‌کان له‌ ڕاپه‌ڕیندا. یه‌کێك له‌و کاره‌ جوانانه‌ی که‌ ڕاپه‌ڕیوانی میسر و تونس پێی هه‌ستتان بۆ نموونه‌ پارێزگاری له‌ گه‌شتیاران و بیانیانێك که‌ له‌و ساته‌دا له‌وێ بوون و ده‌سه‌ڵات و هێزه‌ شۆڤێنیست و مه‌زهه‌بییه‌کان ده‌یانویست بیانکه‌نه‌ نیشانه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك، دابه‌شکاری ناسێکسیستانه‌ بوو له‌ناو کۆمیته‌کانی به‌رگری ڕاپه‌ڕین له‌نێوان ژنان و پیاوانی به‌شداربوو و ئاماده‌ی مه‌یدانیدا. به‌داخه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ به‌ هۆی زاڵی ده‌ستکه‌لاکانی ده‌سه‌ڵات و هه‌لپه‌رستی پۆپۆلیستانه‌ی چه‌په‌کان، که‌ ده‌یانه‌ێت به‌هه‌ر نرخێك بووه‌ خۆیان جه‌ماوه‌ری بکه‌نه‌وه‌ و خۆیان بگه‌یێننه‌ جێی دۆمینه‌یتگه‌رانی هه‌نووکه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان. هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا نامه‌وێت ته‌ڕ و وشکی چه‌پ پێکه‌وه‌ بسووتێنم، لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه‌ که‌ له‌ وتاره‌ فه‌رمانده‌رییه‌کانیاندا وێنه‌کانی خۆیان گه‌وره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ و وه‌ك پیاوانی ڕدێن سپی و ژنانی سه‌ر سپی بزووتنه‌وه‌که‌ خۆیان ده‌رده‌خه‌ن و ڕۆژی چه‌ند به‌یاننامه‌ و مانیفێستێك ده‌رده‌که‌ن و ژاواوی ده‌سه‌ڵاتخوانه‌یان ده‌که‌نه‌ مێشکی ناڕازیانی که‌مئه‌زموونه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵی فه‌رمانده‌رانه‌ی ئه‌و فێمینیسته‌ ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ و ڤیدیۆگیره‌کانی نه‌وه‌ی سێییه‌می جه‌لالیزم، که‌ یه‌کێکیان بۆ ده‌رکه‌وتنی خۆی ئاماده‌یه‌ ژنان بکاته‌ پاشکۆی سێکسیسزیمی لایه‌نه‌ ده‌سکه‌لاکان، ئه‌وی دیکه‌یان له‌ڕێی جنێوه‌ پڕسووکایه‌تی و سێکسیستییه‌کانیانه‌وه‌، ئه‌و ژنانه‌ی که‌ کوته‌کی ده‌سه‌ڵات و باوکسالاری و خورافه‌کانی مه‌زهه‌ب نه‌یتوانیوه‌ گیانی ئازادیخوازانه‌یان ده‌سته‌مۆ بکات، وه‌به‌ر هێرش بدات. له‌م نێوه‌دا که‌م نین ئه‌و سایتانه‌ی که‌ به‌ شانازی و نۆره‌بڕی و له‌یه‌كدزینه‌وه‌ ئه‌و کورته‌ فیلمه‌ پڕ سوکایه‌تییانه‌ به‌ژنان بلاوده‌که‌نه‌وه‌ و له‌و ڕێگه‌وه‌ ئاڵۆش و توندوتیژی ناخی خۆیان به‌رامبه‌ر ژنان داده‌مرکێننه‌وه‌. ئه‌وڕۆکه‌ نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیزم و قوتابییه‌کانی قوتابخانه‌ی خێلایه‌تی بارزان، سادیزم و ئالۆشی سێکسیستیان وه‌ك ڕۆژانی شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌کان به‌سه‌ر ژناندا داده‌مرکێننه‌وه‌ و شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری چینایه‌تی و شانازییه‌ ناسیونالسیتییه‌کانیان له‌سه‌ر سووتماککردنی جه‌سته‌ و گیانی ژنان بنیان ده‌نێن.

ئه‌گه‌ر که‌سانێك له‌به‌ر پاراستنی ده‌سه‌ڵات و که‌سانێك له‌به‌ر پوچده‌رچوونی ڕابه‌رایه‌تی و پێویستی شوانه‌یی پارته‌کانیان له‌ ڕاپه‌ڕینانه‌دا تووشی شۆك و پشێوی بوون، ئه‌وان ئازادیخوازانی هه‌رده‌م لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی ڕاپه‌ڕین و خه‌باتی ڕاسته‌خۆی جه‌ماوه‌ری، شه‌یدایانی کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاد و یه‌کسان و دادپه‌روه‌ر به‌ خۆنمایی سیکتاریسته‌ مانیفیست و به‌یاننامه‌نووسه‌کان و فێمینیسته‌ فه‌رمانده‌ره ئه‌وروپانشینه‌کان و ڤیدیۆ سێکسیستییه‌کانی سه‌ر سایته‌کان تووشی شۆك بوون و ده‌بن و هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر هێشتا خۆبه‌ڕابه‌رزانانێك په‌یدا ده‌بن و پاساو بۆ ئه‌و سێکسیزمه‌ ده‌هێننه‌وه‌ و نادیده‌ی ده‌گردن و هێشتا چاوه‌ڕوانیان له‌ ژنان هه‌یه‌ خۆیان بکه‌نه‌ پاشڕه‌وی ئه‌و ده‌نگه‌ سێکسیستانه‌، ئه‌وا ده‌پرسم ئایا پێداویستی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌جنێو و سووکایه‌تییه‌ سێکستییه‌ پشتده‌نگییه‌ی کورته‌ فیلمه‌کان چییه‌، ئه‌گه‌ر ئامانج له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان گه‌یاندنی ده‌نگی ناڕازییانی ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌ به‌ جیهان؟ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی پاش خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رنجه‌ هێشتا له‌ته‌ك تۆمارکردنی کورته‌ فیلمه‌کاندا له‌سه‌ر زاڵکردنی سێکسیزم و جنێودان سوورن و ئه‌و سایتانه‌ی که‌ له‌ بڵاکردنه‌وه‌ی ئه‌و جنێوفرۆشییه‌ سێکسیستییه‌دا کێبركێ ده‌که‌ن، چ پاساوێکیان هه‌یه‌؟

لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت ده‌رك وسه‌رنج و پێشبینی خۆم له‌مه‌ڕ ڕووداوه‌کان بخه‌مه‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی به‌سه‌رنج و ئازادیخواز. به‌ بۆچوونی من ئه‌گه‌ر هێشتا زاڵی و کوته‌کبوونی پرسی نه‌ته‌وه‌یی له‌ هه‌ندێك ناوچه‌دا ڕێگیریمان ده‌کات، ئه‌گه‌ر هێشتا باوکسالاری به‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا یا لایه‌نیکه‌م به‌سه‌ر تۆره‌کانی هه‌واڵی ڕاپه‌ڕیندا زاڵه‌، ئه‌گه‌ر هێشتا ناڕازییان له‌ژێر کارایی شارچییه‌تی و هه‌ژموونی نه‌وه‌ی سێیه‌می جه‌لالیزم به‌نێوی ڕێفۆرم و گۆڕانخوازییه‌وه‌ به‌سه‌ر هوشمه‌ندی زۆرێکدا زاڵه‌، ئه‌گه‌ر هێشتا جه‌ماوه‌ر بروا و متمانه‌ی به‌ هێزی ڕوخێنه‌رانه‌ی خۆی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی عیراق و هه‌رێمی کوردستاندا نییه‌، ئه‌گه‌ر به‌جۆرێك هه‌ژموونی ڕیفۆرمیستی ڕێکخراوه‌ به‌نێو نامیرییه‌کان (NGO) به‌سه‌ر توێژه‌ ناوه‌نجیی و خوێندکارییه‌کاندا زاڵه‌، ئه‌وا ڕێگه‌چاره‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و پاشه‌کشێ نییه‌. به‌ڵکو هه‌وڵدانه‌ بۆ تێکشکاندنی ئه‌و هه‌ژموونانه‌ له‌ ڕێیی ئاژیتاتسیۆنی ئازادیخوازانه‌ و گرتنه‌به‌ری شێوازی خه‌بات و خۆڕێکخستنی سه‌ربه‌خۆ و پێکهێنانی کۆمیته‌کانی به‌رگرییه‌ له‌ ڕاپه‌ڕین. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌کرێت ئازادیخوازان له‌ هه‌ر شوێنێك هه‌ن؛

هه‌وڵی گرێدانه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان به‌ چوون و په‌یوه‌ندیگرتن له‌ته‌ك گه‌ڕه‌ك و شار و گوند و ناوچه‌کانی دیکه‌ بده‌ن، چ به‌ چوونی ڕاسته‌وخۆ چ به‌ په‌یوه‌ندی له‌ڕێگه‌ی تۆره‌ ئینته‌رنێتییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه‌، تاوه‌کو دووره‌په‌رێزی و لێکدابڕانی ڕیزه‌کان جیاوازی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی و ئایدیۆلۆجی و ..تد لاواز بکه‌ن و بناخه‌کانی هاوده‌ردری و هاوخۆزگه‌یی و هاوده‌می یه‌کتر پته‌وتر بن، بۆ ئه‌مه‌ش دروشمگه‌ل و په‌یامی مرۆڤدۆستانه‌ و هاوداخوازییانه‌ پێویستن.

ئه‌گه‌ر سێکسیزم و نه‌بوونی داخوازییه‌کانی ژنان له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌کاندا ڕێگرن له‌وه‌ی به‌شداری بکه‌ن و ببنه‌ به‌شێك له‌ په‌یکه‌ره‌ی ڕاپه‌ڕین، ئه‌وا ده‌کریت ژنان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی پیاوانه‌وه‌، له‌ گه‌ڕه‌ك و نێوه‌نده‌کانی خێزان و شوێنه‌کانی کار و خوێندن و فه‌رمانه‌وه‌ هه‌وڵی پێکهێنانی کۆمیته‌ ئازادیخوازه‌ ناسێکسیستییه‌کان بده‌ن و خۆیان له‌ ده‌وری داخوازی و ئامانجه‌ گشتییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ڕێك بخه‌ن، چۆن له‌ تونس ده‌نگی ژنانی لاو له‌ ده‌نگی پیاوان به‌رزتر و ڕادیکاڵتر بوو، چۆن له‌ یه‌مه‌ن ڕیزی ژنان یه‌کگرتووتر و دروشمه‌کانیان ڕادیکالتر بوون، ئاوا ڕاپه‌ڕین، ڕادیکاڵ بکه‌نه‌وه‌ و له‌ بنبه‌ست ڕزگاری بکه‌ن، که‌ سه‌ره‌کیترین لاوازی ڕاپه‌ڕین نائاماده‌یی ژنانه‌ و مێژووی هه‌موو ڕاپه‌ڕینه‌کان نیشانی داوه‌، که‌ ئه‌وه‌ ژنانن پێشه‌نگی ڕاپه‌ڕینن نه‌ك پیاوانی ده‌سه‌ڵاتخواز و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ و خوا. ده‌کرێت دروشمی له‌م جۆره‌ “ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن، سێکسیستن به‌ره‌و زبڵدانی مێژوو بڕۆن”. به‌ڵام پێویسته‌ ژنان له‌بیر نه‌که‌ن، که‌ سته‌م و هه‌ڵاواردن به‌رامبه‌ریان، به‌رهه‌می کۆمه‌ڵگه‌ی چینایه‌تی، ده‌سته‌بژێری، ده‌وڵه‌ت، ناسیونالیزم، مه‌زهه‌ب، پارت، له‌شکر، سه‌روخواری خێزانه‌ و به‌بێ لێدان له‌ پایه‌کانی هه‌ڵاواردن، ئه‌وانه‌ی ئه‌ورۆکه‌ به‌نێوی ژنانه‌وه‌ قسه‌ له‌ ڕابه‌ری ده‌که‌ن، شوێنی ئه‌وانه‌ی ئێستا ده‌گرنه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ چوارژنه‌ بکه‌نه‌ دووژنه‌ یا یه‌كژنه‌، به‌ڵام بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری خۆیان له‌ جه‌نه‌راله‌ سمێڵ زله‌کانی ئێستا خراپترمان پێده‌که‌ن.

وه‌ك ده‌بینین، ڕیفۆرمیستان و ده‌سته‌بژێره‌کان بۆ پاراستنی پایه‌کانی سیسته‌مه‌که‌، داوای ئارامی و نیشتنه‌وه‌ی شه‌پۆله‌کانی ناڕه‌زایه‌تیمان لێده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێت بمانکێشنه‌ پای پارانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ فڕیدانی پارووه‌نانێك بۆ به‌رده‌ممان، له‌ولاشه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتخوازانی هه‌لپه‌رست له‌ چه‌پ و ڕاسته‌وه‌، بۆ قه‌ره‌باڵخکردنی بنکه‌ چۆڵه‌کانیان، هیچ باکیان نییه‌ به‌گژی داروبه‌رماندا بده‌ن و له‌ چوارچێوه‌ی کۆمه‌لێك داخوازی و شێوازی ناڕه‌زایه‌تی ڕامیاری دا ڕامانگرن. وه‌ك ده‌بینین، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین، خوێنڕشتنی زۆر، ناکاته‌ ده‌ستکه‌وتی زۆر، به‌لكو ده‌کاته‌ توندوتیژی زۆر و کاردانه‌وه‌ی نیگه‌تیڤی زۆر. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڕه‌کێك، گوندێك شارێك، نه‌کرا وه‌ك شوێنه‌کانی دیکه‌ جوولانه‌وه‌که‌ به‌ره‌وپێش ببرێت، ئه‌وا پێویسته‌ شێوازی دیکه‌ بگیردرێته‌ به‌ر و له‌بیرمان نه‌چێت، که‌ خه‌باتی ڕاسته‌خۆ و بێ میانجیگه‌رایی ده‌سه‌ڵاتخوازان و ڕیفۆرمیستان مسۆگه‌رگه‌ری سه‌ربه‌خۆیی ڕیزه‌کانمان و سه‌رکه‌وتنی هه‌وڵه‌کانمانه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ دوو هه‌فته‌ ده‌چێت جه‌ماوه‌ری ناڕازی ڕووبه‌ڕووی لێدان و ته‌قه‌ و کوشتن و زیندان و هه‌ڕه‌شه‌ و تیرۆر ده‌بێته‌وه‌، که‌چی هانا بۆ شێوازه‌کانی دیکه‌ی خه‌باتی ئابووری نه‌براوه‌. ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات (خۆپیشاندان) ئاسانتر بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازان و ڕیفۆرمیستان ده‌سته‌مۆ و کۆنترۆڵ و له‌بار ده‌برێت یا خێراتر ده‌توانن ده‌ستکه‌وته‌ پارتیی و هه‌لپه‌رستانه‌کانیان بچننه‌وه‌، ڕاگه‌یاندنی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌کان له‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌دا بواریان بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ شێوازه‌کانی وه‌ك مانگرتنی گشتی، بایکۆتی ماسمیدیا به‌ ڕۆژنامه‌ و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆکانییه‌وه‌، دانشتن و داخستنی ڕێگه‌سه‌رکییه‌کانی شار و په‌کخستنی کار و فه‌رمانگه‌ و خویندنگه‌کان، نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌. چونکه‌ له‌م شێوازانه‌ی خه‌باتدا که‌ به‌ خه‌باتی ڕاسته‌خۆ یا کاری ڕاسته‌خۆ ناسراون، بوار بۆ دۆمینه‌تکردنی بزاڤه‌که‌ له‌لایه‌ن هه‌لپه‌رستانه‌وه‌ ناهیلیته‌وه‌، گیانی خودکارایی و هوشیاری و سه‌ربه‌خۆیی و ئازادیخوازی و یه‌کسانیخوازی په‌ره‌پێده‌ده‌ن و پڕۆژه‌ ڕامیارییه‌کان و پیلانه‌ میرییی و پارتییه‌کان تێیایاندا شکست ده‌خۆن.

پێکهێنانی کۆمیته‌کانی به‌رگری، هاریکاری، کۆمه‌ککردن و فریاگوزاری، تۆڕی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، کۆبوونه‌وه‌ گشتییه‌کان له‌ شوینی کار و گه‌ره‌که‌کاندا و زۆر شتی دیکه‌ پێداویستی هه‌نووکه‌یی و ژیانیی ڕاپه‌ڕینن و به‌بێ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ چانسی شکست زیاتر و به‌رهه‌می هه‌وڵه‌کانمان که‌متر ده‌بن. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر دروشمه‌کانی ڕاپه‌ڕیوان ڕسواگه‌ری سه‌روه‌ری و هه‌ڵاواردن (سێکسیزم، شۆڤێنزم، ڕاسیزم) و ڕیفۆرمیزمی قانگدراوی نیئۆلیبرالیزم و ده‌سه‌ڵاتخوازی ده‌سته‌بژێره‌کان و پارته‌ ڕامیارییه‌کان نه‌بن، ئه‌وا نه‌ ڕاپه‌ڕین ده‌بێته‌ ده‌نگی کۆمه‌ڵگه‌ و نه‌ داخوازییه‌کان جه‌ماوه‌ری ده‌بنه‌وه‌ و نه‌ك گۆڕان ڕیشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی داده‌کوتێت.

ماوه‌ بڵێم، ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕین نه‌توانیت سنووره‌کانی سه‌روه‌ری، نه‌ته‌وه‌، نه‌ژاد، ڕه‌گه‌ز، ئایین، ئایدیلۆجیا و پارت و ده‌سته‌بژێری و دێمۆکراسی ناڕاسته‌خۆ (دێمۆکراسی نوێنه‌رایه‌تیبۆرجوازی) ببه‌زێنێت، ئه‌وا به‌ گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان کۆتایی دێت و بۆ چه‌ند ساڵ یا چه‌ند ده‌هه‌ی دیکه‌ مۆری خامۆشی و ده‌سته‌مۆیی و ناکارایی و ناده‌ربه‌ستی و په‌ره‌وازه‌یی و بڕوابه‌یه‌کترنه‌بوون له‌ بزاڤه‌ کۆمه‌لایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان ده‌دات. ئه‌گه‌ر ڕاپه‌ڕین ئازادی و یه‌کسانی ژنان وه‌ك نیوه‌ی کۆمه‌ڵ له‌ په‌یامی خۆیدا هه‌ڵنه‌گرێت، ئه‌وا له‌ وێستگه‌ی به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یشتنی چه‌ند ده‌موچاوێکی باوکسالاری دیکه‌دا کۆتایی دێت، که‌ ژنان بێجگه‌ له‌ کۆیله‌تی خۆیان چیدیکه‌ی تێدا به‌دی ناکه‌ن.